02/07/2020
ئەگەر چاوێکی خێرا بگێرین بە هەر چوار پارچەکەی کوردستان تەنها لە ڕێگای مۆبایلەکەی دەستمانەوە گەڕانێک بکەین بۆ ماف و ژیانی کوردانی باکوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان ژیانی کوردانی خۆرئاوای کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا و ژیانی سەختی کوردانی باشوری کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا، تێدەگەین کە ئێمە تاکە میللەتین لەسەرتاسەری جیهاندا وا بەتایبەت هەموو جیهان دەمانچەوسێننەوە، زمان و کلتور شەرەف و ئاین و ئەدەبمان دەبەن، تەنانەت ناوی کوردی منداڵەکان و ناوی شار و شارۆچکەکانیشمان دەکەن،بە تورکی و فارسی و عەرەبی،کورد بۆ ڕزگار بوون لەم دۆخە هەزاران شەهیدی داوە کام ماڵ هەیە چیرۆکێکی تراژیدی نەبێت ئەنفال و هەڵەبجە دوو کارەساتی گەورەن کە هەر ناو هێنانیان بەسە بۆ ئەوەی بزانین چیمان لە دژ کراوە.
لە ناو بەشەکانی کوردستاندا پاش نزیکی ٧٠ ساڵ بەرگی بەشی باشور جۆرێک لە ئازادی بەدەست هێنا، کە چارەکە سەدەیەکە باشوری کوردستان تاڕادەیەکی باش ئازادبووە و لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی بەغداد دانەماوە، لە چوارچێوەی هەرێمێکدایە، بەڵام لە ئێستادا چەندین دەنگی نە شاز بەناوی دڵسۆزیەوە کەوتونەتە بانگەشە کردن بۆ نەمانی ئەم قەوارەیە و هاوڵاتی ساویلکەی بێ ئەخەڵەتێن بە بیانوی نەبوونی مووچە و ژیانی سەختی هاوڵاتیان لە کاتێکدا ئەوانی ئەو قسانە دەکەن خۆیان لەژیانی خۆشدا دەژین، بەڵام لێرەوە دەپرسین کێشەکانی هەرێم چین؟
کێشەکانی هەرێم کێشەی نەبووی حکومەتی دامەزراوەیە، چەند ساڵێک پێش ئێستا نەوشیروان مستەفا لە وتارێكی کورت و پوختدا وتی ڕەخنەمان هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ ڕێگامان لە بەردەستدایە، یا بیڕوخێنین، یا بێ دەنگ بین، یا شوێنە خراپەکانی چاک بکەینەوە لەسەر بنەمای ئەم سێ ڕێگایە بە دڵنیاوە بۆ سیاسیەک کە نیوەی ژیانی لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەی بەشدار و بڕیار بە دەست بووە، سێەم ڕێگایانی هەڵدەبژێردرێت کە پێویستە شوێنەوارە خراپەکانی چاک بکەین، ئەو دەمە کە ئەم وتاری نووسی و دواتر کاری بۆ کرد و دەستی خستە سەربرینەکان کوردستان پێویستی بە دروستکردنی دەوڵەتی دامەزراوەی بوو، زۆرینەی کۆمەڵگا مەستی بڕینەوەی مووچەی زۆر و دامەزراندنی بێ بەرنامە و دروستکردنی چینی بێکاری شاراوە و بوون بە بندیواری حیزب و تەخشان و پەخشانی پارەی نەوت و بوودجە بوون کە لە بەغداوە دەهات،کە دەست خرایە سەربرینەکان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار ئەوەی بۆیان کرا لە دژایەکی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا کردیان لە هەموو ڕویەکەوە تۆمەت نەما نەیخەنە ئەستۆی، لەو لاشەوە زۆرینەی کۆمەڵگا کە مەستی ئەو کەمە مووچەیە بوو دوای هاتوو هاوارەکانی ئەوان کەوتن و ڕۆژێک بە پیاوی دەوڵەتان و ڕۆژێک بە ئاژاوە گێر پەسنیان دەکرد.
کە هاواری دڵسۆزانە کرا و گۆڕان لە زاری ڕێکخەری گشتیەوە دەیگوت بەهێزبوونی بەغداد یەکسانە بە هەوڵدان بۆ بچووکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێم و تەخشان و پەخشانی پارە یە گەندەڵیە و چەند کەسێکی پێ دەوڵەمەند دەبێت و گەلێکی هەژار دروست دەبێت، بە گێرە شێوەنی بزووتنەوەی گۆڕان تۆمەتبار دەکرا و بەشێکی زۆری خەڵكیش بەیانی هەمان قەوانی لێ ئەدایەوە.
