27/11/2021
پرۆفسۆری یاریدەدر، زانکۆی لۆریە_ واترلۆ_ کەنەدا
ئەوەی ئێستا بە کاك لاهور و لایەنگرانی دەکرێت دوێنیش بە کاك نەوشیروانیشان کرد. ئەی تەقە لە گردەکە نەکرا، ئەی هەوڵنەدرا زێرەڤانی و میتی تورکی بێنن بۆ سلێمانی، ئەی لایەنگرانی گۆران نەفرێنران، ئەی لە کار دورنەخرانەو نانبراو نەکران، ئەی میدیای یەکێتی هەزاران تۆمەتی بۆ کاك نەوشیروان هەڵنەبەست، ئەی مام جەلال دژ بە کاك نەوشێروان قسەی نەکرد ... هتد.
هەمان کار لە ئێستادا دوبارە دەکرێتەوە بەرامبەر لایەنگرانی کاك لاهور. سەیر لەوەدایە کەس عیبرەت لە مێژوو وەرناگرێت. ئاخر ئەوەی دوێنی رویدا ئەگەر پێمان مەئسات بوو، ئەوا ئەوەی ئەمرۆ روو دەدات گاڵتەجارییە. گالتەجاریە، چونکی چیتان دووریەوەو لەوەی دوێنی تاکو ئەمرۆ دوبارەی کەنەوە.
یەکێتی و پارتی بەرهەمی سیاسەتی چەند ساڵەیان لە ئێستادا دەبینن. ئەوان ئەوەندەی لە پۆلیسی گومرگ، قاچاغچی سنورەکان و پیسخۆرەکانی نەوت دەچن، کەمتر لە حیزبی سیاسی دەچن.
بۆ پێشگرتن بە دارمانی تەواوی هەرێمی کوردستان، نارازیەکان پێوستە لەبەرەیەکدا کۆببنەوە. باشترە کاك لاهور دەستپێشخەری بۆ دروستکردنی ئەم بەرەیە بکات. دروستکرندی بەرەی سیاسی باشترە لە شەری کۆڵان بەکۆڵان. وەسیلەیەکە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تۆقاندنی چالاکوانانی سیاسی، ڕفاندن و تیرۆر.
لە ئێستادا نارازیانی کوردستان دەتوانن لەسەر بەرنامەیەکی کاتی کۆببنەوە. بەیەکەوە دەبنە هێز، بەتەنیای لەمەترسیدان. هەندێ لەو خاڵانەی کە بەرەی نارازی خەڵکی کوردستان دەتوانێ کۆبکاتەوە ئەمانەن:
یەکەم، خۆماڵیکردنی نەوت.
لە ئێستادا نەوتی کوردستان بە بیانووی وەهمی و فێڵی یاسایی چەند کۆمپانیایەك دەیدزن، لەبەرامبەریشدا دەرسەدێك دەدەن بە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و لە دەسەڵاتیان ڕاگرتوون بۆ پاراستن لە بیرە نەوتەکان. ئەم جۆرە لە دزی بۆ کۆمپانیەکانی نەوت نوێ نییە. بۆ نموونە پێش خۆماڵیکردنی نەوت عیراق و ئێرانیش هەمان ئەو فێڵ و دزیانەیان کردووە. سەدان دۆکیۆمێنت و راپۆرت هەن ئەم دزیەی کۆمپانیا نەوتیەکان بەپاڵپشتی دەسەڵاتداران ڕاست دەکەنەوە. میژووی ئەفریقا و هیندستان شاهێدن چۆن کۆمپانیا بیانیەکان وڵاتان بەتاڵان دەبن و لەبەرامبەریشدا شیرینی دەدەن بەهاوکارە ناوخۆیەکانیان. سەیری فلیمی کوتادی ٥٣ (Coup 53) دژ بە سەرۆك وەزیرانی ئیران مسەدق بکەن بۆ ئەوەی کەمێك لە دزی کەمپانیا نەوتیەکان شارەزا بیت.
دوەم، گۆران لە مۆدیلی حومکرانی لە کورستان.
پارتی و یەکێتی لەشکرێك لە کارمەندی حیزبی، میدیای مەرکەزی و سەدان بارەگایان هەیە. دەستیان لە هەمو بوارەکانی ژیان خەڵكدا هەیە. ئەم مۆدێلە لە حوکمرانی تەنها لە وڵاتە داپڵۆسێنەرەکان هەبوو، هەیە. ئەم مۆدێلە دژی ئازادی تاکەو سەرمایەیە، بەسەرچوە. زوو یان درەنگ دەروخێت.
مۆدێلی حوکمرانی سەرکەوتوو پێویستە بەرگەی ماناوەی لە پێناسەکەی دابێت. چۆن ئەو خانوانەی لە دار دروست دەکرێن، بۆ نموونە لە کەنەدا و ئوسترالیا، بەرگەی ئاگرگرتن لە دیزاینەکەیان هەیە، چۆن ئەو ئاپارتمانانەی لە یابان دروست دەکرێن بەرگری بومەلەرزە لە دروستکردنیان هەیەو لەسەر ئەستون دروست دەکرێن بۆ ئەوەی بەرگەی بومەلەرزە و کارەساتی سروشتی بگرن، چۆن باڵاخانە بەرزەکان پاراستن لە هەورە تریشقە لە دیزاینەکانیاندا هەیە، ئاواش مۆدێلی حوکمرانی دەبێت بەرگەی کارەسات و ئەزمات لە پێکینەرەکەی دابێت. دیارە ئەم مۆدێلەی حوکمرانی کوردستان ئەوە نییە. هەر حیزبێكیش لە داهاتوو دروست بێت ئەگەر دیدێکی جیاوازی نەبێت بۆ مۆدیلی حومکرانی، ئەوا هاوشێوەی یەکێتی و پارتی دەبێت چاوەروانی هەمان چارەنوس بێت.
سێیەم، دابینکردنی پێداویستی تەندروستی بۆ هەموو خەڵکی کورستان پێویستە لە بودجەی گشتی بێت.
چوارەم، خوێندن تاکو کۆتایی قۆناغی ئامادەیی دەبێت بەخۆرایی و ئیجباری بێت. بۆ مەسەلەی پەیمانگا و زانکۆکانیش پێویستە لێکۆڵینەوە لە سیستەمی وڵاتانی ئیسکەندنافی، ئەوروپا، ئەمریکا و ئاسیا بکرێت. مۆدێلێك پەیرەو بکرێت کە تایبەتمەندی کوردستان لەچاو بگرێت و سودیش لە تەجروبەی وڵاتان وەربگرێت.
پینجەم، کار لەگەل وڵاتانی جیهان بکرێت بۆ ئەوەی ڤیزەی سەفەر بەرێگای یاسایی بدەن بە خەڵکی کوردستان.
ئێمە دوێنمان بوو بە مێژوو، ئێستاشمان کارەساتە، جا بۆ ئەوەی سبەی خۆمان و نەوەکانمان نەفەوتێت پێویستە بەرەیەکی نوێ لە کوردستانپەروەران دروست بێت. بەرەیەك ڕێگا بگرێت لە دزینی نەوت و لە قاچاغی سنورەکان. بەریەك لەجیاتی ئەوەی وەك پۆلیسی گومرگ کار بکات لە خەمی ئاوادەنکردنەوەی کوردستان و بەپیشەسازیکردنی کوردستاندا بێت.