تاعون مرۆڤایەتی گۆڕی، ئایا کۆڕۆناش وا دەکات؟

06/04/2020

ئارام ڕەفعەت

ئەگەر تۆ خەڵکی باشوری کوردستانی تەماشایەکی دەستی چەپت بکە، لە خوار مەچەکت یان لە بەشی سەرەوەی قۆڵت ‏مۆرێکی بچکۆلە دەبینیت، یان رەنگە لەهەردوکیان مۆرەکە تێبینی بکەیت‎
دەزانیت ئەو مۆرە بچکۆلەیە چییە؟
مۆرەکە پاشماوەی پێکوتە (ڤاکسین)ێکە. رەنگە، ئەگەر یاداوەریت بەهێز بێت، رۆژەکەی و ئازار کوتانەکەیشت لەیادبێت، بەڵام رەنگە ‏ئەوسا و ئێستاش بایەخت بەوە نەدابێت کە یەکێک لەو پێکوتانە بۆ بەرگری جەستەیە لە دژی نەخۆشی سیل‎.

ئایا دەزانی؟
ئەم ڤاکسینە یەکێکە لە بەرهەمە ناراستەوخۆکانی بڕیارێکی مەزن، یان باشتر وایە بڵێم وەرچەرخانێکی مەزن لە دیدگای ‏بەشێک لە پێشەنگی نوخبەی خوێندەوارە ئەوروپیەکانی سەدەی ١٤ى ڕیارەکە چی بوو؟
لەو سەدەیەدا نوخبەی خوێندەواری ئەوروپی گەییشتنە ئەو قەناعەتەی کە بۆ تێگەییشتن لە جیهان، لە روداوە سروشتییەکان، ‏لە نەخۆشییە درمەکان و سەرەنجام لە هەموو تاوپۆیەکانی ژیان بگەڕێتەوە بۆ زانست و زانیاری و فەلسەفە و ئەقڵانییەت. کە ‏ئەمەش لەمێژوودا بە قۆناغی رێنسانس (یان بوژانەوە) ناسراوە و تا کۆتایی سەدەی ١٦ و سەرەتای سەدەی ١٧ بەردەوام بوو‎.

لەسەدەی ١٤ چی رویدا؟
سەدەی چواردە یەکێکە لە سەدە هەرە رەش و تاریکەکانی مرۆڤایەتی. لەم سەدەیەدا تاعونی رەش لە چیندا سەری هەڵدا و لە ‏رێگای "رێگای ئاوریشم"ی بازرگانیی، کە چینی بە ئەوروپاوە دەبەستەوە، گەیشتە ئەوروپا و لە ٦٠%ی دانیشوتانی ‏ئەوروپای لەناو برد‎

تاعون چ پەیوەندییەکی بە رێنسانسەوە هەیە؟
تا سەدەی ١٤ش کەنیسە و ئایینی مەسیح و پیاوانی ئایینی سەرچاوە و چوارچێوەی هەموو زانییاری و لێکدانەوە و ‏تێگەیییشتنەکانی مرۆڤ بوون. دین بۆ هەموو کێشەکانی سەردەم وەڵامی هەبوو و پیاوانی ئایینی مەسیحیش دانا و زانا و ‏سەرچاوەی هەموو زانییارییەکان بوون‎

وەڵامی کەنیسە و پیاوانی ئایینی بۆ تاعون چی بوو؟
وەک بۆ هەموو رووداو و دیاردەکانی تر، بۆ تاعونیش، کەنیسە و پیاوانی ئایینی مەسیحی وەڵام و تێگەییشتنی خۆییان هەبوو ‏کە وەڵام و تێگەییشتنی راست و رەها بوون لە کتێبی پیرۆزدا سەرچاوەیان گرتبوو. وەڵامی کەنیسە و پیاوەکانی بۆ تاعونی ‏رەش ئەوەبوو کە ئەوە غەزەبی خوایە بۆ مرۆڤەکان هاتووە. ئەوان دەیانگوت خودا بۆیە تاعونی ناردووە چونکە مرۆڤ ‏نقومی تاوان بووە و لە خواپەرەستی و دین دوورکەوتوونەتەوە، چارەسەرییش گەرانەوە و پابەندبوونی زیاترە بە دینەوە‎
.‎
سەرەنجام؟
گەڕانەوە و تۆبە دادی خەڵکەکەی نەدا. تاعون تەڕ و وشک، پیر و گەنج، هەژار و دەوڵەمەند، ئیماندار و کافر، قەشە و ‏زانستخوازی بەیەکەوە رادەماڵی. وای لێهات، خەریک بوو نە قەشەکان بمێنن تا داوای تۆبە لەخەڵک بکەن و نەخەڵکیش ‏بمێنێت بۆ ئەوەی گوێ لە قەشەکان بگرن و تۆبە بکەن. بەڵی تاعون بەجارێک ٦٠%ی خەڵکی ئەوروپای کوشت مرۆڤ ‏لەو کیشوەرە بەرەو قڕبوون دەرۆییشت‎
.‎
هەنگاوەکە لێرەوە دەستی پێکرد
بەشێک لە نوخبەی بیرمەند و خوێندەواری ئەوسەردەمی ئەوروپا، هەڵبەت ئەوانەی لە تاعون رزگارییان بووبوو، لەوە ‏تێگەییشتن کە چیتر کتێب و دەقە پیرۆزەکان نەک هەر ناتوانن وەڵامی هەموو کێشەکانی مرۆڤ بدەنەوە، بەڵکو لەبەردەم ‏پەتایەکی وەکوو تاعوون دەیان نەخۆشی و کێشەی تری ئەو سەردەمە دەستەوەستان و بێ وەڵامە. لێرەوە بڕیارییان دا ‏لەدەرەوەی کەنیسە و دەقە ئایینییەکان رامان بۆ ژیان و کێشە و نهێنییەکانی بکەن. یەکەم دەسکەوتی ئەم بڕیارە مەزنەی ‏بیرمەندە ئەوروپییەکان بەدەست هێنانی مافی ئازادی لە بیرکردنەوە بوو. لەم قۆناغی رێنسانسەدا و لەمەودا دوو تا سێ سەدە ‏دا، قوتابخانە فکری و زانستییەکان لەهەموو بوارەکانی هونەر، کەلتور، زانست، فەلسەفە سیاسەت، تەکنەلۆژی، زانستە ‏لاهوتییەکان، ئابووری هتد لەو سەردەمەوە دامەزران‎.‎‏

