پیلانەکەی کەیسنجەر دژی کورد

13/07/2022

د. نەوزاد ساڵح رەفعەت

نوسەری بە ناوبانگی میسری، محەمەد حوسنین هەیکەل لە کتێبی "چارەسەر و جەنگ"دا، چەند لێکۆڵینەوەیەکی لە بارەی، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێوەندیی‌یەکانی میسر و عەرەب و ئیسرائیل، نوسیوە.

لە یەکێ لە لێکۆڵینەوەکانی‌دا باسی هەڵوێستی فێڵبازانە و دەست‌بڕینی کەیسنجەر ئەکا بەرامبەر عەرەب، کە تیای‌دا ئەڵێ، ئەوە نەریت و خوڕەشتی کەیسنجەر خۆیەتی... هەروەها ئەڵێ، بە داخەوە نوسەران و خوێنەوارانی عەرەب ئاگایان لەم چیرۆکەی کەیسنجەر نی‌یە. لە کاتێک‌دا ئەم چیرۆکە رون و ئاشکرایە، کە هەڵسوکەت و چۆنیەتی کارکردن و کاربەڕێوەبردنی کیسنجەر چۆن بوە.
لە کاتێک‌دا لەمسەر بۆ ئەوسەری کتێبەکەی هەیکەل، باسی فێڵبازی و درۆکانی کەیسنجەر ئەکا بەرامبەر عەرەب و فەڵەستینی‌یەکان. کەچی دوای گێڕانەوەی چیرۆکێکی تایبەت بە کوردەکان، ئەم هەیکەلەی راوێژکاری رۆژنامەوانی جەمال عەبدولناسری -بە حساب- دۆستی کوردن، ئەڵێ، ئەم کارەی کەیسنجەر لەگەڵ کوردەکان کارێکی رەوا و بەجێ‌یە و ئەگەر منیش لەبری ئەو بومایە، هەمان کارم ئەکرد. لە کاتێک‌دا بۆ نەتەوەکەی خۆی فێڵەکانی کەیسنجەری بە کارێکی دوژمنکارانە ناو ئەبا، بەڵام بۆ کورد، لایەنگری ئەکا و بە کارێکی رەوای ئەبینێ.

لێرەدا ئەبێ ئەوەش بۆ خوێنەری بەڕێز رون بکەمەوە، کە دوای راپەڕینەکەی ١٩٩١-ەوە ژمارەیەک لە سەرانی کورد سەردانی ئەمریکایان کرد بو. کاتێ کەیسنجەر ویستبوی چاوی پێ‌یان بکەوێ، هەندێ لە بەرپرسە کوردەکان بینیبویان. بەڵام بەڕێز کاک مەسعود بارزانی وتبوی، من بە هیچ جۆرێک سەردانی کەسێک ناکەم، کە کاتی خۆی کەتنی بەسەر کورد هێناوە.


ئەم چیرۆکەش، چیرۆکێکی نهێنی کەیسنجەرە لەگەڵ کوردەکانی عێراق، کە لەلایەن محەمەد حەسنەین هەیکەلەوە، نوسراوە:

ئەو دۆکۆمێنتانەی لە بارەی ئەم چیرۆکە نهێنی‌یەوە هەن، ئەوانەن، کە لە وەزارەتی دەرەوە یان لەناو CIA-یەوە دزەیان پێ کراوە و بڵاوکراونەتەوە. ئەمانە هەمویان لە راپۆرتێکی تایبەت و نهێنی‌یەوە دزەیان پێ کراوە، کە کۆنگرێس بە سەرۆکایەتی ئۆتیس بایکی ئەندامی کۆنگرێس لەسەر ویلایەتی نیویۆرک وەک سەرۆکی لیژنەیەک هەڵساوە بە لێکۆڵینەوەی. راپۆرتەکەش لە بارەی ئەو چالاکی‌یە نهێنییانەوەیە، کە جیهازە هەواڵگری‌یەکانی ئەمریکا پێیان هەڵ ئەستی. سەرەتا لیژنەکە لە رۆژی ١٩ی کانونی دوەمی ١٩٦٧ راپۆرتی خۆی پێشکەش بە کۆنگرێس کردوە، بەڵام سەرۆک فۆرد نامەیەکی نوسی بۆ کۆنگرێس و داوای کرد، کە نابێ ئەو راپۆرتە بڵاو بکرێتەوە، چونکە بڵاوکردنەوەی زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندیی‌یەکانی حکومەتی ئەمریکا ئەگەیەنێ.

