فاشیەت لەتوركیا بە هەڵبژاردن كۆتایی نایەت

14/05/2019

جه‌نگیز ئاكتار

رۆژی 6ی ئایاری 2019 دەزگای هەڵبژاردنی توركیا ئەنجامی هەڵبژاردنی خۆجێی شاری ئیستەنبوڵی رەتكردەوە كە تێیدا پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان سەركەوتنیان بەدەست هێنا.

توركیا لەساڵی 2013 وە، لەلایەن سیستمێكی ترسێنەری راستەقینەوە بەرێوەدەبرێت، كاتێك خۆپیشاندەرانی پاركی گیزی لەهاویندا هەڕەشەی خۆپیشاندانیان دژی گەندەڵییەكانی دەسەڵاتەكەی پارتی داد و گەشەپێدان و رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد، لەوكاتەوە توركیا بەبەردەوامی ملكەچی كودەتای بەردەوامە، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی دەسەڵاتە، 6ی ئایاریش تازەترین دووبارەبوونەوەی ئەو پرۆسەیەیە و ئامانج لێی كۆتایی هێنانە بەدەسەڵاتی خۆجێی و لەناوبردنی بچوكترین هەنگاوی دەسەڵاتی لامەركەزیەتە كە دەكرێت دروست بكرێت لەدەرەوەی بەرەی خاوەن دەسەڵات، بەتەواوەتی وەك ئەوەی لە هەوڵی كودەتاكەی تەموزی 2016 بەكارهێندرا، كە كرایە بیانویەك بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆن و سەپاندنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی و ناوەندگەرایی بەهێز، هەڵبژاردنی 31ی ئازار، ئامرازێك بوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆجێی بكەونە ژێر دەستی دەسەڵات.

روونە كە توركیا چۆتە قۆناغێكی نوێ لە فاشیەت و چەند وانەیەكی بەپەلە پێویستە لە 31ی ئازار و 6 ی ئایار  وەربگرین، لە 24ی ئازار نوسیم " هاوسەنگی هێزی سیستم بەشێوەیەكی وا باسكرا كە گەڕانەوەی بۆ نیە، ئەویش لەرێگەی نارەزایەتیەكانی پاركی گەزی لەساڵی 2013 و ئابڕووچونی گەندەڵی حكومەت لەكۆتایی هەمان ساڵ، ساڵی 2013ش ساڵی دەسەڵاتی ئەو كەسانەبوو كە كوێر و توڕە بوون".

ئەو هەڵبژاردنەی كە دواتر لە 7ی حوزەیرانی 2015 ی ئەنجامدرا، كاتێك پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی لەدەستدا و پارتی گەلانی دیموكرات (هەدەپە) چووە ناو پەرلەمان، لەو خاڵە بەدواوە هەموو ئامانجی سەرەكی ئەردۆغان و سیستمەكەی بووە مانەوەی لەدەسەڵات، بەواتای ئەوەی هەموو شتێك لەپێناوی بەدی هێنانی ئەو ئامانجە رێگە پێدراوە، هەروەها بەرەی نیشتمانی بەهۆی گەشەی كورد لەسیاسەتی توركیا دروستكرا.

 سیستمی حوكمرانی بەتوندی بەردەوامە لەسەر ئەركداركردنی ئەو بەرەیە، لەرێگەی ئەو كۆمەڵكوژیانەی كە ئەم هاوینە رێكخران و هەوڵی كودەتاكەی تەموزی 2016 و راپرسی بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمرانی لەساڵی 2017 و هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆكایەتیەكەی ساڵی رابردوو، وایكرد سیستمەكە سەقامگیر بوو، كەموكوڕیەكی تری پلانەكە یان دوا بزمار لەتابوتی سیاسەتی توركیا، خۆی لەپێویستی سەپاندنی دەسەڵات بەسەر شارەوانیەكاندا دەبینێتەوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی توانای پارێزگاریكردن لەیاسا و سیستمی لەتەواوی وڵات هەبێت گومانی تێدا نیە ئەمە بەدی دێت.

