19/12/2019
بەر لەراپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ، حکومەتی بەعس هەوڵێکی زۆری ئەدا بۆ تێکدانی دیمۆگرافیایی هەرێمی کوردستان، ئەو هەوڵدانەش چەند لایەنە بوو، لەو ناوچانەی کە نزیکبون لەناوچە عەرەب نشیینەکان، وەک کەرکوک و موسڵ و گەرمیان و ناوچەی ئێزیدیی و بەهدینان، دەسەڵاتدارانی بەعس، کوردییان هەڵدەکەندو دەریان دەپەڕاندن، لەجێگای ئەوان، عەرەبیان نیشتەجێ دەکرد، لەپاش وەستاندنی جەنگی (عێراق – ئێران)، گوندەکانی خاکی کودستانی سنوری عێراق و ئێران، عێراق و تورکیا، بەدەستی بەعسییەکان داگیران و روخێندران، لەهەمانکاتدا، دانیشتوانەکەی راپێچی نێو ئۆردوگا زۆرە ملێکان کرا، لەنێو شارەکانیشدا هەوڵدرا، مۆرکی کوردبون بسڕێتەوە، بەشۆڤڵ بەشێک لەقەڵای کەرکوکیان روخاند، قەڵای هەولێریشیان پشتگوێخست و نۆژەنیان نەدەکردەوە، بۆ ئەوەی لەژێر سەرما و باراندا دابڕمێت و لەناوبچێت، زۆرێک لەخانوەکانی کفری و قەڵای کۆیە و خانەقین و ئەو ناوچانەی کە مۆرکی کوردیان پێوە دیارە، پشتگوێ خران، تائاستی ئەوەی داتەپین و روخێندران، لەسلێمانیش کەوتنە وێزەی گەڕەکە کۆنەکان، پارەیەکی زۆریان بەناوی نۆژەنکردنەوە ئەدا بەو خاوەن خانوە دێرینەی شار، تاوەکو خانوەکە، تەختی زەوی بکات و بیڕوخێنێت و خانوی نوێی لەسەر دروست بکات.
راپەڕین رێگرییەکی باشیکرد بۆ ئەوەی کە بەعسییەکان، چیتر خانوە دێرینەکانی شار نەڕوخێنن، بەڵام پاش راپەڕین و رونتر دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، خانوی گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی، کە مۆرکی کوردەواری و فەرهەنگی جوانی گەلەکەمانی پێوە دیار بوو، بون بەخۆراکی سەرمایەداران، ئەوەی دەستیان پێی گەیشت، تەختی زەوییان کرد، خانوی مۆدێرن و باڵەخانەی دور لەفەرهەنگ و ئەندازیاری کوردەوارییان لەسەر دروستکرد، بەبێ ئەوەی ئەو سەرمایەدارە چاو چنۆکانە، رەحم بەفەرهەنگی گەلەکەمان بکەن، بەبێ ئەوەی هەژمار بۆ ئەوە بکەن، کە ئەم شارە رابردویەکی جوانی تەلارسازی کوردانەی هەیە.
چەند رۆژێکیشە لێرەو لەوێ، هەواڵی ئەوە دەبیستین، کە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنان دەیەوێت، ٥٤ خانوی دێرینی گەڕەکی شێخان، کەدەکەونە پشت سەرای سلێمانی، تێک بدات، کە ئەو خانوانە، مۆرکی کوردەواری و فەرهەنگی جوانی ئەم شارەی پێوە دیارە، لەنێو ئەو خانوانەشدا، دەنگۆی ئەوە هەیە، کە خانوەکەی مامۆستای کۆچکردو، (کەریم کابان)، بەر ئەو تێکدانە دەکەوێت، ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە کە دەیبیستین، خەڵکانی پارەدار و سەرمایەداران، هاوشێوەی رژێمە دژ بەکوردەکان، بێڕەحمانە خانوو ماڵی کورد لەناو دەبەن، ئەو ماڵانەی کە بەڵگەی کوردبونی کوردو شارستانیبونی کورد، لە فەرهەنگی بیناسازیدا نمایش دەکەن و دەسەلمێنن.
لە شەستەکانی رابردوو، دەسەڵاتی عەرەبە شۆڤێنییەکانی عێراق، بەناوی گەورەکردنی شار، شەقامی سی مەتریان لەنێوان شیوی قازی و چوارباخ و گەڕەکی جولەکاندا لێدا، بەو شەقامەش توانییان، گۆڕستانی جولەکان، بکەن بەژێر شەقام، بەو کردەوەیەش توانییان، مۆرکی جولەکەبون لەشار دەربهێنن، هەرچەندە چەند خانویەکی جولەکە، لەو گەڕەکە بەپێوە مابوو، بەڵام بەهۆی پشتگوێ خستنیان، ئەو خانوانەش روخان و جێدەستی بیناسازی جولەکە کوردەکان، تا ئاستێک سڕایەوەو لەناو برا، هەرچەندە ئێستاش چەند خانویەک لەو گەڕەکە بەپێوە ماوە، بەڵام بەهۆی فەرامۆشکردنیان، لەژێر سەختی سەرمای زستان و باران و بەفردا، رووەو زەوی سەریان نەوی کردوە، بەرەو داتەپین و لەناوچون هەنگاو دەنێن.
لەلایەکی دیکەشەوە گەڕەکی قەزازەکان و سابونکاران و گاوران، خانوە گڵ و خشتە سورەکانی روخێندران، خانوی بلۆک و چیمەنتۆی ساردو سڕ لەشوێنیان دروستکرا، هەریەکە لە گەڕەکەکانی شێخان و کانی ئاسکان و مەڵکەندی و حاجی ئەحان و چوارباخ و ئەسحابەسپی و دەرگەزێن و سەرکارێز و سەرچیمەن و حاجی نەجم و سەرا و شێخان و سەرگۆل و سەرشەقام و خانەقا و شیوی قازی، بون بە خۆراکی سەرمایەداران و گیرڤانیان بەپارەی ئەو خانوانە گەرمکرد، بەبێ ئەوەی گوێ بدەن بەرەسەنایەتی و مۆرکری نەتەوایەتی، تەنانەت گەڕەکێکی وەک (هۆلێ)، بەتەنها خانوەکانی نەروخێندران، بەڵکو ناوەکەشیان گۆڕی، بە ناوی بازرگانێکی خەڵکی شارۆچکەی کۆیە، کە دواتر کرا بە گەڕەکی (سەعید تەها کۆیی)، کە لەناو خەڵکی شاردا بە سەعەتاکۆیی ناو دەبرێت و ئێستاش حکومەت ئەو گەڕەکەی کردوە بە گەڕەکی (بازرگانی) و ناوی (هۆلێ) یان لەبیری نەوەی نوێدا سڕیوەتەوە.
هەوڵدان بۆ کڕین و دەرپەڕاندنی هاوڵاتیان لەناوەندی شار، بەتەنها بۆ یەک مەبەستە، بەرفراوانبونی سەرمایەی سەرمایەداران، لەسەر سکی خەڵکی هەژار و برسی، ئەو سەرمایەدارانە بەرپرسی گەورەیان لەپشتە، چەندینجار ناڕەزایەتی ئەو کەسانە گەیەندراوە بەئاستە بەرزەکان، لەڕابردوشدا ناڕەزایەتی خەڵک لەدەست ئەو سەرمایەدارانە، گەیەندراوە بەخودی (مام جەلال و هێرۆخان و کاک نەوشیروان)، داوایان لێکراوە کە رێگربن لە تێکدانی مۆرکی کوردەواری، بەڵام بەهەزار و یەک رێگا ئەو بازرگانانە کاری خۆیان کردوە.
بەڵگە زۆرە لەسەر دەستتێوەردانی بەرپرسان، کە موڵک و زەوی لەخەڵک زەوت دەکەن و لەگەڵ بازرگانەکان دەیکەن بە باڵەخانەی بازرگانی، لە ساڵی ٢٠١١ کە پەیامنێربوم لە رۆژنامەی رۆژنامە، راپۆرتێکم ئامادەکرد لە سەر ٢١ خانوی گەڕەکی عەقاری، کە بەرپرسێکی پڵە باڵای یەکێتی، لەخەڵکەکەی ئاڵاندبوو، کە خانوەکان چۆڵ بکەن، بەبیانوی ئەوەی کە دەیویست بیکات بە پڕۆژەی بازرگانی.
لەدانیشتنێکیشدا رەوانشاد کاک نەوشیروان ئاماژەی بەوەدا، " سەرۆک وەزیرانی یەکێک لەکابینەی حکومەت، هەوڵیداوە کە باخی گشتی سلێمانی تێکبدات و بیکات بەبینا، بەڵام بەفشاری خودی خۆی و هەوڵ و پشتگیری هێرۆ خان، رێگریان کردوە، کاتێک مام جەلالیشیان لەوە ئاگادار کردوە، سەری سوڕماوە کە ئەو سەرۆک کابینەیە چۆن هەڵەیەکی وا ستراتیژی دەکات".
لەلایەکی دیکەشەوە، زانیاری ئەوەم هەیە، کەبەرپرسانی حیزبی، لەڕێگای سەرمایەدارانەوە، چەندین هەوڵیانداوە، بەمەبەستی دەستەبەسەردا گرتنی ئەمنەسورەکە و پارکی ئازادی (حامیەی جاران) و چەند مزگەوت و خوێندنگایەکی ناوشار، لەوانە خوێندنگای سورکێو و رەفیق حیلمی و کانی ئاسکان، کەمەبەستیان بوە تێکی بدەن و بیکەن بە بینای بازرگانی، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی خواروە، تەنانەت لەچەند ساڵی رابردودا، دەستیان گەیشت بە خوێندنگای (فریشتە)و توانییان تێکی بدەن و بیکەن بەبەشێک لە بینای بازرگانی.
ئێستاش ئەمانە پێداگرن لەسەر ئەو خانوانەی گەڕەکی شێخان و دەیانەوێت، هەرچۆنێک بووە بیکەن بەپارەو بیخەنە گیرڤانیان، خۆ ئەگەر لەو پلانە، ئەوان سەرکەوتوبن و ئێمەی رێگریکاریش شکست خواردوو بین، ئەوان بەو چەند خانوەوە ناوەستن، بەڵکو پەرە ئەدەن بەمەبەستی ئەنفالکردنی سلێمانی، گەڕەکە کۆن و دێرینەکانی شار لە رەسەنایەتی و فەرهەنگی شار دەسڕنەوە، پیلانەکەی حکومەتی بەعسی روخاوی ١٦ ساڵ لەمەوبەر، بەزەبری هێزی نەرم (پارە)، بەجێ دەهێنن.