26/11/2021
ناڕەزایی
لە سیستەمێکی باش و ماقوڵدا، ناڕەزایی بەشییەو تەنیا نوێنەرایەتی خۆی ئەکات. بەڵام لە سیستەمە خراپەکاندا، ناڕەزایی گشتییەو هەر ناڕەزایەتییەك، نوێنەرایەتی تۆپەڵێك ناڕەزایەتی تریش ئەکات. یەعنی لە لەندەن، ناڕەزایی بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، تەنیا ناڕەزاییە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین. بەڵام لە سلێمانی، ناڕەزایی بەرامبەر نەبوونی دەرماڵەی خۆیندکاران، تەنیا بۆ دەرماڵەکە نیە، بەڵکو بۆ کۆی پاکێجی (خزمەتگوزاری و عەدالەت و ئازادییە)و هەر جارەی لە یەکێکیانەوە فیچقە ئەکاو نوێنەرایەتی هەمووی ئەکات.
زانکۆ
زانکۆ کە کورتبوویەوە لە شەهادەو بازاڕو وەزیفەدا، ئیتر ئەوێ، چەقی فەسادی مەعریفییەو لەوە کەوتووە کە ڕەبتی بە زانینەوە مابێت. ناڕەزایی خوێندکارانیش، ئەگەرچی ڕووی لە دەرەوەی زانکۆیە، بەڵام ڕووی لە دۆخێکە، کە زانکۆش بەشێکە لێ ی. یەعنی ڕووی لە ناوەوەشە!
زانکۆ کاتێك زانکۆیە، کە مەعریفە خۆی ئامانجبێ و بتوانێ کارو بازاڕیش بخاتە ژێر پرسیارەوە. نەكئەوەی بکرێتە پاشکۆی کارو وەزیفەیەك کە نیە.
باوکانی دامەزرێنەر
ئاساییە ڕەسمی جۆرج واشنتۆن، لەبەردەم زانکۆیەکی ئەمریکا و ڕەسمی شێخ زائید، لەبەردەم زانکۆیەکی ئیمارات و ڕەسمی مامجەلال، لەبەردەم زانکۆی سلێمانی و ڕەسمی مەلا مستەفا، لەبەردەم زانکۆی هەولێردابێت.. دواجار ماڵەکان، باوکانی دامەزرێنەر، بناغەکەیان داناوە. کێشەی ماڵەکەی ئێمەش لە بناغەکەدایە!
بناغەکە
باوکانی ئەمریکا، بناغەکەیان لەسەر دەساودەس و دیموکراسی داناو نیشتمانیان خستە سەرو حەزو ئەنانیەت و گڕی دەروونییەکانی خۆیانەوە. باوکانی ئێمە، بناغەکەیان لەسەر دەسەڵاتی هەتاهەتایی دامەزراندن و خۆیان و کوڕو بنەماڵەیان، خستە سەرو نیشتمانەوەو تا مردن، دیلی ئیگۆ و کێشە دەروونییەکانی خۆیانن. باوکانی ئیمارات، بە نەخوێنەواریی، توانییان لەسەر خۆشەویستی کۆببنەوەو پێکەوە لەگەڵ خەڵکەکەیا نانەکە بخۆن. باوکانی ئێمە، بە خوێنەوارو نەخوێنەوارەوە، هەر رقیان چاندو هەر یەکەیان، کۆی نانە مادی و مەعنەوییەکەی، تەنیا بۆ خۆی ئەوێ و ئەوانیتر ئەکاتە دەرەوەی مێژوو!
ئاوەکە
ئەو ئاوەش کە باوکەکان ڕشتیان، بوو بە کولتوری سیاسیی ئێمەو ئیتر لە عەقڵی جەمعی ئێمەدا، سیاسەت یەکسان بوو بەو ڕقسازی و قۆرخکارییە.
کولتوری سیاسی
کاتێ حەوزەکە پیس ئەبێ، چارەسەر ئەوەنیە شلپەشلپ و مەلەی زیاتری تێدا بکەین. چارەسەر ئەوەیە، ئاوەکە پاك بکەینەوە. کولتوری سیاسی ئێمە، کولتوری ڕق و قۆرخکاری و پەرتبوونەو بە هەر ئاڕاستەو ئایدۆلۆژیایەکەوە خۆتی تێ فڕێدەیت، هەر قوڕاویی ئەبیت و هەر قوڕەکە خەست ئەکەیتەوە. ناڕەزایەتییش، پێش ڕەتکردنەوەی هەر شتێك، ئەبێ هۆشیاریی بێت بەو ئاوە پیسە، بۆئەوەی نەبیتەوە بە بەشێك لێی!
