28/03/2020
كاتێ ئینگلیزه‌كان له ویلایه‌تی به‌سره‌وه، خاكی میزۆپۆتامیا له‌ده‌ستی توركه‌كان ده‌رهێنا و ده‌وڵه‌تێكی نوێیان به‌ناوی عێراقه‌وه دروست كرد، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئینگلیز دروستكردنی نه‌خشه‌كان و دابه‌شكاری ناوچه‌كه، ده‌ده‌ن به ئه‌فسه‌رێك به ناوی ئاڕنۆڵد ویڵسن.
دوو رێككه‌وتن له‌ژێر چاودێری كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان ( سیڤه‌ر ۱۹۲٠ و لۆزان۱۹۲۳) بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه ده‌نوسرێت، به‌پێی ماده‌كانی 62 – 64ی پەیمانی سیڤەر ده‌بوو ده‌وڵه‌تێك بۆ كورد دروست بكرایه، به‌شێكی دروستنه‌بوونی ده‌وڵه‌ته‌كه وه‌ك نوێنه‌رانی ئینگلیز باسیان لێوه‌كردووه، په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی نوێنه‌رێكی راسته‌قینه‌ی كورد بووه تا قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت.
وێڵسن، كاتێك گوێ له نوێنه‌ره‌كه‌ی عه‌مید نوێڵ (لاورنسی) ده‌گرێت، باسی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات، جوڵانه‌وه‌ی كورد هێنده به‌هێزه دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی هیچ زه‌حمه‌تێكی ناوێ. به‌ڵام وێڵسن قه‌ناعه‌تی به‌و قسانه نه‌كرد و وتبووی" پێم وانییه كورده‌كان بتوانن له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی یه‌ك كه‌سدا كۆببنه‌وه" بۆیه نوێڵی له‌كاره‌كه‌ی لابرد و كه‌سێكی دیكه‌ی له‌جێی دانا به ناوی سۆن كه دینی خۆی گۆڕیبوو بۆ ئیسلامێكی شیعه مه‌زهه‌ب و به‌ناو كورده‌كاندا زۆر گه‌ڕابوو، سۆنیش پاش ناسینی عه‌شیره‌ت و خێڵه‌كان گه‌یشتبووه قه‌ناعه‌ته‌كه‌ی ویڵسن. پێی وابوو كورد ناتوانێت به‌و دۆخه‌وه ببێته ده‌وڵه‌ت و له‌ژێر چه‌تری یه‌ك سه‌ركرده‌دا كۆببێته‌وه.
یه‌كێك له به‌رپرسه‌كانی ئینگلیز ئه‌ویش سه‌رقاڵی دیاریكردنی هێڵه‌كانی سنوری په‌یمانه‌كانی سیڤه‌ر ده‌بێت به‌ناوی لوید جۆرج، گوتویه‌تی "تاقه كوردێك نادۆزینه‌وه، هێزی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م كوردی هه‌بێت. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كانی توركیاش پێویسته لێره و له‌وێ ئۆپۆزسیۆنی كوردی دروست بكرێت" مه‌به‌ست له خێڵه‌كان كه به‌تاكه تاكه سیاسیه‌تیان له‌گه‌ڵ بكرێ!
كورد ده‌رس وه‌رناگرێ له شكسته‌كانی په‌یمانی لۆزان و كۆڵ له خۆخۆری خۆی نادا. دوای ۲۹ ساڵ له‌و رووداوانه، به خیانه‌تی سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌كان كۆماری كوردستان روخا، قازی محه‌مه‌د كه ئه‌مڕۆ ساڵیادی له‌سێداره‌دانییه‌تی، له وه‌سێته‌كه‌یدا چاك ئه‌م ده‌رده‌ی رونكردوه‌ته‌وه ده‌ڵێ، تا ده‌ست نه‌ده‌یه ده‌ستی یه‌كتر، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر نابێ. له یه‌كتر زۆر مه‌كه‌ن چونكه خوداوه‌ند دوژمنی زۆردارانه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ" بۆ ره‌زامه‌ندیی خودا ده‌ست له دوژمنیی یه‌كتر هه‌ڵگرن، یه‌ك بگرن‌و بۆ پشتیوانی له یه‌كتر هه‌ڵسن، له به‌رابه‌ر دوژمن‌دا راوه‌ستن". قازی ده‌ڵێ " له رێگه‌ی خودا‌و بۆ ره‌زامه‌ندیی ئه‌و پشتی یه‌كتر چۆڵ مه‌كه‌ن‌و یه‌كگرتوو بن، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوێنتان پێ‌بدا، تێكه‌ڵ به‌ژه‌هره".
ئه‌م قسانه‌ی سه‌ركۆماری كوردستان، پاش بینینی پشتێكردنی هێزه گه‌وره‌كان و خیانه‌تی كورد له كۆماره‌كه‌ی كراوه، ده‌ردێكی هه‌بووه و ده‌رمانه‌كه‌شی بۆ نه‌وه‌كان نوسیوه. به‌ڵام خۆخۆری هه‌ر به‌رده‌وامه.
دوای یه‌ك سه‌ده كورد وه‌ك خۆیه‌تی
یه‌ك سه‌ده به‌سه‌ر په‌یمانه‌كانی سیڤه‌رو لۆزان تێپه‌ڕ ده‌بێت، هێشتا كورد قۆناغی خۆخۆری تێپه‌ڕ نه‌كردووه و نه‌یتوانیوه هه‌ڵه‌ی سه‌د ساڵی رابردووی راست بكاته‌وه، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه دراون به فیتی دوژمن یان كورد خۆی شكستی هێناوه، تازه‌ترین نمونه‌ش شكستی كۆنگره‌ی نه‌وته‌وه‌یی كورد (كه‌نه‌كه)بوو كه به‌هۆی ململانێی پارتی و په‌كه‌كه بۆ سه‌رۆكایه‌تی كه‌نه‌كه، شكستی پێهات.
له‌وه‌ش خراپتر رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی زینێ وه‌رتێ كه ململانیی پارتی و یه‌كێتی و په‌كه‌كه بوو له‌سه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌كی حیزبی، سه‌لماندنی ئه‌و راستییه تاڵانه‌ن كه كورد هه‌رگیز ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تی یه‌كتر قبوڵ بكات. ده‌رفه‌تی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تیش له رابردوودا زۆرینه‌ی بۆ خۆخۆری ده‌گه‌رێته‌وه نه‌ك خیانه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به ته‌نها، كه له كوردیان كردووه.