بەڕاست هەرێمێکی دی؟

12/01/2021

ئارێز عەبدوڵا

دوای قوربانییەکی زۆر و مێژووییەکی پڕ لە خەبات و چەرمەسەری تا توانیمان قەوارەی هەرێمی کوردستان وەدەست بێنین، بەڵام ئێستا گوێم لە هەندێ دەنگ دەبێ، کە باسی جیاکردنەوەی سلێمانی یاخود دروستکردنی هەرێمێکی دی دەکەن.

دەزانم دروستبونی ئەو دەنگانە لە خۆڕا نییە، بەڵام ئایا بەڕاستی جیاکردنەوەی سلێمانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتییە؟

لە رابردودا ئێمە تامی دوو ئیدارەییمان تاقی کردۆتەوە و دەستکەوتەکانی یەک ئیدارەییشمان بینیون، ئایا دەکرێ لەبەر کەموکورتیەکانی دەسەڵات و گەندەڵی ئێمە ئەو دەسکەوتانەی تێکەڵکردنەوەی هەردوو ئیدارەکە نادیدە بگرین؟

کاتێک بیر لە بابەتی جیاکردنەوەی سلێمانی دەکەمەوە چەندین پرسیار بە مێشکمدا گوزەر دەکەن:
- ئایا دروستکردنی هەرێمێکی تر دەرمانە بۆ چاردەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی لە ساییەی سیستمێکی سەقەت رووبەڕووی گەلی کوردستان بونەتەوە؟

- ئایا ئەگەر سلێمانی بوو بە هەرێم، راستەوخۆ گەندەڵی و نادەدپەروەری لەو هەرێمە کۆتایی پێ دێ؟

- ئایا لە ساییەی بە هەرێم بوونی سلێمانی خەڵکی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە راستەوخۆ دەچنە ناوقۆناغێکی پڕ لە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی؟

- ئایا سیستەمی سیاسی لە کوردستان بە گشتی و لە هەرێمی سلێمانیش بە تایبەتی پێش دەکەوێ؟

- ئایا ئازادی دەربڕین و راگەیاندن و دیموکراسی گەشە دەکەن؟

ئەگەر بە یەک وشە وەڵام بدەمەوە، دەڵێم: نەخێر. بە پێچەوانەشەوە:
- گەندەڵی لە هەردوو هەرێمەکە زیاتر تەشەنە دەکا.

- سیستەمی حوکمڕانی هەردوو هەرێمەکە خراپتر دەبن.

- لە جیاتی هەنگانان بەرەو پێشخستنی سیستمی سیاسی و گەشەپێدانی دیموکراسی لە هەردوو هەرێمەکە دیکاتۆریەت دروست دەبێ.

جگە لەوانەش کۆمەڵێ ئەگەری تر هەیە دەبێ لەبرچاو بگیرێن:
- شێوازی پەیوەندیی لە نێوان هەردوو هەرێمەکە!

- ناکۆکی و ململانێ لە نێوان هەردوو هەرێمەکە!

- بێ هێز بوونی پێگەی گەلی کورستان بە قەوارەکەیەوە!

- بێ ئومێدبوون لە جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی دی!

- نەمانی سەرنجی دەرەوە لەسەر هەرێمی کوردستان و کەم بوونەوەی هاوپەیمان و دۆستەکانمان!

بەڕاستی سەیرە:

لە کاتێکدا ئێمە دەرفەتێکمان لە پێشە بۆ ئەوەی بە خەباتی سیاسی و مەدەنی سیستمە حوکمڕانیەکەمان ڕاستەڕێ بکەینەوە و هەرێمەکەمان لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە بەهێز بکەین و ... لەبەر پشو کورتی بێین پڕۆژەی کاردانەوە پێشکەش بکەین و لەسەر سینیەکی زێڕین گەرەنتی دەیان ساڵێ تری دەسەڵات پێشکەش بەوانە بکرێ، کە ڕۆژی هەرێمی کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندوە و ئامادەش نین ریفۆڕمێکی ریشەیی و بنەڕەتی بکەن!

ئەی ئەوانەی دەتانەوێ سلێمانی جیابکەنەوە، ئەرێ ئێوە رەحمێکیش بە خەڵکی هەولێر و دەهۆک ناکەن؟