سیستەمی وەزارەتی پەروەردە و تاکێکی کڵۆڵ!

05/09/2020

هیوا زێڕه‌

"پەروەردە ئامادەکاری نییە بۆ ژیان، بەڵکو خودی ژیانە" جۆن دیوی ١٩٥٢. 

وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا یەکدەست کاردەکەن لە پێناو درووستکردنی تاکێکی لاوازی و سست، کە هەموو ئامانج و خەونێکیان کردۆتە نمرەی بەرز لە پێناو بەدەستهێنانی پلە و کارێکی گونجاودا. بێئاگا لەوەی کە ئایا ئەو تاکە تاچەندە شارەزا و کارامەیە لە جێبەجێکردندا، تاچەند دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و کۆمەڵە بەهرەیەکی هەبێت کە ئەوانیتر نەیانبێت، واتا دیاریکردنی ئاستی خوێندکار دەبێت پێشبڕکێ بێت بۆ نۆڕین لە چۆنییەتی و چەندییەتی بەهرەکان نەک نمرەیەکی بەرزی سەر پەڕە کە پەلوپۆی دامەزراوەکان و کۆمەڵگە تێکدەشکێنێت و دەروەستی پێویستییەکانی کۆمەڵگە نایات.

سیستەمی پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان کاردەکات لەسەر ئاخنینی زانیاری بۆ ناو مێشکی فێرخوازان، تاکە ئامانجی ئەم سیستەمە دەرچوونە لە تاقیکردنەوەکان، بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە و زەقکردنی یەکەمەکانە، نەگبەتی ئەو ڕوانگەیە بۆ تەواوی دانیشتوان گوازراوەتەوە کە توانای تاکەکان بەندە بەو نمرەیەیەی کە لە قۆناغەکانی خوێندندا بەدەستی دێنێت، هەر ئەوەش ئەرخەیانیان دەکات و ئەهوەنیان دەکاتەوە، نەک ئەوەی کە خۆی فێری دەبێت بە ئەزموونکردنی لە ژیاندا.

ساڵانە لێشاوێک خوێندکار لە زانکۆکان دەردەچن بەڵام، سیستەمە چەوتەکەی فێرکردن بە هەمان شێوەی قوتابخانە هەر ئاخنین و توتی ئاسایە، کە دواتر ٤ جۆر مرۆڤ ئامادە دەبێت بۆ ناو کۆمەڵگە، ئەوانیش: نمرە بەرزێکی و بێتوانا، بێتوانایەکی نمرە کەم، بەتوانایەکی نمرە کەم و بەتوانایەکی نمرە بەرز، کۆمەڵگە پێویستی بە سێیەم و چوارەمە، وەلێ ئەم سیستەمە دنەی بوون بە یەکەم و دووەم دەدات، کە تاکێکی کڵۆڵن و جمەیان دێت لە کۆمەڵگەدا.

ئەوەی ئێمە گەرەکمانە بۆ برەودان بە پیشەی تاکەکان و تەواوی کۆمەڵگە، برەودانە بە فێرکردنی تواناکانی تاک،نەک بەدەستهێنانی نمرەیەکی بەرز کە مێشکی خوێندکارانی ئیفلیج کردووە و لێبڕاوانە هەموو هەم و غەمیان بۆتە یەکەم بوون. نەک ئەوەی کە ئایا سبەی دەردەچن ئەو دامودەزگەیەی بۆی دەچن پێویستییان بە چ جۆرە تاکێکە. لە غیابی دانەمەزراندنەوەی یەکەمەکانی زانکۆدا ئەوە بە زەقی دیارە لە ناو کەرتە ئەهلییەکاندا کە ڕوانین و گەڕانێکی ورد دەکەن بۆ تاکێک کە توانا و بەهرەیەکی جیاوازی هەیە لەوانی تر، زانیاری عەمبار نەکردووە و پاڵیدابێتەوە، ورد و چالاکانە هەوڵی داوە برەو بەو توانایانە بدات کە لە ژیاندا گرینگن وەکو: فێربوونی زمان، شارەزایی کۆمپیوتەر،شێوازی ئاخافتن و خۆگونجاندن هتد.

چۆن دەتوانین برەو بە توانا و کارامەییەکانی خوێندکاران بدەین و باریانبهێنین؟
١- بە پڕاکتیکردنی وانەکان: ئەوەی کە تا ئێستا نەکراوە و  دەبێت بکرێت گرنگیدانە بە ئەنجامدان نەک کۆپیکردنی زانیارییەکان،خوێندکار پێویستی بە ماتریاڵی زانستییە تاوەکو لەو بابەتانە بگات و ئەزموونیان بکات کە لە کتێبەکاندا جێگیرکراون. بۆ نمونە کاتێک باسی کۆمەڵەی خۆر دەکرێت لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییەوە، گرینگە بە پڕاکتیکی نیشانی بدرێت، چونکە لە ژیاندا قوتابی بەری ناکەوێت.

