بۆچی خه‌ڵك گومانییان له‌ ئاماره‌كانی كۆرۆنا هه‌یه‌؟

02/06/2020

هاوڕێ مەلاستار

 پاش راگه‌یاندنی كه‌ره‌نتینه‌یه‌كی دیكه‌ی شه‌ش رۆژه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، تای نیگه‌رانییه‌كانی خه‌ڵك به‌رزبوونه‌ته‌وه‌.

سەرباری ئەوەی به‌نده‌ بۆ خۆم بە گومانم له‌ تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، چونكه‌ له‌گه‌ڵ به‌شێك لەو بەناو توشبوانەی گەرمیان ‌ راسته‌وخۆ قسه‌ و گفتوگۆم هه‌یه‌ و به‌وپه‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه‌ باس له‌ ئه‌نجامه‌كانییان ده‌كه‌ن و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌هیچ جۆرێك یه‌ك نیشانه‌ی تووشبوونیشیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌بێت، و ھەمووشیان لەژورێکی خەستەخانە دەستبەسەر کراون،  بەبێ پێدانی ھیچ جۆرە چارەسەرێکی تەندروستی هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م كەسانە كه‌ ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ تووشبووبن ژماره‌یان یه‌ك كه‌س و دوو كه‌س نییە.

  بۆیه‌ ئێمه‌ش سەرباری ئەوەی کەمەترسێکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جیھان ھەست پێ دەکەین، وەلێ گومانمان له‌م ژمارانه‌ش هه‌یه‌،و ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌زووترین كات ئه‌مه‌ یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌،

چونكه‌ به‌ڕاستی هاوڵاتی له‌گومانێكی قوڵدایه‌ له‌ تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زیاتر دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ رێنماییه‌كان، نه‌بوونی متمانه‌ به‌ حكوومه‌ت كاره‌ساتی دروستكردووه‌، ئیدی ئه‌وه‌ حكوومه‌ت خۆی ده‌زانێت ئه‌و متمانه‌یه‌ چۆن دروست ده‌كات، بێده‌نگ بوونیشی له‌سه‌لماندنی راستییه‌كان گومانه‌كانی خه‌ڵك و ئێمه‌ش له‌ ئاماره‌كان زیاتر ده‌كات.

خه‌ڵك له‌كاتێكدا كه‌ به‌ چەند مانگێک مووچه‌ی پێنادرێت، كرێكارێك، حه‌ماڵێك، ده‌ستگێڕ و عه‌ره‌بانچی و كرێچی و خاوه‌ن دوكانێك كه‌ چه‌ندین مانگه‌ له‌ كار و كه‌سابه‌ت دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌ پێویستی به‌ پاره‌یه‌، به‌ ژیانه‌، به‌ ئیشوكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژییت، به‌داخه‌وه‌ حكومه‌ت ره‌نگه‌ وا تێگه‌یشتبێت خه‌ڵك به‌خۆڵ خواردن ده‌ژیین، بۆیه‌ له‌مه‌دا زۆر كه‌مته‌رخه‌مه‌ و ده‌بوو بیری له‌دابینكردن و گه‌ره‌نتیكردنی ژیانی خه‌ڵك بكردبایه‌ته‌وه‌ ئینجا بێت و كه‌ره‌نتینه‌ی دیكه‌ بسه‌پێنێت، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌ ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تی كوردستان.

ئێمه‌ كه‌ له‌ناو خه‌ڵكین و زۆرێك پێیان وایه‌ حكومه‌ت له‌ترسی خۆپیشاندان ئه‌و ئامارانه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ حكوومه‌ت له‌ترسی خۆپیشاندان و له‌ بێ پاره‌ییدا بڕیار ده‌دات خه‌ڵك له‌ژووره‌وه‌ زیندانی بكات. ھاوڕێ مەلا ستار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان