مەترسیەكانی دیاردەی تەكەتول لە حیزبی كوردیدا

30/09/2019

دكتۆر ره‌ئوف عوسمان

تەكەتول دیاردەیەكی خێڵ گەرایی پاوان خوازییە لە چوار چێوەی حیزبدا، واتە بە خێڵ كردنی حیزب لە شێوازێكی سەردەمیانەی نمایش كارانەدا. ئەم دیاردە یە لە نێو حیزبە جیهانییەكاندا لەسەر بنەمای  جیاوازی لە هزر و فەلسەفە و دنیا بینی و هەڵوێستی سیاسیدا دێتە ئاراوە، وەك بەرەی چەپرەو و راسترەو، دیموكرات خوازو دژەكەی، ریفۆرم خوازو كۆنە پارێز ... هتد، بەڵام بەداخەوە لای ئێمەی كورد تەكەتول لەسەر  بنەمای بەهـێزكردنی  پێگەی  خودو پاوان خوازی و ترسان لە هێزو دەسەڵاتی باڵی بەرامبەر دێتە ئاراو.

لە سێبەری تەكەتولدا بەهای  كۆمەڵایەتی و  ڕێكخراوەیی و پێكەوەیی لاواز دەبێت

لە سێبەری تەكەتولدا بەهای  كۆمەڵایەتی و  ڕێكخراوەیی و پێكەوەیی لاواز دەبێت، لە بری ئینتما بۆ پەرژەوەندیەكانی  حیزب و خەڵك و نیشتمان، ئینتما دەگۆرێت بۆ دەسەڵاتداری  باڵەكانی نێو حیزب، لە نێوەندی دەستەگەری و باڵ باڵێندا، خەباتگێرە خوێندەوارو ئەكادیمیەكان لەبەرئەوەی تەكەتول بە كەرتكردنی حیزب دەزانن، خۆیانی لێ بە دور دەگرن.

ئەگەر چۆمسكی و ڤـۆلتێر  و نیچە و ئەنیشتاین و ئیمامی شافیعی لەتەكەتولێكدا نەبن و كێ بەركێ بكەن بۆ پۆستێك لەگەڵ شاتە شات كەرێكی سەر بەتەكەتولەكەدا، هەرزوو دەیدۆرێنن 

واتە پاشەكشە دەكەن لە بەردەم نەخوێندەوار و دەمبازو سادەلەوحەكاندا، وەك ریكاردۆ دەڵێت (العملة الرديئة تطرد العملة الجيدة في المنحنيات الصعبة) ئەگەر چۆمسكی و ڤـۆلتێر  و نیچە و ئەنیشتاین و ئیمامی شافیعی لەتەكەتولێكدا نەبن و كێ بەركێ بكەن بۆ پۆستێك لەگەڵ شاتە شات كەرێكی سەر بەتەكەتولەكەدا، هەرزوو دەیدۆرێنن (درجنگ أول كشتە شد) . لەسێبەری تەكەتولدا نەیارو دوژمنەكانی حیزب، درزەكانی حیزب گەورەتر دەكەن و زیاتر دەستی تێدەكێشن و زەفەری پێ دەبەن، لەمەناخی  تەكەتولدا جۆرێك لە تاپۆی (شبح) هەواڵدزی و بێ متمانەیی و چاودێری كردنی یەكدی و ڕاپۆرت كاری و دڵەراوكێ و ناسەقامگیری دەرونی دێتە نێو ئەفرادەكانی حیزب و لە پەلو پۆیان دەخات.

 

لە سایەی تەكەتولدا خەمی پرسە گەورەكانی وەك نیشتیمان و خەڵك كاڵ دەبێتەوەو زۆربەی هەوڵەكان  بۆ سەرخستنی تەكەتول تەرخان دەكرێت. لە هەموی كارەسات تر ئەوەیە كە كەسی یەكەمی حیزب: خۆی تەكتول ئیدارە  بدات، دیارە لە وە ها حاڵەتێكدا  بەیەك مەسافە لەگەڵ  هەڵسوڕاوەكاندا  مامەڵە ناكات، واتە لە باوكێتی  دەردەچێت  و سەرۆكەكەشی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئیتر لێرەوە چارەنوسی حیزب تاریك دەبێت و نائومێدی و رەش بینی باڵ دەكێشێت بەسەر ئەفرادەكانی  حیزبدا و پەرت بون و دابڕان دروست دەبێت . 

دەرهاویشتەی تێوەگلانی سەرۆكی حیزب لە ئیدارەدانی تەكەتولدا وادەكەوێتەوە:
1-عەدالەتی كەسی  یەكەم دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونكە كار بۆ دابینكردنی پۆستی حیزبی و حكومی بۆ باڵەكەی  خۆی دەكات بەر لەهەر كەس .
2-حیزب بەرەو كەرت بون و هەڵوەرین دەبات .
3-سەرۆك  بەرەو  فەردانیەت و تاكرەوی هەنگاو دەنێت ، چونكە بە هۆی بە هێزكردنی باڵەكەیەوە ، هەست بەسەركەوتن و هێز دەكات .
4-لە دەستدانی  متمانە و بروا بەیەك بون لە نێو ئەفرادەكانی حیزب و سەركردایەتیدا لە لایەك و ئەفرادەكان و سەركردایەتیش بەجیا جیا لە لایەكی ترەوە .
5-بەناوی باڵانس راگرتنی نێوان باڵەكانەوە  سنورەكانی دەستور و یاسا دەبەزێنرێت و لۆژیكی سوڵح !! دێتەكایەوە .
6-لایەنی پۆپۆلستی بەسەر لایەنی عەقڵانی و بیرمەندیدا زاڵ دەبێت .
7-تاكتیك جێگای ستراتیژ دەگرێتەوە و حیزب لە گرێژنە دەردەچێت .
8-پابەند بوون بە بۆچوون و دنیابینێكانی سەرۆك كاڵ  دەبێتەوە .
9-مرۆڤی  گوێ لە  مست و كۆیلە سیفەت بەرهەم دێت و بەهای خەبات و قوربانیدان و تەمەن و جۆری  خزمەت  پشت گوێ دەخرێت .
10-سەرهەڵدانی گیانی بێهودەیی و هیچ گەرایی و بروانەمانی ئەفرادەكان بەدروشم و پرنسیپەكانی حیزب ، واتە حیزب دەبێتە دیكۆرێكی نمایشی و ڕۆژ دوای  ڕۆژ لە خەڵك دادەبڕێت .