08/07/2020
ڕۆمانی (مزرعة الحیوانات) كه كوردییه‌كه‌ی ده‌بێته (مه‌زرای ئاژه‌ڵان)، یه‌كێكه له‌و ڕۆمانانه‌ی له كاتی بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه تا ئه‌م ساته، به‌رده‌وام جێگه‌ی مشت‌ومڕ و قسه‌له‌سه‌ركردن بووه.
نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه ”جۆرج ئۆرۆیڵ“ی ڕۆماننووسی به‌ناوبانگی ئینگلیزی و خاوه‌ن ڕۆمانی (1984)ه.
له‌م ڕۆمانه‌یدا كه له دیدگای ئاژه‌ڵانه‌وه وێنای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ڕووسیا ده‌كات، ئۆرۆیڵ له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌كی تاڵ‌دا ڕووبه‌ڕوومان ده‌كاته‌وه، ڕاستییه‌كه كه هه‌موومان یان بینیومانه و ده‌یبینین، تێیدا ژیاوین و ده‌ژین، یان هیچ نه‌بێت له باره‌یه‌وه خوێندوومانه‌ته‌وه. ئه‌ویش بابه‌تی شۆڕش و ئامانجه‌كانیه‌تی، بابه‌تی داماوی ڕه‌شۆكی خه‌ڵک و نوخبه‌ی شۆڕشگێڕه.
كورته‌ی ڕۆمانه‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه:
له مهزرایهكدا كه خاوه‌نه‌كه‌ی پیاوێكه به ناوی ”جۆنز“، كۆمه‌ڵێک ئاژه‌ڵ ده‌ژین. ئاژه‌ڵه‌كان تێكه‌ڵه‌یه‌كن له به‌راز، سه‌گ، ئه‌سپ، مریشک، مه‌ڕ... خاوه‌نه‌كه‌یان زۆر سته‌میان لێ ده‌كات و ناهێڵێت پشوو بده‌ن.
شه‌وێک به دزیی خاوه‌ن مه‌زراوه، پیره به‌رازێک به ناوی ”مه‌یجه‌ری پیر“ ئاژه‌ڵه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه و به كۆمه‌ڵێک ئامانجی به‌رز و وته‌ی به‌نرخ ده‌رباره‌ی ئازادیی و ماف و سته‌م و نادایی خاوه‌ن مه‌زرا، هانی ئاژه‌ڵان ده‌دات شۆرش بكه‌ن و ڕاپه‌ڕن.
دوای سێ مانگ مه‌یجه‌ری پیر ده‌مرێت، وه‌لێ قسه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ی له ناخی ئاژه‌ڵه‌كاندا جێ ده‌گرێت و ورده ورده ئاژه‌ڵان وه‌خۆ ده‌كه‌ون و ڕاده‌په‌ڕن و جۆنزی خاوه‌ن مه‌زرا له مه‌زراكه‌ی ده‌رده‌په‌ڕێنن و خۆیان كاروباری مه‌زراكه ده‌گرنه ده‌ست.
دوای شۆڕش دوو به‌راز به ناوه‌كانی ”ناپلیۆن“ و ”سنۆباڵ“ ده‌بنه سه‌ركرده‌ی مه‌زراكه و هه‌ریه‌كه‌یان كۆمه‌ڵێک لایه‌نگر بۆ خۆیان په‌یدا ده‌كه‌ن.
ناپلیۆن هه‌میشه مرقن و بێده‌نگه، له كاتێكدا سنۆباڵ زمانپاراو و هاروهاجه.
دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له شۆڕش، به ئه‌مری قسهڕۆیشتووانی تاوه‌ی مه‌زراكه، حه‌وت یاسا ڕاده‌گه‌یه‌نرێن و به دیواردا هه‌ڵده‌واسرێن، یاساكان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
١. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دوو پێ ده‌ڕوات دووژمنه.
٢. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر چوار پێ ده‌ڕوات یان به باڵ ده‌فڕێت دۆسته.
٣. هیچ ئاژه‌ڵێک بۆی نییه جلوبه‌رگ بپۆشێت.
٤. هیچ ئاژه‌ڵێک نابێت له‌سه‌ر سیسته‌م بنوێت.
٥. هیچ ئاژه‌ڵێک نابێت مه‌ی بنۆشێت.
٦. هیچ ئاژه‌ڵێک بۆی نییه ئاژه‌ڵێكی تر بكوژێت.
٧. هه‌موو ئاژه‌ڵان یه‌كسانن.
