ڕێککەوتنی هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەپێناو چیدایە؟

16/06/2019

عومەر عەبدول

مافی هەر گروپ و هێزو قەوارەیەکی سیاسییە کار بۆ ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی بکات و ئەجێندای تایبەتی هەبێت بۆ گەیشتن بە خواست و خەونەکانی .دیارەڕێگه‌چارەی جیاواز هەیە بۆ وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە،ڕەنگە بەشێکی ئەو بابەتە پەیوەندی بە کلتور و شوناسەوە هەبێت.

لەهەموو دۆخێکدا (ڕێککەوتن) پەیمان و گرێبەستێکی مۆراڵیە، کاتێك هێزەکان پەنای بۆ دەبەن دەبێت بەرژەوەندیی گشتی لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوەبێت، واتەڕێککەوتن لە بارە تەندروستەکەیدا پرۆسەیەکی ئەخلاقیە و زیاتر قوربانیدان و لەخۆبردوویی پێویستە، نەک شەڕە قۆچ و هەوڵدان بۆ خستن و بەزەویدادانی بەرامبەر و پاشان لەناوبردنی .

لە نەریتی سیاسی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەموو هەنگاو و چالاکییەک لە پێناو مرۆڤ و دەستەبەرکردنی ئازادی و ژیانێکی شایستەدایە بۆی، تەنانەت ململانێ و زۆرانبازی سەروەختی هەڵبژاردنەکانیش بۆ ئەوەیەمرۆڤ سەنتەربێت و هەموو شتێک لە پێناوی ئه‌ودا خەرجبكرێت، نەک مرۆڤ بکرێتە سووتەمەنی و قوربانی بۆ گروپ و ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت .ئەوکاتە سیستم دروست نابێت و نێوانی هاوڵاتی و دەسەڵاتیش درزی گەورەی تێدەکەوێت و کاتی زۆری دەوێت بۆ چاکبوونەوە .

لە هەرێمی کوردستان هێزە سیاسییەکان بەردەوام پێیانوایە قەرزێکی گەورەیان لای خەڵکەو دەبێت وەریبگرنەوە، بەردەوام دەبێت باج و سەرانە لەو خەڵکە وەربگیرێت کە داوای ئازادی و ژیانێکی شایستە دەکه‌ن.

کاتێك هێزەکان ڕێکدەکەون ئەجێندایەکی هاوبەش کۆیاندەکاتەوە، ئەویش وەستانە لە تەنیشتیەک وپەردەپۆشكردنی ناشیرینییەکانی یەکترە، (ئامین) کردنە بۆ ئەو نزایانەی بە بەهێزی دەیانهێڵێتەوەو بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت .

تەواوی ئەوڕێککەوتنانەی لەدوای ڕاپەڕین لە نێوان هێزەکاندا کراون، هاوڵاتیان کەمترین زانیاریان لەسەریان هەبووە و زیاتر پرۆتۆکۆلی و شاراوەبوون بۆ کۆنترۆڵکردنی کایەکان و دروستکردنی پەرژینێکی یاسایی و پیشاندانی وەک مۆدێلێکی ناوازە بۆ دەسەڵاتداری .

بۆ نمونەڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی، کاتێک میللەت هاتەوە هۆشخۆی ئەوان زۆربه‌ی پلانەکانیان جێبەجێکردبوو. کوردستانیان گەیاندە ئاستێکی مەترسیدار لە گەندەڵی و خیانەتی نیشتمانی و تەسلیمکردنی ئەو دەرفەتەی دەیان ساڵ خەونی ئازادیخوازیی نەتەوەیەکی بێ پشت و پەنای وەکو کورد بوو. یانڕێککەوتن و هەوڵی چەندجارەی نێوان لایەنە ئیسلامییەکان، کە دواجار ئاین و خواو پیرۆزییەکانیش نەیانتوانی بەسەر مەیلی مانەوە و خۆپەسەندیاندا زاڵبێت و تا ئێستاش ئەوململانێیەبه‌رده‌وامه‌.

لەسەروەختی هەڵبژاردنەکانی خولە جیاوازەکانی پەرلەماندا، چەندین هاوپەیمانیی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا دروستبوون، تەنانەت لیستێک چەپەکان و ئیسلامییەکانی دژی بەرەی یەکێتی و پارتی خستە بەرەیەکەوە، بەڵام دواجار چونکە پاڵهێزی ئەو هەنگاوانە جێبەجێکردنی ئەجێندای حزبی بوو، هیچ گۆڕانێک لە سیستمەکەڕووینه‌دا، بگرە چەندین قۆناغ لە پرۆسەی دیموکراسی دووریخستینەوە .

دوا هەوڵی ئەو مۆدێلە لە هاوپەیمانی و ڕێککەوتنی سیاسی نزیکبوونەوەی دوو هێزی سەرسەخت و دژبەیەکی وەک پارتی و گۆڕان بوو، کە ئەم هەنگاوەش بووە درێژەپێدەری هەنگاوەکانی پێشوو و کۆمەڵێك ئامانجی هاوبەش نەیار و دوژمنە شاراوەکانی دوێنێی کۆکردەوە و ناچاریکردن لەسەر چەند لاپەڕەیەکی سپی وه‌های پیشانبدەن کە ئەوان لەڕاستیدا لەیەکتره‌وەنزیکن و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیداکاری هاوبەش دەکەن.

بەڵام دەرئەنجامی ئەم کارە ئەو پشێویە سیاسی و تەنگەژانەیە کە بەرۆکی خەڵکی ئەم هەرێمەیان گرتووە و تووشی دەیان قەیرانی تاقەت پروکێنیان کردووه‌.

لەسەر ئەرزی واقعیش وا بۆ نزیکەی ساڵێکە هێشتا تەواوی ئەو هێزانە نەیانتوانیوە بە روحێکی وەرزشی یەکتر قبوڵبکەن و میللەت نەکەنە قوربانی خواست و ئامانجەکانیان.

کەواتە دەستنیشانکردنی خەتابار لەم دۆخەدا کارێکی ئاسان نییە و فریشتەکان وئەهریمەنەکان هەر ئەوانە نین دەیانناسین، بەڵکو دەیان وێنەی دەمامکدار و نەزانراوی دیکە لە هەناوی ئەم هێزانەداڕۆڵی خراپ دەبینن لە هاوکێشەکاندا، ئومێد بە کۆتاییهاتنی ئەو دۆخەش بەدڵنیاییڕوون نیە . 

لە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی و یەکگرتنەکان لە خزمەتی ئەجێندایەکی حزبیدایە و لەسەر حسابی خەڵکن، واتە ئەو دۆخە تەمومژاویە کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و کارگێڕی دەبێت و لە باشترین حاڵەتدا دەکەوینەڕیزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەی گەندەڵی تێیانداڕەگوڕیشە دادەکوتێت و خانە شێرپەنجەییەکانی سیستمێکی وێرانکەری حكومڕانی دەبوژێنێتەوه‌.

بە ئێستاشەوە خەڵکی کوردستان باجی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی دەدات کەساڵانێکی زۆر سامانی گشتی و هێزی چەکداریان بەکارهێنا و هێشتاش بۆ ململانێی نێوان خۆیان وئەجێندا تایبەتەکانیان بەکاریدەهێنن.

بەرەنجامی ئەمڕێكکەوتنانەش جێگیربوونی سیستمی بنەماڵەییە لە حكومڕانیدا، کە ئێستا بەئاشکرا جێ پێی خۆی قایم کردووە و لەبەرامبەریشدا پاشەکشێی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و ئیدارییە لە هەموو ئاستەکاندا.