ترەمپ لەعێراق بوو، دواتر چی ڕوودەدات؟

10/01/2019

د. موزەفەر قاسم حسێن

*د. موزەفەر قاسم حسین، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، پەیوەندی نێودەوڵەتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە.  
وه‌ك خۆی باسی له‌وه‌كردووه‌ بۆ نوسینی ئەو وتارە پشتی بەستووە بە چەند زانیارییەکی نهێنی کە دەستیکەوتووە، زانیارییه‌كان گوزارشت له‌ رای و بۆچونی ئه‌و ده‌كات و په‌یسه‌رپرێس ته‌نها وه‌ك وتارێك وه‌رگێرانی بۆ كردووه‌ و خستویه‌ته‌ به‌رده‌ست خوێنه‌رانی.

عێراقی و ئەمریکییەکان و ژمارەیەک دەوڵەتی دیکەی جیهان سەرسام بوون لە شێوازی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق کە لەسەروندی کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠١٨دا ئەو سەردانەی ئەنجامدا، هێشتا ئەو سەردانە بەلای هەندێکەوە ناڕوونە، کە پەیامی نهێنی و سیاسی لەخۆی دەگرێت. 
لێرەدا بەکورتی شیکاری دەکەین و هەندێ زانیاری دەخەینەڕوو لەبارەی ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات. 
پێشووتر ترەمپ نیازی سەردانکردنی عێراقی هەبوو، بەڵام داوای کردبوو کە کاتی سەردانەکەی ئاشکرا نەکرێت، بەڵام لەدوای ئەوەی هەندێ زانیاری دزەی کرد بە هەبوونی پلانێکی لەوشێوەیەی ئەوەبوو سەردانەکەی هەڵوەشاندەوە، لەدواتردا بڕیاریدا کە بەوشێوەیە سەردانی عێراق بکات چونکە جاری پێشوو حکومەتی عێراقی زانیاری لەبارەی سەردانەکەیەوە ئاشکرا کردبوو و پرسی ئەمنییەتی خۆی واتە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە لەپێش هەموو شتێکەوەیە. 
دیارترین پەیامەکانی سەردانەکە: 
پەیامی یەکەم: سەرۆکی ئەمریکا مافی خۆیەتی بچێتە هەر شوێنێک کە هێزی ئەمریکی تێدایە بەبێ ئەوەی پێویست بکات مۆڵەت لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە وەربگرێت. 
پەیامی دووەم: سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا کۆبوونەوەی نەبێت لەگەڵ سەرکردەکانی عێراقدا بۆئەوەی شەرعیەتی (ئەمریکی)یان پێنەدات، لەبەرئەوەی ئەو سەرکردانە وەکو بەرهەمی سیاسەتەکانی پێشووی ئەمریکا تەماشا دەکات و لەماوەی کەمپینی هەڵبژاردنەکەشیدا ڕەخنەی لێگرتبوون، ئەمەش خاڵێکی گرنگی پەیوەستە بەو پێداچوونەوەی کە لەدواتردا باسی دەکەین. 
پەیامی سێیەم: سەرۆکی ئەمریکا دەیزانی کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق نایەتە بنکەی عەین ئەسەد، بەڵام هەر سەردانەکەی خۆی ئەنجامدا بۆئەوەی ئەو دوو پەیامەی پێشوو بگەیەنێت، هەروەها ویستی بەتەنها بێت لەگەڵ هێزەکەی خۆیدا لە عەین ئەسەد بۆئەوەی ژمارەیەک فەرمانی نهێنیان پێبدات کە پەیوەستن بەو پێداچوونەوەی کە باسی لێوەدەکەین. 
