كورد لەنێو بۆتەی ڕەگەزی فارسدا

20/05/2019

شوانه‌ ئه‌حمه‌د باپیر

وڵاتی ئێران چەندین پێكهاتەی جیاوازی لە خۆگرتووە، لەوانەش نەتەوەی "  فارس، كورد، تورك( ئازەر، توركمان) عەرەب، ئەرمەن، بلوچ، یەهود"، كە لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژوویدا هەندێك لەمانە شوێنپێیەكیان لەم وڵاتەدا هەبووە، سەبارەت بە ڕەگەزی كورد، سێ هێرشی گەورە وەزعی دانیشتوانی كوردستان و ئاسیای نزیكیان تا ڕادەیەكی زۆر شپڕزەكرد( هاتنی توركە سەلجوقییەكان 1051، مەغۆل 1231، تەیمورلەنگ 1402)كوردەكان ڕووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری و گیروگرفتی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی گەورە بوونەوە، كە كاریگەرییەكان دوور مەودا بوو، لەو كاتەی شا ئیسماعیلی سەوفی "1501- 1524" خۆی كرد بە شایی ئێران، ئایینزای شیعەی بە فەرمی بۆ دەوڵەتی سەفەوی ڕاگەیاند( مەزهەبی شیعەیان وەك ئامرازێكی سیاسی بۆ دابینكردنی یەكبوونی نەتەوەی ئێران بەكارهێنا)، هەروەها زۆر توندو تیژ بوو بۆ چەسپاندنی ئەم ئایینزایە، بە دژی مەزهەبی سوننە. لە ماوەی چەند ساڵێكدا دەسەڵاتی بەسەر تەواوی ئێران و كوردستان و باشوری كوردستانی ئەمڕۆشدا سەپاند.


ئیمپڕاتۆریای سەفەوی ئێرانی ڕەوایەتی ئاینی خۆی لە ئاینی ئیسلامەوە وەرگرت، بەڵام ناوەرۆكێكی مەزهەبی هەبوو، لەسەر بنەمایی شیعەی 12 ئیمام دامەزرێندرابوو، ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان لە ناوەندی ڕەسمی ئیسلام، خەلافەتی ئیسلامی سوننە مەزهەبی عوسمانی داببڕن، سەركەوتووش بوون.كورد بە هۆی مەزهەبی شیعەی سەفەوییەكانەوە كارەساتێكی گەورەی تووش هات، چونكە كورد موسڵمانی سوننی بوون، هەر لەشەڕی چاڵدێرانەوە" 1514"بەهۆی پاڵپشتی كوردەكان بەشێكی كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەكان.


سەفەوییەكان لەپاڵ كوشتاری بە كۆمەڵی خەڵكی كوردستاندا لەلایەكی ترەوە كەوتنە ڕاگوێزانی هەزاران خێزانی كورد بۆ خوڕاسان،"  8هەزارلە توركە ئەفشارییەكانیان" بە زەبری شەڕو كوشتار لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نیشتەجێكرد. بەم كارەی دەوڵەتیش عەجەمەكانی كردە پۆلیس لەسەر كورد و دیمۆگرافییای نیشتەجێی كوردییان گۆڕی. لەسەردەمی شا "عەباسی سەفەوی1588- 1629" بەهۆی دوژمنایەتی سیاسی – مەزهەبی نێوان سەفەوییەكان و عوسمانییەكانەوە، زۆر ناوچەی كوردستان، ئازەربایجان، ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق وێران بوون.


ئەوەی پەیوەستە بەماوەی نێوان" 1752- 1795" بنەماڵەی پادشایەتی گەورەی كورد بە سەرۆكایەتی كەریم خانی زەند لە ئێران دامەزرا، كە بەوتەی د. عەبدولرەحمان قاسملوو " جوانترین فەسڵی مێژوویی گەلی كوردبوو لەو دەمدا".