نامەکەی سەرۆک فۆرد بۆ کۆنگرێس بە ئامۆژگاری کەیسنجەر نوسراوە. هەروەها، دامودەزگا سەربازیی‌یەکانی ئەمریکاش پشتگیریان لێ کردوە. کۆنگرێس لە دانیشتی رۆژی ٢٩ی کانونی دوەمی ١٩٧٦ بڕیاری داوە، ئەگەر دامودەزگاکانی جێ‌بەجێ کردن داوای بڵاوکردنەوەی نەکەن، ئەوا راپۆرتەکەی بایک، بڵاو نەکرێتەوە. چونکە ئەو زانیاریانەی لە راپۆرتەکەدا هاتون زۆر گرنگن و کاریگەرن، چونکە زۆرێک لە نهێنی‌یەکانی دامودەزگاکانی ئەمریکا رون ئەکاتەوە و ئەیانخاتە بەر چاوی هەمو لایەک، بە تایبەتی لەو ناوچانەی، کە ئەمریکا بەرژەوەندی گرنگی تیایان‌دا هەیە. ئیدی دوای هەوڵی زۆری کۆنگرێس و بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە بڵاونەکردنەوە راپۆرتەکەی لیژنەی بایک، بەڵام دزەی پێ کرا و یەکێک لە گۆڤارەکانی ئەمریکا لە دێی گرینیشی نزیک نیویۆرک بە ناوی "دەی گرینیش- دەنگی لادێ" بڵاوکرایەوە. داوودەزگا ئەمنی‌یەکانی ئەمریکا بەپەلە کەوتنە کۆکردنەوەی سەرجەم ژمارەکانی ئەو گۆڤارە، وە ئەو رۆژنامەنوسەی راپۆرتەکەی بڵاو کردەوە، دەستگیر کرد و روبەرەڕوی دادگایان کردەوە.
من لەو بڕوایەدام، ئەگەر دەوڵەتە عەرەبی‌یەکان دەسەڵات و ئیمکانیاتیان هەبێ، ئەتوانن دەقی ئەو راپۆرتە و دۆکۆمێنتەکانیان دەست بکەوێ یاخود هیچ نەبێ بەشێکیان لێی دەست بکەوێ. بێگومان ئەگەر ئەوە بکەن، سودێکی زۆری لێ ئەبینن.

ئەو بەشەی لەناو راپۆرتەکەی لیژنەی بایک‌دا تایبەتە بە، کەیسنجەر و کوردەکانی عیراق، بەشی (ج)ە و ناونیشانەکەشی بەناوی "سێ پرۆژە"وەیە. لە ناوەڕۆکەکەی‌دا ئاماژە بە حاڵەتی ٢ کراوە، کە باس لە یارمەتیدانی چەک ئەکا. هەوڵ ئەدەم لێرەدا ئەم بەشەیان بە کورتی بنوسمەوە:

ئەم بەشە لە نامەیەکەوە دەست پێ ئەکا، کە وێستگەی ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا لە ئیران ناردویەتی بۆ بەڕێوەبەری هەواڵگری لە واشنتۆن، تیای‌دا ئەڵێ، مەلا مستەفای بارزانی فەرماندەی بزوتنەوەی کورد، پێوەندی پێوە کردوم و داوای یارمەتیدانی ئەمریکای کردوە لە شەڕەکەیان‌دا دژی حکومەتی عیراق. هەروەها نوسەری وێستگەی هەواڵگری ئەمریکا لە ئیران وتویەتی، ئەو شەڕە یارمەتی وڵاتە یەکگرتوەکان ئەدا، چونکە حکومەتی عیراق هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت‌دا هەیە.

(ئەم نامەیە لە مانگی ئابی ١٩٧١دا نوسراوە)
دوای ئەوە مەلا مستەفای بارزانی جارێکی تر پێوەندی کردوەتەوە بە هەمان وێستگەی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا لە ئیران و داوای کردوەتەوە، کە وەڵامی داواکەی بدەنەوە. هەمان بەرپرس جارێکی تر نامەیەکی بۆ سەرۆکایەتی‌یەکەی ناردوەتەوە و نوسیویەتی، پشتگیری داواکانی مەلا مستەفا ئەکەم.

