22/06/2019
ئەوەی هەرێمی کوردستانی پێدەناسرێتەوە قەیرانە هەمەچەشنەکانیەتی، ئیتر دارایی، سیاسی، یاسایی وخزمەتگوزاری و.... هتدبێت.
جگەلەمانە هەرچەند مانگەو قەیرانێکی تر بۆ پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان دروست دەبێت یاخود دروست دەکرێت.
باشە چ مەعقولیەتێکی تێدایە دوو ڕۆژ تەماتەو پیاز لەئێرانەوە هاوردەی هەرێم نەکرێت، کیلۆی تەماتە بگاتە (۲۰۰۰)دووهەزار دینار لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان جگەلەوەی خاوەنی باشترین زەوی بەپیتە ، دەشتوانرێت لەخاکەکەیدا پێداویستی ( ۱۰ )دە ملیۆن هاوڵاتی لەسەوزەومیوە بەتەواوی دابینبکرێت وبەرهەم بهێنرێت.
کەی ڕەوایە چەند ڕۆژێکی کەم تورکیا هاوردەی هێلکە بۆهەرێم وعێراق ڕابگرێت تەبەقێک هێلکە نرخەکەی ( ۲۰۰٪)بەرزببێتەوە ، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خۆی خاوەنی ( ۱٤۰۰)هەزاروچوارسەد کێڵگەی پەلەوەرییە وگەرحکومەت خۆی هاوکاریان بێت ئەوا زۆر لەپێداویستی زیاتری دانیشتوانی هەرێم دەتوانرێت مریشک وهێلکەش بەرهەم بهێنن وبگرە هەناردەشی بکەن ۰
باشە وڵاتێکی وەک ئێران بۆ دەتوانێت تەنها لەساڵی (۲۰۱۸)دا بڕی ( ۹٥ )نەوەدو پێنج هەزارتۆن تەنها ماست هەناردەی وڵاتان بکات و بایی ( ۸٥)هەشتاوپێنج ملیۆن دۆلاریش بەعێراق وهەرێمی کوردستان بفرۆشێت؟
لەکاتێکدا سەردەمانێک نەعێراق ونەهەرێمیش پێویستیان بەسەتڵێک ماستی هاوردەی هیچ وڵاتێ نەبوو ، بەڵام بێ پلانی وادەکات کەلەوڵاتێکی بەرهەم هێنەوە ببیتە بەکاربەرێکی تەواو،و هەمیشە چاومان لەدەستی دەرەوە بێ.
سەیرنەبێت بەلاتانەوە لەسەر ئەوهەموو گوێزەی هەورامان وناوچەکانی تری هەرێم کە بەرهەم دێن کەچی مانگانە بایی ( ۱٥)پانزە ملیۆن دۆلار گوێزی ڕوسی وئێرانی وئۆکرانی و۰۰۰۰۰۰هتد هاوردەی هەرێم دەکرێت ، کەساڵانە دەکاتە ( ۱۸۰)سەدوهەشتاملیۆن دۆلاری ئەمریکی ۰
خاکی هەرێمێک کەهێندە بەپیت بێت وهەموو ڕەگەزەکانی کشتوکاڵی بەزیادەوە تێدا بێت، چ مەنتقێکی تێدایە ساڵانە تەنها (٥٤) پەنجاوچوارهەزارتۆن میوەی تێدا بەرهەم بهێنرێت، لەکاتێکدا ساڵەکە هەرێم ودانیشتوانەکەی پێویستیان بە ( ٥۳۰)پێنج سەدوسی هەزارتۆن میوەهەیە.
یاخود ساڵانەهەرێم بۆپێداویستی دانیشتوانەکەی پێویستی بە ( ۲۰۰)دووسەد هەزارتۆن برنج بێت کەچی ساڵەکە بتوانرێت تەنها ( ٥ -- ٦ )پێنج بۆشەش هەزارتۆن بەرهەمی برنجت هەبێت.
هەرێمی کوردستان تەنها هاوردەکەری سەوزەومیوەنیە بەڵکو قۆپچەوسوزن و واشەروبرغوش هەرهاوردە دەکات ، ئاخەر کارەساتە نەتوانیت لەساڵی (۲۰۱۸)دا (۷)حەوت شەقامی تازە بنیادبنێیت ودروستی بکەیت ، بەڵام هەرلەوساڵەدا ( ۱۳۷)سەدوسی وحەوت هەزار ئوتومبێلی هەمەجۆر هاوردەبکەیت ولەهاتوچۆی هەرێمدا تۆماربکرێت.
بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت هیچ وڵات وهەرێمێک هاوردەی کاڵاوشمەکی لە( ۳۰٪)تێبپەڕێت بەڵام هەرێمی کوردستان بەگشتی هاوردەی کاڵاوشمەکی (۸۰٪)ی تێپەڕاندوەو هەندێ کاڵاوشمەکی ڕۆژانەشی لەنمونەی وشکە گەیشتۆتەلە ( ۹٥٪) وزیاتریش.
بەرپرسانی هەرێم جگە لەوەی نەخواستیان بوەو نە ئیرادەشیان هەبوە تاکوهەرێم لەبەکاربەرەوە بکەنە بەرهەمهێن، نەشبونەتە هاوکاری جوتیاران و وەبەرهێنەرانی بوارەکەو ئەوبودجەیەشی بۆسێکتەری کشتوکاڵ کەئاسایشی خۆراکی پێوەبەندە ساڵانە کە تەرخاندەکرێت، هەرگیز ناتوانرێت کشتوکاڵی لەوپوکانەوەی تێیکەوتوە پێ ڕزگاربکرێت وبەرەوبوژانەوەو گەشەکردنی ببات.
وەلەلایەن کەسانی شارەزاو ئەکادیمیانی بوارەکەوە چەندین ڕاپۆرت وڕاسپاردەو پلانی زانستی دراوەتە بەرپرسانی پەیوەندیدار بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەوان دەڵێی نەبایان دیوە نەباران.