پێویستە هەرێم بپارێزرێت

27/03/2023

كامه‌ران مه‌نتیك

هەرێمی كوردستان دەستكەوتی خەڵكی كوردستانەو لە دەرفەتێكی مێژوویی هەستیارداو لە ئەنجامی گۆڕانكاری لە هاوسەنگی هێزی جیهانی وراگەیاندنی سیستەمی تاكجەمسەری هاتۆتە ئارا، ئەگەرچی خەریكە ئەو ژینگە جیهانی ونێودەوڵەتییەی، كە بنەمایەكی سەرەكی بوو بۆ ئەو لەدایك بوونە، گۆڕانكاری ریشەیی بەسەر دادێت وەك دەرهاویشتیەكیش بۆ ئەم گۆڕانكارییانە رۆژ بە رۆژ مەترسییەكان لەسەر هەرێم زۆرترو چڕ تر دەبنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا مەترسی سەرەكی لەسەر ئەو قەوارەیە، ئەو دوو بنەماڵەیەیە، كە زۆر نابەرپرسانەو خۆپەرستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستكەوتەی خەڵكی كوردستان دەكەن، هەڵوێستی نەرێنی ئەو دوو بنەماڵەیە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی رابردوودا، هاوكات ئەو شەڕە راگەیاندنەی لەلایەن دوژمنانی كوردەوە دژی ئەو هەرێمە بەڕێوە دەچێت، دۆخێكی هێندە ناتەندروستی دروست كردووە، كە خەڵك دژایەتیكردنی ئەو دەسەڵاتە نابەرپرسەو مانەوەی ئەو هەرێمە تێكەڵ بكات بەشێكی زۆری خەڵك تەنیا لەپێناو ئەوەی لەو دەسەڵاتە رزگاریان بێت، خۆزگە بە نەمانی ئەو هەرێمە دەخوازن! كە ئەمە كارەساتێكەو پێویستە راست بكرێتەوە، خەڵكی كوردستان دەبێت لەوە تێبگەن، ئەو هەرێمە وەك قەوارەیەكی یاسایی موڵكی ئەوان و هەموو كوردێكەو دەبێت بپارێزرێت، نابێت بەهۆی چەند تاوانبارێكەوە، كە ئەگەر بچووكترین دەرفەت بڕەخسێت، دەخرێنە بەردەم دادگاكان وسزای رەوای خۆیان وەردەگرن.


هەندێك شكست هەیە، شكستی كوردە، وەك ئاماژەی پێكرا، ناكرێت لە ئەنجامی رق لێبوونەوە لەو دەسەڵاتە، ئاهەنگی بۆ بگێردرێت، لەوانە مەسەلەی نەوت، ئەگەرچی ئێستا نابەرپرسیارانە بۆ بەرژەوەندی كەسی وبنەماڵەیی سوودی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوە موڵكی كوردەو خەڵكی كوردستان دەبێت خۆی ئەو هەڵانە راست بكاتەوە، نەك چاوەڕوان بكات بەغدا لەرێگەی گەمەیەكی هەرێمییەوە دەست بەسەر ئەو نەوتەدا بگرێت، ئەگەر مەسەلە گەندەڵی بێت، ئەوا لە قۆناغی ئێستادا دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا ئەگەر لەدەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم گەندەڵتر نەبێت، ئەوا هیچی كەمتر نییە، دەست بەسەرداگرتنەوەی نەوت لەلایەن كۆمەڵێك گەندەڵگارو داگیركاری تر، چارەسەر نییە، چارەسەر ئەوەیە خەلكی كوردستان متمانە بەخۆی پەیدا بكاتەوە، كە لە زۆر رێگاوە ئەو متمانەیە تێكشكێنراوە، بۆئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە دروست بكات وگۆڕانكاری ریشەیی لە دەسەڵاتی سیاسی لەهەرێم بێنێتە دی، كە رەنگ بێت ئێستا ئەو دۆخە لە هەموو كاتێك لەبارتر بێت، بۆیە هەڵبژاردنی ئایندە دەبێتە وەك دەرفەتێك سەیر بكرێت بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان، ئەمە ئالنگارییەكی گەورەیە، بەڵام دەرەفەتێكی زێڕینیشە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری چاوەڕوانكراو.