15/10/2019
ڤلادیمێر پوتین، تاوه‌كو ئه‌مڕۆ یانزه خه‌ڵاتی جیاوازی نێوده‌وڵه‌تیی وه‌رگرتووه، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌م خه‌ڵاتانه به‌قه‌د دیارییه‌كه‌ی ترامپ بۆ ڕۆژی له‌دایكبوونی گه‌وره و به‌به‌ها نه‌بوو. هه‌فته‌ی ڕابردوو قه‌یسه‌ره نوێكه‌ی ڕوسیا، له حه‌وتی مانگدا، ساڵیادی له‌دایكبوونی 67 ساڵه‌ی خۆی كرده‌وه. هه‌ر به „ڕێكه‌وت“ له‌و ڕۆژه‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكاش گه‌وره‌ترین و به‌به‌هاترین دیاریی پێشكه‌شكرد. دیارییه‌كه‌ش نه كڵاوی كاوبۆی بوو، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بكات و نه هامبهرگهریش بوو بۆئه‌وه‌ی تێری بكات، به‌ڵكو بڕیاری كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان بوو له ڕۆژئاوای كوردستان، كه هه‌م سه‌ری پوتینی پێ بڵندكرد و هه‌م ته‌ماحه سیاسییه‌كانیشی تێركرد.
بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژئاوای كوردستان، پرێسترۆیكایهكی سیاسیی ترامپ بوو بۆ دووباره دارشتنه‌وه‌ی بوونه سه‌ربازییه‌كه‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه و كردنی به‌فیعلی روسیا بوو به تاكه زلهێز و براوه‌ی یه‌كه‌می جه‌نگه پڕوكێنه‌ره هه‌شت ساڵییه‌كه‌ی سوریا.
ترامپ توانی به‌م دیارییه‌ی بۆ پوتین دڵی ئه‌ردۆگانیش بۆ چه‌ند ڕۆژێك خۆشبكات. هه‌ڵكردنی گلۆپی سه‌وز بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌و جۆش و خرۆشه ناسیۆنالیستییه‌ی لای ئه‌ردۆگان به‌رهه‌مهێنا، كه له‌شكره‌كه‌ی ده‌ستی واڵایه له داگیركردنی ڕۆژئاوا و له ڕێگایه‌شه‌وه نه‌ك ته‌نها گۆڕستانێك بۆ خه‌ون و بوونی كورد له سوریا دروستده‌كات و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆی ده‌پارێزێت، به‌ڵكو ده‌شبێته گه‌مه‌كه‌رێكی كۆلۆنیالی نوێ و تاكه هێزی گه‌وره‌ی ئیقلیمیی له ناوچه‌كه. هه‌ر بۆیه به‌ڕێكه‌وت دوو ڕۆژ دوای له‌دایكبوونی پوتین، له 9ی ئۆكتۆبه‌ردا ئه‌ردۆگان پێشئه‌وه‌ی له تویته‌ر هێرشه سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر رۆژئاوا ڕابگه‌یه‌نێت، یه‌كه‌م سه‌رۆك كه به ته‌له‌فۆن له پلانی داگیركارییه‌كه‌ی ئاگاداریده‌كاته‌وه، پوتین ده‌بێت.
پوتین له‌گه‌ڵ هیچ سه‌رۆك و ده‌وڵه‌تێكدا كێشه‌ی نییه گه‌ر گرفت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئاساییشی روسیا دروستنه‌كه‌ن. سیاسه‌تی پوتین سیاسه‌تی لایه‌نگریی نییه بۆ شیعه یان بۆ سوننه، بۆ عه‌ره‌ب، فارس یان ئیسرائیل، به‌ڵكو بریتییه له ستراتیژی ڕاگرتنی هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان هه‌موو بكه‌ره ده‌وڵه‌تییه دژ و ناكۆكه‌كاندا. پوتین نه په‌یمانی به كورد دابوو، تاوه‌كو هاوشێوه‌ی ئه‌مریكییه‌كان ده‌ستیان لێبه‌ربدات و بێهیوایان بكات و به شێوه‌یه‌ش وێنه‌ی خۆی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ناشرینبكات، نه په‌یمانی به توركه‌كانیش داوه تاوه‌كو دڵیان بشكێنێت. ئه‌وه‌ی پوتین له‌سه‌ره‌تاوه جه‌غدی له‌سه‌ر ده‌كردوه، پاراستی سه‌روه‌ریی و یه‌كێتیی سوریا و ده‌رچوونی هه‌موو هێزه ده‌ره‌كییه‌كان بوو له خاكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته. ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی پوتین له سوریادا ده‌یه‌وێت، دووباره دروستكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌رییه بۆ ده‌وڵه‌تێك له ناوچه‌كه‌دا كه ماوه‌ی هه‌شت ساڵه هه‌موو هێز و باهاكانی سه‌ره‌وه‌ریی خۆی، وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، له‌ده‌ستدابوو.
