کاریگەری سنوور دابەشکردنەکانی جەنگی جیهانی یەکەم کۆتاییان نەهاتووە

18/11/2018

مارک کێتس

سەد ساڵ لەمەوبەرو لەم مانگەدا، هێزە زلهێزەکانی ئەوروپا لەدوای چوار ساڵ لە جەنگ چەکیان بێدەنگ کرد. بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لەلایەن زۆرێک لەو وڵاتە زلهێزانەوە نەخشەی  کێشرا خرایە بارودۆخێکەوە کە سەدەیەک دەبێت لە جەنگ و پێکدادانی زیاتردایە. لەسەرووی هەموو ئەوانەوە، ئەو بڕیارانەی کە لە لەندەن و پاریس دران، لەماوەی جەنگی جیهانی یەکەم و ڕاستەوخۆ دوای ئەو جەنگە، هێشتا کاریگەری گەورەیان هەیە، بەڵام زۆر بەکەمی لە یادکردنەوەی 1918دا لێکدانەوەی پێویستی  بۆکراوە. 
دابەش و کۆنترۆڵکردن 
بەلای زۆرێک لە خەڵکەوە یادکردنەوەی سەربازی کۆتاییهاتنی جەنگە لە ڕۆژئاوای ئەوروپادا، بەڵام لە ڕۆژهەڵات، دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا بڕیاری لەسەردرا بەرلەوەی کە جەنگ بگاتە پایتەختەکەی کە قوستەنتینیە بوو، و لە تشرینی دووەمی 1918دا لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیاوە داگیرکرا. 
یەکێک لەو بەناوبانگترین پلانە نهێنیانەی کە بۆناوچەکە هەبوون، ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆ بوو کە لە ئایاری 1916دا واژووی لەسەرکرا، کە بەناوی نوێنەرەکانی بەریتانیا و فەرەنساوە کران، کە وڵاتانی عەرەبی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تێدا دابەشکرا بەسەر هێزە زلهێزەکاندا، بەشێوەیەک کە بەریتانیا عێراق و ئوردن و بەشێک لە فەڵەستینی بەرکەوت، و فەرەنسا باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا و سوریا و لوبنانی بەرکەوت. 
ئامانجی بەریتانیا کۆنترۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست بوو ئەمەش لەڕێگەی دابەشکردنی ناوچەکەوە. لەدوای یەک مانگ لە ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ، لە حوزەیرانی 1916دا، شۆڕشگێڕانی عەرەبی بەسەرکردایەتی شەریف حسێن و بەپشتیوانی و بە پارەی بەریتانیا شۆڕشیان دژ بە عوسمانییەکان بەرپاکرد، کە عەقید لۆرێنس ناسراو بە لۆرێنسی عەرەبی لەپشتیەوە بوو. 
لە تۆمارێکی هەواڵگریدا لە کانوونی دووەمی 1916 لۆرێنس بەشێوەیەکی ئاشکرا باسی لە دەستبەرداربوونی یەکپارچەیی خاکی عوسمانی کردبوو لەلایەن بەریتانیاوە. 
لەوێدا باسی لەوە کردووە کە شۆڕشی عەرەبی "لە قازانجی ئێمە بوو چونکە دەڕژێتە بەرژەوەندیە خێراکانی ئێمەوە، کە دابەشکردنی بلۆکی ئیسلامییە و شکستپێهێنان و تێکدانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیە... عەرەبەکان زیاتر لە تورکەکان ناسەقامگیرن. ئەگەر بەشێوەیەکی دروست ئیدارەیان بکرێت ئەوا لە دۆخێکی نالێکچووی سیاسی (مۆزایک) دەمێننەوە، کە تاڵێک لە ئیرەیی وادەکات نەتوانن بەیەکگرتوویی بمێننەوە."