كه‌چی زۆر نابات، هه‌ندێ شت ڕوو ده‌دن كه هیچ یه‌كێک له ئاژه‌ڵان چاوه‌ڕێیان نه‌كردووه.
ڕۆژێكیان له كۆبوونه‌وه‌ی ئاژه‌ڵاندا، له‌نێوان ناپلیۆن و سنۆباڵدا ناكۆكی له‌سه‌ر دروستكردن و نه‌كردنی (ئاشی با) دروست ده‌بێت، له‌پڕ نۆ سه‌گی دڕ كه پێشتر ناپلیۆن له دێڵه سه‌گێكی سه‌ندوون و شاردوونیه‌تیه‌وه، خۆیان به ژووری كۆبوونه‌وه‌دا ده‌كه‌ن و په‌لاماری سنۆباڵ ده‌ده‌ن و نزیكه پارچه‌پارچه‌ی بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ڕاده‌كات و خۆی له ده‌ستیان ده‌رباز ده‌كات.
له‌و ڕۆژه به دوا، ورده ورده ئامانجه‌كانی شۆرشی ئاژه‌ڵان ده‌بن به بڵقی سه‌ر ئاو!
هه‌ر جاره‌ی شتێكی پێچه‌وانه‌ی حه‌وت یاسا هه‌ڵواسراوه‌كه ڕووده‌ده‌ن و وه‌ختێ ئاژه‌ڵه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ته‌ماشای یاساكان ده‌كه‌ن، ده‌بینن ئه‌و یاسایه وه‌ک پێشتر نه‌ماوه، ئیتر له یادگه (ذاكرة)ی خۆیان ده‌كه‌ونه گومانه‌وه و ده‌ڵێن له‌وانه‌یه هه‌ر یه‌كه‌مجاریش وا نووسرا بێت و ئێمه به خراپه له زه‌ینماندا وێنامان كردبێت!
كه‌سایه‌تیی سنۆبال ده‌بێته ئه‌و دێوه‌زمه‌یه‌ی كه به‌رده‌وام ناپلیۆن ئاژه‌ڵانی مه‌زراكه‌ی پێ ده‌ترسینێت و ئۆباڵی هه‌موو خراپه‌كارییه‌كان ده‌خاته ئه‌ستۆی وی، له كاتێكدا هه‌موو ئاژه‌ڵان مێژووی پڕ له سه‌ره‌وه‌ریی سنۆباڵیان له‌بیره كه كاتی خۆی چه‌ند خه‌باتی كردووه و مه‌دالیای ئازایه‌تیی پێ به‌خشراوه، وه‌لێ كه‌سیان نا‌وێرن زار هه‌ڵبێنن!
ڕۆژێک ناپلیۆن ئاژه‌ڵان كۆ ده‌كاته‌وه و یه‌ک-دوو به‌راز و چه‌ند مریشكێک به تۆمه‌تی سیخوڕیكردن بۆ بێگانه و ده‌ستتێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ سنۆباڵی خیانتهكاردا، به به‌رچاوی ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه ده‌كوژێت. ئه‌و ڕۆژه ئیتر سه‌ره‌كیترین ئامانجی شۆڕشی ئاژه‌ڵان له گۆڕ ده‌نرێت، كه نابێت هیچ ئاژه‌ڵێک به ده‌ستی ئاژه‌ڵێكی تر بكوژرێت!
وه‌ختێ ئاژه‌ڵه‌كان ده‌ڕۆن و ته‌ماشای یاسای ژماره شه‌ش ده‌كه‌ن، ده‌بینن گۆڕاوه بۆ: هیچ ئاژه‌ڵێک بۆی نییه ئاژه‌ڵێكی تر _به‌بێ هۆكار_ بكوژێت!
ئیتر هه‌ر ڕۆژه و ئامانجێک له گۆڕ ده‌نرێت، ورده ورده به‌رازه‌كانی ده‌وروبه‌ری ناپلیۆن شۆڕش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان قۆرخ ده‌كه‌ن و ده‌ست ده‌كه‌ن به سته‌مكردن له‌ودوای ئاژه‌ڵه‌كانی تر، ستهمكردنێک كه هه‌رگیز جۆنزی كۆنه خاوه‌نی مه‌زراكه سته‌می له‌وه زیاتری نه‌كردووه!
نه‌ک ته‌نها له كرداردا، به‌ڵكو له یاسایشدا یه‌كسانی نامێنیت، چون رۆژێک ئاژه‌ڵان به‌خه‌به‌ر دێن، ده‌بینن یاسای ژماره حه‌وت گۆڕاوه بۆ: (هه‌موو ئاژه‌ڵان یه‌كسانن، وه‌لێ هه‌ندێكیان یهكسانترن)!