لێكتێگەیشتن
ئەوترێ مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتییەو ئەشوترێ مرۆڤ کائینێکی ناتقە. هەردوکی بدەین لەیەك، یەعنی کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ، لە زمانەوە دەستی پێکردوەو کاتێ زمان دروستبووەو دوو کەس توانیویانە لێکتێگەیشتنێك لەنێوانیاندا بنیات بنێن، ئا لەوێوە، ئیتر کۆمەڵگا بچوکەکان دروستبوون و دواتر گەورەبوون. کێشەی کۆمەڵگای ئێمەش، ئەوەیە کە، لە وجودی زماندا، گەڕاوەتەوە بۆ قۆناغی پێش دروستبوونی زمان و لێکتێگەیشتنی تیا نەماوەو هەڵوەشاوە!
ئەرکی قۆناغەکە
ئەرکی سیاسەت بەگشتی و ناڕەزایی بەتایبەتی، ئەوەیە کە کۆمەڵگا هەڵوەشاوەکە، دروستبکاتەوەو زمانێکی هاوبەش و فەهمێکی گشتی بنیات بنێتەوە. بێگومان ئەمەش بەوەنابێ، کە دوو جوێن بدەین بەم و دوو بەرد بگرینە ئەو.. ئەم بەشەی ناڕەزایی، هەر سەر بە ناتێگەیشتنەو سەریشکەوێ، ناتێگەیشتنێکی تر دووبارە ئەبێتەوە. بەڵکو ئەرکی یەکەمی قۆناغەکە، ئەوەیە کە "زمانی ناڕەزایی" بکەینە زمانی هەمووان و چیتر (دەنگی شەقام و دەنگی هۆشیاریی) ببن بە هەمان دەنگ و لەوێوە لێکتێگەیشتنی گشتی دروست ببێ و هەموومان بچینە ناو هەمان ئارگۆمێنت، نەك دابەش ببینەوە بەسەر دوو تیمی شەڕەشەقدا.
سەردەم
سەلەفیەت بۆچی وشکەو ناتوانێ وەکو عیرفان، تەجروبەی ڕۆحی و هونەری تێدابێ؟ چونکە عیرفان ئەوەنیە کە دەرەسەردەمە. ئەوەیە کە ناسینی تەواوی سەردەمەکەی خۆتە. مرۆڤ لەناو مەعریفەی سەردەمی خۆیەوە عروج ئەکا بۆ خۆناسی و وجودناسی و جوانیناسی.. بەڵام سەلەفیەت ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی تر،، ئیتر نە ناسین ڕووئەدا نە باڵابوون، چونکە ئەو دووانە تەنیا لەناو سەردەمی خۆتدا ڕووئەدا.
شەقام
جا ئێمە، ئەبێ ناسینی سەردەمی خۆمان، بکەینە بناغەی ناڕەزایی و خودی ناڕەزاییەکە پلەدووبێ و هۆشیارییەكەی ژێری پلە یەك بێت. ئەوەشی کە پێویستە بیناسین، ئەوەیە کە، لە زەمانی جەلالی و مەلاییەوە، ناڕەزایی ئێمە، ئەو ناسینەی کۆی سەردەمەکەی تێدا نیەو هەر بریتی بووە لە دوو لەتکردنی وێنەکەو جوێندان بە لایەکی. گرنگە کوڕو کچە ئازاکانی ئێمە، چیتر لەو وێنە دوو لەتییەی مەسەلەن دەسەڵات و معارەزە دەرچن و کۆی فەسادو ستەم و سیاسەتی دوولەتکردن ڕەت بکەنەوەو جارێکی تر وێنەکە بە گەورەیی دروست بکەنەوە!
پۆلیس
لە دەوڵەتی ماف و یاساو هاوڵاتیدا، پۆلیس هەر حەرەسی سیستەمەو لە دەوڵەتی حیزب و بنەماڵەو چەتەگەرییشدا، پۆلیس هەر حەرەسی سیستەمە. کام سیستەمەی تۆ پێتباشە، هەر پۆلیس ڕایگرتووەو کام سیستەمەی زۆر پێت خراپە، هەر پۆلیس ڕایگرتووە. "پۆلیس و سیستەم" دووانەن و پێویستن بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و لە داهێنانە گرنگەکانی مرۆڤن. بەڵام پێویستیشە هەردوکیان، هەمیشە لە ژێر پرسیاردابن، بۆئەوەی فیکرەی ڕێکخستنی ژیانی گشتی، هەڵنەگەڕێتەوەو نەگۆڕێ بۆ فیکرەی سەپاندن و داگیرکردنی ژیانی گشتی.