(ئەم نامەیەشی لە ٢ی مارتی ١٩٧٢دا ناردوە)

ئەو دو نامەیەی لە ئابی ١٩٧١ و مارتی ١٩٧٢دا نێردراون بۆ ئەو لیژنەیەی، کە کاری سەرپەرشتی کردنی چالاکی‌یە نهێنی‌یەکانی داوودەزگا ئەمنی‌یەکانی ئەمریکا ئەکا. سەرۆکایەتی ئەم لیژنەیەش سپێردراوە بە د. هێنری کەیسنجەر، چونکە راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بوە بۆ کاروباری ئەمنی قەومی، لە هەمان کات‌دا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمنی قەومی ئەمریکاش بوە. بێگومان لیژنەکەی کەیسنجەر هەردو نامەیەکەیان خوێندوەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردوە، بەڵام هیچ شتێک‌یان لە بارەیەوە نەوتوە. چونکە رەشنوسەکانی ئەو لیژنەیە دەری ئەخا، کە لیژنەی ناوبراو هیچ بڕیارێک‌یان لەو بارەیەوە نەداوە.

لە مانگی مایسی ١٩٧٢دا کاتێک سەرۆکی ئەمریکا، ریچارد نیکسۆن بە یاوەری کەیسنجەر سەردانی تاران ئەکەن، شای ئیران لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکی‌دا هەمان مەسەلە باس ئەکا و داوای یارمەتیدانی کوردەکانی لێ ئەکا، وە پێی وتوە، من وەکو هاوڕێیەک وەعدم بە مستەفا بارزانی داوە، کە ئەمریکا هاوکاری‌یان بکا، بۆیە ئەبێ ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەو وەعدەم بۆ جێ‌بەجێ بکا. هەر لەو کۆبونەوەیەدا شای ئیران لیستێکی لە چەک و پێویستی‌یەکانی مەلا مستەفای پێشکەشی سەرۆکی ئەمریکا کردوە، سەرۆک نیکسۆنیش وەعدی پێ داوە، کاتێ گەڕایەوە بۆ واشنتۆن لەسەر ئەو مەسەلەیە قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بکا.

لە مانگی حوزەیرانی ١٩٧٢ حکومەتی عیراق بڕیاری دەستگرتنی (خۆماڵی کردن) بەسەر دەزگا نەوتی‌یەکانی عیراق‌دا راگەیاند. چەند حەفتەیەکی نەبرد، کە لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢دا نیکسۆن و کەیسنجەر کۆبونەوەیەکی تایبەتی‌یان بە یەکەوە ئەنجام دا و بڕیاریان دا، یارمەتی کوردەکان بدەن و سەرەتا بڕی ١٦ ملیۆن دۆلاریان تەرخان کرد بۆ ئەوەی  چەک و پێویستی چەکداری بۆ کوردەکان بکڕن و بۆیان بنێرن. وە نوێنەرێکی تایبەتی‌یان بۆ هەمان مەبەست دانا بە ناوی، جۆن کۆنالی، کە دواتر هەمان کەس کرا بە وەزیری دارایی حکومەتەکەی نکیسۆن. بەڵام لەم سەروبەندەدا جۆن کۆنالی، کاری پارێزەریی بۆ چەند کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی ئەکرد. هەر لەبەر ئەمەش بو بڕیاریان‌دا ناوبراو بنێرنە تاران بۆ ئەوەی بە شا رابگەیەنێ، کە بڕیار دراوە، دەست بە ناردنی چەک و پارە بۆ کوردەکان، بکرێ. لەم بارەیەوە لیژنەی بایک ئاگاداری ئەوە نەبون، کە ئەو بڕیارە خراوەتە بەردەم لیژنەی ٤٠، بێجگە لەمە، لە هیچ نوسراوێکی فەرمی‌دا باسی ئەو بڕیارە نەکراوە. بەڵام لیژنەی بایک بە رێکوپێکی لە ستونی یەکەمی لاپەڕە ٨٥ی راپۆرتەکەدا ئەڵێ، ئەو لیژنەیە لەو بڕوایەدا، کە ئەو بڕیارە لەبەر خاتری هاوپەیمانەکەمان (ئیران) بڕیاری لێ دراوە، چونکە ئەوان دۆستی نزیکی ئێمەن، وە ئەوان لەو بڕوایەدان، کە عیراق مەترسی‌یە بۆ سەر ئەوان. ئەم دو وڵاتە دوژمنایەتی‌یەکی کۆنیان لە نێوان‌دا هەیە، دوژمنایەتیەکەشیان لەسەر بیروباوەڕ نی‌یە، بەڵکو پێوەندی هەیە بەسەر پێوەندی‌یان لەگەڵ ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

