27/10/2019
لە ١٢ ئۆکتۆبردا هەڤرین خەڵەف کە ژنێکی کوردی سیاسی٣٥ ساڵە بوو لە بازگەیەک لە دەرەوەی
شاری گرێ سپی لە باکووری سوریا لەلایەن شەڕکەرانی عەرەبی سەر بە تورکیاوە وەستێندرا.
چوار رۆژ پێشتر تورکیا و نوێنەرەکانی دەستدرێژییان کردبووە سەر باکووری سوریا و
ناوچەیەکی تا ڕادەیەک ئارامیان ناسەقامگیر کرد و زیاتر لە ١٠٠٠٠٠ خەڵکیان ئاوارە
کرد و پڕۆپاگەندەیەکی ڕەگەزپەرستانەیان لە دژی کورد دەست پێکرد و ڕۆیشتن بۆ ئەوەی
ڕۆژاوا وێران بکەن؛ ئەزموونێکی دیموکراتیکی خۆبەڕێوەبەر.
خاتوو خەڵەف کە سکرتێری گشتی پارتی سوریای داهاتوو بوو
ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە پێکهێنانی دۆستایەتی کورد/عەرەب و هەوڵی دەدا بۆ داهاتووی هاوبەشی سوریای دوای شەڕ.
چەکدارانی سەر بە تورکیا خاتوو خەڵەفیان لە ئۆتۆمبیلەکەی ڕاکێشایە دەرەوە و سەرو
دەستیان بە ئاسن شکاند. قژیان ڕاکێشا و هێندە بە زەویدا ڕایانکێشا کە پێستی لە
لەشی بووەوە. پاشان بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی پزیشکی داد فیشەکیان بە سەریەوە ناوە.
بکوژان لە کاتی کوشتن و سووکایەتی پێ کردن بە خەلەف دا فیلمیان لێ گیراوە.
خاتوو خەڵەف جۆرە کۆمەڵەیەکی خەڵکانی رۆژاوای پێکهێنابوو
کە ناوچەیەکی سەربەخۆی لە باکووری سووریادا وێنا دەکرد و لە ٢٠١٢وە شەڕی بۆ دەکرد. سەرباری هەموو کەمووکوڕییەکانی،
ئەزموونی کوردەکان دەیەویست کۆمەڵگەیەک درووست بکا پشت ئەستوور بە یەکسانی ڕەگەزی
و ڕێکخراوی جەماوەری و بەشداری قووڵ و بنەمای ژینگەپارێزی و ئاشتی جەماوەری.
کوردەکان لە باکووری سوریا بە تەمای دامەزراندنی دەوڵەتی بەڕەچەڵەک کورد نەبوون.
سەرلەبەیانی دوای ئەوە، یەنی شەفەق، رۆژنامەیەکی نزیک لە
رەجەب تەیب ئەردۆغان کوژرانی خاتوو خەڵەفی جێژن گرت بە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووی لە
قەڵەمدا.
ڕوانگەی سوری سەبارەت بە تاوانی جەنگ _ واتە تیرۆری
خاتوو خەڵەفی بێ چەک_ لەلایەن یەکێ لە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەکانی تورکیەوە، دەمامکی
لەسەر ڕووی بانگەشەکانی ئانکەرا بۆ "ئۆپەراسیۆنی ئاشتی" هەڵدایەوە کە
گوایە دڵنیگەرانی مرۆڤدۆستانەی هانی داون بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، بۆ
ئەوەی "پەنابەرانی سوریا نیشتەجێ بکەنەوە" و لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا ڕۆژاوای وەک "داڵانی تیرۆر" وێنا
دەکرد.
