کۆمەڵکوژییەکەی ئەردۆغان

22/10/2019

مەهدی نوربەخش

ناکرێ بە ئاسانی و تەنیا وەک سەرکۆنەیەکی سیاسیی کەڵک لە دەستەواژەی کۆمەڵکوژی وەربگیرین، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئەردوغان، دیکتاتۆرەکەی تورکیا، بەسەر کوردەکانی سووریایدا دەیهێنێت نموونەیەکی بەرچاوی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە. کۆمەڵکوژی کردەوەیەکی  بە ئەنقەستە بۆ تەفروتوونا کردن و لەناوبردنی گووپێکی ئەتنیکی، نەتەوەیی، نەژادی و ئایینی. هیتلەر لە ئەڵمانیای نازیدا بە دوای لەناوبردنی جووەکان و ناتانیاهۆش لە ئیسڕائیل بە دوای لە ناوبردنی گروپێکی ئەتنیی نەژادی و مەزهەبیی فەلەستینییەکانەوە بوون. ئەردۆغان هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی تورکیا بە دوای نکوڵی کردن لە شوناسی کوردەکان وەک ئەتنیک و نەژادێکەوەیە.


لە کۆتاییدا ترەمپ چرا سەوزی دەستێوەردانی سەربازیی لە سوریای بۆ ئەردۆغان هەڵکرد و وازی لە کورد هێنا تاوەکوو بکەونە بەر هێرشی سەربازیی بێ بەزەییانەی تورکیا. بڕیارەکەی ترەمپ گەلێک کەسی لە ئەمریکا و ئەوروپا و سەرجەم جیهان تووشی سەرسووڕمان کرد چونکە کوردەکان زیاتر لە هەر گروپێکی دیکە لە سوریا لە شەڕی دژ بە داعش و سەرکوتکردنیدا سەرکەوتوو و کاریگەر بوون. بەڵام زۆرکەس کە ئەم بڕیارەی ترەمپ تەنها بە بڕیارێکی سیاسیی دەزانن و لایان وایە لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردندایە، ئەم ڕاستییەیان لەبەر چاو نییە کە ئەمجارەیان بڕیارەکەی ترەمپ زیاتر لەوەی بڕیارێکی سیاسیی بێت، پشت بە پەیوەندییە تاکەکەسییەکانی لەگەڵ ئەردۆغان دەبەستێت.


 ترەمپ سەرمایەیەکی زۆری لە تورکیا هەیە و ئێستا بەڵگە نوێیەکان دەریانخستووە کە سەرۆکی ویستوویەتی وەڵامی ئەرێنیی بە داخوازییەکانی ئەردۆغان دەرحەق بە ڕادەست کردنەوەی ڕەزا زەڕاب، ئەو بازرگانەی لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی نەژاددا لە ڕێگەی تورکیاوە پارەی بۆ ئێران سپی دەکردەوە و پێش چەند ساڵێک لە ئەمریکا دەستبەسەر کرا، بداتەوە. بەپێی فەرمانی دادوەری گشتیی باشوری ویلایەتی نیۆیۆرک زەڕاب لە ئەمریکا دەستگیر دەکرێت و ترەمپ داوا لە جوولیانیی ڕاوێژکار و پاڕێزەرەکەی خۆی دەکات کە هەوڵ بۆ ئازاد کردنی بدات. هەندێک کەس لە دەور و بەری ترەمپ ئەم داوایان بە نایاسایی لە قەڵەم دابوو و ویستبوویان ڕێگە بدرێت تاوەکوو دەستگیرییەکە قۆناغە یاساییەکانی تێپەڕێنێت. هەڵبەت ئەمە یەکەمجار نەبووە کە ئەردۆغان بە نەهێنیی داوای دەستێوەردانی نایاسایی لە حکوومەتی ترەمپ کردووە. پێشتریش دوایان لە مایکل فلین، یەکەم راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ کردبوو کە فەتحوڵڵا گویلەن ڕادەستی تورکیا بکاتەوە.


