با داخوازیی خوێندکاران ووردبکەینەوە بزانین چەند دەکات و چی دێنێت!

26/11/2021

د.كاروان حه‌مه‌ ساڵح

لە ساڵی 2014 ەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەڕماڵەی خوێندکاران بڕدراوە.
ئەوکات دابەزینی نرخی نەوت،  شەری داعش، ئاڵۆزی دۆخی سیاسیی و ئابوری و بڕینی بوجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە کرابووە بەهانە.
بەڵام لە ئێستادا و دوای حەوت ساڵ کە خوێندکاران داوای ئەو مافەیان دەکەنەوە؛ نرخی نەوت 66. 78$ دۆلارە،  شەری ڕووبەڕو و قەیرانی دارایش تێپەریوە! (قەیرانی ئابوری نا!) سەرەڕای ئەوەش دوای فەرمانبەران، خوێندکاران ئەو چینەی ترن کە دەمودەست دەست بۆ مافی داراییان براوە.
بەڵام لەولاشەوە تاکە چینێکیش کە؛ سەرچاوەی گەورەی نەزیفی دارایی و پرسی نا-دادپەروەری و بێ ئومێدی و دواتریش دابەزینی بەهای توانایە ( Ability Value) بندیوارەکانن کە تاکە چینن هەموو چینەکان و ئابوری و توانای مرویی ووڵاتیش کراوەتە قوربانیان. هیچ کردە و بڕیارێکیش مووچەی نا-شەرعی ئەوانی نەوەستاندووە.
جا با ئێستا زیاتر ووردی بکەینەوە؛
بەنزیکەیی هەموو هەرێمی کوردستان 100 هەزار خوێندکاری هەیە لە زانکۆ حکومیەکاندا. بەڵام لە لایەکی ترەوە سەروویی 500 هەزار مووچەخۆری بندیواریی هەیە.
گەر بۆ هەر خوێندکارێک بە گریمانە بەرزترین ئاستی دەڕماڵەی ڕابردوو وەرگرین کە 100 هەزار دینار بێت لە مانگێکدا بۆ هەر خوێندکارێک،( پێشتر دەڕماڵەکە لە 40 هەزارەوە بۆ 100 هەزار بوو)، ئەوا بە دۆلار دەڕماڵەی سەرجەم خوێندکاری هەرێم دەکاتە ؛ 6 ملیۆن و 756 هەزار دۆلار لە مانگێکدا!
ئایا دەزانن ئەو بڕەی سەرەوە تەنها لە سەدا 2 پۆینت 2  ی بودجەی بندیوار دەکات!!؟
چۆن؟
بە نزیکیی؛
لە سەدا 70 ی دەستی کار لەهەرێمی کوردستاندا لە کەرتی حکومیدایە، لەسەدا 40 ی کۆی مووچەخۆرانی حکومیش بندیوارن!
بودجەی مانگانەی هەرێم بۆ مووچەخۆران 750 ملیۆن دۆلارە، لەو برە، 300 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچەی بندیوارە.
کەواتە 6 ملیۆن و 756 دۆلارەکەی خوێندکاران دەکاتە لە سەدا 2.2 ی بودجەی بندیوار کە 300 ملیۆن دۆلارە.
واتا ئەگەر لەهەموو بودجەی بندیوار، لەسەدا 97.8 یان بۆ بندیوارەکان سەرف بکەن و تەنها پاشماوەکەی بدەن بە خوێندکاران، چارەی 100 هەزار خوێندکار دەکات!
بۆیە بەهیواین دەستەڵات ئەو ژمارانە ببینێت و بڕیارێک بدات لە سوودی فێرخوازان.
چونکه بیریشمان نەچێت ئەو برە پارە کەمە تەنها دڵی فێرخواز خۆش ناکات بەڵکو:
- ئەو بڕە پارەیە بەشێکی لە ناو زانکۆکاندا، فێرخوازان جارێکی تر خەرجی دەکەنەوە بۆ پێداویستی خۆیان.
-دەبێتە پشتیوانیەکی داراییش بۆ خێزانی خوێندکاران لەم دۆخەدا.
-هاندانێکیش دەبێت بۆ خوێندکارانی ئامادەییش کە دڵخۆش بن و بزانن کە هاوڕێیانی زانکۆیان گرنگیان پێ دەدرێت و هاوکاریی داراییان دەکرێن.
-هاوکاریش دەبێت بۆ کاڵکردنەوەی بێ متمانەی لەنێوان هاوڵاتیان و گەنجان و حکومەت.
-لە هەمووی گرنگتر؛ لانی کەمی بڕێکی زۆر کەم دادەپەروەری کۆمەڵایەتی و جیاوازی ژیانی خوێندکاران لەگەڵ خوێندکارانی چینەی مامناوەند و دەوڵەمەند کەم دەکاتەوە!