09/11/2020
لەوەتەی کورد هەیە و ئێستاشی لەگەڵدابێت خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەتی هەمیشەیی وسەیرین لە وێنەی پیاهەڵدان ،خۆشباوەڕیی وخەیاڵپڵاوی کەهیچ پەندێکیشمان لێوەرنەگرتوە، و نەشمانکردۆتە وانەیەک بۆتێگەیشتن وتێڕوانینەکانمان لەمێژووی دوورو نزیکماندا.
لەو ساتەوەختەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەنجامی نافەرمی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایان ئاشکرا کرد بەسەرکەوتنی جۆزیف بایدن و کەوتنی دۆناڵدترەمپ ، ئیتر بووە کێبڕکێیەکی گەڕم وگوڕو بێ وێنەو شەڕە تویت وپۆستکردنی وێنە بۆپیرۆزبایکردن لەبایدن ودیموکراتەکانی ئەمریکا ، لەتویتەکاندا هێندە وشەی کریستاڵی وئاڵتونی بەدیدەکرا کەبایدن بەخوێندنەوەیان شاگەشکەدەبێت لەخۆشیاندا .
سەیرە پێمان وابێت کەلەبەرئەوەی پێشتر بایدن سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبێت یاخود چەندجارێک سەرکردە و بەرپرسە کوردەکانی بینیبێت ئیترپێت وابێت کورد چی بوێت و خواستی چی بێت ئیتر بایدن وستافەکەی ئۆکەی تەواوت بۆدەکەن ، بێ ئاگا لەوەی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا وڵاتێکی دامەزراوەییەو بڕیارو ڕاسپاردەکان بەکەسێک ودوان وسیان نادرێێت .
لەبایدن وترەمپ وپوتین وماکرۆن و........ هتد گرنگتر بۆکورد پاراستنی یەکڕیزی نێوخۆیی ودروستکردنی یەکێتیەکی نەتەوەیی ڕاست ودروستە لەوسنورە جوگرافیەی کەتێی کەوتوە و چواردەوری بەدوژمنی هەمەچەشن تەنراوە .
تۆخۆت بویتە هەزارپارت و پارچەو ڕۆژانە لەبۆسەدان بۆیەکدی ،وسەرقاڵی پلان وپیلانی هەمە جۆر و نالۆژیکین بۆبچوکردنەوەو سڕینەوەی یەکتری ، ئیتر دەبێت چ چاوەڕوانیەکت لە وڵاتەزلهێزەکان ولەنێویشیاندا ئەمریکا هەبێت تاکو خواست وداواکارییەکانت بۆ جێبەجێبکات .
ئێمەی کورد میللەتێکی بێ یادەوەری و دووربین نین ئەمەش حەقیقەتێکی تاڵەوناکرێت نکوڵی لێبکرێت .
ڕاستەبایدن هاتۆتەهەرێم ، ئەوەش ڕاستە کە هەندێ لەسەرکردە کوردەکانیشی بینیوە، وتەنانەت وتوشیەتی کوردتەنها شاخەکان پشتیوانی نین وئێمەش پشتیوانیانین ، بەڵام چ کاتێک ئەوقسانەکراون ؟
لەچ پۆست وبەرپرسیارێتیەکدا بووە کەوایوتوە ؟
ئایا لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لەسەرەتای ساڵی (٢٠٢١)دا هەمان بۆچون وتێڕوانینی دەبێت ؟ کەئەوەخاڵەگرنگەکەیە.
لێرەدا بەنمونەیەک باسی سەرکردەعێراقیەکان دەکەم کەنەک تەنها سەردانی هەرێمیان کردوەو هاوڕێی گیانی بەگیانی وتەمەنی سەرکردەکوردستانیەکان بوون ، بگرە هەندێکیان هەرلەم هەرێمی کوردستانەوە بونەسەرکردە ، خاوەنی حیزب ، پارێزران ، لەدانیشتوانەکەی خۆی زۆر پۆشتەوتێرپڕ تربوون ، پاسەوانیانکرا ، وتەنانەت بونەخاوەن ماڵ و لەخاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆیشی ڕێزلێگیراوتربوون ،وهەندێکیشیان زەوی نیشتەجێبونیشیان پێدرا ، کەچی هەرلەگەڵ پڕۆسەی ئازادی عێراق وگەڕانەوەیان بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق وچنگیان لەپۆست گیربوو وچونەسەسەرکورسی فەرمانڕەوایی لەزۆرێک لەکاتەگرنگ وپێویستەکاندا کەوتنە دژایەتیکردنی خواست وداواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەرلەوێستگەی نوسینەوەی دەستور ،و بودجە ، ناوچە کێشە لەسەرەکان تادەگاتە ئەوساتەی ئاڵای کوردستان لەکەرکوکداهەڵکرا تابەئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە ، تەنانەت هەندێ لەوسەرکردەعێراقیانەی کەزۆر دژایەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیان لەکەرکوکدا دەکرد ، هەرلەوساتەوەختەدا ماڵ وحاڵیان لەپایتەختی هەرێمدا شاهانە ژیانیان دەگوزەراند،و ئاپۆرا و کەژاوەی ئوتومبێلەکانیشیان پایتەختیان تەنیبوو .
بۆیە هەڵوێستی دروست وڕێک وڕەوان لەزەمەنی بەرپرسیارێتی وهەبوونی دەسەڵاتی تەواودا دەنوێنرێت .
باشتریشە لەبری چاوەڕوانیکردن لەنواندنی مەرحەمەتی ئەم وئەو ، با بیرلەدروستکردنەوەی یەکڕیزی کوردان بکەینەوە و کۆتایی بەم پەرش وبڵاوی وناتەباییەبهێنین کەهیچ کات وساتێک کورد هێندە پەرتەوازە و پچڕپچڕو پەرش نەبوە .
بەم بارودۆخەشەوە چەند پشتیوانی گەورەوزلهێزیشت هەبێت تاسەرنابێت چونکە تۆخۆت خۆت پەرت پەرت کەیت ئەو چیت لێبکات وچۆن هاوکاروپشتیوانت بێت .