بەڵام بۆچی ئەردۆغان پاش هەڵبژاردنەکانی بەهاری ٢٠١٩ لە تورکیا و سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن دوای دوو جار هەڵبژاردن بۆ شارەوانیی شاری پانزە ملیۆنیی ئیستانبووڵ بەردەوام هەڕەشەی دەکرد کە هێرش دەکاتە سەر ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سوریا بۆ سڕینەوەی ناوچەکە لە کوردەکان؟ دوای بەساڵان دەسەڵاتداریی لە تورکیادا ئەردۆغان دەسەڵاتی خۆی لە تورکیا ڕوو لە کزیی دەبینێت. ئاوێتە کردنی دیکتاتۆرییەت و ئیسلامگەرایی بۆ تورکەکان ئەزموونێکی باشی بەدواوە نەبووە. دیکتاتۆرییەت لە تورکیا بۆتە هۆی گەندەڵییەکی بەرفراوان و ڕوو لە کزی نانی گەشەی ئابووری و خولقاندنی کێشەی کۆمەڵایەتیی.


 دژبەرانی ئەردۆغان توانیویانە بە درووست کردنی کوالیسیۆنی سیاسیی ئالنگاریی لە بەردەم دەسەڵاتە رەهاکەی درووست بکەن. نەیارانی ئەردۆغان و شارەوانە هەڵبژێردراوەکەی ئیستانبوول، ئەکرەم ئیمام ئوغلوو، بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بە درووست کردنی هاوپەیمانییەک کەڵکیان لە کوردەکانی ئەم وڵاتە وەرگرت. پارتی دیمۆکراتیکی گەلان کە پارتێکی کوردییە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ یەکەمجار توانی بەربەستی ١٠% بۆ گەیشتن بە کورسییەکانی پاڕلەمان تێپەڕێنێت و سەرەڕای سەرجەم ئەو کێشانەی حکوومەتی ئەردۆغان بۆی درووست کردبوون توانیی پێگەی خۆی لە نێو خەڵکدا پیشان بدات. نەیارانی ئەردۆغان جگە لە هاوپەیمانی و کوالیسیۆن لەگەڵ یەکتر بۆ بەهێز بوون لە بەرامبەر ئەردۆغاندا ڕێگەیان نەداوە کە حکوومەتی دیکتاتۆری تورکیا دەست بگرێت بەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و بە قازانجی خۆی ئەنجامەکان بگۆڕێت. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا جیاوازیی دەنگەکان لە نێوان پارتەکەی ئەردۆغان و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا هێندە زۆر نەبوو، هەربۆیە لە ئەنجامدا توانیی ناوی پارتەکەی خۆی لە سندووقەکانی دەنگدان بکێشێتە دەرەوە. بەڵام ئەمجارەیان جیاوازیی ئەنجامە بەراییەکان هێندە زۆر بوو کە ئەردۆغان سەرەتا توانیی خولی یەکەمی هەڵبژاردن ڕەت بکاتەوە بەڵام لە خولی دووهەمدا تووشی هەمان شکستی پێشوو هات. لەم هەڵبژاردنانەدا نەیارانی ئەردۆغان هەر وەک پێشوو هەڵوەستەیان لە سەر ئابووریی قەیراناوی و ڕوو لە کزیی تورکیا کردبوو. ئەدرۆغان کە تا پێش ئەم هەڵبژاردنە پشتی بە ئیسلامگەرایی خۆی و حیزبەکەی دەبەست بەڵام لەگەڵ تووشی شکست بوونی ئەم چەشنە ئیسلامگەراییە کە ئاوێتەی گەندەڵیی ئیداری و دیکتاتۆریەت بووە، لە ئێستادا بەرەو پانتایی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی ئاتاتورکیی ڕۆیشتووە و بە هێرش کردنە سەر ناوچە کوردییەکانی باکووری سووریا لە هەوڵی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە لەدەستچووەکەی خۆیدایە.

