هەموو شتێكی كورد لەتوركیا قەدەغەیە

18/04/2019

نورجان بایسال

لەرۆژێكی جوانی مانگی ئەیلولی ساڵی 2016 و لەدووەم رۆژی جەژنی قوربان، لەخەو هەستێندراین بۆ ئەوەی بزانین كە حكومەتی توركیا سەرۆك شارەوانیە كوردەكانی دوورخستۆتەوە كە لەلایەن شارەكان و 25 هەرێم لەباشوری رۆژهەڵات هەڵبژێردرابوون و لەجێگەیان كەسانی تر دانران.
هەرگیز بیرم ناچێت كاتێك بەرپرسانی دەوڵەت گەمارۆی ناوچەی سوری دیاربەكریان دا،  كە گەورەترین شاری باشوری رۆژهەڵاتی توركیایە(باكوری كوردستان) و زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن.
دەبابە و ئۆتۆمبێلی سەربازی و سەرباز و پۆلیس هاتنە ناو گەڕەكەكە، یەكەم جار بازگەی پۆلیس بەدەوری باڵەخانەی شارەوانی دانرا، پاشان ئاڵایەكی گەورەی توركیا لە رووی دەرەوەی باڵەخانەكە هەڵواسرا، چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كرێكارانی شارەوانی لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی كۆبونەوە بۆ ئەوەی بەیاننامەیەك بخوێننەوە، بەڵام پۆلیس رێگەی پێ نەدان و دەستی كرد بە پرۆسەی دەستگیركردن .
لەكاتی نارەزایەتیەكاندا دەنگی گەنجێك لەگوێچكەمدا دەنگی دایەوە كە گوتی " ئێمە ڕووبەڕووی داگیركەر دەبینەوە" ئەمە تەنها سەرەتایەك بوو، دوای یەك مانگ و لەمانگی تشرینی یەكەمی 2016 هاوسەرۆكانی شارەوانی دیاربەكر دەستگیركران كە گولتان كیشناك و فورات ئانلی بوون، و دوو بەرپرسی حكومی لەشوێنیان دانران، دوای ئەوەش لەكۆی 102 شارەوانی كە كورد تێیاندا زۆرینەبوو، 95 شارەوانی سەرۆكەكانیان دوورخرانەوە و بەرپرسانی حكومی لەشوێنیان دانران، هەروەها باڵەخانەی شارەوانیەكان لە تەواوی ناوچە كوردیەكان بوون بە بنكەی پۆلیس و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی دەوردران و هێزی سەربازی و چەكیان لەدەور كۆكرایەوە، وەك ئەوەی كە رووبەڕووی داگیركەر یان ئیستیعمار ببینەوە.
یەكەم كاری ئەو سەرۆك شارەوانیانەی حكومەت لەجێگەی سەرۆك شارەوانیە هەڵبژێردراوەكان داینابوون، داخستنی تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بوو بەكاروباری ئافرەتان، هەروەها تەواوی ناوەندەكانی ئافرەتان لەو ناوچانە داخران، ئەوەش لەكاتێكدابوو كە دروستكردنی هەندێكیان چەندین ساڵی خایاندبوو، لەوانەش ناوەندی دیكسومی ئافرەتان لەدیاربەكر و وورشەی بوكابارانی ئافرەتان لە ئیرسیش و ناوەندی سیتیا زین بۆ راوێژكاری ئافرەتان لە جزیرە و ناوەندی میا بۆ ئافرەتان لەسلوان و ناوەندی شیجك بۆ ئافرەتان لە دارجیت و ناوەندی بیلجین ی ئافرەتان لە دێرك.
بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی 43 ناوەندی ئافرەت و داڵدەدانیان لە باشوری رۆژهەڵاتی توركیا داخران، ئەم ناوەندانە كاریان بۆ ئەوە دەكرد كە ئافرەتانی ئەو ناوچانە هۆشیارببنەوە بەرامبەر مافەكانیان هەروەها خزمەتگوزاری راوێژكاری و وورشەی كاركردن بۆ بەرهەم هێنانی پیڵاو و كاری دەستیان لەخۆ گرتبوو.
هەروەها ئەو سەرۆك شارەوانیە نوێیانەی حكومەت داینان رێگەیان نەدا چیتر ئافرەتان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لێبخورن، هەروەها هێڵی پەیوەندی گەرمیان پچراند كە ئافرەتان لەكاتی توند وتیژی خێزانی بەكاریان دەهێنا.