لەدوای جەنگ، لۆرێنس ڕاپۆرتێکی دیکەی نوسی، ئەمجارە بۆ حکومەتی بەریتانیا، بەناوینشانی "بنیاتنانەوەی (ناوچەی) عەرەبی" کە تیایدا هاتبوو "شەریف حسێن هەڵبژێردراوە بەهۆی ئەو دابەشبوونەی لەناو ئیسلامدا دروستی دەکات." هەروەها لۆرێنس داوای "دروستکردنی ئەڵقەیەک لە وڵاتی بەکرێگیراوی کردووە، کە گوێڕایەڵیان بکەن، و بچنە ژێر باڵی وڵاتە بیانییەکانی ئێستا و داهاتوو، هەروەها دیزاینی وڵاتی ڕووبارەکانی کردووە (عێراق)". 
عەرەبێکی یەکنەگرتوو 
سوودی دابەشکردنی ناوچەی عەرەبی لەلایەن حکومەتی بەریتانیا لە هیندستانیش مایەی سەرنج بوو بەشێوەیەک ڕایانگەیاند "کە ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت، نامانەوێت عەرەبێکی یەکگرتوو هەبێت، بەڵکو دەمانەوێت عەرەبێکی لاواز و دابەشبوو هەبێت، بەسەر پارێزگای بچووک بچووکدا دابەش ببێت و تاوەکو ئەوەندەی دەکرێت لەژێر دەسەڵاتی خۆماندا بن، هەروەها نەتوانن کە هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبێت لەدژی ئێمە، یان ڕێگری دروست بکەن لەدژی زلهێزانی ڕۆژئاوا." 
بەوشێوەیە، دەوڵەتی نوێی سعودیە وەکو قەڵغانێک بۆ هەژموونی بەریتانیا لە ناوچەی عەرەبی و تەواوی ناوچەکە دروستبوو. 
خواستی دروستکردنی "سیاسەتێکی نالێکچوو"ی ئیرەیی بەشێوەیەکی زۆرداریانە، ڕکابەری نەتەوە و وڵاتانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆئەوەی وەکو "دەوڵەتی گوێرایەڵ"ی بەریتانیا و ڕۆژئاوا کاربکەن بۆماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و یەکێک بووە لە قەیرانەکان. لەکاتێکدا "ئینتیداب" و حوکمڕانییەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا بەسەر ئەو ناوچانەوە بەهۆی ڕێککەوتننامەی سایکسبیکۆ بەشێوەیەکی فەرمی تاوەکو 1930 و 1940ـەکان بەردەوام بوو، بەڵام کاریگەرییەکانی تا ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بوون. 
"هێڵەکانی سەر لم" لەلایەن ئەو وەزیرانەوە کێشران کە بەشداربوون لە دروستکردنی دەوڵەتانی سوریا و عێراق و تاڕاددەیەکی زۆر بەهۆی هێزی توندوتیژەوە وەکو خۆیان هێڵرانەوە. 
بەڵام هەندێک لەو ناوچانە بەختێكی باشیان هەبوو لەوەی "سەربەخۆیی" بەدەست بهێنن، و هەندێکی دیکەیان بەتەواوی کاریان لەکار ترازا، کە ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی هێزە زلهێزەکان. فەڵەستینیەکان و کورد زیانمەندی سەرەکی بوون، کە مافی دەوڵەتیان پێنەدرا و ئەو دۆخە چەقبەستووەش ئاماژەیەکە بۆ ئەو توندوتیژییەی لەوکاتەوە لەناوچەکەدا بەردەوامە. 
خەباتی کورد و فەڵەستین 
پێدەچێت بۆماوەیەکی کورت، کورد بەختێکی باشی هەبووبێت. لە 1920دا پەیماننامەی سیڤەر مافی سەرەتایی بۆ بەخشینی خاک و سەربەخۆیی بە کورد بەخشی لەڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک لەداهاتوودا، بەڵام جەنگی سەربەخۆیی تورکیا بوویە هۆیەی سەرهەڵدانی ڕێککەوتنێکی نوێ لە 1923دا کە پەیماننامەی لۆزان واژووکرا، بەهۆی ئەو ڕێککەوتننامەوە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ خرانەسەر دەوڵەتی تورکیا. بەوشێوەیە کورد بەسەر تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران دابەشکرا. 