 

مەخابن تورکەکان و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا قەت نەیانویستووە شوناسێکی جیاواز بۆ حەشیمەتی کورد لە ٢٠% دانیشتووانی ئەم وڵاتە پێک دێنێت لە بەرچاو بگرن و بەردەوام بۆ تەبایی ناوخۆییان دەهۆڵی دوژمنایەتیی لەگەڵ کوردیان کوتاوە.

 

کوردەکان لە چوار وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین؛ ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا. زیاترین ڕێژەی کورد لە تورکیایە کە زیاترە لە ١٢ میلیۆن کەس و بە ساڵانە لە هەوڵی چەسپاندنی شوناسی نەتەوەیی خۆیان لەم وڵاتە و بەشدار بوون لە سیاسەتەکانی تورکیادا بوون.


مستەفا کەمال ئاتاتورک، لە جەژنی سەربەخۆیی تورکیا، ساڵی ١٩٢٣ ڕایگەیاند "چەندە دەبێ کەسێک خوشحاڵ بێ کە خۆی بە تورک بزانێ". لە تورکیای ئەمڕۆدا کوردێک دەتوانێ لە ناوەندی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە نزیک ببێتەوە بەو مەرجەی خۆی بە تورک بزانێت نەک کورد. ئەم دۆخە تەنها دەتوانین بە دۆخی عەرەبەکانی ناوخۆی ئیسڕائیلی بەراورد بکەین کە بۆ بەشداریی لە پانتایی سیاسەتی ئەم وڵاتەدا تووشی گەلێک ئاستەنگ دەبن. ساڵی ٢٠١٣ دانووستانی نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی پێکرد. ئۆجەلان لە زیندانەوە ئاگربەستی نێوان تورکیا و ئەم پارتەی پەسەند کرد و داوای لە ئەندامەکانی کرد لە تورکیا بچنە دەرەوە و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی دژی حکوومەت بهێنن. سێ ساڵ دواتر جەمیل بایەک لە وتوووێژێکدا لەگەڵ بی بی سی وتبووی مەبەستی ئێمە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە تورکیا نییە. لە سەرەتای ئەمساڵیشدا ئۆجەلان لە زیندانەوە ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک دەبێ کێشەکانی خۆیان لە چوارچێوەی یەکیەتیی ناوخۆی سووریادا و بە پێی مافە دەستورییەکان و پابەندبوون بە دیموکراسی چارەسەر بکەن.


 بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، کوردەکان لە هەوڵی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە تورکیا نین و جەخت لە سەر مافە دەستورییەکانی خۆیان دەکەنەوە، کەچی حکوومەتی تورکیا و ئەردۆغان نایانەوێ ئەم مافانە و شوناسی کوردیی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بە فەرمیی بناسن. ئەردۆغان لە کۆتاییدا گەڕاوەتەوە بۆ ئەو نەریتە ئاتاتورکییە کە  قایل بە هیچ مافێک بۆ هیچ نەتەوە و کەمیینەیەک جگە لە تورک نییە و بە هێرش کردنە سەر سوریا دەیهەوێ پشتیوانیی ناوخۆیی و دەسەڵاتە دۆڕاوەکەی لە تورکیادا بەدەست بهێنێتەوە. ئەردۆغان جگە لەوەی دەهۆڵی نەتەوە پەرەستیی دەکوتێت، خۆی بە جێگر و میراتگری موڵک و دەسەڵاتی عوسمانییەکان دەزانێت و ئەمجارەیان بە ساز کردنی شەڕ و دەستێوەردان لە سوریادا بە دوای بەدەست هێنانی ئیعتیبار و دەسەڵاتی ناوخۆییەوەیە. مەخابن بەشێکی زۆری تورکەکانیش بوون بە داوی ئەردۆغانەوە و ڕاشکاوانە پشتیوانیی لە کۆمەڵکوژیی کوردەکان لە سووریادا دەکەن.