٢ - هۆشیاری تاک: هەموو ئەو کێشانەی کە لێرەدا گەشە و نما دەکەن بە هۆی نائاگایی و ناهۆشیاریی تاکەوە دێتە بەرهەم، ئەم ناهۆشیارییەش بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی سیستەمی پەروەردە کە نەیتوانیوە لە ناو بابەتەکاندا جێگیری بکات یان وانەیەک تایبەت بکات بە هۆشیاری تاک، بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستا کە بیر ناکاتەوە چۆن قوتابییەکان هۆشیار ببنەوە بەوەی لە ناو ژینگەدا بەری دەکەون زەبری کوشندەیان لێدەدەن، بەشەکەی تری دەکەوێتە ئەستۆی خێزان کە بێباکانە تەقەلا و کۆشانی کەم دەکەن بۆ گرنگیدان بە منداڵەکانیان، بڕوایان وایە کە پارەپێدان و دابینکردنی خواردن و جلوبەرگ هەموو شتێکە بۆ منداڵەکەی، ئەوانە نەوەکان زل و مل ئەستور دەکەن، نەک پەڕجووی کارامەییان بخوڵقێنن،ئەمانە مافن و باسکردنیان نەنگییە.

٣-  گۆڕینی سیستەمی هەڵسەنگاندن: گرینگە لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا هەر بابەتە و بە شێوازێکی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجام بدرێت، بێ سڵەمینەوە دەڵێین: ناکرێت و کارەساتە بابەتەکانی وەکو میوزیک، هونەر، وەرزش، کۆمپیوتەر و ئایین بە شیوەی تاقیکردنەوەی نووسەکی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

٤- گرنگی و بایەخدان بە زانکۆ و پەیمانگە پیشەییەکان: دەبێت حکومەت بە شێوەیەکی کاریگەرانە کار لەسەر کردنەوە کۆمەڵێک زانکۆ و پەیمانگەی پیشەیدا بکات، کە ئەمڕۆ بوونەتە مایەی گرنگیپێدان لە هەموو جیهاندا لەوانە: میکانیک، نێت، IT،کشتوکاڵ، کۆمپیوتەر، ئەندازیاری هتد. کە ئەمانە دەستی کارن لە کۆمەڵگەدا و دەبنە هۆکاری بوژانەوەی کۆمەڵگە.

٥- شارەزایی لە تەکنەلۆژیا: ئەوەی کە سیستەمی پەروەردە نایکات فێرکردنی کۆمپیتەر و ئامێرە زیرەکەکانە، کە ئەمڕۆ لە هەرە گرینگترین ئامرازەکانی فێربوون، گەشەکردن و ژیانکردنن. گرینگە تاک هۆشمەند بێت و بەر لە تەواوبوونی زانکۆ بە شێوەیەکی باش خۆی فێری کۆمپیوتەر و بەرنامە فێرکارییەکان بکات.

٦- زمانی دووەم و سێیەم: سیستەمی پەروەردەیی هەرێم نەیتوانیوە کەس فێری زمانێکی تر بکات. کەواتە هەم دیسان گەر بمانەوێت تاکێکی وریا و خاوەنکار بخەینە ناو ژیانەوە، دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی چڕوپڕ و بەردەوام هانبدرێن بۆ فێربوونی زمانێکی تر کە هاوکاریان دەکات لە دەستکەوتنی کاردا و لە هەمان کاتدا لە ڕووی مەعریفییەوە کۆمەکییان دەکات.

٧- بازاڕسازی: بازاڕسازی  وەکو باقی لێهاتووویەکانی تر لە ناو مەنهەجی خوێندنی حکومەتدا جێگیر نەکراوە و کاری لەسەر ناکرێت، بۆیە دەبێت خێزان و تاک هەوڵی کرانەوەی تاک بدەن بەرەو دنیانی مادەدا و فێربن چۆن پارە بەدەست دێت و چۆن دەتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژە.
٨- توانای گفتووگۆ: بەشێکی زۆری خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان دوو تاک درووستدەکەن: یەکێکیان لاواز و سستە، دەچێتە زانکۆ ناتوانێت دەقەیەک قسە بکات، چونکە ژینگەیەکی لەباری بۆ نەڕەخساوە و ترسێندراوە لە قسەکردن. ئەوی تریان تاکێکی زۆربڵێ یە، کە بەدوورە لە هەموو ئەتەکیەتێکی قسەکردن و بەهایەکی باڵا.

تەواوکردنی خوێندن بەدەستهێنانی شەهادەیەک و نمرەیەکی بەرز نییە، بەڵکو فێربوونی ژیانە، بە شارەزابوون لە کارامەییە گرنگەکانی ژیاندا، ئەو کارامەییانەی کە تاکێکی جیاواز و کاریگەر لە کۆمەڵگەدا درووستدەکەن، ئەو کارامەییانەی کە بێ سێ و دوو سەرجەم دامودەزگە ناحکومییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن و فریادڕەسی دامودەزگە حکومییەکانیش دەبن.