01/07/2020
قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ یان نیمچه سه‌ربه‌خۆ یان ئۆتۆنۆم به‌جوگرافیایه‌كی سنوور دیاریكراوی سیاسی فه‌رمی دانپیانراو ده‌وترێت كه‌خاوه‌نی ئیداره‌یه‌كی خۆماڵی ڕێكخراو بێت له‌سه‌ر بنه‌مای دام و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی و به‌پێی ده‌ستوورو یاسایه‌كی بڕیار له‌سه‌ردراو له‌لایه‌ن گه‌له‌وه یان نوێنه‌ره‌كانی..
با چاوێك به‌سروشتی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی خۆماندا بگێڕینه‌وه بزانین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تیایه و قه‌واره‌یه‌كی ڕێكخراوی دامه‌زراوه‌یی خاوه‌ن یاسا‌و پرانسیپی ئیداری و سیاسی خۆیه‌تی؟
بێگومان هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ستووری عێراقدا قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی ناو ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵه‌و خاوه‌نی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی خۆیه‌تی و له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری ئیتیحادیدا بوون و مانه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ناوه‌نددا ڕێكخراوه، به‌ڵام كێشه گه‌وره‌كه‌ی به‌رده‌م گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌قامگیری ناو ئه‌م هه‌رێمه بریتییه لهناڕێكخراوهیی ناوخۆ له‌ڕووی ئیداری و كاری به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا كه 29ساڵه دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری ڕكابه‌ری یه‌كتر ئه‌م وڵاته به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و حزبی و بێ پرانسیپ به‌ڕێوه ده‌به‌ن و كوردستانیان كردووه‌ته چه‌ند زۆن و كانتۆنێكی دابه‌شكراو له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌دی حزبی.
ڕاسته ئه‌م هه‌رێمه قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ یان نبمچه سه‌ربه‌خۆی ناو ده‌وڵه‌تێكی ئیتیحادییه و جوگرافیایه‌كی سیاسی و ئیداری دیاریكروی هه‌یه، ئیداره‌و ده‌سه‌ڵاتێكی خۆماڵی هه‌یه كه هه‌موو قه‌یران و مه‌ینه‌تی و مه‌ترسییه‌كان له‌و ئیداره خۆماڵییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، چونكه ئیداره‌یه‌كی ناڕێكخراوی خراپتر لهخێڵهكیانهیهو هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و ده‌ستووری دیسپلینكراوی نییه، 29ساڵیشه ئه‌م دوو حزبه ڕێگرن له‌به‌رده‌م پێكهێنان و دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كدا كه یاسا‌و ده‌ستوور و دامه‌زراوه حوكمی بكات نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی حزب و میزاجی بنه‌ماڵه‌و بازرگانی سیاسی، ئه‌م پاشاگه‌ردانی و بهرژهوهندخوازییهش ڕۆژ به‌ڕۆژ ئه‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌ره‌و ناسه‌قامگیری و نه‌هامه‌تی ده‌بات و له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا لاوازی ده‌كات، به‌هۆی غیابی یاسا‌و دامه‌زراوه‌ی ره‌سمییه‌وه هه‌رێمه‌كه نغرۆی سته‌مكاری و نادادپه‌روه‌ری و چینایه‌تییه‌كی ئابڕووبه‌رانه بووه، سه‌روه‌ت و سامانی وڵات له‌ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كدا قۆرخ كراوه‌و زۆرینه‌ی لێ مه‌حروم بووه، گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌م دۆخه درێژخایه‌نه‌ش لاوازكردن و ته‌نانه‌ت كوشتنی سۆز‌و هه‌ستی ئینتیمایه بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌و بێ ئومیدی و ڕه‌شبینییه له‌سه‌ر ئاستی گشتی جه‌ماوه‌ر، ئه‌م مه‌ترسیه گه‌وره‌یه‌ش سه‌ری بۆ ئه‌وه كێشاوه كه به‌شێك له‌خه‌ڵك باس له‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م قهوارهیهو گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غداد بكه‌ن، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتووه‌ته بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو كه دهستاودهستپێكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌و ڤیدیۆكانی دكتاتۆری پێشووی عێراقه له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
هه‌موو ئه‌مانه مه‌ترسی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م بوون و مانه‌وه‌ی ئه‌م قهوارهیهداو بێباكی ئه‌م دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ش وای كردووه هه‌رچی وه‌ره‌قه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و فشار هه‌یه بكه‌وێته ده‌ستی به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌بێزاری و دۆخی خراپی خه‌ڵك گه‌یشتووه، بۆیه له‌هه‌ر كاتێكدابێت ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بێته‌وه سه‌رخۆی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه بیر له له‌شكركێشی و به‌كارهێنانی هێز بكاته‌وه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا‌و ئاشبهتاڵێكیتر ڕوو بداته‌وه، چونكه عێراقییه‌كان له‌وه گه‌یشتوون لای كورده‌كان ئه‌و پاڵنه‌ره نه‌ماوه یان لاواز بووه كه شه‌ڕی جارانی پاراستنی قه‌واره‌كه‌یان بكه‌ن و سته‌مكاری ناوخۆ گیانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌ناخی تاكی كوردی و ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌شدا كوشتووه.