بەڵام ئەردۆغان لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا لەگەڵ ئالنگاری سێ و نیو میلیۆن پەنابەری سوریا ڕووبەڕووە. چەندین مانگە بەردەوام باس لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نیشتەجێ کردنی عەرەبە سورییەکان لە ناو سنوورەکانی سورریادا دەکات. ئەردۆغان دوژمنی حکوومەتی بەشار ئەسەدە و کەسێکە کە دەرگاکانی تورکیای بۆ دەرباز بوونی گرووپە جیهادییەکان بۆ چوونە نێو ڕیزی دژبەرانی حکوومەتی ئەسەد ئاوەڵا کردبوو. باکووری سووریا کە ناوچەی کوردنشینی ئەم وڵاتەیە بە ڕواڵەت باشترین ڕێگەچارە بۆ درووستکردنی ناوچەیەکی تامپۆن لە نێوان سووریا و تورکیادایە. ئەو کارەی کە ئیسڕائیلییەکان دەیانویست لە باشووری لوبنان بیکەن و نەیانتوانی ئێستا ئەردۆغان خەریکی تاقی کردنەوەیەتی لە باشووری تورکیا و باکووری سووریا. ئەردۆغان لەم ناوچانە لە حاڵی ئەنجامدانی تاوانێکی دیکەشدایە کە ئەوەش سڕینەوەی ئەتنیکیی کوردەکانە. ئەردۆغان بڕیاری داوە بە دەستێوەردانی سەربازیی لە باکووری سوریا و هەرەوەز کردنی میلیشیا عەرەبەکانی لایەنگری خۆی بە هەزاران کورد لە ماڵ و حاڵیان هەڵکەنێت و ئاوارەیان بکات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو سێ و نیو میلیۆن عەرەبە لەم بەشەی سووریادا نیشتەجێ بکات. بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە دژە مرۆییە دەیهەوێ وەڵامێک بۆ ئالنگاریی پەنابەرە سوورییەکان بداتەوە کە بەردەام لە لایەن دژبەرە ناوخۆییەکانیەوە وەک کارتێک بەکار دەهێنرێن. بەڵام ئەم سڕینەوە ئەتنیکییە لە سەر دەستی ئەردۆغان تۆوی دوژمنایەتیی لە نێوان عەرەب و کوردەکانی سووریادا دەچێنێت و دەبێتە سەرچاوەی توندوتیژی و ناسەقامگیریی زیاتر لە داهاتووی سووریا و ناوچەکەدا. ئەردۆغان دەرسێکی لە داگیرکەرانی ئیسڕائیلییەوە وەرنەگرتووە و بە هەمان ڕیگەدا دەڕوات. ئەمساڵ لە قسەکانیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەی زێدەخوازیی ئیسڕائیلییەکان و داگیرکردنی وڵاتی فەلەستینییەکانی پیشانی هەمووان دەدا بەڵام ئێستا خۆی هەمان ڕێگەی گرتۆتەبەر و ئەمەش دەیسەلمێنێت کە قسەکانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان شانۆیەکی بێ ناورۆک بوو کە ئەمڕۆ ڕاستییەکەی بۆ هەمووان ئاشکرا بووە.


بەڵام ئەردۆغان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم پلانە جینایەتکارانەی هەندێک کاری گەورەتریشی کردووە. دوو گرووپی میلیشیای عەرەبە سوورییەکان واتا سوپای وەتەنیی سووری (الجیش الوطنی السوری) کە ساڵی ٢٠١٧ دامەزرا و بەرەی نیشتمانیی ئازادیی (جبهة الوطنیة للتحریر) کە ساڵی ٢٠١٨ دامەزرا لە چەند حەفتەی ڕابردوودا ئاوێتەی یەک بوون. ئەوانەی پێشتر لە سوپای ئازادی سووریا کە ساڵی ٢٠١١ دامەزرا جیابوونەتەوە ئەم دوو گروپە میلیشیایان دامەرزاند. ئەم دو گروپە لەم ساڵانەدا بە پشتیوانیی دارایی تورکیا بەڕێوە چوون.