دیارییه‌كه‌ی ترامپ بۆ پوتین و تهنهاجێهێشتنی كوردان له‌گه‌ل چاره‌نووسی نادیاری خۆیاندا، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ی ناچاركرد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوریی رێكبكه‌ون. ئه‌م هاوكێشه نوێیه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی فه‌راهه‌مكرد كه پوتین نه‌ك هه‌ر ببێت به ڕزگاركه‌ری قوربانییه‌كانی ترامپ، به‌ڵكو روسیاش ببێت به تاكه گهمهكهری نێوده‌وڵه‌تیی له ناوچه‌كه. به‌م رێكه‌وتنه‌ش پوتین توانی خه‌ونه ئه‌رخه‌وانییه سوڵتانییه‌كانی ئه‌ردۆگان له سوریا و ناوچه‌كه‌دا سنوورداربكات و بیخاته به‌رده‌م فاكتێكی نوێی هاوسه‌نگیی هێز كه چیدی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ناتۆ ئیملای ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌ته‌نها روسیا.
قۆناغێكی نوێ له دووباره داڕشتنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی بۆ ده‌وڵه‌تی سوریی و هاوكێشه‌ی هێز له ناوچه‌كه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات كه تیایدا كورد له ڕاوكردنی ده‌وڵه‌تێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی توركییه‌وه ده‌چێته قۆناغی ڕامكردنهوه له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی دیكتاتۆریی عه‌ره‌بیی. پوتین به‌م ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان كوردی ڕۆژئاوا و ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیی سوریا، ده‌یه‌وێت په‌یامی ئه‌وه به هه‌موو لایه‌ك بگه‌یه‌نێت كه روسیا چه‌نده ئاماده‌یه كوردان له‌ناو چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی سورییدا له ده‌ستدرێژیی ئه‌ردۆگان بپارێزێت، ئه‌وه‌نده‌ش ئاماده‌یه له‌ژێر سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی سورییدا ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ توركیا دروستبكات و له مه‌ترسیی نه‌یاره‌كانی بۆ سه‌ر ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی بیانپارێزێت.
دوای ئه‌م هه‌موو رێككه‌وتنه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌ش، هه‌ر „به‌ڕێكه‌وت“ دوێنێ پوتین سه‌ردانی دوژمنی بابه‌گه‌وره‌ی توركیای له خه‌لیج كرد و داڵێكی پێشكه‌ش به سوڵتانهكهی مه‌مله‌كه‌تی سعودیی، مه‌لیك سه‌لمان، كرد. داڵێك كه مهشقپێكراوه بۆ ڕاوكردن.
خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه به جوگرافیایه‌ك بۆ پێشبڕكێی ڕاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌نێوان ده‌وڵه‌ته زلهێزه جیهانییه‌كان و ده‌وڵه‌ته ئیقلیمییه‌كان، كه تیایدا سه‌رۆكه دیكتاتۆر و „سوڵتانه چنگ بەخوێنهكان“ به ئاره‌زووی خۆیان نه‌ك هه‌ر ڕاوی خه‌ونی ئازادیی ئینسانی كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به حه‌قیقیی ڕاوی ژیانی ئه‌م كه‌مینه زوڵملێكراوه ده‌كه‌ن. ڕێككهوتی ناچاریی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) له‌گه‌ڵ یه‌كێك له دوادیكتاتۆره دڕنده‌كانی جیهانی عه‌ره‌بیی ته‌نها به روونكردنه‌وه‌كه‌ی مەزڵوم کۆبانێ پاساودهكرێت، كه له نووسینێكیدا ده‌ڵێت: „كاتێك دوو بژاردەت لەبەردەمدا بێت لە نێوان كۆمەڵكوژیی نەتەوەیی و دەستبەرداربوون لە هەندێك ماف، بەدڵنیاییەوە ڕزگاركردنی گەل لە كۆمەڵكوژیی باشترینە“. له‌نێوان ڕاوكردن و ماڵییكردندا، دۆزینه‌وه‌ی ماڵێك بتپارێزێت باشتره له سه‌ربڕین و خواردن.
ئه‌و فاكته تاڵه‌ی له ئه‌زموونی ڕۆژئاوادا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه كه قوربانیانی ڕۆژئاوا به فشاره ئابووریی و سیاسییه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بۆ ڕاگرتنی جه‌نگه مهترسییدارهكهی ئه‌ردۆگان، زیندوونابنه‌وه، به‌ڵام ده‌توانێت ژیانی ئه‌وانه‌ی هێشتا له‌ژیاندا ماون و نه‌كوژراون، كه‌م تا زۆر بپارێزێت.
پڕۆژه‌ی ڕاوكردنی خه‌ون و ژیانی كوردان له ستراتیژی توركیادا كۆتایی نه‌هاتووه. گۆڕینه‌وه‌ی دیاریی تریش له‌نێوان سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی جیهان و ده‌وڵه‌ته ناوچه‌ییه‌كاندا به‌ڕێوه‌یه، كه وا له هه‌ر یه‌كێكیان ده‌كات به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوكێشه نوێی ناوچه‌ییه‌كاندا هه‌ڵسوكه‌وت بكات. كوردی باشووریش له‌داهاتوودا ده‌بێت خۆی یان بۆ ڕاوكردنێكی نوێ ئاماده‌بكات، یان بۆ ڕامكردنێكی نوێی دوای قۆناغی شكستی گوتاری ناسیۆنالیزمه هه‌رێمییه‌كه‌ی ریفراندۆم و كاره‌ساته نیشتیمانییه‌كه‌ی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر.