شكستی سیستمی سەرۆكایەتی لەتوركیا

07/04/2019

نه‌سرین ناس

كاتێك دانیشتم بۆ نوسینی ئەم وتارە هیچ كام لە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ و لیژنەی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامی كۆتایی ئەستەنبوڵیان رانەگەیاندبوو، بەڵام پرسەكە لەنیوەی شەوەوە بەرەبەرە ڕوون دەبۆوە، بەجۆرێك كەپرسەكە لەبەرژوەندی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كاندیدی پارتی گەلی كۆماری یەكلایی ببۆوە.
بەیاننامەكانی ئەم دوایانە كەلەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە بڵاوكرانەوە سەركەوتنی ئیمام ئۆغلۆ پشت راستدەكەنەوە، ئەگەربمانەوێت ووردبین، ئەوە هەڵبژاردنەكەی 24ی حوزەیران ئاماژەیەك بوو بۆ ڕوودانی ئەوەی كە بینیمان، پاشان ئەم هەڵبژاردنەی بەسەرداهات بۆئەوەی ئەو وێنەیە پشت راست بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانیەتی گەل توانای ئیداری و دارایی و یاسادانان و راگەیاندنی هەبوو كە بەردەوامی پشتیوانیان دەكرد، بەڵام لەزۆرینەی پارێزگا گەورەكانی وەك ئەنكەرە و ئیستەنبوڵ و ئەنتاڵیا و ئەدەنە نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت، هەروەها لەو پارێزگایانەشی كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن، و قەیوم لەشارەوانیەكانیان دانرابوون( قەیوم دانانی سەرۆكی شارەوانیە لەشوێنی ئەو سەرۆكەی لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراوە بەفەرمانی وەزارەتی ناوخۆ) پارتە ئۆپۆزسیۆنەكەی سەرۆك كە لەچەندین هەڵبژاردنی پێشوودا نەیدەتوانی بەسەر ئەو هاوپەیمانیەتیەدا سەركەوێت كە ئەردۆغان و باخچەلی دروستیان كردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی جەهەپە لەگەڵ ئی پارتی هاوپەیمانیەتی دروستكردبوو لەژێر فشاری ئی پارتیدا نەیتوانی گفتوگۆ لەگەڵ كوردە دراوسێكانیان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهاوكاری كوردەكان توانیان كۆتایی بهێنن بەهەژمونی پارتی داد و گەشەپێدان.
ئەمەش دەریخست كە كوردەكان توانای ئەوەیان هەیە گۆڕانكاری لەهاوكێشەكان بكەن لەم هەڵبژاردنەدا، و بەشێوەیەكی گشتی نامەیەكیان ئاراستەی تەواوی گەلی تورك كرد ناوەرۆكەكەی ئەوەبوو كە ( ئێمە لێرەین) و هیچ كەسێك ناتوانێت ( ئینكاری بوونمان بكات) ئەمەش وەك ڕووداوێكی هەژێنەر دەركەوت جا لەرێگەی ستراتیژیەتێكی عەقڵانیەوەبێت كە پارتی دیموكراتی گەلان پەیرەوی كرد یان لەرێگەی ئەو نامانەوە بێت كە سەڵاحەدین دەمیرتاش ناردی و تێیدا سوپاسی ئەو دەنگدەرانی پارتی گەلی كۆماری كرد كە بەشێوەیەكی كاریگەر لەهەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیران و 24ی حوزەیران دەنگیان بۆ پارتی دیموكراتی گەلاندا.
ئەم هەڵبژاردنە هەروەها ئەوەی دەرخست كە پارتی داد و گەشەپێدان پشتیوانی دەنگدەرانی لەناوچە شارستانیەكان كە چڕی دانیشتوانیان بەرزە لەدەستداوە، هەروەها شكستی هێنا لەوەی گەنجان و دەنگدەرانی نوێ لەو ناوچانە رازی بكات بەرامبەر سیاسەتەكانی و ئەو ئاراستەیەش بەڕوونی لەساڵی 2015 وە دەركەوت.
لەگەڵ هەوڵەكانی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ كەمكردنەوەی سیاسەتە جیاكاریەكانی كە لەچەند هەڵبژاردنی پێشوو گرتویەتەبەر هەروەها وەك باسكردنی مانەوە لەدەسەڵات و پارێزگاریكردن لەدەوڵەت، بەڵام تەواوی ئەو هەوڵانەی لەپێناوی بەدەستهێنانی پشتیوانی هاوڵاتیان لەشارە گەورەكان شكستیان هێنا ئەوەش بەرەچاوكردنی هەبوونی قەیرانی دارایی.