 

سوپای نیشتیمانیی سووری ئێستا لە ئیدلب لەلایەن ئەردۆغان و حکوومەتی تورکیاوە پشتیوانیی لێدەکرێت. نزیکەی هەشتا هەزار چەکدار لەم گروپانەدا پشتیوانییەکانی تورکیایان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە. ئەردۆغان لە ڕۆژانی ڕابردوودا کەڵکی زۆری لەم هێزانە وەرگرتووە و لەم ناوچانەی کە لەشکرکێشییەکەی ئەردۆغان دەچیتە پێشەوە، ئەم گروپانە تاوانی گەورەیان لە دژی کوردەکان ئەنجام داوە. ئەردۆغان بڕیاری وایە ئەو ناوچانەی لە چنگی کوردەکانی دەردێنێت لە سەر دەستی ئەم گرووپانە بپارێزێت.


لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات هۆکردی سیاسەتەکانی سێ وڵاتی بیانییە کە ناکرێ بە بێ دەوری ئەوان دۆخی ئێستای ئەم وڵاتە تاوتوێ بکرێت. دوابەدوای بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١وە سەرهەڵدانەکان لە سوریا بە شێوەی مامناوەند لە نێوان چوار بۆ شەش مانگدا بێ ئەوەی ئاوێتەی پێکدادان و توندوتیژیی ببێت، بەردەوام بوو. دوای ئەم ماوەیە بوو کە حکوومەتی سوریا بۆ سەرکوتکردنی خەڵک پەنای بەردە بەر توندوتیژیی. حکوومەتی ئێران یەکەم حکوومەت بوو کە بۆ پشتیوانیی لە ئەسەد و یارمەتیدانی لە سەرکوتکردنی خەڵکدا چووە ناو سوریا. سەردار هەمەدانی، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای قودس کە لە سوریا کوژرا، لە وتووێژێکدا شێوازی ئەم پشتیوانییە کە پشت بە مۆدێلی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سەوز لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ی ئێران دەبەستێت، ئاشکرا کرد. ئێران بۆ قووڵکردنەوەی "قووڵایی ستراتیژیی" دژە ئیسڕائیلیی خۆی بڕیاری دابوو نەهیڵێ حکوومەتی دیکتاتۆری سووریا بڕووخێت. ئێران لە پێناو درووستکردنی ڕێبەرایەتیی ژیارسازیی ئیسلامیی شیعی گەیشتبووە سووریا و دەیویست دەسەڵاتی ئێران لە ناو شیعەکاندا زیاتر بکات. هاوکات قەتەر و تورکیا یەکەم وڵات بوون یارمەتیی نەیارانی ئەسەدیان دەدا. هەردووکیان لە سەر بنەمای پەیوەندیی کۆنیان لەگەڵ ئیخوانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە ئیسلامییەکان پشتیوانیی خۆیان لە ئیخوانە سورییەکان دەست پێکردبوو. تورکیا سنوورەکانی بۆ گروپە جیهادییەکان ئاوەڵا کردبوو کە لە ڕێگەی سنوورە هاوبەشەکانی ئەم وڵاتە و سوریاوە جیهادییەکان دەچوونە ڕیزی دژبەرانی ئەسەد. لەگەڵ فراوانبوونی شەڕە ناوخۆییەکانی سوریا، سعودیە و گروپە جیهادییەکانی وەک جەبهەتولنوسرە کە هەمان ئەلقاعیدەی عێراق بوو، ڕاکێشرانە ناو سوریا. داعش دوو ساڵ دوای دەستپێکردنی شەڕە ناوخۆییەکان چووە ناو ئەم وڵاتە. حکوومەتی ئێران و حکوومەتی ئەسەد ئەو توانایان تێدا نەبوو شەڕە ناوخۆییەکانی سوریا بگەیەننە ئەنجامێکی خوازراو و ئەم شەڕانە گەیشتە بنبەست.


