01/12/2018
هه‌ركاتێك له زمانی كوردیدا باس له زمان، زاراوه، شێوه‌زار، وشه ده‌كرێت.نابێت نه‌بوونی زمانی ستانده‌ردی كوردیمان بیربچێتەوە، كه سه‌رجه‌م كێشه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه. چونكە هەبوونی زمانی ستاندار به تایبه‌ت بۆ زمانی كوردی، ده‌بینه خاوه‌نی زمانێكی فه‌رمی كه ده‌توانین له‌و ڕێگایه‌وه كاروباری وڵات، له ده‌زگا فه‌رمییه‌كانه‌وه به‌و زمانه نووسراوی پێ بنووسرێت، په‌رتووكه‌كان نه‌توانن پڕ بن له هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و قرتاندنی پیتی وشه یان زیادكردنی، گۆڤاره‌كان ناونیشانه‌كانی جوانتر خۆیان پیشان ده‌ده‌ن، بێژه‌ره‌كان كه‌متر زمانیان ته‌ته‌ڵه ده‌كات و به شه‌رمێكه‌وه ده‌ڵێن"ببورن" .
ده‌بینی له وڵاتانی وه‌كو مه‌غریب و لیبیا خه‌ڵكه‌ی به شێوه‌زاری جیاواز یان با بڵیین به زاراوه‌ی جیاوازی عه‌ره‌بی قسان ده‌كه‌ن، بۆنموونه مهغربییهكان به‌هۆی ژێر ده‌سته‌بوون و داگیركاریان له‌لایه‌ن فه‌ره‌نساوه به زۆری زمانی فه‌ره‌نسی به سه‌ریاندا زاڵه، له بری ئه‌وه‌ی بڵێن"قالو" ده‌بێژن"غالو." هاوڵاتییه‌كی لیبیایش به ئه‌سته‌م ده‌توانی له زمانه عه‌ره‌بییه‌كه‌یان تێبگه‌یت.ئه‌وه‌ش دیسان كاریگه‌ری زمانی ئیتاڵییان پێوه دیاره. به‌ڵام كاتێك موعمه‌ر قه‌ززافی سه‌رۆك پێشووی لیبیا "په‌رتووكی سه‌وز" ده‌نووسێت شای وڵاتی ئه‌و كاتی مه‌غریب شا حه‌سه‌نی دووه‌می كوڕی محه‌مه‌د به زمانی ستانده‌ری عه‌ره‌بی زۆر به ڕه‌وانی ده‌یخوێنێته‌وه و بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌كی لا درووست بێت.(مه‌گه‌ر له ڕووی فكری قهززافییهوه كێشه‌ی هه‌بوو بێت.) .
ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌راورد كارییه بهێنینه هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئایا قۆخ فرۆشێكی شاری دهۆك، له‌گه‌ڵ باخهوانێكی گەرمیان و گەرمەسێر نامه‌یه‌ك بگۆڕنه‌وه؟ به چ زمانێك و چ زاراوه‌یه‌ك ده‌ینووسن؟ دڵنیام به زمانی عه‌ره‌بی ده‌ینووسن.كێشه‌كه دیسان لایه‌نی سیاسی و سیاسه‌تی كورت مه‌ودای حكومه‌تی كوردستان بووه كه كارێكیان نه‌كردووه، زمانێكی یه‌كگرتووی نووسینمان هه‌بێت و هیچ كه‌سێك كێشه‌ی بۆ درووست نه‌بێت. نه‌وام چۆمسكی گه‌وره فه‌یله‌سووف و زمانه‌وان و مێژوو نووس، له پێناسه‌ی كورتی زماندا پێی وایه زمانی ئامرازێكه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانین په‌یوه‌ندی درووست بكه‌ین یاخود ئامرازێكه بۆ په‌یوه‌ندیكردن.
ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئێمه‌ی كوردی ئه‌م پارچه‌یه زمانێكی كوردی درووست بكه‌ین هه‌موومان له نووسین وه‌كو یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، به‌ده‌ر له هه‌وڵی فه‌رمانڕه‌واكان(هه‌وڵیان بۆ نه‌داوه) و ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كان( نییه یان لاوازن) میدیا ڕۆڵێكی به‌رچاوی ده‌بێت هه‌بێت، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان به شوێن ئه‌و وشانه بگه‌ڕێن كه مردوون و سه‌رده‌میان به‌سه‌ر چووه.
چیرۆكنووسێكی تورك ده‌ڵێت" دشمانێك هه‌بوو، له‌ناو توركیا له بیر كرابوو، چه‌ندین شار و لادێ گه‌ڕام، شه‌ڕم به خه‌ڵكی ده‌فرۆشت تاوه‌كو ئه‌و جنێوهم پێبده‌ن، كه‌س نه‌یده‌گوت، تاوه‌كو ڕۆژێك ژنێك مانگای ده‌دۆشی ڕۆیشتم شه‌قێكم له شیره‌كه‌ی هه‌ڵداو و ڕشتم. ئه‌ویش ئه‌و جنێوه‌ی پێدامه‌وه كه من ده‌مه‌ویست، كه گه‌ڕامه‌وه دڵخۆش بووم و جنێوه‌كه‌م له چیرۆكێكمدا جێگه كرده‌وه.".
كاتێك هاتین و بیرمان له ناونانی په‌یسه‌ر پرێس كرده‌وه، چه‌ندین وشه و فه‌رهه‌نگ له مێشكی هه‌ریه‌كه‌مان گینگڵی ده‌دا، وشه‌ی په‌یسه‌ر سه‌رنجی ڕاكێشایین چونكه ئه‌م وشه‌یه، وشه‌یه‌كی كۆنی هۆرامییه له نێو شیعری شاعیرە گه‌وره‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره و له نێو دێڕهكانیان گه‌ردو تۆزی بێنازی به‌سه‌ریدا باریبوو، په‌یسه‌ر به واتایی(لێكۆڵینه‌وه)یاخود گه‌ڕان به شوێن ئه‌و شته‌ی لێمان ونبووه، به‌كارده‌هێنرێت. ده‌مانه‌وێت به ماندوو بوون بیسەلمێنیین ئێمه به ده‌ر له كاری میدیای بەرپرسیاریەتیەكی دیكەمان لەسەر شانە، ئەویش هێنان و زیندووكردنەوەی وشه و گرێ و ڕسته‌ی جواننن تاوه‌كو نه‌وه‌یه‌ك پێ بگات بزانن ئێمه ته‌نیا په‌یسه‌ری هه‌واڵ و زانیارییه‌كان نه‌بووین، بگره خه‌مێكی دیكه‌مان هه‌یه ئه‌ویش زمانه‌كه‌مانه.