لیژنەی بایک لە راپۆرتەکەی‌دا ئەپرسێ، ئایا مەبەستی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و داواکانی چی بوە و ئەڵێ، مەبەستی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکاری کردنی کوردەکان بۆ ئەوە نەبوە سەرکەوتن بە دەست بهێنن، کە لەوانە بو، بە دەستی بهێنن، وە بۆ ئەوەش بوە، کە مافی ئۆتۆنۆمی‌یان دەست بکەوێ، چونکە وەرگرتنی ئەو مافە بۆ کوردەکانی عیراق کاریگەری لەسەر کوردەکانی ئیران ئەبێ، ئەو کاتەش کێشە بۆ شا دروست ئەکا. بۆیە هەوڵیان داوە، ئەو یارمەتی‌یانەی بە مەلا مستەفا ئەدرێ لە ئاستێکی زۆر دیاریکراودا بێ. تا ئەو رادەیەی زیان بە سوپای عیراق بگەیەنێ و هیلاکی بکا، وە هەندێ لە چەک و سەربازەکانی لە دەست بدا. نابێ بگاتە رادەیەک، بتوانن سەربەخۆیی بەدەست بهێنن، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر کوردەکانی ئیران ئەبێ.
لە شوێنێکی تری هەمان راپۆرت‌دا ئەڵێ، بەرپرسی وێستگەی هەواڵگری ئەمریکی لە تاران ئاگای لەوەیە، کە لە ئۆکتۆبەری ١٩٧٣دا ئیسرائیل پێوەندی کردوە بە مەلا مستەفاوە، داوایان لێ کردوە، لە کاتێک‌دا سوپای عیراق چوە بۆ شەڕی ئیسرائیل لە سوریا، ئەوان پەلاماری سوپای عیراق بدەن. هەروەها، داوایان کردوە، کە پەلامارێکی گشتی لە باکوری عیراق دژی سوپای عیراق دەست پێ بکەن. لە راپۆرتەکەی بەرپرسی وێستگەی تاران لە لیژنەی ٤٠ بە سەرۆکایەتی کیسنجەر باس لەوە کراوە، کە کەیسنجەر وتویەتی، لەوانەیە لەم بارودۆخەدا مەلا مستەفا زیاتر لە پاراستنی بەرژەوەندی‌یەکانی ئێمە سەرکەوتن بە دەست بهێنێ. بۆیە کەیسنجەر نامەیەکی بۆ مەلا مستەفا ناردوە و ئامۆژگاری کردوە، کە سود لەو فرسەتە نەبینێ بۆ سەربەخۆیی، بەڵام پێشی نەتوە، لەبەر چی داوای ئەو هەڵوێستەی لێ کردوە. هەر ئەوەندەی وتوە، کە ئەترسم ئەو هەڵوێستەت ببێتە هۆی زیاتر گرژبونی کێشەکەتان.

لە مانگی شوباتی ١٩٧٤دا لیژنەی چل، داواکاری‌یەکانی تری کوردیان تاوتوێ کردوە و بڕیاریان‌دا ٢٥ ملیۆن دۆلاری تر بۆ چەک و پێداویستی لە وڵاتێکی شیوعی لە رێگای وڵاتی سێ‌یەمەوە بکڕدرێ و بنێردرێ بۆ کوردەکان. رای کەیسنجەر لەو کاتەدا ئەوە بوە، کە یارمەتیدانی کوردەکان لە دژی عیراق سودی هەیە، چونکە عیراق لە دژی رێکەوتنەکانی وەستاندنی شەڕ و جیاکردنەوەی هێزەکانی میسر و ئیسرائیلە، کە لەو کاتەدا کەیسنجەر خەریکی ئەوە بوە، هەنگاو بەرەو چارەسەرەکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بنێ. بۆیە شەڕی کوردەکان و چالاککردنیان وا ئەکا، کە حکومەتی عیراق زیاتر سەرقاڵ بکا بە کێشەکانی خۆیەوە. لەو کاتەدا ناتوانێ روبەڕوی ئەمریکا بوەستێتەوە.