ساڵی ٢٠١٥ حکوومەتی ئێران ڕوسیای هاندا بۆ پشتیوانیی لە ئەسەد بچێتە نێو سوریا. ئێران بەبێ پەسەند کردنی پەرلەمان فڕۆکەخانەکانی خۆی دا بە ڕوسیا و حکوومەتی ڕوسیاش بە پشتبەستن بە هێزی ئاسمانیی خۆی شەڕەکەی لە قازانجی ئەسەد بەرەو ئامانجێکی نەخوازراو ڕاکێشا. هەرچەندە لە قۆناغێکدا شەڕ گەیشتە کۆتایی بەڵام ئاشتیی نەگەڕێنرایەوە بۆ سوریا و ئێستاکەش نەگەڕاوەتەوە. سوریا بە شێوەیەک پارچە پارچە بووە و لە کردەوەدا حکوومەتەکان و گروپە جیاوازەکان بەشە جیاوازەکانی سوریایان کۆنتڕۆڵ کردووە.


ئێستا لەشکرکێشییە سەربازییەکەی ئەردۆغان بۆ باکووری سوریا و هەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی ئەتنیکیی کوردەکان وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە سوریادا دێتە ئەژمار. سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و ڕوسیا بە دوای هەندێک بەرژەوەندیی تایبەتەوەن لە سوریا کە ئەم بەرژەوەندییانە دیارە بەرژەوەندیی گەلانی سووریا نەبووە و نابێت. ئامانجی ئێران فراوانکردنی دەستڕۆیشتوویی خۆی بۆ بەهێز کردنی دەسەڵاتی شیعەیە، تورکیا لە هەوڵی گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ دیکتاتۆرێک و ناسیۆنالیزمی تورکییە و ئامانجی ڕوسیاش کۆنتڕۆڵکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی سوریاوە.


ئەوەی بە لەشکرکێشییە سەربازییەکەی تورکیا لە سوریا ڕوویداوە، دوو براوە سەرەکییەکەی ڕووسیا و تورکیان. لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سوریا حکوومەتی ئەسەدی زیاتر بەرەو ڕووسەکان و یارمەتییە سەربازییەکانیان هانداوە. تورکیا بەشێکی گەورەی خاکی سووریای داگیر کردووە و دەتوانێ بە میلیۆنان عەرەبی سووری کە زۆربەیان وەفایان بۆ دەوڵەتی ئەسەد نییە، لەم ناوچانە نیشتەجێ بکات و ئەم ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکات. حکوومەتی ئێران هەرچەندە بە ڕواڵەت بە هۆی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەک براوە دەردەکەوێت، بەڵام ئێسا لە سوریادا لەگەڵ ئالنگاریی تورکیا و پشتبەستنی زێدەتری ئەسەد بە ڕوسیا ڕووبەڕووە. حکوومەتی ئێران دەسەڵات و توانای ئەوەی نییە تورکیا هان بدات لە سوریا بچێتە دەرەوە. لەلایەکی دیکەشەوە لە ئێستادا تورکیا وەک نەیار و ئێران وەک هاوڕای ئەسەد هەردووکیان بە هەندێک توانای جیاوازەوە لە پانتایی سیاسەتی سوریادا ئامادەن.


هەرگیز ئەمە وێنا ناکرێت کە تورکیا لە سووریا بچێتە دەرەوە بێ ئەوەی ئێران ئەم وڵاتەی جێهێشتبێت. لە ئێستاوە پوتین کە پێوەندییەکی گەرم و گوڕی لەگەڵ سعودیە، تورکیا و ئیسڕائیل هەیە ڕایگەیاندووە کە دەبێ هێزە بیانییەکان لە سوریا بچنە دەرەوە. لە هەمان حاڵدا ڕوسیا بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی لە سوریادا بە فەرمیی ناسیوە و دانی پێدا ناوە. هەروەها ڕوسیا پەیوەندییەکی بەرفراوانی بازرگانیی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا هەیە و لە سەفەری چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆیدا بۆ سعودیە هەندێک پەیمانی میلیارد دۆلاری و گەورەی لەگەڵ ئەم وڵاتە واژۆ کردووە. پوتین تا ئێستا پەیوەندیی ئابووریی لەم چەشنەی لەگەڵ ئێران نەبووە و هەروەک چین نیگەرانی هەڕەشەی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ئێرانە.


لەگەڵ هاتنی سوپای تورکیا بۆ سوریا کوردەکانی سوریا و ئەرتەشی ئازادی سوریا کە پێشتر لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە پشتیوانییان لێدەکرا، ئەمجارەیان لەگەڵ ئەسەد هاوپەیمانییەکیان پێک هێناوە. لە ئێستادا باشترین سیاسەت بۆ ئێران پشتیوانیی کردن لە دانووستانی بەردەوام بۆ لێککردن لە نێوان حکوومەتی ئەسەد و سوپای ئازادی سووریا و هێزە کوردییەکاندایە.  ئێران جارێک ئەم دەرفەتە مێژووییەی لە دەست داوە کە وەک ناوبژیوانێکی ئاشتیخواز لە نێوان گروپە جیاوزەکانی سووریادا بێت. ئەو کاتەی ئەم دەرفەتەی لە دەستدا تاکە وڵات بوو کە توانا و ئێعتیباری ئەم کارەی هەبوو. حکوومەتی ئێران دەسەڵاتێکی زۆری بە سەر ئەسەددا هەبوو و دەیتوانی گروپە جیاوازە دژبەرەکان کە زۆربەشیان ئیخوانیی بوون لە سەر مێزێک بۆ دەستەبەر کردنی ئاشتییەکی سەقامگیر کۆ بکاتەوە. ئەمە دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ ئێران چونکە ئەگەر ئەسەد و نەیارە ئیخوانییەکانی بیانتوانیبایە ئاشتییەکی سەقامگیر دەستەبەر بکەن ئەم وڵاتە دەیتوانی دۆستایەتییەکی بەردەوامی لەگەڵ ئێراندا هەبێت و ببێتە تامپۆنێکی ستراتیژیک لە نێوان ئێران و سعودیەدا. گەر ئێران توانیبای لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرێت، دەیتوانی پشتیوانیی تورکیا و قەتەریش مسۆگەر بکات و پێویست نەبوو دواتر هانی ڕوسیا بدات بۆ دەستێوەردان لە سوریا. بەڵام بە هۆی کاڵفامیی کاربەدەستانی ئێران کە وەهمی دەسەڵاتداریی گرتبوونی، لایان وابوو دەتوانن بەهاری عەرەبیی سەرکوت بکەن و دەسەڵاتی ئەسەد بپارێزن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکەدا فراوانتر بکەن. ئەمەش هۆکاری ئەو دۆخەی ئەمڕۆی سوریایە. کە ئەسەد بمێنێتەوە ئاشتیی ناگەڕێتەوە بۆ سوریا. لە دانووستانێکدا دەکرێ هەلومەرجێکی وەها بڕەخسێنرێت کە ئەسەد دوای چەند ساڵ واز لە دەسەڵات بهێنێت و ڕیگەی بەشداریی سەرجەم گروپە سورییەکان لە سیاسەتی سوریدا بکاتەوە. تەنها ئەو کاتەیە کە ئاشتی و سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە بۆ سوریا.