سەبارەت بەسەردەمی قاجارییەكان لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتایی سەدەی بیستەمدا"1796- 1925" كاربەدەستانی ئێرانی و عوسمانی بە هۆی سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر كوردستاندا، زوڵم وستەمی زۆرتریان هێنا بۆ كورد، كە بووە هۆی كۆسپێكی گەورەی سەر ڕێگەی پەرەسەندنی ژیانی ئابووریی، كۆمەڵایەتیی، سیاسیی و فەرهەنگیی خەڵكی كوردستان، جوڵانەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری( 1880- 1881) سەركەوتوونەبوو لەوەی ئەم بەشەی كوردستان لە ژێر هەژموونی قاجارییەكان بهێنێتە دەرەوە، بەهۆی خەسڵەتی عەشیرەتی و تاكگەرایی كە بەسەریدا زاڵ بوو.


دۆخی ڕەگەزی كورد لەسەردەمی پەهلەوییەكان"1926- 1979" بەدیاریكراوی لەسەردەمی دەسەڵاتی ڕەزاشادا، بەتوندی هەوڵدرا بۆ سڕینەوەی هەر تایبەتمەندی و خەسڵەتێكی نەتەوەیی كوردو تواندنەوەی لە بۆتەی نەتەوەی ئێراندا، لەوانەش" لە ناوبردن و تواندنەوەی زمانی كوردی و قەدەغەكردنی لەسەرجەم كایەكانی ژیاندا، قوتابخانەو چاپخانەكانی غەیرە فارسی داخران، دیمۆگرافییای زۆر ناوچەی گۆڕی، ناوی كرماشانی لە لوڕستان و ڕۆژئاوای ئازەربایجان لە جیاتی كوردستان گۆری،  ورمێی گۆڕی بۆ ڕەزاییە".دەوڵەتی ڕەزاخان و كوڕەكەی  بەناوی یەكبوونی خاكی ئێران و هەویەیی میللی ئێرانەوە هەریەكە لە ڕاپەڕینی سمكۆی شكاك 1920-- 1930و "كۆماری كوردستانی لە مهاباد ساڵی 1946"دا تێكشكاند و ڕێگەی گەشەكردنی نەتەوەیی لە كورد بەست.


 ئەوەی ئەمڕۆش لەسەر ساحەكە دەگوزەرێت، كە(ئێران) نیمچە ئیمپڕاتۆریایەكی مەزهەبییە، هەمان ڕێبازی مێژوویی ئێران دژ بە گەلی كورد درێژە پێدەدات، بەڵام وەك هەمیشە سەبارەت بە پارت و هێزە كوردییەكانی ئەم پارچەیەی كوردستان، تا چەند تێكۆشاون و كاریانكردووە بۆ بەدیهێنانی خەونی بەدینەهاتووی" پێشەوا قازی موحەمەد و دكتۆر عەبدورەحمان قاسملۆ"، ئەوەی جێی سەرنجە بە شێوەیەكی گشتی زۆربەی حزبە سیاسییە كوردەكان لەم پارچەیی كوردستاندا نەیانتوانیوە لەسەر بنەمای ئاگایی و ئەزموونی داینامیكی نیوەی سەدەی بیستەم چاڵاكییە سیاسییەكانی خۆیان ڕێكبخەن، وەك نەریتێكی وەستاو چەق بەستوو سەیری سیاسەتەكانی خۆیان دەكەن، نەوەك ڕێگایەكی داینامیكی گەیشتن بە ئاواتەكانییان.


ژێدەرەكان:
1- د.عەبدولرەحمان قاسملوو، كوردستان و كور، وەرگێرانی عبدوڵا حسن زادە، چاپی نوێ،  سوێد، 2004.
2- د.عەزیز شەمزینی، جوڵانەوەی رزگاریی نیشتیمانیی كوردستان،چ4، وەرگێڕانی فەرید ئەسەسەرد، سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان، سلێمانی، 2004.
3- د.جعفر علی، ناسیۆنالیزم وناسیۆنالیزمی كوردی،چ2، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2013.
4- د. ڕەفیق سابیر، ئیمپراتۆریای لم، چاپ،3، ناوەندی غەزەلنووس،  سلێمانی، 2014.
5- عەبدوڵڵا ئۆج ئالان و مەسەلەی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوین، د. عەبدولڵای ئاوریشمی، وەرگێڕانی، سیدۆ داود عەلی، خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، سلێمانی، 2015.
6- د. ئیبراهیم خلیل ئەحمەد و د. خەلیل عەلی مراد، مێژووی ئێران و توركیا، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، بەهادین جەلال مستەفا، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2011.