پارتی داد و گەشەپێدان نەیتوانی شتێكی نوێ لەوتارەكانی بۆ لایەنگرەكانی پێشكەش بكات پاشان لە وتاریدا بۆ گەلی توركیا پرۆگرامێكی نوێی گرتە بەر كە پشتی بەستراتیژیەتێكی نوێ بەستبوو بەوەی كە گەلی توركیا بڕوا بەچیرۆكی ناواقعی بكەن لەرێكەی زیادكردنی پەیامێكی ناعەقلانی كە دەیتوانی تێگەیشتنی هاوڵاتیان بۆ دۆخی كۆمەڵگە لەناو بەرێت.
بەڵام كاتێك زۆرینەی دەنگدەران لەشارە گەورەكان ڕووبەڕووی ئەو دۆخە نەخوازراوە بوونەوە، دوای ئەوەی كە كارەكانیان و سەرچاوەی بژێوی رۆژانەیان لەدەستدا و ناچاربوون لەریزی دووردرێژدا بۆ دەستكەوتنی پەتاتە و پیاز بوەستن، هەموو رۆژێك هەژارتردەبوون، هەستیان كرد كە ئەو مەترسی مانەوەی كە پارتی داد و گەشەپێدان 17 ساڵە باسی دەكات مەبەست لێی مانەوەی خۆی بووە نەك مانەوەی دەوڵەت  و داتەپینی دامەزراوەكانی وەك سەركردەكانی ئاكەپە بانگەشەیان بۆ دەكرد.
كاتێك ئەردۆغان هەستی كرد كو دەنگدەرانی پایتەخت و شارە گەورەكان لەدەم و چاویان وەك دەسەڵاتدار بێزاربوون، و نەیتوانی ترسەكەیان بەرامبەر دۆخی داهاتوو بڕەوێنێتەوە، پەنای بۆستراتیژیەتێكی تر برد بۆ رێگری لەدەنگدان بۆ شوێنێكی تر، و هەنگاوێكی مەترسیداری گرتەبەر بەوەی ئەم هەڵبژاردنە خۆجێیە راپرسیەكە لەسەر كەسایەتی خۆی و گوتی( ئەگەر لەم كارە سەركەوتووبێت تەنانەت بەشێوەی رێژەی ئەم داتەپینی داراییە رادەگرێت) لەگەڵ ئەوەی ئەو ستراتیژیەتە تارادەیەك سەركەوتووبوو رێگەی نەدا بەتەواوی تێكبشكێت، بەڵام رێگری نەكرد لەتێكشكانی لەشارەگەورەكان.
وادیارە كە پارتی داد و گەشەپێدان دوای ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەی پلەبەندی دەبێت پارتێك لەچوارچێوەی ناوەراستی ئەنادۆڵ گەمارۆ دراو و مانەوەی لەناوچەی دەریای رەش دەبێتە پارتێكی بچوك، هەروەها بەشێوەیەكی سروشتی كۆنترۆڵی بەسەر شارەگەورەكاندا لاواز دەبێت، ئەوەش كارەكان لەبەرژوەندی ئەو نابن، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو كێشە داراییە قورسەكەی كەپێویستە لەسەری بەسەریدا زاڵ بێت.
لەلایەكی ترەوە ناكرێت پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست كە وەك لایەنگری ئاكەپە دەردەكەوێت بەردەوام بێت لەسەر پشتیوانی ئەردۆغان و حزبەكەی، بەتایبەتیش دوای ئاڵۆزبوونی كێشەی دارایی و ئێستاش وێنەكە دەركەوتووە، سەرباری ئەوەش شتێكی سەیر نیە كە هاوكاری نێوان  پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست  بگۆردرێت بۆ كێبركێ.
لەلایەكی ترەوە گومانی تێدا نیە كە خودی ئەردۆغان بەوتار و سیاسەتەكانی بۆتە هۆی ئەوەی كە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست زۆرترین پۆست بەدەستبهێنێت لەو هاوپەیمانیەتەدا، بۆیە ئەگەر پێمان وانەبێت ئەم هاوپەیمانیەتیە لەئایندەیەكی نزیكدا هەڵدەوەشێتەوە بەڵام ئەوە بەواتای ئەوەنیە كە پارتی داد و گەشەپێدان پێی باشە و قبوڵی دەكات.
