14/04/2020
لە ١٤ / ٤ ی هەموو ساڵێکدا یاد هەر یادە و یادی ئەنفالە ... وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ یادی٣٢ ساڵەیە ، بەڵام نە ماف بۆ قوربانیەکان گەڕاوەتەوە ، نە تاوانکاران و بکەرانی سزادران . گەرچی سەرانی تاوانکارانی ڕژێمی عێراق لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراقدا دادگایی کران و بڕیار بەسەریاندا درا و بڕیارەکەش جێبەجێکرا بەمەش بەشێک لە زامی کەسوکاری قوربانیەکان ساڕێژ بوو، کەچی داخە گەورەکە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان هیچمان نەدی وێرای داواکردنی تاوانکاران لە لایەن داداگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ وە کە بە (کەیسی موستەشارەکان) ناودەبرێت ئەوەی نەکرا ڕێکار لە دژیان وەرگیران و نە سزادانیانە .
کەچی ئەمڕۆ دەبینین چۆن بەرپرسانی حیزبی و حکومی دێنە سەر مینبەرەکان بە مەبەستی ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی گوتاری هاوخەمی دەربڕین و تۆڵەکردنەوە لە تاوانکاران دەدەن . کاتێک ئەم جۆرە گوتارانە دەبینین دەبێت و هەست کردنی پڕ لە دڵنیابوونمان هەبێت بەوەی جگە لە ئەمڕۆبەسبەی پێکردنی بەم کارەساتە هیچی دی نیە . ئاخر پاش تێپەڕبونی ٢٩ ساڵ لە دەسەڵاتداری کوردی و خودموختاری نەتوانرێت ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە و بڕیاری دادپەروەرانە بدرێت ..!؟ ئەی دەبێت ئەمە لە چ کاتێکدا ببینین ...؟
ئەوانەی لەم پرسە بەرپرسن و لێپسراوێتیان لە ئەستۆدایە دوو لایەنە : یەکەم / دەسەڵاتی سیاسی و حیزبیەکەی هەرێم کە هەژمونی باڵکێشانی دیار و بەرچاوە و تەواوی کایەکان هەڵدەسوڕێنێت بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە. دوەم / دەسەڵاتی دادوەری کە دادگا و داواکاری گشتی دەگرێتەوە .
جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەنها دادوەرێک ویستبێتی و توانیبێتی لەم بارەیەوە ڕێکاری یاسایی ڕاستەقینە وەربگرێت تەنها دادوەر(هاوژین حامید) بوو ، بەڵام دواجار لەبەر ڕێگری لێکردن و بە گژداچونەوەی لە لایەنی لایەنی بەپرس و دەستڕۆیشتووی هەرێم و سزادراو لە پیشەکەی دورخرایەوە و لە ئاکامیشدا دەربەدەرکرا ، دەبێت ئەوەش بوترێت کە ناوبراو نەک لە لایەن هاوپیشەکانیەوە پشتگیری لێنەکرا ، بەڵکو لە لایەن هەندێکیانەوە تۆمەتی بۆ هۆنرایەوە گوایا ختختوکی سۆزی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکی دەدات و سەرکۆنەکرا .
لێرەدا دەپرسین ئایا بڕیارێکی دەرچو لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٧ وە بەوەی ٢٥٨ موستەشار دەستگیربکرێن و بۆ دادگای ناوبراو ڕەوانە بکرێت بە تۆمەتی ئەوەی کە دەستیان هەبوە لە تاوانەکانی ئەنفال جێنەکردنی ئەم بڕیارە گاڵتەکردنە یاخود جێبەجێکردنی ...؟
پێش ١٣ ساڵ لەمەوبەر تاوەکو ئێستا هیچ ڕێکارێک وەرنەگیراوە لەو بابەتە . تەنانەت ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە ٥ / ٥ / ٢٠١١ گشتاندنی کردوە . دواجاریش لە سەروبەندی هێرشکردنە سەر دادگای کفری لە لایەن کەسوکاری قوربانیەکان لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریەوە کۆبونەوە لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان کرا و تەنانەت بەڵێنیان پێدرا کە ڕێکاری یاسایی لە دژی تاوانکاران و تۆمەتباران دەگیرێتەبەر ، بەڵام هەتاوەکو ئێستا نە هیچ بینرا و نە هیچ کرا .
کەواتا له ساڵیادی ئەنفالیش دهستی دهستی دهكرێت به كهسوكاری ئهنفال، بەڵام لە لایەن کێ و بە دەستی کێ ...؟!