هیچ ڕاپۆرتێکی ڕاستەقینەی پشتڕاست کراوە لە ئارادا نیە
کە لە ناوچەی خۆبەڕێوەبەری کوردەکان لە باکووری سوریاوە پەلاماری تورکیا درابێت
یان هەڕەشەی سەربازییان لە تورکیا کردبێت. کەواتە بۆچی تەنیا بوونی [ئەو کیانە]
هەڕەشەیەکە بۆ کۆی نیشتمانی نەتەوەیی تورکیا؟
وادیارە شەڕی ئەردۆغان زیاتر هەوڵێکە بۆ قایمکردنی
دەسەڵاتی خۆی لەڕێی دروستکردن و بەکارهێنانی ئاخێزێکی نەتەوەپەرستانەوە لەناوخۆی
تورکیادا. هەروەها لەڕێی پاساوهێنانەوە بۆ دەستدرێژییەکەی بۆ باکووری سوریا ئەویش
لەڕێی قسەکردن لەسەر "نیشتەجێکردنەوەی" پەنابەرانی سووری لە رۆژئاوا، دەیەوێت
وڵام بداتەوە بەو هەستە دژەپەنابەرییەی ناوخۆی تورکیا کە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی
دۆڕاندنی ئاکەپە لە ئیستانبوڵ و ئانکەرە. هێرشەکەی ئەردۆغان شەڕێکی
نەتەوەپەرستانەیە بۆ سەر خەڵکی کورد و
ئاواتەکانیان و هەوڵێکی سەربازی تورکیایە کە دەیەوێت گۆڕانکاری دیمۆگرافی لەسەر
زەوییەک بکات کە زیاتر لە نەتەوەیەک خاوەنیەتی.
مێژووی دژەکوردی شەڕفرۆشانی ناسیۆنالیزمی تورک زۆر
کۆنترە لە ئەردۆغان و حیزبەکەی و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانی پاش
شەڕی یەکەمی جیهانی. لە کاتێکدا لە یەکەم پەیمانی پاش شەڕدا خۆسەری کوردەکان پێشنیازکرا،
ئەو مەرجانەی کە پاش شەڕی سەربەخۆیی تورکیا باس کرا سنوورەکانی تورکیەی مۆدێرنی دەسنیشان کرد و
کوردەکانی لە ناوچەیەک بەبێ خۆبەڕێوەبەری بەجێ هێشت. نەخشە داڕێژە کۆلۆنیاڵیستەکان
ناوچە کوردنشینەکانی دابەش کرد بەسەر تورکیا و دەوڵەتانی ژێر سەرپەرشتی
فەرانسە/بریتانیای عێراق، سوریە و ئێران. کوردەکانیش وەک کەمینەی ستەملێکراوی ناو
ئەم دەوڵەتانە مانەوە.
لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیاوە کورد بوونی نییە. ناوی ئێمە
دەگۆڕدرێ بۆ ناوی تورکی، زمانی ئێمە قەدەغەیە، موسیقای ئێمە وەک تاوان دەناسێنرێت،
بوونی ئێمە نکۆڵی لێ دەکرێ. ژمارەیەکی زۆری حەشیمەتی کورد لە تورکیە هەڵهاتن بۆ
سووریای دراوسێ لە کاتی هەڵمەتی تورکاندنی زۆرەملێ لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا.
لە سوریادا، کوردەکان پاڵیان پێوە نرا بۆ دۆخێکی ناسکی
مانەوە. بەشێوەی ئایدیۆلۆژیک، کە لە پان-عەرەبیزمەوە سەرچاوەی گرتبوو، سیاسەتەکانی
پاش-سەربەخۆیی سووریا نکوڵی لە هاووڵاتیبوونی
کوردەکانی لە باکووری خۆرهەڵات کرد. کوردەکان کە بە هۆی بەعەرەب کردن و تورکاندنەوە،
بێدەوڵەت بوون واتایەکی زۆر زیاتری هەبوو لەوەی کە دەوڵەت/نەتەوە نەبن. ئەوە بە
واتای بێبەری بوون بوو لە هەرجۆرە پارێزگارییەک لەلایەن ئەوە دەوڵەتانەوە کە
تیایدا دەژیان.
کاتێک باوکم لە دایک بوو زمانی دایکی تاوان بوو. تا ساڵی
١٩٩١ زمانی کوردی بەشێوەی فەرمی قەدەغە
بوو، لە تورکیا قسەکردن و نووسین و بیستنی
کوردی نایاسایی کردبوو. لە گوندی ئیزەدی نشینی باوکمدا لە تورکیا هەموو خوێندکارێک
دەبووایە ئەو نووسراوە بخوێنێتەوە و سوێندی پێ بخوا کە بەم دێڕە کۆتایی دەهات:
"بوونی من دەبێ قوربانی بوونی تورکیا بێت". ئەو سوێندە تاکوو ساڵی ٢٠١٣
دەوترایەوە.
