11/04/2020
گومان لەوەدا نیە پەتای كۆرۆنا سەرجەم بوارەكانی ژیانی لە سەرتاسەری وڵاتانی جیهان توشی شەلەلی تەواوەتی كردووە، بەڵام لەغیابی وەستانی زیندە چالاكیەكانی تاك لەرووی كۆمەڵایەتیو ئابوریو رامیاریەوە دەبێ دەمودەزگا باڵاكان وزەو تین بدەنە خۆیان ئەو بۆشاییە پربكەنەوە كە قەیرانیگەلێكی وەك كۆرۆنا دەیخولقێنێ.پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی فەرمیو شەرعی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی یاسادانانو چاودێریەو لەدۆخێكی وەهادا پێویستەو دەبێت ئامادەگی بەرچاوی هەبێتو هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردنو دادوەری هەبێت بۆئەوەی پێكەوە ئەم ئاڵانگاریە سەختە بەرێبكەن، بەڵام مخابن پەرلەمانی كوردستان نەك هەر ئەو ڕۆڵەی نەگێَڕاوەو وجودی خۆی نەسەلماندووە، بەڵكو وەكو دەسەڵاتێكی پاشكۆو تەماشاچی ,وەك دامەزراوەیەكی سڕو سست خۆی خستۆتە دەرەوەی هاوكێشەی چارەسەركردنی كێشەكانو بچوكترین هەنگاو نانێت بۆ خاوەندارێتیكردن لەو كێشانەی كە دەرهاویشتەی پەتای كۆرۆنان لە هەرێم, لەوكاتەی ئەزمونی پەرلەمانی وڵاتانی دراوسێ وەك ئێرانوتوركیا وڵاتانی تریش پێمان دەڵێ پەرلەمان لە كاتێكی وەكو كارەساتی كۆرۆنا دەبێ بجوڵێو زرنگی خۆی بنوێنێت,لەدیارترین هەنگاویان لە 4_4-2020 دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبونەوەیان كردوە و كەوتونەتە پاكانەكردن بۆ حكومەت.
پەرلەمان برا گچكەكەی حكومەت
بڵاوبونەوی پەتای كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەتەواوی ئەو پەردەیەی لەسەر ئەو راستیە لادا كە لەهەرێمی كوردستان شتێك نیە بەناوی هاوسەنگی نێوان سێ دەسەڵاتەكەو لەدۆخی ئاساییو قەیرانیشدا دەسەڵاتی جێبەجێكردن برا گەورەی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانانو دادوەریە بەتایبەتی ئەم خاڵە زۆر ئابروبەرانەیە بۆ دەسەڵاتی یاسادانان(پەرلەمان)كە حكومەت لە منداڵدانی خۆیەوە هاتۆتەبون كەچی لە ئاستیا ناوێرێت جوڵە بكاتو هەمیشە خۆی بەبرا گچكە زانیوە.نەك هەرئەوە لەم دۆخەدا كە باری دەرونیو دارایی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەوپەڕی خراپیدایە و حكومەت كەوكوژی كەوتۆتە خۆنمایشكردن و سەلماندنی دەسەلاتەكانی,لەبەرامبەردا دەسەلاتی دادوەری و پەرلەمانیش وەك تەماشاچیەك دەستەپاچەو بێدەسەلات راوەستاون,ئەوەتا سەرۆكی پەرلەمان زۆر دەستەوەستاوانە دێتەگۆ:دەلیت لەساتەوەختی كۆرۆنادا هیچ كارێكیان نیە، هەرچیەك بكەن بۆ خۆنواندنە گرنگی نیە.,ئەمەش پیشاندانی ئەو وێنایەیە بۆ پرلمانی كوردستان دروست كراوە كەوەكو دامەزراوەیەكی زیادەی بێبەرهەمی بێ سودی مشەخۆر و خۆدەولەمەندكردن لێی بروانین,ئەم دۆخەی بەسەرپرلمان هاتوەكردەیەكی سروشتی نیە بەلكو زۆر بەمەبەست و ئامانجدار كاریان لەسەر بێ ئەرزشكردنی پرلمان كرد ,بەتایبەت دوای ئەوەی لە خولی پیشو دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمان دەستیان بۆ زۆر پرسی گرنگ و هەستیار برد ,هەولی گەورە دەدرا پەرلەمان مەرجەعی یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنوسازەكان بێت, بەداخەوە خولی ئیستای پەرلەمان و كوالیتی ئەندام پەرلەمانەكان و دۆخی سیاسی ولات و رێژەی دابەشبونی كورسیەكان و رێژەی كەمی بەژداری هاولاتی لەهەلبژاردنەكان هۆكارو هاوكاری ئەم لاوازی و بێ دەسەلاتیەو پاشكۆیەتیەی پەرلەمانە ...
