بۆچی دۆخی عیراق سەقامگیر نابێت؟

19/11/2021

کاروخ خۆشناو

بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عیراق، پرسیارێک جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە: 
بۆچی دۆخی عیراق سەقامگیر نابێت؟ 


وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت بەڵام پێموایە کۆمەڵێک فاکتەر بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دۆخی عیراق، ئەم فاکتەرانەش قۆناغ لە دوای قۆناغ زیاتر و بەهێزتر دەبن، دەتوانین ئەم فاکتەر و هۆکارانەش پۆڵین بکەین بۆ:

یەکەم فاکتەرە ناوخۆییەکان:

کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکاری ناوخۆیی هەن کەوا بوونەتە داینەمۆی درێژە پێدانی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێڕاق، لەسەروی هەموویانەوە پەراوێزخستن و جێ بەجێ نەکردنی دەستوری عێڕاق، لەلایەن هەموو سەرۆک وەزیرە یەک لە دوا یەکەکانی عێڕاق، هەر لە (عەلاوی و جەعفەری و مالکی و عەبادی و عبدالمهدی)ەوە بگرە تاکو دەگاتە (کازمی) دەستوریان پشتگوێ خستووە، دەتوانین بڵێین تاکو ئێستا لە کۆی (144) مادەی دەستوری عێڕاق نزیکەی (54) ماددەیان جێبەجێ نەکردووە، تەنها ئەو ماددانەیان جێ بەجێ کردووە کە لەبەرژەوەندی خۆیاندا بوون، ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێڕاقە، لە پاڵ ئەم هۆکارەدا کۆمەڵێک هۆکاری تری ناوخۆیی هەن وەک نەبوونی  (هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) لە نێوان پێکهاتە سەرەکیەکانی (کورد و شیعە و سونە)دا ئەم حاڵەتەش نەک تەنها دوای پڕۆسەی ئازادی عێڕاق، بەڵکو بە درێژایی مێژووی (100) ساڵەی دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاقدا هیچ کاتێک (هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان) بوونی نەبووە، هەر لەسەر دەمی مەلەکیەوە بگرە تاکو سەردەمی جمهوری، کاتێک  پێکهاتەی (سونە) دەسەڵاتدار بووە  تاکو ساڵی (2003) دەبینین (کورد و شیعە) بە هەموو شێوەیەک زەبر و زەنگیان بەرامبەر بەکار هێنراوە و چەوسێنراونەتەوە، دوای (2003)ش ئەم جارە پێکهاتەی (شیعە) بەشێوەیەکی تاکڕەوانە دەسەڵات دەگرێتە دەست و دەستور پشتگوێ دەخات و هەردوو پێکهاتەی (کورد و سونە) دەچەوسێنێتەوە، بۆیە دەبینین دۆخی عێڕاق بە درێژایی مێژوو قۆناغ بە قۆناغ ئاڵۆزتر بووە و لە ناسەقامگیریەوە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر ڕۆیشتووە، ئەمەش دەرەنجامی هەڵەیەکی ستراتیژی سەدەیەک لەمەبەرە لەلایەن زلهێزانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم، کاتێک وڵاتێک بێ (ویست و خواست)ی پێکهاتە سەرەکیەکان (کورد و سونە و شیعە) لە چوارچێوەیەکدا کۆدەکەنەوە و ناوی دەنێن عێڕاق، بۆیە پێموانیە دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی دوایش (گۆچانی سیحری) بداتە دەست کەسێک تاکو بتوانێت کێشە کەڵەکەبووەکانی (100) ساڵی ڕابردوو چارەسەر بکات و عێڕاق بەرەو سەقامگیری ببات.

