14/07/2020
ئەمڕۆ یادی شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ی عێراق و رووخانی سیستمی پاشایەتییە. لەو رۆژەوە کە پاشایەتی لە عێراق رووخاوە و بە رواڵەت سیستم بووەتە کۆماری هیچ کاتێک ئەم وڵاتە سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیوە و ساڵێکی بەبێ شەڕ و کوشتار تێپەڕ نەکردووە.
لە ئەفغانستانیش لە ساڵی ١٩٧٣وە پاشایەتی رووخا و بە رواڵەت سیستم بووەتە کۆماری، بەڵام لەو وڵاتەش لەو کاتەوە یەک ساڵ سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە. لە ئێرانیش ساڵی ١٩٧٩ پاشایەتی رووخا، کەچی لەو وڵاتەش دوای پاشایەتی بەشی خەڵک هەر شەڕ و کوشتن و لەسێدارەدان بووە و لە ڕووی ئابورییشەوە بەردەوام لە پاشەکشەدابووە، ئەوە لە کاتێکدابوو کە ١٥ ساڵی پێش رووخانی پاشایەتی ئیران بەردەوام لە گەشەی ئابوریدا بوو.
وێرانبوونی ئەو سێ وڵاتە لە دوای روخانی پاشایەتی بە واتای ئەوە نییە کە سیستمی پاشایەتی سیستمێکی باشە، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە خەڵکی ئەو وڵاتانە تەنیا دەسەڵاتی شایان نەدەویست و دەیانزانی کە شاکان خراپن، بەڵام لەڕووی رۆشنبیری و رۆشنبیری سیاسی و کلتورییەوە هیچ کام لەو وڵاتانە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئامادەنین بۆ سیستمی کۆماری.
لە عێراق لە دوای ١٩٥٨وە تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان تەنیا خەریکی سڕینەوەی لایەنە رکابەرەکانیانن، لە ئێرانیش لە دوای روخانی شا رەوتی زاڵی ئیسلامی یەکەم هەنگاوی بە سڕینەوەی رکابەرەکان دەست پێکرد و تا ئێستاش سڕینەوەی نەیاران بەردەوامە، لە ئەفغانستانیش بە هەمان شێوە تا ئێستا گۆڕەپانی شەڕ و کوشتارە.
رەنگە هۆکارێکی دیکە ئەوەبێت کە پاشاکان هەموویان دارەدەستی دەوڵەتێکی ئیستعماری بوون و ئەوە دەوڵەتە ئیستعمارییەکان بوون سەقامگیرییان دروست کردبوو نەک پاشاکان.
بە هەر هۆکارێک بێت ئەو سێ وڵاتە تا ئێستاش هیچ ئامادەییەکی بۆ دیموکراسی و سیستمی کۆماری تێدا بەدی ناکرێت.
ئێران کە بە رواڵەت لە ساڵانی رابردوودا لەرووی ئەمنییەوە سەقامگیرتر بووە بەڵام ئێستا گەیشتووەتە قۆناغێک لە ئەگەری بچوکترین تەقینەوە دەبێتە ناسەقامگیرترین وڵات چونکە ئەو درز و قەڵشت و گرێ و برینانەی لە نێوان پێکهاتە و چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ئێران هەیە زۆر قوڵترە لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و...