01/01/2019
وەزیر و وەزارەتێك كە نزیكەی یەك ملیۆن كەس زیاتر، لە كۆی پێنج ملیۆن، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە ژێر سایە و قەڵەمڕەوی ئەودان و، بەشێكی زۆر لە ژیانیان لە ناو دامەزراوەكانی ئەو وەزارەتەدا تەی ئەكەن، تازە با ئەو كاریگەریە قووڵ و فرەڕەهەندەش لەولاوە بوەستێ، كە كایەی پەروەردە لە سەر ئینسان و نەوەكانی ئێستا و ئایندەی دادەنێت. ئایا ناكرێ دەستنیشانكردنی كەسی یەكەمی ئاوا وەزارەتێك زۆرترین قسەی دەربارە بكرێت؟ نابێ جێی دڵەڕاوكێ و نیگەرانی هەمووان بێت؟
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، كێ یا كێن ئەوانەی كەسێك ڕادەسپێرن بۆ چوار ساڵ و زیاتری ئایندە، بۆ ئەوەی پەركان (ستێرن)ی ئەم كایە گرنگەی بدەنە دەست.
بۆ هەر جۆرە قسەكردنێكی مانادار و سەنگین دەربارەی سیستەمی پەروەردە، بتهەوێ یا نا، لوتت بەر دیواری زبری سیاسەت و سیستەمە گشتیەكەی وڵات ئەكەوێت.
دەی لە هەموو دنیادا وایە، ڕەوشی پەروەردە ڕێك ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی سیاسی و كارگێڕی وڵاتەو هیچی تر.
پەروەردە وەك یەكێك لە بنەماكانی خۆڕاگری
و مانەوەی هەر قەومێك، تاچەند مایەی گرنگیپێدان و تێڕامانە لای ئەو دەسەڵەتدار و
ئاغایانەی قەرارە قەڵەم بهێنن بە ژێر ناوی ئەو كەسەدا كە دەبێتە وەزیر؟ ناشێ نەزانن
لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكادا پەروەردە وەك بەشێك لە ئاسایشی نیشمانی سەیر دەكرێت.
ئەوان ئێستا چەن بیریان لای وەزارەتی پەترۆڵ
و عەقدی دۆلارە، هێندە و بگرە زیاتریش بێ تاون، بۆ دانانی كەسێكی شیاو و لەخەمڕەخساو
لە سەر كورسی وەزارەتی پەروەردە!؟خۆزیا وابان.
ئەی قابیلە دامەزراوە و كادیرە بێشومارەكانی
حیزب، تا ئێستا ڕاپۆرتی چڕوپڕو پێویستیان لەمەڕ ئەم بابەتە بەرز نەكردبێتەوە بۆ ”سەروو”ی
خۆیان؟!
ئەگەر وایە، ئەوا بێ دوودڵی دەبێ چاوەڕێكەین
كەسێك هەڵبژێرن، كە خاوەن ڕوئیا و دیدی تایبەت بە خۆی بێت، بۆ دنیای پەروەردە و هەستیاری
پێگەكەی، ئەو قاڵبووی ناو فەلسەفەی پەروەردەو گەشەسندنی مرۆیی و ماددی ووڵات دەبێت!!
با بێینە سەر ئەو پێودانگ و پەرامیترانە
كە برادەران ڕەچاوی ئەكەن، لە هەڵبژاردنی كەسێكدا بۆ پێبەخشینی جانتا گرنگ و پڕ كریزەكەی
وەزارەتی پەروەردەی ئێمە.
كابرا لە بەر ئەوەی كەسێكی پیشەیی و لێزانە
لەبوارەكەداو شارەزای ئەزموونە سەركەوتووەكانی دنیای دەرەوەیە ، بۆیە دەكرێتە وەزیر،
یاخود كائینێكی حیزبی گوێلەمستە و لە باڵباڵێن و فرتوفێڵە حیزبیەكاندا سەركەوتووانە
هاتووەتە دەرەوە.
تەكنۆكرات و پیشەییە یا شام و شیرازە لەگەڵ پەروەردە!؟
نابێ بانگی كاكی وەزیری ئایندەمان بكەن و، لێی بپرسن: دیدگای تۆ چیە
بۆ چارسەركردنی كێشە لەبننەهاتووەكانی پەروەردە؟ من دەزانم، حەتمەن داوای پلان و
كارنامەی كورتخایەن و درێژخایەنیش لە عالی جەنابیان ئەكرێت!
خۆ لەكاتی خوێندنەوەی كارنامەی كابینەی
نوێی حكومەتیشدا لە پەرلەمان، كە بەشی گرنگ و زۆری تایبەتە بە پەروەردە، پەرلەمانتاران
یەك دنیا پرسیاری جەوهەری ڕووبەڕووی كاندیدی پەروەردە ئەكەنەوە، دوای بێنەوبەردەیەكی
زۆر و وەرگرتنی گەرنتی بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكان، ئەوجا دەستی بۆ بەرز دەكەنەوە.
ئەی خودی وەزیر خۆی! داخۆ بە چ ئەنگێزەو
ئامانجێكەوە خۆی پێ شیاو بووبێ بۆ لەكۆڵنانی ئەو ئەركە مەزنە؟!ئەو ئێستا نا، بەڵكو
ساڵانێكە خەریكی كنە و بەدواداچوونی دەردەكانی پەروەردەیە، تەواو بەرچاوڕوونە لەوەیدا
كە كۆمەڵگە بەرەو كوێ دەئاژوێ! بەجۆرێ لەوسەرەوە تاكێكی متمانەبەخۆبووی خاوەن خەونمان
بداتەوە دەست. یەكلابۆەتەوە لە هەڵبژاردنی جۆری پەروەردەكەدا، پەروەردەی كراوە و مۆدێرن بە
لەبەرچاوگرتنی دۆخی كۆمەڵگا، یاخود موحافیزكار و نەریتی، كە لە ناو خۆیدا بەشێنەیی
دەچێتە پێش.
یەكبەیەكی ئەو كایانەی دیاریكردوە كە دەكرێ
لەناو پەروەردەوە كاری گرنگیان لەسەر بكات، لەوێنەی ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی.بیربكەرەوە و باسەرت نەسوڕمێ! وەزارەتێك
بەم هەموو كێشەیەی خۆیەوە هەر لە بایكۆت و بێ مووچەیی مامۆستا و كەمی بیناو چەندەها
كێشەی ترەوە، شایەن بەوە بوو كە لە بری یەك وەزیر چوار دانەی بۆ دابنرێت، یاخود وەزیرەكەی خۆشی بە وەكالەت وەزارەتێكی تریش بەڕێوە
ببات؟!.