هۆشیاریی
لە قۆناغێکدا، هۆشیاریی سیاسیی گەشەی کردوەو مرۆڤ دەرکی بەوە کردوە، کە شتانێك هەیە، گشتی و هاوبەشەو هی هەمووانە. سیستەمیش بۆ دابینکردنی ئەو ژیانە گشتییەیەو پۆلیسیش بۆ پاراستنی ئەو ژیانە گشتییەیە. واتا چەقی شتەکە، گشتێتییەکەیەتی و سیستەم چەنێك نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی بکات، پۆلیسیش ئەونە گشتییەو بەپێچەوانەشەوە. جا ئێمە ئەبێ خەباتمان بۆ ئەوەبێ کە سیاسەت گشتیی بکەینەوە، بۆئەوەی پۆلیسیش گشتیی ببێتەوەو لە حەرەسی بنەماڵە و حیزب و ئایدۆلۆژیایەکەوە، ببێتەوە بە پارێزەری ژیانی گشتی و مافی هەمووان.
پۆلیسی ناوەکیی
مرۆڤ ئیرادەی ئازادی هەیەو ئەتوانێ تاوان بکاو نەشیکا. سیستەمیش شتێکە لە دەرەوەی ئێمەدا، بۆ کۆنترۆڵی ئەو ئەگەری تاوانکارییە. تاکو ئەو ئیرادەو ئەگەرە ناوەکییەش لەناو ئێمەدا هەبێ، سیستەمە دەرەکییەکان پێویستن. بەڵام بۆ پێشێلی ماف و ئازادیی ئێمە نا، بەڵکو بۆ پاراستنی ژیانە گشتییەکە. ڕەنگە پۆلیس و یاساو سیستەمی دەرەکیی، ئەو کاتە پێویست نەمێنێ، کە لەڕێگای زیرەکیی دەستکردەوە، ئیتر پۆلیس و سیستەمەکەی دەرەوە، بخرێتە ناو خۆمانەوە!
ئازادیی
بەڵام لێرەدا، هەمان ئەو پرسیارە ئەخلاقییەی، کە ئەکەوێتە سەر دەوڵەت و پۆلیسی دەرەکیی، ئەکەوێتە سەر زیرەکیی دەستکردو پۆلیسی ناوەکییش. ئایا شتەکە ئازادانەو گشتییانەیە، یان دیسان سەپاندن و داگیرکارانەیەو هەژموونی کەمینەیەکە بەسەر هەمووانەوە؟
پەیمانی کۆمەڵایەتی
گشتێتی سیستەمە دەرەکییەکە، بەوە ئەپێورێ، کە خۆمان ئازادانە، شتانێکمان کردوە بە سنورو پابەندین پێوەی، لەپێناو دروستکردن و پاراستنی ژیانە گشتییەکە. لێرەدا ئیتر ئیرادەی ئێمەو ئیرادەی دەوڵەت، ئەبێتەوە بە یەك و کۆمەڵگایەکی بەختەوەرو ئازاد دروست ئەبێ.
پەیمانی مرۆڤایەتی
بۆ زیرەکیی دەستکردنیش بە هەمان شێوە. ئایا بەهاگەلێکی گشتی، هەموو مرۆڤایەتی ڕێکئەکەوین لەسەری و ئازادانە بڕیار ئەدەین کە تیاماندا بچێنرێ؟ یان نوخبەیەكی دەسەڵاتدارو سەرمایەدار، تیمانا ئەیچێنن و ئەوکاتیش دیسان سەردەست و بندەست دروستئەبێتەوەو ناچارئەبینەوە بە شۆڕش. بەڵام ئەمەیان "شۆڕشی ئەپدەیت" بۆ گۆڕینی سیستەمی ناوەکیی، نەك "شۆڕشی ارحل" بۆ گۆڕینی سیستەمی دەرەکیی. هەڵبەتە ئەگەر ئیرادەی شۆڕشمان مابێ و هاك نەکرابێ!
دین
بە زمانێکی دینیی، زیرەکیی دەستکرد، بەس دەسکاریکردنی خەلقی خوا نیە، دەسکاریکردنی ئەمری خواشەو هەردوو عالەمی خەلق و ئەمر ئەگۆڕێت. تەنیا دەسکاری بایۆلۆژیاو جەستە نیە، بەڵکو دەسکاری ئیرادەو ئەخلاق و ناوچە عەقڵی و مەعنەوییەکەی ئینسانیشەو ئیتر ئەوکات، چەمکە دینییەکانیش، ماناکەی ئەگۆڕێ و ئەشێ بەهەشت، هەر ئەوەبێ، کە دوای چەن شۆڕشێکی ئەپدەیت، بگەینە کەماڵی مرۆڤایەتی و ئازادانەترین و گشتیانەترین بەرنامەی "بەهای مرۆیی" لە خۆماندا دابەزێنین!