گەییشتن بەرۆشنگەری
سێ سەدە لە رێنسانس وایکرد کە لەهەموو بوارەکانی ژیاندا هێندە زانست و مەعریفە کەڵەکە ببن، کە مرۆڤایەتی، یان راستتر ‏بڵێم، ئەوروپییەکانی هێندە پێشخست کە بتوانن قۆناغێکی تازە یان سەردەمێکی تازە دەستپێبکەن. قۆناغی تازەش بەسەردەمی ‏رۆشنگەری ناسراوە و لەسەدەی ١٧ وە دەست پێدەکات. سەردەمی رۆشنگەری لەسەر سێ پایە دادەمەزرێت، زانست، ‏بیرکاری و تەکنەلۆژی. جگە لەوە هەموو بوارەکانی تریش لەوانەش دین و فەلسەفەوە ئەقڵانییەت و مافەکانی مرۆڤ دەبنە ‏بابەتی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ‎
.‎
غەزەبی خوا بەکتریا دەرچوو
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە زانست لەئەوروپا بەرادیەک گەشەی کرد کە دەیتوانی دیراسەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان بکات ‏پۆلێنیان بکات و کۆنترۆلیشیان بکات. زاناکانی ئەو سەردەمە گەییشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو تاعونەی کە پیاوانی ئایینی لە ‏سەدەی ١٤ی ئەوروپا وەک غەزەبی خوا دەیانناساند بەکترییایەکە بەناوی یەرسینیا بیستیس. هەر لەو سەدەیەدا و لە ساڵی ‏‏١٨٩٥ هەمان زانا ئەوروپییەکان توانییان هەنگاوی یەکەم بەرەو دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە تاعون هەڵبێنن و بتوانن بۆ ‏هەمیشە مرۆڤایەتی لەم پەتا کوشندەیە رزگار بکەن‎

گەورەیی ئەو داهێنانەی ئەوسای زانا ئەوروپییەکان باشتر دەردەکەوێت ئەگەر ئەوە بزانین کە پەتای تاعون لە سێ قۆناغی ‏مێژووی جیاوازدا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن مرۆڤی کوشت. قۆناغی یەکەم لە سەدەی شەشی زایینیدا بوو. لەو سەدەیەدا تەنها لە ‏ئەوروپا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس، کە دەیکردە نیوەی زیاتری دانیشتوانی ئەورپای کوشت. لە قۆناغی دووەمیشدا، واتە لە ‏سەدەی ١٤ دا دیسان تاعون لە ٦٠%ی دانیشوتانی ئەوروپای کوشت. قۆناغی سێیەم لە سەدەی نۆزدە دا بوو کە رێژەیەکی ‏گەورەی دانیشتوانی ئاسیا و ئەمریکای کوشت. لە قۆناغی سێیەمدا ئەوروپا لەسایەی گەشەی زانست کەمترین زیانی ‏بەرکەوت‎
.‎
بابگەڕێینەوە مۆرەکەی سەر شانی چەپت
بەرهەمی رێنسانس و رۆشنگەری بەتەنها پەتای دژە تاعوون نەبوو، بەڵکو هەموو ئەو زانستو زانییاری و تەکنەلۆژییایەی ‏کە لەبەردەستماندایە بەرهەمی دەرچونی مرۆڤ بوو لە دەقە دینییەکان و لەو قاڵبەی کە پیاوانی ئایینی دایانرشتبوو ‏وەرچەرخانییان بوو بۆ زانست و زانیاری. هەموو ئەو دەسکەوتە خەیاڵییانەی مرۆڤایەتی لەهەموو بوارەکاندا و لەوانەش لە ‏زانستە پزیشکییەکان و بەو مۆرەی سەر شانی تۆشەوە، بەرهەمی ئەو دەرچوون و وەرچەرخانەن.‏

