گۆڕان لادان یان مانەوە لەسەر ڕێگە ڕاستەکە

23/06/2019

زریان عەلی

بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو کۆمەڵێک ئامانجدا دامەزرا، ئەویش ئازادی ، دیموکراسی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ژیانێکی کامەران، هۆشیاری کۆمەڵگە، چاککردنی سیستمی سیاسی و ڕێککردنەوەی ناڕێکیەکانی حکومڕانی، گۆڕینی ململانێی چکداری بەململانێی سیاسی و مەدەنی و شکاندنی بت و سەردار و سەرۆکەکان و کۆمەڵێک ئامانجی گشتی تر، کە هەرێمەکەمان پێوستی پێی بوو .

ئەوەی ئێستا بۆتە جێی پرسیار ئایا بزوتنەوەکە لەسەر هەمان ڕێچکەیە؟ کاربۆ بەدیهێنانی هەمان ئەو ئامانجانە دەکات، یاخود نا؟ بەتایبەت لەدوای ڕێکەوتنی چونە حکومەتی بزوتنەوەکە لەگەڵ (پ.د.ک).

یەكەم: لەپێناسەی زانستی سیاسیدا بۆ هەر پارتێکی سیاسی، بونی ئامانجی گرتنەدەستی دەسەڵاتی تێدانەبێت ئەوا سیفەتی پارتی سیاسی لەدەست دەدات، چونکە هەرپارتێکی سیاسی بیەوێت بەشداری لەچاککردنی کۆمەڵگەدا بکات و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی بەرژەندی گشتی  بدات، پێویستە بەشداری سیاسی و حوکم داری بکات، واتە بەشداری لەحکومەتدا عەیبە نیە  وەك ئەوەی كەئێستا لێرەو لەوێ‌ وەك هەڵەیەكی سیاسی گەورەو لادان  وێنادەكرێت.

دووەم : تایبەت بەوەی كە ئایا بەشداری گۆڕان بۆ چ ئامانجێکە؟ 
وەڵامی ئەم پرسیارەش بەڕوونی لەدەقی ڕێکەوتنامەکەی گۆڕان و پارتی دیارە، کە بۆ باشكردنی بژێوی و ژیانی خەڵک و یەکگرتنەوەی هێزی چەکدارو چەسپاندنی  هەڵبژاردنی سەرۆک لەپەرلەمانەوە و زۆر خاڵی ترە ک ەلەبەرژەوەندی گشتیدان و هەمووشیان لەئامانجە بنەڕتی و سەرەتاییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە سەرچاوەی گرتووە.پاشان ئەوەی تایبەتە بەئازادی و ڕەخنەو بۆچونە کان هیچ هێزێک هێندەی گۆڕان نەکەوتوەتە بەر ڕەخنەو تەنانەت تانەلێدانیش كە  ئەم ڕەخنانە لەگەڵ ئەوەی بەشێكی لەدڵسۆزی و ترس و نەبوونی متمانەوە بەهێزی بەرامبەر سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بەشەكەی تری ترسە لەسەركەوتنی سیاسی  بزوتنەوەی گۆڕان و بەهەموو جۆرێك ئەم بەشداربونە بەعەیبەو هەڵەی زۆر گەورە وێنادەكەن كە لە بنەڕەتدا خۆشیان دەزانن بەو جۆرە نیە.

هەر ئەو ڕێکەوتنەش سەلمێنەری ئەو سەركەوتنەیە کە گۆڕان بەبڕوابوون بەململانێی سیاسی بەدەستی هێناوە و بوەتە هۆی بەهێزتر بونی پێگەی گۆڕان و بچوکبونەوەی زیاتری ئەو هێزەی دەیویست بەهێرش و تەقەکردن و تەزویر گۆڕان بچوک بکاتەوە.

ئەوەی لەهەموی گرنگترە بڕوابوونە بەهێزوتوانای بزوتنەوەکەو  دان نانە بەکاریگری هێزەکەی، بۆنمونە كاتێك براوەی یەکەمی هەڵبژارن بەو جۆرە دێتەپێشەوەو هەمو هەوڵێک دەدات تاگۆڕان ڕازی بکات و مامەڵەی ژمارەی کورسی لەگەڵ ناکات، ئەمە خۆی داننانە بەوەی گەر تەزویر نەبێت بزوتنەوەکە  لەوەگەورەترە کەپیشاندراوە و دەتوانێت ببێتە بەدیلی هێزو لایەنە سیاسیە گەورەكانی پێشوو كەئەم بەدیل بونەش بەڵێنی سەرەتای بزوتنەوەكەیە،پ اشان لێدوانی مامۆستا (علی باپیر)بەوەی دەڵێت "برایانی گۆڕان لەو حکومەتەدان"وەک جۆرێک لەدڵنیایی بەخۆی و هاوڵاتیان  سەلمێنەری ئەوڕاستیەیە کەتائێستاش بزوتنەوەکە لەخزمەت خەڵکدایەو خەڵکیش پشتیوانیەتی و متمانەی پێیەتی.

ئەمە لەکاتێکدا هەندێ ڕەخنە لەسەر بزوتنەوەکە هەیە پەیوەستن بەناوخۆی خودی بزوتنەوەکەوە ، پێویستە ئەوە بوترێت لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هیچ کات ئەم بزوتنەوەیە خاوەنی ڕێکخستن و پرەنسیپی حزبی توندو پەتی نەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیار وایە لەداهاتودا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەڵبژاردن بکرێ و پێداچوونەوەی باشیش لەناوخۆدا بکرێت.

بۆیە دەکرێت بڵێین ئێستاش بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ڕێڕەوە ڕاستەکەی خۆی و بۆ ئامانجە بنەڕەتیەکانی بەڕێکخەریی هاوڕێی تەمەن و متمانەپێکراوی ڕەوانشاد (کاک نەوشیروان)، بەڕێز(عومه‌ری سه‌یدعلی)و کاکەکانی تری بزوتنەوەکەو خوێنکارە گەنجەکانی ڕەوانشاد لەفراکسیۆنە جیاوازەکانی و ژوورەکان  بەردەوامە و لای نەداوە ، بۆداهاتوش چاکسازی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان لەلایەن تیمی حکومی بزوتنەوەکە ڕاستیەکان دەسەلمێنرێت.