خۆپیشاندانەکە
زۆر دوورکەوتینەوە، بەڵام جوڵەو پیاسەی عەقڵ هیچ زەرێك ناداو زەرەر هەر ئەوەیە کە شتەکان نەبنە بابەتی بیرکردنەوە. با بێینەوە لای خۆپیشاندانەکەو ئەمەوێ بڵێم، من زۆر گەشبینم، کاتێ ئەبینم پۆلیسێك، گەیشتۆتە ئەوەی، کە جیاوازی لەنێوان کوڕو کچدا نەکاو هەمان شەق لە هەردوکیان هەڵدا. ئەمە چەنێك دیمەنێکی قێزەونە، ئەونەش ئازادبوونە لە جیاکارییە ڕەگەزییەکان. بەودیوا، کاتێ کوڕو کچ، هەردوکیان دێنە سەر شەقام و هەمان ڕەنج و قوربانی ئەدەن،، ئەوە سەرەتای ئازادی و کرانەوەیەکی عەقڵییە، کە لە ئایندەدا، ئازادی و کرانەوەی سیاسی و کولتوریشی بەدوادا دێت. لەڕاستیدا دنیاکە بە "ئینسان" ئەگۆڕێت نەك بە نێر. ئینسانیش ئەو کائینەیە، کە تەوقی نێر و مێ ی پساندوەو تا ئەو تەوقەش نەپسێنێ، لە تەوقەکانی تر ئازادنابێ.
شەقەکە
باشە کۆیلە، بۆ وا بەتوندیی کۆیلایەتی خۆی ئەپارێزێ و بۆچی وا بە ڕقەوە لە ئازادیی ئەدات؟!
هەمیشە ئەوەم لەلا پرسیاربووەو وەڵامیش لەوە زیاتر شك نابەم، کە کۆیلە بریندارێکی سەختی کەسایەتییەو ئازادییش ئەو برینەی ئەکولێنێتەوە. کۆیلە لێرەدا تەواو شەڕی خۆی ئەکات، نەك شەڕی ئاغاو بتەکانی. چونکە ئازادیی، تەنیا شەڕنیە لەگەڵ فیرعەون و بتەکان، بەڵکو دەسوەردانە لەو برینەش. وەلێ داخەکەم، کۆیلە نازانێ، ئەو ئازارو هەڵکۆڵینی برینە، چارەسەرو نەشتەرگەریی برینەکەیە!
بەردەوامیی
ئەگەر قەرارە وەکو خۆپیشاندانەکانی پێشوو، دوای کوژرانی چەن گەنجێك بچنەوە ماڵەوە، دەی تۆزێ پێشتر بچنەوە ماڵەوە. با موبادەرەی چوونەژوورەوەش هەر بەدەست خۆتانەوەبێ و مەیدەنە دەست بەڵتەجی و خوێنرێژەکان. پەیامەکە بێ خوێن باشتر ئەگاو ڕێگاکەش بێ خوێن بەردەوامتر ئەبێت. پێش خوێن، بچنەوە ژوورەوەو لە شتێکی تردا وەرنەوە دەرەوە. ئەمە با ببێتە وزەیەکی بەردەوامی ناڕەزایەتی سپیی و با سووری نەکەین. دەسەڵات پەلەیەتی سەرکوتیکاو موعارەزە پەلەیەتی ئیستغلالیکاو پۆپۆلیست پەلەیەتی نمایشی تێدابکاو گەنجە توڕەکەش، پەلەیەتی توڕەیی خۆی بەتاڵکاتەوە.. خوێنەکەش لەو پەلەپەلییەدا ئەڕژێ. با ئێمە هیچ پەلەمان نەبێ و بە چەن جێمێکی ناتوندوتیژ، شتەکە لەوسەرەوە بگاتە ژیان و بە پەلەپەل لەباری نەبەین. لە هەڵچووندا هەمیشە ئەوان براوەن، یان ڕاستتر هەمووان دۆڕاوین. با ئەو داهێنانە بکەین، ئارامیی بکەینە سیفەتی ناڕەزاییەکان و لەوێشدا بۆ یەکەمجار، ناڕازییەکان یان ڕاستتر هەمووان، بیبەینەوە!
دوا قسە
ناڕەزایی ڕەوایە بەڵام توندوتیژیی ڕەوانیە. توندوتیژی وزەی مەرگ و کاولکارییە نەك وزەی ژیان و گۆرانکاریی. گرنگە کچ و کوڕە ئازاکانی ئێمە، خۆیان لە دوو شت بپارێزن. یەکەم لە توندوتیژی، چونکە ئەوە ئەخلاقی چەتەکانەو مەچنە ناوچەی ئەخلاقی ئەوان. دووەمیش خۆتان لە یاریی حیزب و سەرکردەو باڵە گەڕوگولەکان بپارێزن و یاریی خۆتان دابهێنن. ئەوان کە دێن، تەنیا وێنەکەتان بۆ دوولەت ئەکەن. ئێوە کە لەوێن، ئەتوانن وێنە گەورەکە دروستبکەنەوە.