پێداچوونەوە
ئەوە ڕوون بووەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی داوە لەبارەی دووبارە ڕێکخستنەوەی کارتەکان لە عێراق، بەپێی خواستێکی نوێی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا نەک بەوشێوەیەی کە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا سیاسەتیان لەو وڵاتە کردووە، هەروەها ئێمە لەبەردەم سیاسەتێکی نوێی دەرەکی ئەمریکاداین بە سەرۆکایەتی ترەمپ، شایەنی باسە کە دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی "هەنگاوی پێشبینی نەکراو" ئەنجام دەدات لە سیاسەتی دەرەوەدا لەبەرئەوە لەبەردەم ئەم پێداچوونەوانەی خوارەوەداین لەڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە: 
1. گرنگە باس لەوە بکەین کە کردنەوەی ناوچەی سەوز لەم ساتەوەختەدا تەنها کارێکی هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو پلان بۆداڕێژراو بوو لەلایەن ترەمپەوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستمدایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی کردووە بە کردنەوەی ناوچەی سەوز، نەک ئەوەی وەکو دەوترێت بڕیارەکە لەعێراقەوە دراوە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداریداوە لەبارەی کردنەوەی ناوچەی سەوز، بەڵکو بەپێچەوانەوەیە و بڕیارەکە بەتەواوی ئەمریکییە و چەند ئامانجێکی لەپشتەوەیە کە لەدواتردا ڕوونکراونەتەوە.
2. ترەمپ چوار ڕاستی لەبارەی عێراقەوە دەزانێت: 
ڕاستی یەکەم: زۆرینەی گەلی عێراقی توڕەیە لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کە خزمەتگوزاری و ژیانێکی شەرەفمەندانەی بۆدابین نەکردوون. 
ڕاستی دووەم: زۆرینەی گەلی عێراقی تووڕەن لە حزبە سیاسییەکان کە بەرهەمی پشكپشكێنه‌ن. 
ڕاستی سێیەم: زۆرینەی گەلی عێراقی تووڕەن لە گەندەڵکاران و چاوەڕێی ساتەوەختێکن کە تۆڵەیان لێبکەنەوە. 
ڕاستی چوارەم: ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە لەنێوان حزبەکانی ئێستادا هەیە و هەموو پارتەکان ئامادەن بۆئەوەی ئەو بارودۆخە بێت و تۆڵە بسەننەوە.
3. کردنەوەی ناوچەی سەوز بەڕووی گەلی عێراقدا مانای ئەوەیە گڵۆپی سەوز داگیرساوە بۆ ئەو گەلە تۆڵەسێنەرە بۆئەوەی بچێتە ئەو ناوچەیە و فەوزایەک دروست ببێت کە ترەمپ مەبەستیەتی بۆئەوەی دووبارە کارتەکانی عێراق ڕێکبخاتەوە بەپێی ئەو سیاسەتەی خۆی هەیەتی. ترەمپ ئەو بڕیارەی داوە و لەماوەی نزیکی داهاتووشدا ئەو گۆڕانکارییە ڕوودەدات و لێدوانەکانیشی تایبەت بەعێراق ڕێخۆشکەرن بۆ ئەو بڕیارەی. 
4. نەبوونی دیداری ڕاستەوخۆ ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق مانایەکی ڕوون و ئاشکرای هەیە و یەکلاکەرەوەیە بۆئەوەی کە ئەوان کۆتاییان هاتووە. 
5. لەماوەی دیدارەکەیدا لەگەڵ هێزەکانی خۆی لە بنکەی عەین ئەلئەسەد ترەمپ چەند فەرمانێکی نهێنی بە سەربازە ئەمریکییەکان داوە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاماژەی ئەوەی پێداون كه‌ لەحاڵەتی چوونی هاووڵاتیانی عێراقی بۆناو ناوچەی سەوز ئەرکی ئێوە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیە لەدوای ٤٨ کاتژمێر ئەمەش دوای ئەوەی عێراقییەکان لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا تاڵانکاری و ڕاوڕووت لەو ناوچەیە ئەنجام دەدەن بۆئەوەی تەواوی جیهان بزانێت کە گەلی عێراق چەند لە دەسەڵات توڕەیە و هاوسۆزی دەرببڕن بۆ هێزە ئەمریکییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی سەوز و دووبارە داخستنەوەی بەڕووی هاووڵاتیاندا لەدوای ئەوەی کۆنترۆڵ دەکرێت.