کە ئابوری سەربەخۆ ڕاگەیندراو داوای شەفافی داهات گرێبەست و گەرانەوەی داهات بۆ سندوقێکی تایبەتی دوور دەستی حیزب دەکرا، داوای چۆڵکردنی کورسی سەرۆکایەی دەکرا کە ماوەکەی تەواو بوو حیزب فەرمانی گرتنی بۆ ڕێكخەری گشتی دەردەکرد بەشێكی کۆمەڵگاش پشتگیری دەکردن پەرلەمان داخراو هەمووان تەنها بینەر بوون.
دەرئەنجام چیبوو؟
ئەوا ئێستا چاکسازی گرنگی ئەوتۆی نەماوە، ئیرادەیەکی وەهاشیان نیە جێبەجێ بکەن، ئەو هاوڵاتیەی تا دوێنی مەستی مووچە کرابوو، لە جیاتی ئەوەی بەمافی خۆی بزانێ مووچەکەی بە دەستکەوتی حیزب و شەخسی دەبینی، ئێستا بەشێکی زۆری کەوتۆتە وەسفی سەدامی دیکتاتۆر و بانگەوازی گەڕانەوەی تەواوەتی بۆ بەغداد دەکات وەک بڵێت حکومەتی عێراق لە زۆر لە وانەی هەرێم دەست پاکتر بێت و دزی و گەندەڵی بێ شوماری تێانەبێت، تەنها جیاوازیەک کە بەغداد هەی بێت لەگەڵ هەرێم ئەوەیە کە ئەو مووچەی فەرمانبەرەکانی بۆ دەدەرێت و هەرێم بۆی نادرێت، کە پێم وایە ئەم گوتارە گوتارێکی ترسنۆکانەیە و ڕاکردنە لە کێشەکان ئەگەر ئەوندە دڵسۆزن فەرموو هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە بگۆڕن بەهێزی تر باحکومرانی هێزی تر بینین ئەگەر پێتوایە ئەم هێزانە تەزویر دەکەن و زەمینەی هەڵبژاردنی پاک نیە ئەوا لە خۆت بپرسە چەند لە کەسوکارەک لە کاتی هەڵبژارنەکان ڕۆڵی هەبووە لەوەی چەندین دەنگی جیاواز بدات و بەشانازیەوە باسی دەکرد ئەگەر لە کوردستان هەڵبژاردن تەزویر بکرێت، ئەوا لە بەغداد پۆست کانیش بە پارەی خەیاڵی دەبێتە بەرکەوتەی حیزب وشەخسەکان، ئێوە کە کاتێک بانگی ئەوە کرا با دۆخەکە چاک بکەین یان دژی بوون یان بێ دەنگ بوون ئێستاش کە زۆرینەتان بەرامبەر نادادپەروەری و بێ مووچەی بێ ژیانی هەمووان بێ دەنگن بۆچی بۆ گەڕانەوە بۆ باوشی بە ناو دەوڵەتێکی تائیفی ئەوەندە خێران؟
نەوشیروان مستەفا نەماوە، بەڵام خۆ بەرنامەکەی ماوە بۆ چۆنێتی حکومرانی کردنی کوردستان و چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ و کردنی هێزە ئەمنیەکان بەهێزی نیشتمانی جێبەجێ بکەن، ئەگەر حیزبەکان نایکەن تۆی هاوڵاتی لە ئاستی خۆتەوە گرێی خۆ بەکەم زانین لە ناخی خۆت دەربکە، لە شوێنی کارەکەت دڵسۆزبە چاکسازی بکە، ئاخر ناکرێت هەموومان لە شێوەی دەرەوە دژی گەندەڵی بین و لەناخی هەرکەسێکماندا گەندەڵی ئامادە بێت. چونکە دواجار ئەو حیزبانەی کوردستانیان گەیاندە ئەم ڕۆژە هەر هاوڵاتی ئەم کوردستانە و دەنگدەرانیشیان هەر کەسوکاری خۆمانن، درەنگ یان زوو تەنها چارەسەری دەربازبوونی کوردستان لەم دۆخە لە جیاتی گەڕانەوە بۆ بە غداد جێبەجێ کردنی پڕۆژەی نەوشیروان مستەفایە بۆ حوکمڕانی کردنی کوردستان.