لە دوایین گۆڕانکارییەکاندا ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەر جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پەنس، لە دیداری تورکیادا هەوڵی ڕازی کردنی ئەردۆغانی دا بۆ ئاگربەستێک. پێویست بوو شەرمەزاریی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ئەمریکا بەم شێوەیە تا ڕادەیەک کەم بکرێتەوە. دوای چەندین کاتژمێر دانووستان لە کۆتاییدا ئەردۆغان قەبووڵی کرد بۆ ماوەی١٢٠ کاتژمێر هێرشەکانی لە باکووری سوریا ڕاگرێت بۆ ئەوەی هێزەکانی یەپەگە لەم ناوچەیە بکشێنەوە. تورکیا دەیهەوێ پانتاییەک بە قووڵایی ٢٠ مایل و بە درێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا و سوریا لە لایەن کوردەکانەوە چۆل بکرێت. هەرچەندە ئەم دەرفەتە پێنج ڕۆژییە دەتوانێ تا ڕادەیەک کۆتایی بە کۆمەڵکوژیی کوردەکان بیهێنێت بەڵام هیچ شتێک لە ئامانجی سڕینەوەی ئەتنیکیی کوردەکان لە لایەن تورکیا ناگۆڕێت.

 

ئەوەی ئەمریکا بە ئاگربەستی دەزانێت و تورکەکان بە ڕاگرتنێکی چەند ڕۆژە، پەردە لە سەر شەرمێکی زیاتر لە سەر ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و تورکیا ڕوویداوە، هەڵدەداتەوە. لەگەڵ ئەم ڕاگرتنە چەند ڕۆژەی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سوریا سڕینەوەی ئەتنیکیی کوردەکان بیچمێکی فەرمیی بە خۆوە دەگرێت و هاوکات لەلایەن ئەمریکا و حکوومەتی ترامپەوە داکۆکیی لێدەکریت. لە هەندێک بەشی ئەودیو هێڵی سنووریی تورکیا لۆرییە سەربازییەکانی ڕوسیا بە دوو ئاڵای ڕوسیا و سوریاوە دەبینرێن کە ئاشکرا دەریدەخەن کام دوو وڵات دۆخی سیاسیی هەنووکەیی سوریا کۆنتڕۆڵ دەکەن. تورکیا بەشێک لە خاکی سوریای داگیر کردووە و ڕوسیاش وەک کۆلۆنیالیستە کۆنەکان خەریکە لە ناچەکەدا بە هەمووان نیشان دەدات کە لە کۆتاییدا کام وڵات کۆنتڕۆڵی سوریای بەدەستەوەیە و دەتوانێ حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سەر تەختی دەسەڵات بهێڵێتەوە. ڕوسیا ئەم بەرپرسیارێتییە نوێیەی لە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە وەرنەگرتووە، بەپێچەوانەوە بۆ نیشاندانی ڕادەی دەسەڵاتی خۆی لە سوریا و ناوچەکەدا خەریکە كەڵکی لێوەردەگرێت.


ئەم وانەیە کۆتاییەکی تاڵ بۆ حکوومەتی دیکتاتۆریی سوریا و ئێران وەک یەکەم پشتیوانیەتی کە ئەو کاتەی سیاسەت پشتی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و دەوریان لە دامەزراندنی حکوومەتدا نەبەستبێت دەرەنجامێکی باشتر لەوەی نابێت.
دیکتاتۆرییەت بۆ مانەوەی خۆی لە کۆتاییدا پشت بە دەسەڵاتێکی دەرەکیی لە خۆی بەهێزتر دەبەستێت. تورکیا چووەتە سوریا بۆ ئەوەی لەوێ بمێنێتەوە، بەڵام ئەو کاتەی کە ئێران چوو لەوێ بمێنێتەوە ڕووبەڕووی ئالنگاریی ڕوسیا و ئیسڕائیل بووەوە و دەشبێتەوە. دوای خەرج کردنی پارەیەکی زۆر بەمزووانە ناچار دەکرێت ئەم وڵاتە جێبهێڵێت.