25/06/2019
ئاكه‌په کە لە ساڵی ۲۰۰۲دا بە ئامانجی گەیاندنی تورکیا بۆ سەرکەوتووترین نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەپێی پەیڕەوکردنی سێ بنه‌مای سەرەکی (سیکۆلاریزم، دیموكراسی و بازاڕی ئازاد) گەیشته دەسەڵات و لە ساڵی ۲۰۱۰دا بە تۆمارکردنی 9%ی گه‌شه‌سه‌ندنی كۆی به‌رهه‌می نیشتمانی، بووە یەکێک لە گەورەترین ئابوورییە بەهێزه‌كانی جیهان، ئێستا بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی ئاماژەیان پێدرا و خه‌رجكردنی بودجەیەکی زۆر بۆ شەڕی دژ بە کورد لە سوریا، ئابووریی ئەو وڵاتە بەرەو لاوازبوون چووە و به‌های لیره‌ی تورکی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە و ڕێژه‌ی بێ‌کاری و ئاستی هەڵاوسانیش زیادیانکردووە. هەوڵەکانی ئه‌كه‌په لە چەند مانگی پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە دابەزینی به‌های لیره، ته‌نها تاکتیکی هەڵبژاردن بوون، بە گوێره‌ی لێکدانەوەی پسپۆڕانی ئابووریی، ئەو هەوڵانە تەنها بۆ دانانی کاریگەریی بوون له‌سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دوای ۳۱‌ی ئازار دۆخی ئابووریی تورکیا وەک خۆی لێهاتەوە، ئەوەش دەکرێت وەک یەکێک لە هۆکاره‌کانی شکستی دووبارەی ئاكه‌په لە ئیستانبوڵ سەیر بکرێت.
فشارخستنهسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی توركیا بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامەكان لە لایەن ئاكهپهوە، گومانی دەستکاری ئەنجامەکان و هێنانی هێزی ئەمنی لە شارەکانی دیکەوە بۆ ئیستانبوڵ بە بیانووی پاراستنی ئارامی هەڵبژاردن و ئەگەری کەڵکوەرگرتن لە دەنگی ئەو هێزە، بوونە هۆی بێ متمانەیی زیاتری ئۆپۆزسیۆن، کەسانی میانڕه‌و و ئەو لایەنگرانەی ئاكه‌په کە لە هەڵبژاردنەکەی پێشوودا نەهاتبوونە سەر سەندووقی دەنگدان.
بەڵام هۆکاری سەرەکیتر بۆ دووبارە دۆڕانی ئەردۆغان، دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێکی گرنگتر لەوانەی پێشوو. ئەوانیش سیاسەت و ڕۆڵی پارتی دیموكراتی گەلان (هه‌ده‌په) و کوردانی نیشتەجێی ئیستانبوڵن.
کورد لە تورکیا کە لە سەرەکیترین مافەکانی بێبەشبووە و هەمووکات وەک ئامراز و کارتێک لە سەرده‌می هەڵبژاردنەکاندا سەیرکراوە، ئەمجارە بە باشی لە سیاسەتەکانی ئاكه‌په دژ بە خۆی تێگەیشت و بە ده‌ستنیشاننه‌كردنی كاندید لە گەورە شارەکانی ئەنقه‌ره، ئیستانبوڵ و ئەزمیر لە هەڵبژاردن بێلایەن بوون، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانیان لە كاندیدی جه‌هه‌په کرد. ئەو ستراتیژه‌ی هه‌ده‌په لەگەڵ سیاسەتی پارتی کرێکارانی کوردستان لە قەندیل هاوئەهەنگ بوو و ڕێگەی بۆ دەسپێکردنی سه‌رده‌می لاوازبوونی ئاكه‌په خۆشکرد.
پساندنی پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورک لە لایەن ئەردۆغان و نەهێشتنی چاوپێکەوتنی پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ زیاتر لە هەشت ساڵ و پشتیوانیکردن لە داعش بۆ گرتنی "کۆبانی" و داگیرکردنی عەفرین و دوژمنایەتیکردنی هەرچی زیاتری ئەردۆغان لەگەڵ کورد و دەستکەوتە سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی کوردانی سوریا و هێزەکانی یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده، هەروەها هەڵگیرساندنی دووبارەی شەڕ لەگەڵ په‌كه‌كه و زیندانیکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هه‌ده‌په و په‌رله‌مانتارانی ئەو پارتە و هەزاران ئەندام و لایەنگری دیكه، ڕەتکردنەوەی پرسێک بە ناوی "پرسی کورد" و وڵات و جوگرافیایەک بە ناوی "کوردستان" لەناو تورکیادا، ئەو بابەتانەن کە بوونە هۆی ڕەشتربوونی ئەردۆغان و پارتەکەی لە چاوی بەشێکی زۆر لە کوردان، لایەنگرانی پارتی دیموكراتی گەلان لە شاری ئیستانبو. ستراتیژی لاوازکردن و شکاندنی ئاكه‌په یان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا هەڵبژارد و پشتیوانیکردنی ناڕاستەوخۆ لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، كاندیدی جه‌هه‌په ئیستانبوڵ، بووە هۆکاری سەرەکی تێکشاندنی دووبارەی ئەردۆغان لەو شارە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسەت لە تورکیادا.
ئاكه‌په بە ڕێگەپێدان بە دیداری پارێزەران لەگەڵ ئۆجەلان لە چەند هەفتەی پێش هەڵبژاردنەکانی ۲۳ی حوزه‌یران و بەکارهێنانی وشەی "کوردستان" لەلایەن بیناڵی یڵدرم (هەمان وشە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هه‌ده‌په بەهۆی بەکارهێنانیهوه زیاتر له دوو ساڵه لە زیندانە) و قسەکردن بە زمانی کوردی لە ئامەد و هەروەها هێنانەژوورەوی ئۆجەلان بۆ کایەی سیاسی لە ئیستانبوڵ، دەیویست بۆ جارێکی تر دەنگی کوردانی ئیستانبوڵ بۆ خۆی ڕابکێشێت، بەڵام ستراتیژه‌كه‌ی هه‌ده‌په و هۆکارەکانی دیکەی كه ئاماژەیان پێکرا، شکستی ئاكه‌په و ئەردۆغانیان دەستەبەرکرد و ئەفسانەی ئەردۆغان و سیاسەتی عوسمانی نوێ تێکشکێندرا و ئەگەری باڵکێشانی دیموكراسی بەسەر داهاتووی تورکیادا زیاتر لە جاران دەبینرێت.
ئێستا ئه‌كه‌په باش بۆی ڕوونبووهتەوە کە کورد دەتوانێت شکستی پێبهێنێت و جه‌هه‌په‌ش تێگەیشتووە بە بێ کورد ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.