6. ترەمپ ئامۆژگاری هێزەکەی کردووە کە دەستێوەردان ئەنجام نەدەن لەوەی لە شەقامەکان و لەپێکدادانی سەربازی ڕوودەدات لەنێوان هێزەکان و داوای کردووە لێگەڕێن حزبەکان یەکتر بکوژن و تەسفیەی حساباتی خۆیان بکەن و ئەوەی ڕایکرد با ڕابکات و لەسەر دەستی گەلی عێراق هەندێکیان دەکوژرێن لەسەر شەقامەکاندا، ئەویش ئەوەی دەوێت لە عێراق ڕووبدات و دەیەوێت عێراقێکی نوێ بنیات بنێتەوە کە دەستی هیچ لایەنێکی تێدانەمێنێتەوە جگە لە ئەمریکا و ناوچەی سەوز بپارێزن بەشێوەیەک کە لەڕووی ئاسمانیشەوە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگری بکرێت لە هەر هێزێک کە لەو ناوچەیە نزیک دەبێتەوە.
7. هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت لەو پشێویە و بەزوویی کەرکوک دەخاتەوە سەر هەرێم و سنوورەکانی خۆی بەتەواوی دادەخات و ئەوەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ جیابوونەوەی لە عێراق ئەگەر تەنها لەڕووی سیاسیشەوە بێت وەکو قۆناغی یەکەم بۆئەوەی ببێتە ناوچەیەکی جیاواز و جیابووەوە و ئاسایش بۆ هێزەکانی ئەمریکا کە لە هەرێمی کوردستانەوە بنکەیەکی سەرەکی دروست دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەمنیەتی تەواوی عێراق.
8. لەدوای ئەوەی عێراق دەچێتەناو قۆناغێکی خوێناوی و شەڕی چەکداری و دەوڵەت کۆنترۆڵی خۆی بەسەر پارێزگاکان لەدەست دەدات و تاڵان و دزی و هێرش بۆسەر بنکە حزبییەکان ئەنجام دەدرێت ئەوکاتە ڕۆڵی حاکمی ئەمریکی لەعێراق دێتەکایەوە لەڕێگەی بەکارهێنانی چەک و کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی وڵاتەکە لەڕێگەی سەربازییەوە.
9. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگ لەدژی هەر حزبێک ئەنجام دەدات کە چەکدار بێت و هێزە سەربازییەکان بەتەواوی کۆتایی پێدەهێنێت بۆئەوەی بەتەواوی تەسفیەیان بکات و عێراق بەقۆناغی جەنگدا تێدەپەڕێتەوە وەکو چۆن لەڕابردوودا چەند جارێک قۆناغی لەوشێوەیەیەی بەخۆیەوە بینووە. شتێکی ئاشکرایە کە ژمارەیەک لە گروپی چەکداری لەعێراق هەن پێدەچێت یەکبگرن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەمریکا لەناو خاکی عێراق، ئەمریکا ئەوەش وەکو یەکەم ڕووبەڕوو بوونەوە دەبینێت بۆ سنووردارکردن و کۆتاییپێهێنانی هەژموونی ئێران لە عێراق.. ترەمپ بڕیاری کۆتایی داوە کە بۆئەوەی کۆتایی بهێنرێت بە هەر هەژمونێکی ئێران لە عێراق و خاڵی وەرچەرخانی دروست بێت بەپێی تێڕوانینی خۆی بۆ ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە لەوانەش حزبوڵا و دواتر ئێران و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە سوریا.
10. بۆئەوەی ئەمریکا بتوانێت کۆنترۆڵی پشێوییەکانی عێراق بکات ئەوا عێراق دابەش دەکات بەسەر ناوچەی جیاواز وەکو ئامادەکارییەک بۆ دابەشکردنی عێراق لەداهاتوودا، ئەگەر ئەو دابەشکارییانە لەسەر بنەمای ئیداریش بێت وەکو قۆناغی یەکەم و ئەمەش بەبیانووی ئەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی ناوچەکان بکرێت. 
11. شتێکی گرنگ هەیە بۆ ئەمریکییەکان ئەویش کارتی مەرجەعیەتی ئاینییە لە عێراق و ڕۆڵی لەو گۆڕانکارییانەدا کە دەکرێت فتوایەک گۆڕانکاری تەواو بکات لەسەر حسابی ئەمریکا، بەوهۆیەوە ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەشێوەیەک ئەوکارە لە عێراقدا بکات کە مەرجەعیەتی ئاینی ڕووبەڕووی هێزەکانی نەبێتەوە و چونکە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەمریکا وادەکات خوێنێکی زیاتری گەل بڕژێت و پشێوی زیاتر ڕ,وبدات بەوهۆیەوە ئەمریکا هەوڵدەدات بارودۆخێکی زۆر خراپ ڕووبدات بەشێوەیەک کە مەرجەعیەتی ئاینی فەتوا نەدات لەدژی ئەمریکا بەوەی هەموویان بکوژرێن وەکو ئەوەی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣دا ڕوویدا. 
12. دووبارە ئەمریکا هێزە چەکدارەکانی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە و هێزێکی نوێ لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا دروست دەکات.
13. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو ئەو هێزە سیاسییانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە ٢٠٠٣ـەوە لەپڕۆسەی سیاسیدا بەشداربوون و داوای دروستکردنی حزبی نوێ دەکات بۆئەوەی دەموچاوە کۆنەکان دووربخرێنەوە لە دەسەڵات و ڕۆڵ بە سەرکردە گەنجەکان بدرێت. 
14. لەدوای ئەوە بەڕاوێژ لەگەڵ پسپۆڕانی عێراقی دەستوورێکی نوێ لە عێراق دادەڕێژرێتەوە جیا لەو دەستوورەی کە لەئێستادا حوکمی عێراقییەکانی پێدەکرێت. 
15. لەدوای ئەوە ئەمریکا داوای هەڵبژاردنێک دەکات لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەمەش ڕۆڵێک دەدات بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو گۆڕانکارییانە بۆئەوەی شەرعیەتی خۆی بسەلمێنێت و ئاماژەی ئەوە دروست نەبێت کە ترەمپ ئەنجومەنی ئاسایش یان نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتگوێ خستووە، پاش هەموو ئەوانە ئەمریکا خۆی گڵۆپی سەوزی بۆ دادەگیرسێنێت بۆ بەدیهێنانی ئەمن و ئاسایش و ڕێکخستنەوەی عێراق لەو پشێویەی تێیدەکەوێت. 
ئەو گۆڕانکاریانە و ئەو ڕووداوە نزیکەی ساڵێک بۆ دوو ساڵی دیکە دەخایەنێت لەماوەی دەسەڵاتی ترەمپدا بۆئەوەی لەساڵی کۆتایی ویلایەتەکەیدا بڵێت "تەماشای عێراق بکەن چۆن بوو و ئێستا چۆنە؟" ئەوەش ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ گرەنتیکردنی هەڵبژاردنەوەی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی. 
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر نامەیەکم ئاڕاستەی مەرجەعیەتی ئاینی کرد بەوەی کە ئەمریکا لەماوەی پازدە ساڵدا ئەوەی ویستی ئەنجامیدا، و عێراق لەبەردەم پلانێکی نوێی ئەمریکادایە و عێراق لەبەردەم دوو بژاردەیە کە سێیەمی نیە، یان گۆڕانکاری ڕیشەیی لە عێراق بکرێت و چاکسازی لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بکرێت بەدەستی عێراقییەکان و لەژێر دەسەڵاتی خۆیان و بەپێی بەرنامە و بەشێوەیەکی دروست و گونجاوی ئەمنی بەبێ ڕوودانی پشێوی، یان لەبەردەم گۆڕانکارییەکداین بە سەرکردایەتی ئەمریکا و خۆی ئەنجامی دەدات.. ئەوە نزیک دەبینەوە لەبژاردەکەی ئەمریکا.. پێدەچێت حزبەکانی عێراق هەستیان بە ترس کردبێت و هەندێ نیگەرانیان لەلا دروست بووبێت لەبەرئەوە هەندێ هەنگاوی پێشوەخت دەنێن کە ئاماژەیە بەرەو گۆڕانکاری لەعێراق بۆنمونە لێدوانەکانیان لەبارەی ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و هاوشێوەکانی.. بەڵام بڕیارەکەی ئەمریکا بڕیارێکی کۆتاییە و پاشگەزبوونەوەی نیە.