ئێستا كه ئه‌م هه‌رێمه له‌م دۆخه چهقبهستووهدایه به‌ده‌ر له قسه‌و بانگه‌شه‌ی هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك قه‌واره‌كه خۆی ده‌مێكه هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه یان هه‌ر پێكنه‌هێنراوه، كامه‌یه قه‌واره‌ی یه‌كگرتووی كوردی كه:
1- 29 ساڵه جوگرافیای وڵات به‌سه‌ر زۆنی سه‌وزو زه‌رددا دابه‌ش كراوه؟.
2- 29 ساڵه ئم هه‌رێمه له‌غیابی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی و فه‌رمیدا به‌ڕێوه‌ده‌برێت و ئیداره‌یه‌كی حزبییانه بوونی هه‌یه كه هه‌موو سێكته‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی ده‌سته‌مۆ كردووه به په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه.
3- نه‌بوونی ده‌ستوورو یاسا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وهه‌رێمه و به‌ڕێوه‌چوونی وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندی دوو حزب و دوو گرووپی ده‌سه‌ڵاتدار.
4- 29 ساڵه ئه‌م قه‌واره‌یه خاوه‌نی سوپایه‌كی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كگرتوو نییه له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی سهربازیداو چه‌ك و چه‌كدار كراونه‌ته میلیشیای ده‌سی دوو حزبه‌كان.
5- ئه‌م قه‌واره‌یه خاوه‌نی پۆلیس و ئاسایش و هه‌واڵگری نیشتیمانی خۆی نییه له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی خۆیدا و ئه‌وانیش له‌ده‌ستی ئه‌و دوو حزبه‌دان.
6- سامان و داهاتی وڵات ناگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی و ئه‌ویش له‌چارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی شه‌فافدا ڕێكنه‌خراوه، ئه‌و چینایه‌تی و مه‌ینه‌تیانه‌ی ته‌نگی به خه‌ڵك هه‌ڵچنیوه له‌م گه‌نده‌ڵكاری و ناشه‌فافیه‌ی لایه‌نی ئابووری و داراییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
ئه‌مه ئه‌و هه‌رێمه‌یه كه‌ده‌توانین بڵێین هێشتا دروست نه‌كراوه یان پێكنه‌هێنراوه تا هه‌ڵبووه‌شێته‌وه، تا ئێستا جوگرافیایه‌كی سنووردار له‌ده‌ستی كورددا بووه‌و به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه‌براوه، ئێستا دۆخه ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و جیهانییه‌كه‌ش و له‌سه‌رووی هه‌موویه‌وه هه‌ڵوێست و هۆشیاری و سایكۆلۆژیای تاكی كورد له‌و باره‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه ئه‌م پاشاگه‌ردانییه‌ی پێ قبوڵ بكرێت، بۆیه ئه‌م جوگرافیا دابڕاوه كوردییه له‌عێراق له‌به‌رده‌م دووڕیانێكدایه؟
یه‌كه‌م: ئه‌م دوو هێزه به‌رژه‌وه‌ندخوازه كوردییه به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی دۆخه‌كه‌و پارێزگاری له‌م جوگرافیا دانپیانراوهی باشووری كوردستان له‌ئه‌ستۆ بگرن و ئه‌م هه‌رێمه بنیات بنێنه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورو یاسا‌و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی كه هه‌موو تاكێك هه‌ست به دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی خۆی بكات له‌به‌رده‌م یاسا‌و دامهزروهكانی ئه‌م قهوارهیهداو هه‌ستی ئینتیمای بۆ دروست ببێته‌وه.
دووه‌م: ئه‌م دوو هێزه له‌سه‌ر عه‌قڵیه‌تی نامه‌سئولانه‌ی ڕابردووی خۆیان به‌رده‌وام بن و درێژه به‌م ئیداره‌دانه حزبی و دابه‌شكارییه جوگرافییهو گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری و قۆرخكارییه بده‌ن و خه‌ڵكی كوردستان له‌ناو ئه‌م قه‌یران و نه‌هامه‌تی و دۆخه سایكۆلۆژییه ڕووخاوه‌دا بهێڵنه‌وه‌و ناچاری بكه‌ن له‌كاتی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌كاندا نه‌ك هه‌ر به‌رگری له‌خاك و جوگرافیای ئه‌م هه‌رێمه نه‌كات، به‌ڵكو ته‌مه‌ننای فریادڕه‌سێك بكه‌ن با له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی كوردستانیشه‌وه بێت، هه‌مووشمان ده‌زانین چوار ده‌وری سنووره‌كانی ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی ڕؤژێكی وا ده‌كه‌ن.
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه ده‌كات ده‌سه‌ڵاتدارانه و ئه‌دای زۆر خراپی ئه‌وانه كه ڕۆژ به‌ڕۆژ شكۆی كورد و هه‌رێم له‌به‌رده‌م ناوه‌ند و ده‌وروبه‌ردا به‌م ئیداره‌دانه فهوزهوییه ده‌شكێنن..
به‌ڵێ بۆ پێكهێنانه‌وه‌و دروستكردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا‌و ده‌ستوورو دامه‌زراوه..
نه‌خێر بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و ئه‌وانه‌ی ده‌بنه هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و بهزایهدانی خوێن و خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی كورد.
2020/7/1