باری نائاساییو چوڵكردنی گۆڕەپانەكە(ئەی دەسەلاتی دادوەری)
دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەك دێرینترین دەسەڵاتی رامیاری هەمیشە خۆشی بە دەسەڵاتەكانی تر نەهاتووەو ئەگەر دوو دەسەڵاتەكەی تر(یاسادانان، دادوەری)ئەركی ئەخلاقی خۆیان گێڕابێت ململانێی توندییان كردووەو هەمیشە سنوری كاری دەسەڵاتی تەنفیزیان بەرتەسكردۆتەوە كەئەش ملاملانێی تەندروستی دەسەلاتەكانە بۆچەسپندنی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەلاتەكان، بۆیە هەمیشە دەسەڵاتی تەنفیزی لە بیانو دەگەڕێت بۆئەوەی هەژمونی خۆی بەسەر دوو دەسەڵاتەكەی تر بسەپێنێت.باری نائاسایی بەهۆی كۆرۆناوە لەهەرێمی كوردستان نەك هەژمونی حكومەتی زەق كردۆتەوە، بەڵكو ئەو بارە حكومەت بە واقع سەپاندویەتی بەسەر هاوڵاتیو دو دەسەڵاتە باڵاكەی تریشداو ناهێڵێت دۆخ یان باری نائاسایی بەپێودانگو میكانیزمە یاساییەكان بچەسپێت كە لەیاسایی سەرۆكایەتی هەرێمی ژمارە 1 ی ساڵی 2005ی هەمواركراودا هاتووە لە مادەی دەیەم هاتوە وەك دەسەلاتیكی سەرۆكی هەرێم بۆ راگەیاندنی باری نائاسای بەیاسایەكی تایبەت,پەرلەمانی كوردستان خودی خۆی ئەو رێكارانەی بەیاسا بۆ باری نائاسایی هەر لە راگەیاندنییەوە تا وردەكاریەكانی داناوە كە بگیرێتە بەر, كەچی بەبەرچاویەوە رۆژنە حكومەت بەدیاریكراوی وەزارەتی ناوخۆ بكوژی ببڕانە كەوتۆتە دەركردنی بریارو رێنماییو چەندین كار كە تایبەتمەندی پەرلەمانو دادگایە پیادە دەكاتو پەرلەمانیش خۆی لێ بێدەنگ كردووە، لەولاشەوە دۆخی هەڵوێستی دەسەڵاتی دادوەریش هاوشێوەی پەرلەمان لاوازەو بینەری دووەمی دۆخەكەیە لەسەر راسپاردەی حكومەت لیژنەكە پیك دینێت بۆ ئازادكردنی سزادراوان و راگیراوان لەكاتیكدا ئەمە ئیشی دەسەلاتی دادوەری و دادگایە پەیوەندی بە حكومەتەوە نیە,یاخود دەسەلاتی دادوەری فەرمان دەردەكات بۆراگرتنی ماوەی تانەدان لەبریارو حوكمی دادگا وپەیوەنی بە پرلمان هەیە,بە واتایەكی رونتر دۆخی واقعی ئێستای ئێمە بەكرداری مامەلەكردەنە وەك باری نائاسای هەرچەندە رانەگەیەنراوە ,سەرباری ئەوەی راگەیاندنی باری نائاسای كاریگەری و شوینەواری خراپی هەیە,بەلام خراپیەكەی هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستەی كە هیچ ئەرزش بۆ یاسا و دادگاو پرلمان و تەنانەت سەرۆكایەتی هەریمیش ناكرێت,گۆرەپانەكە چۆلە بۆ حكومەت.
