21/03/2020
بەراستی هەستێكی سەیر رووت تێدەكات، كاتێك لەمرۆژانەدا هەواڵی مەرگی كەسانێكی نزیكت پێدەگات، كەسانێك بریاربوو یەكەم كەس بیت ئامادەی مەراسیمی بەخاكسپاردن و دڵنەوایی كەس و كاریان بیت، كەچی هەردەڵێی لەئەستیرەیەكی دیكەوە هەواڵەكەت پێگەشتووە و تۆش(لاحول لك و لا قوە)، بیر لەبێدەسەڵاتیی خۆت بەرامبەرهاورێ و دۆستەكانت دەكەیتەوە، بیر لەبێهودەیی ئەم دونیا فانیە دەكەیەوە، بیر لەوقەدەرە دەكەیەوە كەبەردەوام پێتدەڵێت: (وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ مَّاذَا تَكْسِبُ غَدًا ۖ وَمَا تَدْرِي نَفْسٌ بِأَيِّ أَرْضٍ تَمُوتُ).
ئەوانەی بریاربوو لەناسۆریی وناخۆشیەكاندا لەگەڵیان بیت و هاودەمیان بیت و خەمەكانیان برەوێنیتەوە، ئێستە تەنها بەكۆمینت و لایكێكی سارد و سر و خەماویی فەیسبوكیان بۆدەنێریت، چ زەمەن و چەرخانێك كەوتووین، ئەم ڤایرۆس و مەخولقەی كەبە چاو نابینرێت چۆن هەرچی یاسا كۆمەڵایەتیەكانە قڵپیكردەوە و لەیەكدی كردینە غەریبە !
بێنە بەرچاوی خۆت هەرچۆنێك بێت و بەیاسا شكێنیش بێت خۆت گەیاندوەتە لای ئەوئازیزە و بەنیازی دڵنەوایی و هاوخەمیی، دەتەوێت سەرەخۆشی لێ بكەیت، ئەوەشت لێ یاساغە و ناچاری تەنها هەرلەدوورەوە ئەورێورەسمە كۆمەڵایەتیە جێبەجێ بكەیت، بەراستی ئەوانەی ئەم چەندرۆژە ئازیزانیان لەدەستدەدەن، دەكەونەژێر بارێكی دەروونیی سەختەوە و لەكەش و هەوایەكی كۆمەڵایەتیی و دڵدانەوە و قەرەباڵغی سەرقەبران و مزگەوتەوە، بۆپرسەیەكی چۆڵ و بێدەنگ و خامۆش !
مردنی زەمەنی كۆرۆنا پێی وتین خودپەرستیی و ململانێ و یەكترسرینەوەكانت لە لەحزەیەكدا دەكەمە بڵقی سەرئاو، ئێوە لەئاست ڤایرۆسێكی نەبینراودا دەستەوسان و كەم تفاقن، مەرگی ئازیزان و خۆشەویستان لەزەمەنی كۆرۆنادا، سەرەتای گۆرانێكە لە ستایل و نەزمی كۆمەڵایەتیمان، لەجۆری پەیوەندیەكانمان، لەتێروانینمان بۆژیان و مردن و ئەوكولتوورەی چەندین ساڵە لەسەری راهاتووین.
ئەم چەندرۆژە و ئەم پەتا جیهانییە هەربەتەنها ئاڵۆزی نەخستە پەیوەندیەكانی نێوان چین و ولایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا، و شڵەژانی نەخستە نێو بازاری ئابوریی جیهانیی، و جموجوڵی بازرگانیی و گەشتیاریی دووچاری ئیفلیج بوون نەكرد، بەڵكو تێروانینی هەموانی بەرامبەر پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی گۆڕیی.