08/10/2020
وردە وردە پێ ئەنێینە وەرزی پایزو زستان و لەگەڵ بەردەوامی شەپۆلی كۆڤید ۱۹ واخەریكە پەتای
وەرزیش دەست پێدەكات پێم باش بوو چەند تێبینی و ڕێنماییەك بخەمە پێش چاوی ئێوەی بەڕێز
بە ئومێدی سود گەیاندن هەرچەنە زۆربەشیان دوبارەن بەڵام بیرهێنانەوەش کارێكی خراپ
نییە:
* دوو هەفتەیە ڕێژەی
توشبووان بەرەو هەڵكشانەو پێش بینیكراو
بوو دیاردەكەش گشتگیر و جیهانیە، ئەویش بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماو زیاتر مانەوەی ڤایرۆسەكەیە
لەدەرە وەی لەشی مرۆڤ بۆماوەیەكی زیاتر.
* زۆر زەحمەتە لە سەرەتادا
نیشانەكانی پەتای وەرزی (ئەنفلوەنزای وەرزی ) لە نیشانەكانی پەتای (كۆڤید۱۹)جیابكرێتە وە
بۆیە باشتر وایە و بە پێی یاسای بڵاوبوونەوەی پەتا ئەبێت هەمووی وا دانرێت كە پەتای (كۆڤید ۱۹)ە یە تا دەرچێت
كە وا نیە ئەمەش بە و مانایە نایەت لەگەڵ هەر تایەكی كەم و دوو پژمە و كۆكە توشی دڵە
ڕاوكێ ببیت، بەڵكو هەوڵی خۆپارێزی و پاراستنی ئەوانیتربدەیت.
* زۆررجار پرسیاری
باشترین خۆ پارێزی دەكرێت و دەتوانین بڵێین باشترین خۆرپارێزیی تا ئێستا (بەستنی
ماسك)ەو هەزار جار لە خواردنی ڤیتامین و چارەسەری دەرمانی سروشتی و لابەلا كاریگەرترە
و تاكە ڕێگەشە بۆ ڕێگریكردن لەبڵاوبونەوەو زیاتر تەشەنە نەسەندنی ئەم پەتایە.
* تكایە لەماڵەوە نزیكی
كەسانی بەتەمەن و نەخۆش مەكەونەوە هەرچەندە كەسێكی لەش ساغیش بیت، چونكە لەوانەیە
تۆهەڵگربیت و ئەوان تووش بكەیت بەبێ ئەوەی نیشانە لەخۆت دا دروست بكات هەرچۆن چەندین
نەخۆشمان هەیە لەو جۆرە كە لەماڵەكانن و بەبێ ئەوەی بەركەوتنیان هەبێ لەگەڵ نەخۆشی
تردا.
* كەسی توش بوو ۳ ڕۆژ پێش ئەوەی
نیشانەی لێ دەركەوێت ڤایرۆسەكەی تیایە و دەبێتەهۆی گواستنەوەی بەبێ ئەوەی هیچ ئاگاییەكی
لەوە هەبێت بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ یاسای ( هەموو كەس جێگەی گومانە) بە خۆشیەوە پەیڕەو
بكات.
* لە ئێستادا زۆربەی خەڵكی
–پرسە- تەعزیە دانانێت و خاوەن مردوو لەسەر
گۆڕستان هاوار ئەكات تەعزیە دانانێین!
كەچی خەڵك بە بیانوی ئەوەی كە عەیبەیە
وازیان لێناهێنن و هەڵئەكوتنە سەریان كەبەداخەوە بەشێكی زۆری حاڵەتەكان لە بۆنەو تەعزیەكانەوە
بڵاو دەبنەوە .
