سیستمی درۆینەی سەرۆککۆماری

17/01/2020

گونای ئاسڵان

لە تورکیا دیارترین تایبەتمەندیی ئایدۆڵۆژیای فەرمی بەم شێوەیەیە: سەرەتا درۆیەک دەکەن، دواتر بەردەوامی بە درۆکەیان دەدەن، بۆ ئەوەی درۆکە بمێنێتەوە و بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بڕوا بە درۆکەیان بکات، هەموو دەزگاکانی دەوڵەت بەکاردەهێنن. توندوتیژی بەکاردەهێنن، دەست بە کەمپین دەکەن، شەڕی دەرونی دەستپێدەکەن و هەموو ڕێ و ڕێبازێک لەپێناو داهاتوودا بەکاردەهێنن.

نمونەی زۆر هەیە:

لە ڕابردوودا بە پێی ئایدۆلۆژیای فەرمی "کورد نەبوو."بە کوردیان دەوت 'تورکی شاخاوی!

ئەمەیان وت و بە ساڵان دووبارەیان کردەوە. بەو هۆیەوە بەهەزاران کەس گیانیان لەدەستدا. بە تەنها لە دوایین شۆڕشدا (شۆڕشی پەکەکە) زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

دواتر وتیان کورد هەیە و 'کورد و تورک بە هەزاران ساڵە وەک برا بەیەکەوە دەژین!

وەک ئەوەی هیچ نەبووبێ، وەک ئەوەی لەم وڵاتەدا هیچ شتێک ڕووینەدابێت، وتەبێژانی ئایدۆلۆژیای فەرمی وتیان، ' کورد دەناسین'، دواتر وتیان ،'دەستمان لە ڕەتکردن و تواندنەوەی کورد' بەردا...

بێ داوای لێبوردنێک، بێ خۆڕەخنەکردنێت، بێ ڕووبەڕووبوونێک و بێ لێپرسینەوەیەک...

لەگەڵ ئەوەشدا نە گۆڕانکارییەک لە مافدا، نە باشکردنی دۆخەکە و نە دەستوورێکی بنەڕەتی.

لەگەڵ ئەوەی بە هەزاران گوند وێرانکران، ژیانیان تاریککرد، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس کوژران و کێشەکان لە ناوخۆ و دەرەوەدا بە بەکارهێنانی توندوتیژی بەردەوامە، وەک ئەوەی کێشەکان چارەسەرکراون، بە ئارامی و بێخەم لەسەر هەڵوێستیان بەردەوامن.

پێشتر دەیانوت'کورد نییە، ئەوانە تورکی شاخاویین و دەزگاکانی دەوڵەتیان بۆ هێشتنەوەی ئەم عەقڵیەتە بەکاردەهێنا، ئەمڕۆ دەڵێن، 'ئێمە کێشەمان لەگەڵ کوردەکان نییە، جیاوازیمان نییە، خاوەنی هەمان مافین، کێشەمان لەگەڵ تیرۆر هەیە'. بەم شێوەیە دەیانەوێت درۆکانیان بەردەوامی پێبدەن و کار دەکەن بۆئەوەی کۆمەڵگاش بڕوایان پێبگات.

دەوڵەتی تورک لە ناوخۆ و دەرەوەدا بۆ ئەوەی ئەم درۆیە جێگیربکات، هەموو دەرفەتەکانی بەکاردەهێنێت.

لەهەمووی خراپتر دەوڵەت توانیویەتی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا بکاتە هاوبەشی درۆکانی. بە شەو ڕۆژ بە بەردەوامی دەرفەتەکانی بەکاردەهێنێت و کۆمەڵگا ژەهراویدەکات و سەریشدەکەوێت.

لە تورکیا کۆمەڵگایەکی ساختەکار، دووڕوو و درۆزن دروستکراوە. بە ڕاستڕەو، عیلمانی، نەتەوەپەرست، چەپەکانیەوە کۆمەڵگایەک دروست بووە کە ڕیگای ئازادیان گرتووە. ڕزین بوو بە هۆی کەوتن و کەوتنیش بەردەوامە.

دەیانەوێت لەم دۆخە ڕزگاریان ببێت، بەڵام وەک سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە دەستگیرکراوە وتی، 'هەرچەند هەوڵدەدەن لەناو قەیرانەکە بێنە دەرەوە، بەڵام زیاتر بەناو قەیراندا ڕوودەچن'.

ئەو دەوڵەتەی کە لە هەڵوێستی دەمیرتاش نیگەرانە، دەنووسێت، نەخشەدادەنێت و کاردەکات  و هەموو دەرفەتەکانی بۆ ئەوەی قسەکانی دەمیرتاش بەدرۆ بخاتەوە، بەکاردەهێنێت.

پیاوەکانیان بەو ئاڕاستەیە کار دەکەن. بەو شێوەیە شانۆی نوێ ئامادە دەکەن و دەست بە کەمپین دەکەن و تاکتیکی شەڕی دەرونی بەڕێوەدەبەن.

ڕۆژێک دێت ماوەی زیندانیکردنی دەمیرتاش کۆتایی دێت، دەگەڕێتەوە ناو سیاسەت و ئەوانەی ئەمڕۆ خاوەنی ئەم هەموو درۆیەن، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، نە داوای لێبوردن دەکەن، نە خۆیان رەخنە دەکەن و نە ڕووبەڕووی ڕاستیەکان دەبنەوە  و وەک ئەوەی هیچ نەبووبێ بەردەوامی بە ژیانی ئاسایی خۆیان دەدەن.

بە پێچەوانەی قسەکانی دوێنێیان قسە دەکەن. کردەوەکانیان ڕەتدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی تاوانبارن، وەک ئەوەی بێتاوانبن، درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

نمونەتان دەوێت:
نمونەیەکی ئاشکرا ئەوەیە، دوێنێ ئەحمەد هاکان (نووسەر و پێشکەشکارێکی تورک) بە شانوباڵی دەمیرتاشدا هەڵیدەدا و ئەمڕۆ لە هەموو دەرفەتێکدا هێرش دەکاتە سەری و هەڵوێستی خۆی گۆڕی، هەروەها ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆک وەزیری پێشووی تورکیا کە لە کاتی (ڕووداوەکانی کۆبانی) دا داوای کرد دەمیرتاش بە پەلە هاوکارییان بکات.

١٠٠ ساڵە کۆمەڵگا بە نەژادپەرستی و درۆکانیان ژەهرخوارد دەکرێت. بیرتان نەچێت تا لێپرسینەوە نەکرێت و ئایدۆلۆژیای فەرمی ڕووبەڕووی ڕاستیەکان نەبێتەوە، کێشەکان کۆتایی نایەت و لەم جۆگرافیایەدا چاوەڕێی کارەساتی تربن.