لە 13 ی كانونی دووەم نوسیم " پارتی داد و گەشەپێدان لەرێگەی هەڵبژاردنەوە هاتە دەسەڵات، بەڵام هەڵبژاردن بەس نیە بۆ دوورخستنەوەی، بەوپێیەی كاتێك دەسەڵات لەدەست دەدات پێویستە ئەوانەی لەدەسەڵات بوون لەبەردەم دادگایەكی باڵا دادگای بكرێن لەسەر كارەكانیان، ئەمە زۆر ڕوونە، جگە لەوەش رۆڵیان لەشەڕی ناوخۆی سوریا وا دەكات تۆمەتباركردنیان لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دەكاتە ئەگەرێكی بەهێز، ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەخەبەر بێتەوە و دەست بكات بەژمارەیەك پرسیار لەنزیك ترین كاتی گونجاودا".

لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنی هەڵبژاردنەكەی 31ی ئازار، دەسەڵات نامەیەكی تەواو ڕوونی ئاراستەكرد " ئیرادەی نیشتمانی" كە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتی و پەرلەمانیەكەی 24ی حوزەیرانی 2018 زۆر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 31ی ئازارەوە نزیك نیە، ئەو هەڵبژاردنە رەنگدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 24ی حوزەیران نەبوو بەوەش دەردەكەوێت كە شەرعیەتی نیە، هۆكاری یەكەمی ئەو دژ یەكیە بەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆن بوو لەهەڵبژاردندا، سروشتی كارەكە وایە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن رێگە بە " ئیرادەی نیشتمانی " دەدات سەركەوتوبێت  هەموو شتێك وەك خۆی لێ بێتەوە، رێنمایی ئەردۆغان بەوشێوەیە بوو" نزیكە ساختەكاری بكرێت لابردنی ئەم بەربەستە جێگەی دەستخۆشیە بۆ ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن و ترسی نەتەوەكەمان كەم دەكاتەوە، هەموو ئەوەی ئێمە دەیكەین بۆ پارێزگاریكردنە لە ئیرادەی نیشتمانی".

ئەمە پلانی یەكەم بوو، پلانی جێگرەوەش  فراوان بوو كەتەنانەت پێویستی بەهەڵبژاردنیش نەبوو، هەڵبژاردنەكەی 31ی ئازار سەرەتای بەرنامەی دەسەڵات بوو بۆ بونیادنانی دەسەڵاتێكی ناوەندگەرایی ئەویش لەرێگەی لەناوبردنی هەموو جۆرە سەربەخۆییەك كە رێگەی بەشارەوانیەكان دەدا دەسەڵاتیان هەبێت، خزمەتگوزاری كەپێشتر لەلایەن شارەوانیەكانەوە پێشكەش دەكرا لەئێستادا لەلایەن لقە خۆجێیەكانی وەزارتەكانەوە پێشكەش دەكرێت، لەم جۆرە سیستمانەدا هیچ جیاوازیەك نیە كە شارەوانیەكان لەژێر كۆنترۆڵی ئەم حزبدا بن یان ئەو حزب، سەرباری ئەوەش ئەو بەرپرسانەی كە حكومەتی ناوەندی لەشوێنی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوە كوردەكان داینان، و هەوڵەكان بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەلایەن ئەنجومەنە خۆجێیەكان كە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە كۆنترۆڵ كراون وەك شاری ئیستەنبوڵ، وایكردووە كە حكومەتی خۆجێی نەتوانێت خزمەتگوزاری كاریگەری لەئێستا بەدواوە پێشكەش بكەن، لەبەر ئەوە بەبێ رەچاوكردنی ئەنجامی دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە 23 ی حوزەیران، بەڵام دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری شارەوانیەكان لەداهاتوودا زۆر لاواز دەبێت.

بەوەش ئامانجی یەكەم لە هەڵبژاردن زانینی ئەوەیە كە ئایە دەسەڵات دەتوانێت بەبێ شەرمەزاربوون ئەركەكەی كۆتایی پێ بهێنێت، ئەویش لەرێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئیستەنبوڵ، ترسم هەیە  لەوەی ئەمە دەرفەتێكی دادپەروەرانە بێت، چونكە دەسەڵاتدارە فاشیەكان دەسەڵات لەرێگەی هەڵبژاردنەوە  جێناهێڵن.