 ئەو سەرۆك شارەوانیانەی كە دەوڵەت داینابوون كاریان بۆ ئەوە دەكرد كە هەموو شتێك بسرنەوە كە پەیوەندی بە رۆشنبیری كوردیەوە هەبوو، خوێندنگاكانی مۆسیقای كوردی و ناوەندە هونەریەكان و ناوەندەكانی فێربوونی زمانی كوردی و ناوەندە شانۆیەكانی كوردیان داخست، بەشێوەیەكی گشتی 21 ناوەندی رۆشنبیری كوردی لەناوچەكە داخران، و ناوی كوردی شارەكانیش لابران، وەك ئامەد كە ناوی شاری دیاربەكر بەلای كوردەكانەوە، هەروەها ناوی كوردی لە پارك و شەقامەكان گۆردران، هەروەها ئەو لافیتانە لابران كە بەزمانەكانی توركی و كوردی و ئەرمەنی لەسەریان نوسرابوو لەشوێنیان چەند لافیتەیەك نوسران و تێیاندا تەنها زمانی توركی بەكارهێندرابوو، هەموو شتێك بووە یەك گەل و یەك ئاڵا و یەك رۆشنبیری، هەروەها سەرۆك شارەوانیە نوێكان هەموو ئەو شتانەیان سڕیەوە كە پەیوەندی بەمێژووی كوردەوە هەبوو، هەروەها ئەو شوێنەوارانە لابران كە لەگەرەكەكان بۆ یادكردنەوەی سیاسەتمەدارانی كورد و نوسەران و رۆشنبیران و ئەو منداڵانەی بەتەقەی هێزە ئەمنیەكان كوژرابوون دانرابوون، سەرۆك شارەوانیە نوێكان هەوڵیاندا تەواوی كلتوری كوردی بسرنەوە.
هەروەها ئەو كەسانە بۆ ئەوە دانەنرابوون كە تەنها دەست بەسەر شارەوانیەكانماندا بگرن، بەڵكو بۆ دەست بەسەرداگرتنی ژیانمان هاتبوون، ئێمە ناوەندەكانی ئافرەتان و ناوەندە رۆشنبیری و كلتوری و هێماكانی كورد و زۆرشتی تری بەبەهای ژیانمان لەدەستدا، ئەو بەربەستانەی كە لەگەڵ جەنگ و سەرۆك شارەوانیە نوێكان هاتن تەنها شار و باڵەخانە و باخچەكانیان گەمارۆ نەداین بەڵكو مێشكیشمانیان گەمارۆدا، لە راستیدا هەموو ئەو شتانە قەدەغە كران كە پەیوەندیان بەكوردەوە هەبوو.
لەو هەڵبژاردنە خۆجێیەی  كە لە 31ی ئازار لە توركیا بەرێوەچوو، كاندیدانی پارتی دیموكراتی گەلان كە كوردەكان پشتیوانی دەكەن و پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە توانی زۆرینەی شارەوانیەكانی ناوچەكە بەدەست بهێنێتەوە، لەچەند رۆژی داهاتوودا سەرۆك شارەوانیە كوردەكان جارێكی تر دەست بەكاردەبنەوە و سەرۆك شارەوانیە دانراوەكانی حكومەت بەخۆیان و بەربەست و راگەیاندن و ئۆتۆمبێلە سەربازیەكانیانەوە دەرۆنەوە.
وەك زۆرینەی كوردەكانی تر لەماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا نەچوومە ناو باڵەخانەی هیچ شارەوانیەكەوە تەنانەت خۆمم بەدوورگرتووە لەنزیك بوونەوەش لێیان، حەزم نەدەكرد شارەوانی شارەكەم لەپشت بەربەستی پۆلیسەوە ببینم، ئەمرۆ تێبینی ئەوەم كرد كە بەربەستەكانی پۆلیس لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانی لابران، هەوڵمدا چوار ساڵ پێش ئێستا بیرخۆم بهێنمەوە، بیرلەوە دەكەمەوە كە لەو كاتەوە چیمان لەدەستداوە چۆن ئاڵۆزی و ئەو سەرۆك شارەوانیانە ژیان و شارەكانمانیان لەناو برد، بەڵام نەمتوانی بیر لەوە بكەمەوە كە ژیان پێش شەڕ و ئەو سەرۆك شارەوانیانەی كە حكومەت داینابوون چۆن بوو، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم هەرگیز ناتوانین ئەو شتە بەدەست بهێنینەوە كە لێیان سەندین.