لەم چوارچێوەیەدا و لەپاڵ ئەم فاکتەرانەی سەرەوە، لە ئێستادا فاکتەرێکی تری ناوخۆیی بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیری دۆخی هەنووکەیی عێڕاق بریتیە لە هەبوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی (بەتایبەت حەشدی وەلائی) کە بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێڕاق، چونکە ئەم هێزانە نەخراونەتە ژێر چەتری سوپای عێڕاق، بەڵکو بەردەوام هەڕەشەن بۆ خەڵک و دام و دەزگا فەرمیەکانی دەوڵەت، هەروەها ئەم هێزانە بە ڕوون و ڕاشکاوی ئەجیندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، بۆیە دەتوانین بڵێین هەتاکو حەشدی شەعبی بەم شێوە ناڕێکخراوە (وەک دەوڵەتی قوڵی عێڕاق) چەک و دەسەڵاتیان هەبێت و بتوانن ڕۆژانە هێرشی درۆنی و هەڕەشەی گوێبڕین لە (سەرۆک وەزیرانی عێڕاق و ناوەندە دیبلۆماسی و سەربازیەکان) بکەن، ئەوا دۆخی عێڕاق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

دووەم فاکتەرە دەرەکیەکان:

ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا (سەروەری و سۆڤێرنتی) عێڕاق نیشانەی پرسیاری لەسەرە، ئەمەش بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکی لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە و جیهان  بەتایبەت (ئێران و ئەمریکا) کەوا فاکتەری سەرەکین بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیری عێڕاق، چونکە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو عێڕاقیان کردۆتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان، بۆیە هەتاکو ململانێکانی ئەم وڵاتانە لە گۆڕەپانی عێڕاق دوور نەخرێنەوە و ئەم دەستێوەردانانە بنبڕ نەکرێن، عێڕاق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا لە داهاتووی نزیک و دوویشدا کێشە سیاسی و تایفیەکانی عێڕاق بەردەوام دەبن، لەبەر ئەوە ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکەش بە هەستیاریەوە لە دۆخی عێڕاق دەڕووانن، چونکە هێزە دۆڕاوەکان چەکیان بەدەستە و ڕازی نین بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕۆژانە خۆپیشاندان دەکەن و هەڕەشەی ئاگرین لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و حکومەتی عێڕاق دەکەن، بۆیە دۆخی عێڕاق هەستیارە و ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتر لە ئارادایە، ئەگەر چی کۆتایی هاتنی (ٚئاژاوە) لە عێڕاق خەونی ئەمەریکا بووە، هەر بەو ئامانجەش لە ساڵی (2003) ڕژێمی عێڕاقی گۆڕیوە، بەڵام دوای (18) ساڵ خەریکە بۆ ئەمەریکا ڕوون دەبێتەوە کەوا عێڕاق لوغزێکی سەرسوڕهێنەرە و بەئاسانی چارەسەر ناکرێت، بۆیە ئەگەرێکی بەهێزە ئەمەریکا لەپێناو چارەسەرکردنی (سەرئێشەی عێڕاق) ملکەچی واقیعە سیاسیە ئاڵۆزەکەی عێڕاق نەبێت، بەڵکو بیر لە ئەلتەرناتیڤێکی تر بکاتەوە، ئەویش بەهەرێمکردنی ناوەڕاست و باشوری عێڕاقە، واتە بە (شێوەیەک لە شێوەکان) گەڕانەوە بۆ پێشنیازەکەی سەرۆک (جۆ بایدن) کە لە ساڵی (٢٠٠٧) پێشکەشی کردووە.

لە کۆتاییدا گرنگە ئێمەی کورد درک بەم قۆناغە هەستیارەی دۆخی عێڕاق بکەین، بۆیە هەتا زووە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هەوڵ بدەن ناوماڵی خۆیان ڕێک بخەنەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو سیناریۆکان، تاکو بتوانن وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ئامادەیی بەهێزیان هەبێت لە ناو هاوکێشە و گۆڕانکاریەکانی عێڕاق و ناوچەکە، چونکە ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی عێڕاق ئەگەرێکی بەهێزترە لە ئەگەری سەقامگیری دۆخی عێڕاق، بەتایبەت ئەگەر ئەمەریکا و ئێران گەیشتنە بنبەست لە دانوستانەکانی (ڤیەننا) بۆ نوێکردنەوی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی، ئەوکات ئەم ڕەوشە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێڕاق دەبێت، چونکە ململانێکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە گۆڕەپانی عێڕاقدا ڕەنگ دەدەنەوە، بۆیە گرنگە ئێمەی کورد خۆمان بۆ هەموو سینارێۆ و ئەگەرەکان حازر و ئامادە بکەین.