پڕۆژەیەک بۆ قۆناغێکی هەستیار و کورد لەبەردەم کازمی و عێراقی نوێدا

09/09/2020

بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز

بە درێژایی مێژوو قۆناغەکانی گۆڕانی دەستەڵات لە عێراقدا ، ئەگەر چی هێزێکی ناوخۆیی کردویەتی بەڵام کۆنتڕۆڵی ئەم هێزانە لە ناو هاوکێشەی بەریەککەوتنی وڵاتانی زلهێزدا بووە.

 
هەمو کودەتا و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش یەکێ لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی و هەرێمایەتی لە پشت بووە، هەموو کودەتا و گۆڕانکارییەکان لە ۱۹۲۰ وە کورد تێدا لەسەرەتاوە وەک نەتەوەی دووەمی عێراق قورسایی سیاسی و سەربازی و ئابوری و ...هتد ی هەبوە ، وڵاتانی زلهێزیش پشتیوانیان لێ کردووە وەک کارتێکی کاتی ، کاتێک گەیشوەتە بەهێز بون ، لە ناوەندەوە دژایەتی سیاسی و سەربازی کورد کراوە و وڵاتانی بڕیاردەریش بەرژەوەندیان لەگەڵ ناوەند گەورەترە بووە ، بۆیە کوردیان وەک کارتێک فرۆشتوە و کوردیش نەیتوانیوە بە پێی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی یارییە گشتیەکان بکات ، ئەمە لە پێش دروست بونی عێراقەوە درێژەی هەیە تا ئێستا ، بە نمونە ڕێککەوتنی جەرائیر و شۆڕشی مەلامستەفا ، پاشان گفتوگۆی یەکێتی و ناوەند ، پاشان گفتوگۆی بەرەی کوردستانی دوای ڕاپەڕین ، پاشان قۆناغی دوای سەدام .