سەرباری ئەوەش پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ئایدەلۆجیەتی سیاسی تایبەتی خۆی لەسەر وتارەكانی ئەردۆغان بونیادنا، واتا بەشێوەیەكی گەورە سودی لە پرۆسەی بانگەشەی ئەو وەردەگرت، هەروەها ئەو لێدوانانەی كە ئەردۆغان و حزبەكەی لەتەواوی پارێزگا و شارەكان دەیدا كە لەتەواوی شاشەكان دەردەكەوت، بەبێ ئەوەی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست هەوڵێكی ئەوتۆ بدات، بۆیە كارێكی ئاساییە لەبەرامبەر ئەوەدا دۆخێكی نا ئاسودەیی لەلای دەنگدەرانی پارتی داد و گەشەپێدان دروست بكات ئەمەش لەدەستدانی ئەنكەرە و ئیستەنبوڵی لەلای پارتی دادوگەشەپێدان قورستركرد، بەتایبەتیش كە ماوەی 25 ساڵە ئەو پارتە پارێزگاری لەدەنگەكانی لەو شارانە دەكات.
بەدڵنیاییەوە پارتی داد و گەشەپێدان ئەوە پشتگوێ ناخات كە زۆرینەی لایەنگرانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەنگیان نەدا بەكاندیدی هاوپەیمانیەتیەكە و لەبری ئەوە دەنگیاندا بە منسور یافاش كاندیدی پارتی گەلی كۆماری لە ئەنكەرە.
لەلایەكی ترەوە بەردەوام بوونی ئەردۆغان لەدەسەڵات بەشێوەیەكی سەرەكی پەیوەندی بەبەردەوام بوونی ئەو هاوپەیمانیەتیەوە هەیە كە پارتەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دروستی كردووە لەبەر ئەم هۆكارە، دەتواندرێت بگوترێت ئەردۆغان لەهەر كاتێك زیاتر پێویستی بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست هەیە.
لەلایەكی ترەوە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن ناتوانن بانگەشەی ئەوە بكەن كە سەركەوتنێكی گەورەیان بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان سەركەوتنێكی بەبایەخیان بەدەست هێنا لەشارە گەورەكان، بەڵام ئەمە ئاماژەی درەكەوتنی هاوسەنگیەكی نوێی هێز نیە لەو پارێزگایانە،بۆیە پێدەچێت هەموو هەوڵێكیان بۆ پارێزگاری كردن لەپێگەكەیان بێت ئەوەش لەدۆخێكدا كە قەیرانی دارایی رۆژ لەدوای رۆژ قوڵتر دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە تێكشكانێكی ئاشكرای دەسەڵاتی ئێستا نیە هەروەها بەواتای سەركەوتنی ئاشكرای ئۆپۆزسیۆنیش نیە، بەڵام شتێكی بۆ دەرخستین كە گومانی تێدانیە دۆخەكە لەبەرژوەندی پارتی داد و گەشەپێدان نیە، ئەمەش بوارێكی فراوان دەكاتەوە بۆ خەبات لەپێناوی دیموكراتیەت، ئەم خاڵە بۆخۆی زۆر گرنگە.
جگە لەوەش سیستمی نوێی حوكمرانی كە پێی دەگوترێت سیستمی سەرۆكایەتی لەیەكەم هەڵبژاردندا شكستی هێنا، ئەمە بەو واتایەی كە كۆمەڵگەی توركی دژیەتی خۆی بۆ سیستمی نوێی حوكمرانی دەربڕی لەهەموو ئەمانەش گرنگتر گەلی توركیا توانی بەسەر ئەو ترس و دڵەراوكێیەدا زاڵ بێت كە ماوەیەكی دوورودرێژە بەدەستەوە دەناڵێنێت،و ئێمەش دەتوانین بۆ ئایندەیەكی باشتر تێبكۆشین.
دەمەوێت لەكۆتایدا جەخت لەوە بكەمەوە كە پاڵاوانی راستەقینە لەم هەڵبژاردنەدا ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆیە كە بەكەمپینی هەڵبژاردنی خۆی كە هەمووانی بەبێ جیاوازی لەخۆ گرتبوو بەبڕوا و متمانەی خۆی كاریگەری ئەرێنی لەسەر دەنگدەرانی ئیستەنبوڵ دروست بكات، ئیمام ئۆغلۆ توانی بە دەموچاوێكی پڕ لەخەندە و دڵێكی رەقەوە دڵی دەنگدەران بەلای خۆیدا رابكێشێت، بۆیە زیادەرەوی نیە ئەگەر بڵێم ئەم پیاوە دۆخەكە لە قۆناغی داهاتوودا بۆ ئەردۆغان زۆر قورستردەكات.