له‌م ڕۆمانه‌دا (مه‌ڕ)ه‌كان كه به‌رده‌وام بڕگه‌كانی یاساكان دووباره ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ڵبه‌ت به‌گوێره‌ی دڵی گه‌وره‌كانی مه‌زراكه، نموونه‌ی عه‌وامی خه‌ڵكی نهخوێندەوار و هه‌میشه چهپڵهلێدهرن، كه كاریان ته‌نها دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و قسه و دروشمانه‌یه كه سه‌ركرده‌كانی شۆرش ده‌یانڵێن و به‌رزیان ده‌كه‌نه‌وه.
”سكۆیلهر“؛ نوێنه‌ری وته‌بێژی ڕێبه‌ری شۆڕش و سه‌رۆكی وڵاته، كه كاری ته‌نها جوانپیشاندانی كاره‌كانی سه‌ركرده‌ی مه‌زن و خه‌ڵه‌تاندنی ڕه‌شۆكی خه‌ڵكییه.
”باكسر“؛ كه ئه‌سپێكی هه‌میشه ماندووه و قه‌ت له كار ماندوو نابێت و بۆ ساتێكیش له خۆی ناپرسێت، ئه‌م گشت ڕه‌نجه بۆ چی ده‌ده‌م و بۆ كێی ده‌ده‌م، نموونه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه بێ‌ئاگا و دڵسۆزه‌یه كه به‌رده‌وام و بێ به‌رانبه‌ر بۆ ڕێبه‌رانی شۆڕش كارده‌كه‌ن و وا ده‌زانن بۆ خوای ده‌كه‌ن. سه‌رنجامیش ئه‌وه‌یه وه‌ختێ له ئه‌نجامی كاری زۆر و پشوونهدانهوه تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت، هه‌موو وه‌فای ناپلیۆن ئه‌وه‌یه ده‌یفرۆشێته پێستگووروویهكی ئه‌سپ تا بیبات و سه‌ری ببڕێت و پێسته‌كه‌ی بگووروێت!
له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌رازه‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به له‌سه‌ر دوو پێ ڕۆیشتن و لاساییكردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان، كه پێشتر خۆیان به دووژمنیان ناساندبوون!
ئاژه‌ڵه‌كانیش ده‌بینن یاساكانی ژماره یه‌ک و دوو گۆڕاون بۆ: چوار پێ باشه، دوو پێ باشتر!
دواتر به‌رزه‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به مه‌ی خواردنه‌وه و خه‌وتن له‌سه‌ر سیسته‌م و ... سه‌ره‌نجامیش سازدانی گرێبه‌ستی ئابووری و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ بنیاده‌می مه‌زراكانی تردا!
من ئه‌م ڕۆمانه‌م به زمانی فارسی خوێندووه‌ته‌وه، كه دوو وه‌رگێڕ به ناوه‌كانی ”صالح حسینی و معصومه نبی زاده“ كردوویانه به فارسی، زمانێكی زۆر به‌رز و له هه‌مان كاتدا ساده‌یان به كار هێناوه، كه شایسته‌ی ڕۆمانه‌كه‌یه.
هه‌قوایه خوینده‌وارانی كورد له‌بری جارێک، چه‌ند جارێک ئه‌م ڕۆمانه بخوێننه‌وه، چونكه له ئێستای وڵاتی خۆماندا ناپلیۆنهكان ڕۆژانه له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤی و ڕووپه‌لی ڕۆژنامه‌كاندا خۆیانمان پیشان ده‌ده‌ن و مه‌ڕه‌كان درۆ‌و دروشمه‌كانیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه و (باكسر)ه‌كان هه‌ر ڕۆژه‌ی یه‌كێكیان به‌ره‌و دنیای له‌بیرچوونه‌وه ده‌چن!
ئه‌م ڕۆمانه كراوه به ئه‌نیمه‌یشن و ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له ته‌ماشای فیلم و ئه‌نیمه‌یشنه، ده‌توانن له یوتیووب بۆی بگه‌ڕێن و ده‌ستی بخه‌نه‌وه.
ڕۆمانه‌كه به زمانی ئینگلیزی نووسراوه و ناوه ئه‌سڵییه‌كه‌ی (Animal Farm)ه و ساڵی 1945 بڵاو بووه‌ته‌وه.
هەروەها ڕۆمانەکە بۆ زمانی کوردیش وەرگێڕدراوەو ئێستا له كتێبخانه‌كان ده‌ستده‌كه‌ون