لە مێژوی عێراقی نوێدا ئەگەر چی کورد بەشداری نوسینەوەی دەستوری کردوە و لە هەڵبژاردنەکاندا بە هەمو کەم و کوڕیەکانیەوە پێکهاتەیەکی ئامادەی کاریگەر بوە و لە پێکهاتنی حکومەتدا پێگەی بەهێزی هەبوو ، وەزارەتی گرنگی بەدەستەوە بوە و لە سوپای عێراقیشدا خاوەنی چەندین پێگەی سەربازی گرنگ بوە ، لە هەرێمیش خاوەنی هەرچوار دەستەڵاتەکە و دامەزراوەی حکومی و پێشمەرگە بوە ، بەڵام بە هۆی ململانێ و پاشکۆیەتی وڵاتان و بوون بە بەشێک لە ململانێی هەرێمایەتی نەیتوانیوە بنەماکانی خۆڕاگریی وەک هەرێمێک بونیاد بنێ ، بۆیە ئەو ئامادەگیەی نەبووە تا وەک ڕوداوەکانی پێشوتری مێژوی ئەگەر ڕویدا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێ ، خۆ ئەگەر باوەڕمان وا بێت کە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی ڕەگێکی مێژووی هەیە و ئەمەش وا دەکات پێمان وا بێت مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە ، ئەوا لە ئێستادا لە بەردەم ئەو دوبارەبونەیەداین و لە ئەگەری بەهێز بونی ناوەند بە فۆرمێکی تر ئەوا دەبێت هەڵەکانی پێشوو دوبارە نەکەینەوە و خۆمان بۆ ئەگەری دوبارەبونەوەی مێژو بە بەهێزبونی ناوەند ئامادە بکەین و نەکەوینە دەرەوەی بازنەی عێراقی نوێ و بەشداریشمان بەشداریەکی کارتۆنی نەبێت، ئەوا گرنگە تا کات ماوە کێشەکانمان دیاری بکەین وچارەسەری گونجاوی بۆ دابنێن ، بە تایبەت لە ئێستادا بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لە نەخشەی نوێ عێراقدا کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی لە عێراقدا دەخوێنرێتەوە ، نەک وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بەڵکو وەک مافی نەتەوەی دوەم ، کە دەتوانرێ سودی لێوەربگیرێ.
 ئێمە لەسەرەتای دروستبوونی عێراقی نوێداین ئەو جووڵە و مامەڵانەی هەیە ناىێت وەک فاکتێکی سیاسی و دەستوری پشتی تەواوی پێ ببەسترێ ، دەبێت هەمو ئەگەرە سیاسیەکان شرۆڤە بکرێت و ئامادەگی هەبێت بۆ خراپترین ئەگەری گۆڕانی ئەم هەڵوێست و یاریانەی ئێستە لە ساحەی سیاسی عێراقدا ڕودەدات .
گەرچی هەرێم غەرقی کۆمەڵێک کێشەی گەورەیە کە باجی نەبونی عەقڵێکی دەوڵەتداریی دەدات بە هۆی ململانێ ی پارتی و یەکێتەوە ، بەڵام دەکرێت پرسیار لە خۆمان بکەین ، بە کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە کە لە پاشەکشەی زۆر قوڵداین بەرامبەر دەستەڵاتدارانی عێراقی نوێ.
 چۆن بتوانین سود لە کەمترین کات وەربگرین بۆ ئەم ئەگەرە نزیکانە، ترسناکترین و نزیکترین هەڕەشە هەڵبژاردنەکانی عێراقە و هەموشمان دەزانین ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا کار لەسەر عێراقێکی نوێی ناوەندچێتی بەهێز دەکەنەوە و دەیانەوی هەڵبژاردنی ٦/٢٠٢١ کەمترین ساختەی تێدا بکرێت ، ئەوەش دەزانین کە هاوڵاتیانی خۆمان بە هۆی ئەو هەمو گەندەڵی و دزیەوە هیچ متمانەیان بە کورد نەماوە و دەنگ دەدەن بە کازمی ، کە ئەگەر لیستیشی نەبێت ئەوا لیستی سێبەر دروست دەکەن و کورد دەخاتە بەردەم مەترسی دوبارە کارتۆنی و سه‌نتەرێکی بەهێز بە تایبەت بەهۆی مووچە و ئەو ناڕەزایەتیانەی خەڵک هەیانە زەمینەی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی بۆ کازمی لەبارە ، کە دەتوانرێ بە ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ کازمی و کارکردن لەسەر چاکسازی و بەتایبەتیتریش دەستور کورد ببێتە شەریکە بەشی هەقیقی عێراقی نوێ.
 ئەم نوسینە وەک پڕۆژەیەک لە پاڵ هەمو هەوڵەکانی تر و پڕۆژەکانی تردا سوودی لێوەربگیرێ بۆ خۆئامادە کردن بۆ عێراقی نوێ . پڕۆژەیەک وەک مەتبەخێکی گشتی بۆ خۆئامادەکردن بۆ عێراقی نوێ .

• لەسەر ئاستی ناوخۆ :
 1. کۆنفرانسێکی نیشتمانی ببەسترێ بە بەشداری هەمو هێزە کوردیەکان و کەسایەتی ئەکادیمی و بێلایەن ، دور لە خوێندنەوەی ململانێی کۆن ، هەر لەو کۆنفرانسەدا لێژنەیەک پێکبهێنرێت و دەستەڵاتی تەواوی پێبدرێت بۆ کارکردن لەسەر بەرژەوەندی باڵای هەرێم .
2. پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستور ڕێک بخرێت بە ئاگاداری نەتەوەیەکگرتوەکان و بە تایبەت فەرەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا ، وە کار لەسەر مافی دەستوری فیدڕاڵیەتی هەرێمەکان بکرێت.
 3. هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت و بکرێتە هێزێكی نیشمانی.
 4. دادوەری هەرێم دوبارە دروستبکرێتەوە دەستەڵاتی تەواوی پێ بدرێت دور لە ئینتمای حیزبایەتی.
 5. کار لەسەر داهاتەکانی نەوت و خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوخۆ بکرێت ، تەنها لیژنە و کۆبونەوە نەبێت ، یەکبخرێت.
 6. کار لە سەر بوژاندنەوەی بازاڕ و بەتایبەتیش موچە بکرێت ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد بە پێ ی شایستە داراییەکان .
 7. پەرلەمان کارا بکرێت و هەوڵی چالاککردنی بدرێت .
 8. هاوکاری کردنی ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت ، کاری جدی لەسەر کەرکوک بکرێت لە چوارچێوەی بەستنی کۆنفرانسێک بۆ ناوچە جێ ناکۆکەکان.