* تكایە بۆ ئیشی زۆر زەرورو
پەیداكردنی بژێوی نەبێت، بەبێ هۆ مەڕۆنە دەرەوە سەردان و بەسەركردنەوە تا كەمترین ئاست كەمبكەنەوە و كۆڕو كۆبونەوەكان كە بۆ
كات بەسەر بردنە تا دەتوانرێت نەهێڵرێت. بەم شێوەیە بەركەوتن و تەوژمی بڵاوبونەوەكە
كەمدەكرێتەوە.
* هەمو نەخۆشێك جێی
گومانە، بەداخەوە زۆرجار كەسوكاری نەخۆش بێ
ئاگان وماوەیەكی بەسەردا دەچێت، ئینجا دەست نیشانی پەتاكە دەكرێت و ئەو ماوەیەش بەبێ
پارێزی هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت و چەندین كەسیتر بەم هۆیەوە توشدەبن بۆیە تكایە هەموو
نەخۆشێك جێی گومانە و بە وریایەوە هەڵس و كەوتی لەگەڵ بكەن.
* دوبارە ئەیڵێمە دڵەڕاوكێ
دروست كردن و شڵەژان، باری تەندروستی نەخۆش بەرەو خراپتردەبات، هەتا دەتوانرێت كەشێكی
ئاسایی لەدەورو بەری نەخۆش دروست بكرێت هەرچەنە باری تەندروستیشی جێگیر نەبێت.
* ئەگەر هیچ نیشانەت نیە
یان تەنها نیشانەیەكی كەمی وەكو سەرئێشەو بێهێزیت هەیە یان پژمەیەكی كەمت هەیە پێویست
بە پشكنین و بەكارهێنانی چەندین دەرمان نیە تەنها ئازارشكێنی وەكو پاراستۆڵ و
خواردنەوەی بڕێكی زۆر لەشلەمەنی و میوەكان بەسە تەنها لەكاتی بونی نیشانەی توندی وەكو
كۆكەی توندو هەناسە توندی و ئازارێكی زۆر ڕاوێژ بە پزیشک بكە و خۆپارێزی توندتر بكەو
پشووبدە لەماڵەوە.
* زۆرجار ئەوانەی نیشانەی
توندیان هەیە دەبێت لەماڵەوە پشوو بدەن تا كەمترین فشار لەسەرسیەكان و دڵ دروست ببێت،
بەداخەوە هەندێكیان بەبیانوی جۆراو جۆر لەماڵەوە دێنەدەرەوەو پاش چەند ڕۆژێك باری
تەندروستیان بەرەو خراپتر ئەچێت. بۆیە بەهیچ شێوەیەك مەچۆدەرەوە.
* بەكارهێنانی ئامێری
پزیشكی بەتایبەتی ئامێری پێوانەی ئۆكسیجین لەماڵەوەو بەشێوەیەیەكی بەردوام و لەبەرچاوی
نەخۆشەوە ڕێگەیەكی هەڵەیە و جگە لەدروستكردنی شڵەژان هیچی تر نیە، چونکە ئەو ئامێرانە
هەندێكیان هەڵە دەكەن یان بەكارهێنانیان بەشێوەیەكی زانستی نیەو لە ئەنجامدا زەرەرمەندی
یەكەم نەخۆشەكەیە بەبێ گەیاندنی هیچ سودێک پێی.
* دوبارە ئەیڵێمەوە بەكارهێنانی
دەرمان بەشێوەیەكی خۆسەریی لەوانەیە زیانی زیاتر بێت لە سود گەیاندنی، بۆیە تکایە
بەبێ ڕاوێژی پزیشکی چارەسەر بەكارمەهێنن تا خۆتان و ئەندامەكانی تری لەشتان لەزییانە
لاوەكیەكانی دەرمان پارێزراو بن.
* زۆر وتراو و بینراو
خرایە بەرگوێ و بەرچاوی هەموان، بەڵام تكایە ئەمجارە بە جدیتر وەریبگرن و پشتگوێی
مەخەن، باچیتر نەبینە هۆكارو شاهیدی مەرگی ئازیزانمان.