18/11/2018
نزیكەی نیو ملیۆن عەرەب لە جەنگی یەكەمی جیهان كوژران كە 100 ساڵ بەسەر ئەو جەنگەدا تێدەپەڕێت. عەرەبەكان وەكو سەربازێك لەو جەنگەدا كوژران. سەربازانی عەرەب هەر لە سودانەوە تاوەكو شام و لەوێشەوە بۆ مەغریب كوژاران و گیانیان لەدەستدا. بەشێكیان بە كەشتی جەنگی گەورە گوازرانەوە بۆ كیشوەری ئەوروپا بۆئەوەی لەڕیزی بەشێك لە وڵاتانی جەنگدا بجەنگن. عوسمانییەكان نزیكەی 300 هەزار عەرەبیان لەڕیزی سوپاكەیاندا بەكارهێنا كە لەڕیزی ئەڵمانیا و نەمسا و سربیاو هەنگاریا دەجەنگان كە بە وڵاتانی ناوەند ناودەبران، كە ئەوان دژ بە هاوپەیمانان بوون كە پێكهاتبوون لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا و چین و وڵاتانی دیكە. زۆرینەی جەنگەكە لە ئەوروپا ڕوویدا، هەر بەوشێوەیەش زۆرێك لە زۆرینەی كوژراوان كە 10 ملیۆن مرۆڤ بوو بەزۆری لەو كیشوەرەدا بوون، بەڵام هەموو جیهان بووە وێرانە و لەناویشاندا وڵاتانی عەرەبی.
هۆكارەكانی جەنگ خواستی دەسەڵات و وەهمی فراوانخوازی و دەركەوتنی نەتەوە توندڕەوە ئەوروپییەكان بوون. بەڵام عەرەب لەو جەنگەدا هیچ پرس و بابەتێكیان نەبوو، تەنها ئەوە نەبێت كە هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی لەژێر دەستی حوكمڕانی عوسمانییەكان بوون كە بێزاربوو بوون لە باجی سەخت و خراپی ئیدارەكردنی ناوچەكانیان، بەتایبەت كە حوكمی توركیا لەوكاتەدا دواكەوتوو و لاوازیش بوو، نەشیاندەتوانی كە بگەنەوە بەو پێشكەوتنە ئابووری و پیشەسازییەی كە لە وڵاتانی ژێر ئینتیداب و داگیركاری ئەوروپیدا بوون. هەربۆیەشە وڵاتانی عەرەبی ژێر دەستی عوسمانییەكان هەژار بوون بەراورد بە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی و فەرەنسی.
لەكۆتاییەكانی جەنگی جیهانی یەكەمدا، توركیا بووە قوربانی یەكەم و ئامانجی وڵاتانی سەركەوتوو كە ویستیان دەستی بەسەردا بگرن، نەك ئەوەی تەنها دەست بەسەر ئەو وڵاتانەدا بگرن كە لەپێشوودا لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوون. ڕووسیا و یۆنان و بەریتانیا و فەرەنسا توركیایان بەئامانج گرت، ئەگەر مستەفا ئەتاتورك نەبوایە كە توانی ئیدارەی جەنگ بكات و توركیا لە زۆربەی ناوچەی ئەنادۆڵ ڕزگار بكات، هەر ئەوەش بوو وایكرد كە بیكات بە كەسایەتییەكی گەورەی مێژووی نوێی توركیا، هەروەها پڕۆژەیەكی پیشەسازی و نوێگەری بۆ وڵاتەكە ئامادەكرد. وڵاتانی عەرەبی خرانەژێر دەسەڵاتی ئینتیدابی وڵاتانی ئەوروپی كە لە جەنگەكەدا سەركەوتووبوون، و ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆ بەر لە جەنگ وێنەی كێشرابوو و هیچ پەیوەندییەكی بە ئەنجامی جەنگەوە نەبوو، هەرچەندە ئەوە یەكێكە لەو قسەوباسانەی كە زۆر لەمێژوودا باس دەكرێت. دابەشكردنی ناوچەكە لەدوای ئەو شكستە هات كە داگیركاری توركیا بەسەریهات لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكانی ژێردەستیدا نەما.
سەركەوتووانی جەنگی یەكەمی جیهان وانەیان لەو جەنگەوە وەرنەگرتووە، بەهەمانشێوە شكستخواردووەكانیش، هەروەها بیری نەتەوەیی زاڵ لە ئەوروپادا ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە لە زیاتركردنی كردەی دوژمنكارانە و هاندانی ڕووداوەكان بەشێوەیەك كە جەنگی جیهانی دووەم ڕووبدات كە بەهۆیەوە 60 ملیۆن كەس گیانیان لەدەستدا.
وانەی جەنگە گەورەكان زۆربەی كات لەبیر دەكرێن، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها ئەو توێژینەوە سەربازییە ئەكادیمیانەن كە دەكرێن بۆ كەمكردنەوەی ئاستی وێرانكاری و بەدەستهێنانی سەركەوتن. ئەوروپا كە هۆكاری سەرەكی هەردوو جەنگەكە بوو شكستی هێنا، لەم دواییانەشدا بیری بازاڕی ئازادی هێنایەكایەوە وەكو جێگرەوەیەك بۆ سیاسەتی داگیركاری كە هۆكاری سەرەكی ئەو بیرۆكەیە بۆ پەیداكردنی بازاڕ بوو بۆ پێداویستییە سەرەكییەكان و گرەنتیكردنی بازاڕێك بۆ بەرهەمەكانی، كڕینی بەرمیلێك نەوت بە یەك دۆلار هیچ باشتر نییە لەوەی كە بەرمیلێك نەوت بە 100 دۆلار بكڕیت، چونكە ئەمانەن كە سەردەكێشن بۆ بەردەوامی كوشتن و بڕین. وڵاتانی وەكو كۆریای باشوور یان سوید لەبازاڕی جیهاندا خۆیان جێگیركردووە بەبێ ئەوەی یەك سەرباز بۆ دەرەوەی خاكی خۆیان ڕەوانە بكەن.
كاتێك ساڵیادی سەد ساڵەی ئەو جەنگە دەكرێتەوە، جیهان بە بارودۆخێكدا تێدەپەڕێت كە قەیرانەكان زۆر زیاترن بەهۆی ئەو پێكدادانانەی كە لەنێوان وڵاتی ئەمریكا و ڕووسیادا هەیە. هەروەها زیاتربوونی گومان و ترس لە گەورەبوونی زەبەلاحانەی چین بۆدەرەوەی سنوورەكانی خۆی، و ئاماژەی دابەشبوونی زیاتر لەناو یەكێتی ئەوروپادا كە لەسەر بنەمای ئەوە دروستكرابوو كە دەوڵەتی یەك نەتەوە كۆتایی بێت و یەكگرتنی هەرێمایەتی دروست بكرێت.
جەنگەكان كۆتاییان هاتووە... بەڵام هێشتا نەمردوون.