لە مارسی ١٩٧٥دا ئیران و عیراق رێکەوتن و ئیران بڕیاری دا، کە هەمو یارمەتی‌یەک لە خاکی ئیرانەوە بۆ بزوتنەوەی کورد رابگرێ، تەنانەت بە شێوەیەکی زۆر توند سنورەکانیشی لێ داخستن. لە هەمان مانگ‌دا، لیژنەی چل لە واشنتۆن بە سەرۆکایەتی کەیسنجەر ئەڵێ، لەو کۆبونەوەیەدا کەیسنجەر بە ئاشکرا وتویەتی، ئێمە دەست لە کوردەکان هەڵئەگرین بۆ ئەوەی عیراق دەستواڵا بێ لە دژی سوریی‌یەکان، چونکە سوری‌یەکان قایل نابن بێنە ناو گفتوگۆی قۆناغی دوەم بۆ جیاکردنەوەی هێزەکان دژی ئیسرائیل، وە لیژنەکەی بایک بە ئاشکرا ئەڵێ، ئەو هەڵوێستەی ئێمە کارێکی ناشیرین و بێ ئەدەبانە بوە بەرامبەر کوردەکان. ئێمە یارمەتیمان نەدان بۆ ئەوەی کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا بە گفتوگۆ حەل بکەن، تەنانەت هانماندان و دواتریش دەستمان لێ هەڵگرتن.
بەڵێ، ئەمەیە ئەو دۆکۆمێنتانەی لە کۆنگرێسی ئەمریکی‌یەوە بڵاو کراونەتەوە. بێگومان ئەمە کارێکی ترسناکە بۆ ئێمە. پاش ئەوەی عیراق دەستی گرت بەسەر کۆمپانیا نەوتی‌یەکانی‌دا ئەمریکا یارمەتی کوردەکانی دا بۆ ئەوەی عیراق لاواز بکا.

ئەو یارمەتی‌یانەی بە کوردەکان درا، تا ئەو رادەیە بو، کە نەتوانن سەرکەوتن بە دەست بهێنن، چونکە ئەگەر سەرکەوتن‌یان بە دەست بهێنایە، زیانی بۆ ئیران ئەبێ و عیراق‌یش ناتوانێ راپەڕینی کوردەکان بکوژێنێتەوە. لەمەدا مەبەست ئەوە بوە، کە تەنها شەڕ و خوێنڕشتن بەردەوام بێ. بۆ ئەمە مەبەستەش، کەیسنجەر داوای لە کوردەکان کردوە، چالاکی‌یەکانیان زیاد بکەن، چونکە عیراق دژی جیاکردنەوەی هێزەکانی عەرەب بوە. دواتر دەستی لێ هەڵگرتن، تەنها لەبەر ئەوەی عیراق دژی سوریا دەستواڵا بێ، چونکە سوریا لە دژی رێکەوتنەکانی ئیسرائیل بوە.

چیرۆکەکە لێرەدا تەواو نابێ، بەڵکو هەندێ پێچ و پەنای تیایە، کە لیژنەی بایک گرنگی پێ نەداوە. بۆ نمونە، هەواڵگری ئەمریکا لە وڵاتێکی شیوعی بە بڕی ٢٥ ملیۆن دۆلار چەکی کڕیوە و بڕیاری داوە بینێرێ بۆ کوردەکان دژی عیراق. بەڵام شەڕی کورد وەستا و چەکی شیوعی‌یەکان لەلای دەزگای هەواڵگری ئەمریکی مایەوە. ساڵی ١٩٧٦ بڕیاری دا، ئەو چەکانە بنێرن بۆ لوبنان.

لە کۆتایی‌دا ئەمەوێ بە ئاشکرا بڵێم، نەک گلەیی لە کەیسنجەر ناکەم، بەڵکو لایەنگریشی ئەکەم. هەرچەندە دان بەوەدا ئەنێم، کە من گرنگی بە کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەدەم. چونکە کەیسنجەر ئەو رێگاوشوێنانەی گرتە بەر، کە خۆی ئەیەوێ. ئەو کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە شێوەیەک ئەوێ، کە سودی ولایەتە یەکگرتوەکاکنی ئەمریکای تیا بێ، بەڵام لەوە زیاتری دەست کەوت.
بۆچی گلەیی لێ بکرێ، ئایا ئەوەی کردویەتی، پێوسیتی سەر شانی نیە. ئەی کاری سەرشانی ئێمە چی‌یە و پێویستە چی بکەین؟
من ئەڵێم، ئەوەی روی‌دا روی‌دا. گریان بۆ ماستە رژاوەکە فایدەی نیە. لاچونی کەیسنجەر لە ئێستادا فرسەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە، کە وریا ببینەوە بۆ ئەوەی بزانین چۆن کارەکانمان بەڕێوە ببەین.