تازە دوای باران...دەبو چیبكرێت ونەكرا
خۆشبەختانە پەتای كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان جێدەستی بەرەو كاڵبونەوە دەچێتو هاولاتی هەرێمی كوردستانو مێژووش پێویستە ئەم كارانەی لای خوارەوە یاداشت بكەن كە دەبوو پەرلەمان لە ساتەوەختی كۆرۆنا بكردایەو نەیكردن كە كاری هەنوكەییو بەرپرسیارانەی خۆی بوون:
1-بێدەنگ نەبوایەو هەڵوێستی جدی هەبوایە لەوەی كە سەرۆكایەتی هەرێمی ناچاربكردایە بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم مادەی دەیەم راوێژی پێبكردایە شانبەشانی سەرۆكی حكومەت كە پەرلەمان بە ئاسانی توانای كۆبونەوەشی هەبوو لە پەرلەمانەوە بەیاسا باری لەناكاو یان نائاسایی رابگەیەنرێت.
2-بەیاسایەك هەستایە بە رێكخستنەوەی باجو رسومات لەسەر هاوڵاتیو كەرتی تایبەت بۆ ئەو ماوەیەی كە دۆخی كۆرۆنا بەردەوامە,
3-كێشەی دەرامەتی خەڵك بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن كاری سەربەستو كاسبنو بژێویان لەسەر كاری رۆژانەیە چارەسەر بكات.
4-بابەتی كرێی خانوو شوێنە گشتیەكانو كەرتی تایبەت لەرێگەی هەمواری یاسا پەیوەندیدارەكانەوە رێكبخاتەوەو ئەو كێشەیە نەكاتە بابەتی رەحمەتو بەزەیی خاوەن موڵك بۆ كرێچی.
5-ماوەی تانەدان لە بریاری دادگاو لیژنەكان كە كێشەی گەورەی دەسەڵاتی دادوەریەو ئێستا دەسەڵاتی دادوەری بەدەر لەیاسا خۆی بەوكارە هەڵدەستێ بەهەمواری یاسا درێژبكرایەتەوە تا تێپەربونی دۆخەكە وداوای لەدەسەلاتی دادوەی بكردایە چ بوار و بابەتیك هەیە بۆتە گرفت بۆتان بە یاسا بۆتان چارە بكەین.
6-چاودێری وردی بریارو رێنماییەكانی دەسەڵاتی تەنفیزی بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆی بكردایە لەو بریارو رێنمایی گەلەی لەم ماوەیەدا دەریكردون لەسنوری دەسەڵاتی خۆی دەرنەچێتو دژنەوەسێتەوە لەگەڵ بنەمای رەوایەتی.
7-چاودێری وردی بریار و رێنمای و چالاكیەكانی وەزارەتی تەندروستی بكردایەبۆ هەلسەنگاندنی ئەو هەنگاوانەی ناویانە بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا.
8-دەرچواندنی یاسای لیبوردنی گشتی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سزادراو و راگیراوانەی كە لەچاكسازیەكاندا هەن,نەك پەنا ببرێتە بەر لیبوردنی تایبەت و رۆلەكە لە پرلمان وەربگیرێتەوە.
9-لەهەموو ئەمانەش پیویستر بابەتی موچە و ئەو پارانەی كە لە بغدادەوە دین لەگەل سەرچاوە دارایەكانی تر وەك داهاتی ناوخۆو پارەی نەوتی فرشراو,دواكەوتنی موچەی موچەخۆران كە زۆر شەرمنانە و لاوازانە بۆ ئەم پرسە دەردەكەون.
10-كۆرۆنا دۆخی دارای جیهان و عیراق و ئەو ولاتانەی بەرهەمهێنەری نەوتن نابوت كردوە,گرفتی دارای لەهەرێم دروست دەبیت ووپرلمان چ هەنگاویكی ناوە بۆ چاودیركردنی جیبەجیكردنی یاسای چاكسازی كە دەروازەیە بۆ گەراندنەوەی برە پارەیەكی زۆر بۆ حكوموت و كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی.
بەداخەوە ئەم خولەی پەرلەمانەی كوردستان زیاتر لەوەیان لێ چاوەوان ناكرێت كە كردویانە,بۆیە خەلك رەخنەو گلەی و گازندەش ناكەن لەپرلمان چونكە هیچ هیوایەكیان پێی نەماوە.