• لەسەر ئاستی دەرەکی :
 1. لەو کۆنفرانسە نیشتمانیەدا کە بۆ ئەگەرەکانی عێراقی نوێ بەسترا ، لێژنەیەک دروستبکرێت لە هەمو پێکهاتەکان و کار لەسەر پەیوەندەکانی هەرێم و کۆی وڵاتانی ناوچە و جیهانی بکرێت و بە بەڵگەی دیکۆمێنتاری جیهانیەوە بەشداری هەقیقی هەرێم لە عێراقی نوێدا بەدەست بهێنرێت .
 2. پەیوەندییەکانی دەرەوە بە نیشتمانی بکرێت .
 3. چۆنیەتی هاوکاری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ئاگاداری وڵاتان بێت.
 4. پشتوانی بۆ مافەکانی کورد بە ئاگادرای وڵاتانی کاریگەر بە پێ ی دەستور.
 5. داوای سەرژمێری گشتی بکرێت ، بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان .
 6. پشکی کورد لە عێراقی نوێدا بە ئاگادری ولاتانی کاریگەر بێت.
 7. خوێندن و زمانی کوردی مافی فەرهەنگی بە ئاگاداری وڵاتانی کاریگەر لەسەر بنەمای دەستور.
لەسەر ئاستی عێراقی :
 1. کار لەسەر کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بکرێت و کەسانی ئەکادیمی بێ لاین دابنرێت لە پشکی کورد.
 2. کار لەسەر سەرژمێری گشتی بکرێت .
 3. شایستە داراییەکان لە بەرنامەی حکومەتدا بسەپێنرێت.
 4. لەسەر ئاستی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق و ناوخۆ ، کورد پێگەی بەرکەوتەی خۆتی هەبێت .
 5. ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ پێش هاتنی سوپای عێراق و قەرەبوی مێژوی کورد بسەپێنرێت.
 6. لەهەر چوار دەستەڵاتەکەدا کورد بتوانێ بە پێ ی بەرکەوتەی خۆی قورسایی هەقیقی هەبێت .
 7. بۆ پاراستنی شکۆی هەرێم و عێراق هەوڵبدرێت لە ڕێگەی ناوەندەوە ڕێگری بکرێت لە بڕینی سنوری هەرێم و عێراق لە ڕوی وشکانی و دەریایی و ئاسمانیەوە .

هەرێم لەبەردەم عێراقی نوێدا
سەرەتای ئاماژەکان وا دەردەکەون کە کورد لەبەردەم مەترسی بەکارتۆنی بونی قەوارەی سیاسی هەرێمدایە ، ئەگەر چی کورد پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە ، بەڵام لەبەردەم ئەم ئەگەرانەدا، ئەگەر کورد نەتوانێ مەتبەخێکی سیاسی دروست بکات و خۆی ئامادە نەکات بۆ ئەم ئەگەرانە بەتایبەت ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیانی خۆی بە پێدانی موچە و چاکسازی گشتی ، لیستە عێراقیەکان دەنگی کورد دەبەن لە کەرکوک و موسڵ و دیالە و هەتا ناو هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمیش ، بۆیە دەبێت کورد وەک چۆن وڵاتانی دراوسێ چەند دژی یەک بن کە هاتە سەر هەرێم هاوبەرژەوەندین و دژی کوردن ، بۆ ئێستاش کورد لە نێو ماڵی خۆیدا چەند دژ بەیەک بن دەبێت لەبەردەم ئەم ئەگەرەدا یەکێتی ناوەکیان بەهێز بکەن ، گەر وا نەکەن ، ئەوا کورد مەحکوم دەبێت بە دوبارە بونەوەی مێژو و وە دوبارە بونەوەی هەمان هەڵەی مێژویی.