تاعون بووە هۆی گۆڕینی مرۆڤایەتی
ئەم تەقینەوە و فراوانبوون و کەڵەکە بوونەی زانست وزانیاری دوای سەردەمەکانی رێنسانس و رۆشەنگەری ئەگەر ‏لەلایەکەوە بووبێتە هۆی باڵادەستی ئەوروپی و رۆژاواییەکان لەسەر ئاستی جیهاندا و سەرەنجام داگیرکردن و ‏کۆلۆنیالیزەکردنی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریک و ئوسترالیا، ئەوا لەلایەکی ترەوە بۆتە هۆی گەشەکردنی شارستانییەت ‏و زیادکردنی بێوێنەی ژمارەی دانیشتوان و کەمکردنەوەی بەرچاوی رێژەی مردن بەهۆی پەتا درمەکانی وەک سیل و ‏تاعون و ئەنفلۆنزا جۆراوجۆرەکان.‏

هەموومان سودمەندی رێنسانسین
یەک نموونەی سادە رەنگە بەس بێت بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی چەندە قەرزاری ئەو یەکەم هەنگاوەیە کە نوخبەی خوێندەواری ‏ئەورووپی لە سەدەی ١٤ ی دوای پەتای تاعوون گرتیانە بەر. لە ساڵی ١٨٨٥دا، سەرجەم دانیشوتانی سنووری ‏ئیمراتۆرییەتی عوسمانی لەدەوری ٢٠ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرا. تەبعەن لەو سەردەمەدا، عوسمانییەکان جگە لەتورکیا و ‏بەشێکی بەرچاوی کوردستان، زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانیشیان لەبەردەست دابوو. ئێستا و دوای ١٣٥ ساڵ تەنها دانیشتوانی ‏تورکیا لە دەوری ٨٠ ملیۆن کەسە کە دەکاتە چوار بەرابەری کۆی ژمارەی دانیشتوانی تورکیای سەردەمی عوسمانی و ‏سەرجەم ئەو وڵاتانەی کەلەو سەردەمەدا لەژێردەستی تورکە عوسمانییەکاندا بوون.
بێ ئەو هەنگاوە مەزنەی کە نوخبەی ‏خوێندەواری ئەوروپی دوای تاعون گرتیانە بەر ئەم گەشەکردنە مەزن و خەیاڵییەی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی و ئەو ‏شێواز وکواڵەتییە بەرزەی ژیان و سەرەنجام هەموو ئەو زانست و تەکنەلۆژیایە مەحاڵ بوو.‏

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کۆرۆناش هەمان رۆڵی تاعون دەبینێت؟
چاوەروان دەکرێت کۆڕۆناش هەمان رۆڵ ببینێت لە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زانست و زانیاری کە تاعون بینی، چونکە ‏هاوشێوەی تاعون، کۆرۆناش شۆکێکی گەورەی خستۆتە جەستە و رۆحی مرۆڤایەتییەوە. ‏

رەنگە چەمکی "گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زانست" جۆرێک ناتەواو یان گاڵتە ئامێز بێتە بەرچاو، بەتایبەت کە ئێمە لەسەردەمێکدا ‏دەژین کە لەسایەی زانستدا بەجۆرێکی خەیاڵئامێز سەرتاپای ژیانی مرۆڤایەتی بەتەواوی فۆرم و شێوازێکی وەرگرتووە کە ‏نەک سەدەیەک پێش ئێستا، بەڵکو چارەگە سەدەیەکیش پێش ئێستا لەخەیاڵی مرۆڤدا نەبوون. زانست لەهەموو بوارەکانت ‏لەئەوج و لوتکەی گەشە و داهێنانی خۆیدایە. بەڵام ئەوەی کە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ زانست، زیاتر مەبەست گەڕانەوەیە بۆ ‏ئەو زانستانەی کە هاوکارە بۆ باڵاکردنی زیاتری مرۆڤ نەک بۆ باڵادەست کردنی گروپێکی مرۆڤ بەسە گروپێکی تردا. ‏ئەمەش کاتێک روودەدات ئەگەر کۆڕۆنا هاوکار بێت لە دەرهێنانی زانست لەژێر هەژموونی دەوڵەت و کۆمپانییا زەبەلاحە ‏ئیستیسماری و قازانج خوازیەکان. ئەگەر کۆرۆنا و شۆکی کٶرۆنا هاوکار بن لە دروستکردنی بالانسێک لەو بوارەدا، ئەوا ‏کۆرۆناش رۆڵێکی هاوشیوەی رۆڵی تاعونی سەدەی ١٤ دەبینێت.