کاتێک سەدام حسێن لە عێراق هەوڵیدا بۆ لەناوبردنی کورد لە باکووری وڵاتەکەی لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا، لەڕیگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە لەو پڕۆسەیەدا، هۆکارەکەی ئەوەبوو کە لە ساڵی ١٩٢٠کاندا مافی دەوڵەتی سەربەخۆ بە کورد نەدرابوو. 
پڕۆسەی "ئەنفال" لەلایەن سەدامەوە کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کوردی تێدا کوژرا، دووبارە کردنەوەی ئۆپەراسیۆنی لەوشێوەیە بوو لەلایەن سەرۆکەکانی پێشووەوە کە چەند دەیەیەک لەپێشوودا لەلایەن سەرکردەکانی دیکەوە دژ بە کورد ئەنجام درابوون. 
بۆنمونە لە ساڵی 1963-1965 ڕژێمێکی دیکەی بەغدا بەشێوەیەکی دڕندانە هەوڵی لەناوبردنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، ئەمانەش هەمووی لەڕێگەی وەرگرتنی چەک و بەپشتیوانی بەریتانیا بوو، کە ئەوانەش لە مێژووی بەریتانیادا نوسراونەتەوە، بەڵام لەمێژووی کورددا ئەوە نەزانراوە. 
خەباتی فەڵەستین و کورد لەم سەردەمەدا کۆتایی نایەت مەگەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیستمی دەوڵەتدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێت کە ئەو نایەکسانیانەی سەپێندراون لەماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا کۆتاییان پێ بهێنرێت. بەڵام ئەگەر وڵاتە زلهێزەکان ئەو داخوازیانە ڕەت بکەنەوە، ئەوا ناسەقامگیری ناوچەکە هێزی زۆر توندڕەوتر و توندوتیژتر دروست دەکات کە بیرۆکەی خراپتریان هەیە. 
گۆڕانکاری گەورە
کاتێک هێزە تیرۆریستییەکانی داعش ڕوویان کردە عێراق و سوریا لە ساڵی ٢٠١٤دا، و دەستیان بەسەر ناوچەیەکی زۆرداگرت و خەلافەتیان لە دوو وڵات ڕاگەیاند، ئەوان تەحەدای ئەو سنوورانەیان کرد کە لەسەردەمی پێشوودا لەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە دروستکرابوو.
تاڕاددەیەک، داعش بەرهەمی شکستی سیستمی دەوڵەتداری بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کە تاڕاددەیەکی زۆر وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک ناداتەوە و لەهەندێ حاڵەتدا زۆر بەئاسانیش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێزەکانی ڕۆژئاوا دەردەکەوێت. 
ئەوە شتێکی ڕوونە کە ناکرێت هەمان خوێندنەوە بۆ هەموو یان زۆرینەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت کە بوترێت هۆکارەکەی ئەو نەخشەکێشانەیە کەلەلایەن ئیمپریالیستەکانەوە دروستکراوە، بەڵام زۆرێک لەو کێشانە ڕەگیان داکوتاوە لەمێژوودا. ئەگەر هەوڵبدرێت لە سەدەی داهاتوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدووربێت لە پێکدادانی زیاتر، هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ناوچەکە دەبێت بەهیواوە هەوڵبدەن بۆ گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا بەپێی خواست و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ناوچەکە. 
ئەوەش بەومانایە دێت کە دووبارە پێداچوونەوە بکرێت بۆ بەشێک لەو سنوورانەی لەئێستادا هەن، ئامادەکاری بکرێت بۆ دەرکەوتنی دەوڵەتی نوێ و دروستبکرێن، نەک ئەوەی لەمافەکانیان بێبەش بکرێن، هەندێک لە دەوڵەتەکان سوودمەندبوون لە ئیمپریالیزمی ڕابردوو و تاوەکو ئێستاش پشتیوانی دەکەن. 

مارک کێتس، مێژووناس و توێژەرە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و خاوەنی ٦ کتێبە.