باوک و دایکم خوێندکاری زانکۆ بوون لە ئانکەرە کاتێک
دەوڵەتێکی دیکەی لە بەشێکی دیکەی کوردستان هەڵیکوتایە سەر مافی بوونی کورد. سەدام
حسێن هەڵمەتێکی پاکتاوکردنی ڕەگەزی دژی کورد لە باکووری عێراق لە ساڵی ١٩٨٨
خستەڕێ. دەیان هەزار خەڵک هەڵهاتن بەرەو سنوورەکانی تورکیە بۆ ڕزگاری لە فەوتانی
یەکجاری.
باوک و دایکی من سەفەریان کرد بۆ دیاربەکر لە خۆراوای
باشووری تورکیا و بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەی کەوا بە هۆی کیمیابارنی هەڵەبجە پەنایان بۆ هێنابووین، کە بە
یەکجار ٥٠٠٠ کەسی مەدەنی قڕ کرد. دایکم پێی دەوتم کە هاوڕێکانی لە پەیمانگا قۆڵبەست
دەکران کاتێک ڕاگەیانراویان دەخوێندەوە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەهۆی دیکتاتۆری
عێراقەوە ڕووی دابوو. ئەوانەی کە لە تورکیادا بە ئاشکرا پشتیوانی خۆیان بۆ قوربانییەکانی سەدام حسێن دەردەبڕی
بەدواداچوونیان بۆ دەکرا بەو تاوانەی کە گوایە بانگەشە دەکەن بۆ جیابوونەوە.
چەند ساڵێک دواتر، لە کاتی کێشەی کورد/تورک لە سالەکانی
١٩٩٠دا، هەزاران کورد لە تورکیا بوونە پەنابەر. زیاتر لە ٤٠٠٠٠ کەس لە شەڕی حیزبە
کوردییەکان و دەوڵەتی تورکیادا کوژران. لە سێدارەدان خەڵکی مەدەنی بووە هۆی
ئاوارەیی و وێرانبوونی گوندەکان و ڕاپێچکردنی هەڕەمەکی و بێ سەروشوێنبوونی
رۆژنامەنووس و چالاکانی سیاسی کورد بە درێژایی ساڵانی ڕەشی نەوەدەکان.
بەشێوەیەکی ڕێژەیی کورد لە تورکیا لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٥
بۆ ٢٠١٥دا هەناسەیەکی ئاسوودەیان هەڵمژی کاتێک دەوڵەتی حیزبی داد و گەشەپێدان ئەو
بەرتەسکییانەی لەبەردەم زمانی کوردیدا لابرد و ڕێگەی بە میدیای کوردی دا و پرۆسەی
ئاشتی دەست پێکرد. لە هەڵبژاردنی گشتی
مانگی جوونی ٢٠١٥دا، پارتی دیمۆکراتیکی گەلال (هەدەپە) کە حیزبی داکۆکیکاری کوردە بەربەستی
لەسەدا ل ١٠ی تێپەڕاند و ٨٠ کورسی بردەوە.
مخابن، پرۆسەی لەرزۆک بەڵام پڕ لە بەڵێنی ئاشتی هەڵوەشا
و کێشەی هێزە تورکەکان و ڕاپەڕیوە کوردەکان لە ٢٠١٥دا سەریهەڵدایەوە و ئەردۆغان پەلاماری
هەدەپەی دا و مافی پارێزبەندی لەسەر ئەندام پەرلەمانەکی هەدەپە هەڵگرت و هاوسەرۆکانی
وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسەکداغی قۆڵبەست کرد. نەیارانی سیاسی ئەردۆغان
وەک حیزبی کۆماری گەل (جەهەپە) پشتیوانیان کرد لە لێپرسینەوە لە حیزبە کوردیەکە و
سەرکردەکانی. سەرکۆماری تورکیا دیسان پشتیوانی تەواوی لێکرا کاتێک لە
٢٠١٨هەڵیکوتایە سەر عەفرین و ئەم پەلامارە تازەیەی بۆ باکووری خۆرهەڵاتی سوریا.
جیاوازی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی نێوان حیزبە سیاسییە
تورکەکان نامێنێ کاتێک نەتەوەپەرستیی دژە-کورد لە کایەدایە. شرۆڤەی زۆربەی
نووسراوە تورکییەکان و حیزبە نەیارەکان لەسەر پرسی کورد خەریکە کاریگەرییەکی توند
و ڕەش دادەنێ لەسەر ژیانی ٢٠ ملیۆن کورد کە لە تورکیادا دەژین.
ناسەقامگریی ژیانی کورد لە تورکیا لە کاتی هەڵچوونی
نەتەوەپەرستانەدا بەشێوەی زەق بەهۆی کوشتنی سیرێن تۆسوونەوە ئاشکرا دەبێت، ئەوە
کرێکارە ١٩ ساڵە دیاربەکرییە کە هەڵیانکوتایە سەری و فیشەکیان بە سەریەوە نا کاتێک
لە کۆتایی ئاگۆستدا بە کوردی قسەی کرد. لە ٢٩ی سێپتامبردا پۆلیسی تورکیا پەلاماری
کۆنسێرتێکی بەهرەمەندنێکی ناسراوی بە ناو دۆزدان ئۆزێر دا لەبەر ئەوەی بە زمانی
کوردی گورانی وت؛ مایکرۆفۆنەکەیان لێ ڕفاند لە کاتێکدا لەسەر سەکۆ بوو.
پاش چەند رۆژێک دوای ئەم پەلامارەی دوایی تورکیا بۆسەر
باکووری سووریا، ٧٨ کەس بە دواداچوونی بۆ کراوە لەبەر بڵاوکراوەکانیان لە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانیاندا کە ڕەخنەیان گرتووە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە و نۆ ئەندامی
هەدەپە قۆڵبەست کراون لەبەر ئەوەی درووشمی "نە بۆ شەڕ و هەر ئێستا
ئاشتی"یان هەڵگرتووە لە کاتی دانیشتنەکانیاندا. دادگای تورکیا بڕیاری دەرکردوە کە ئەم
درووشمانە هەڵگری "پڕوپاگەندەن بۆ ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان".
دەستدرێژییەکەی تۆرکیا بۆ خۆراوای باکووری سوریا هەوڵێکە
بۆ جێخۆشکردن بۆ ئایدۆلۆژیا ڕەگەزپەرستە داپڵۆسێنەرانەکان کە لە هەردوو وڵاتی
تورکیا و سوریادا دامەزراوە. پلانەکەی
ئەردۆغان ئەندازیاری گۆڕانی دیمۆگرافی درێژکراوەی پرۆژەکەی سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا
حافز ئەسەدە بە ناوی "پشتێنی عەرەب" کە گوندە کوردەکانی چۆڵ دەکرد و بە
عەرەبەکان پڕی دەکردەوە.
بەڵگەی زۆر لەسەر تاوانی جەنگ ئاشکرا بووە کە هێرشی
ئاسمانی بێ جیاوازی و بەبێ گوێدانە ژیانی خەڵکی مەدەنی لەلایەن سوپای تورکیا و
هاوپەیمانە چەکدارەکانیەوە بەکارهاتووە و زمانبازی ئەردۆغان سەبارەت بە
"پاکتاوکردن" تەنیا ئاماژەن بۆ ئەو قەیرانە مرۆییە کە چاوەڕوانی خەڵکی
خۆراوای باکووری سوریا دەکات.
ناوچەی دژە فڕێن و گەمارۆی فرۆشتنی چەک بە تورکیا و
چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد ئەو هەنگاوە پێویستانەن بۆ ئەوەی کورد لە پاکتاوی
ڕەگەزی بپارێزن. ئەم هەوڵانە پێویستن بۆ ئەوەی ڕێگە لە ملهوڕی قووڵتری تورکیا بگرێ
و بۆ کارکردن بۆ داهاتوویەکی دیموکراتیکی هاوبەش.
سەرچاوە: نیویورک تایمز
وەرگێڕان: هوشیار مەحموودی