ڕاپۆرتی جیهانی

04:17 - 28/01/2019

ئه‌و خاوه‌ن هوتێله‌ی شه‌وی كوده‌تاكه‌ ئه‌ردۆگانی پاراست‌

پەیسەر

له‌ 15ی ته‌مموزی 2016  ئه‌و كاته‌ی به‌شێك له‌ سه‌ربازان كوده‌تایه‌كیان ئه‌نجامدا، ئه‌ردۆگان دڕدۆنگ ده‌بێت له‌ چ شوێنێك به‌ پارێزراوی بمێنێته‌وه‌؟ به‌ڵام خاوه‌نی هۆتێلێك ده‌بێته‌ ماڵه‌باوانی سه‌رۆكی كۆماری توركیا، له‌وێ داڵده‌ی سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌دات، ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌، سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ كاندیدكردنی خاوه‌ن ئه‌و هوتێله‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا،  پاداشت ده‌داته‌وه‌.سه‌ركان یازجی خاوه‌ن هوتێله‌كه‌ ئه‌و كاته‌ی ئه‌ردۆگان كه‌سی له‌ ده‌ور نامێنێت، ئه‌م چه‌ند پێشنیازێك بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌كات تاوه‌كو هیچ زیانێكی به‌رنه‌كه‌وێت، به‌ڵام سه‌رۆكه‌كه‌ی سووره‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ستانبوڵ.

ئه‌و شه‌ش كاتژمێره‌ی ژیانی ئه‌ردۆگانی یه‌كلاكرده‌وه‌
شه‌وی 15ی ته‌مموزی ساڵی 2016 له‌ژیانی ئه‌ردۆگاندا شه‌وێكی له‌بیر نه‌كراوه‌، كاتێك كوده‌تای سه‌ربازی له‌ توركیا ڕووده‌دات، سه‌رۆك كۆماری وڵات ئه‌و بۆ به‌سه‌ربردنی پشوویه‌ك ڕووده‌كاته‌ ‌یه‌كێك له‌ هۆتێله‌كانی مه‌رمه‌ریس-ی توركیا به‌ناوی گراند یازجی تۆربان.ئه‌ردۆگان بۆ ماوه‌ی شه‌ش كاتژمێر له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی له‌ هۆتێله‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه‌، كه‌ خاوه‌نی هۆتێله‌كه‌ سه‌رمایه‌دارێكی توركییه‌ به‌ناوی (سه‌ركان یازجی).
سه‌ركان یازجی كه‌ ماوه‌ی 30 ساڵه‌ له‌ ویلایه‌تی بۆرسه‌ ده‌ژی‌و پێشتر پاڵه‌وانی پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل بووه‌. له‌ باسی شه‌وی كوده‌تاكه‌دا ده‌ڵێت"شه‌وێك بوو به‌تامی فیلمه‌كانی هۆلیوود."

سه‌ركان، ئه‌و پیاوه‌ی ژماره‌یه‌ك بژارده‌ی خسته‌ به‌رده‌ست ئه‌ردۆگان

له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش كاتژمێره‌ی ئه‌ردۆگان له‌هۆتێله‌كه‌ی سه‌ركان مابووه‌، له‌ساتی دروستبوونی كوده‌تاكه‌دا سه‌ركان چه‌ند  بژارده‌یه‌ك بۆ پاراستنی سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌ی، نه‌كه‌وتنه‌ ده‌ستی كوده‌تاچیه‌كان، پێشنیاز ده‌كات.
سه‌ركان ده‌ڵێت، سه‌ره‌تا پێشنیازی ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌ردۆگان كردووه‌، كه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌ستانبوڵ، به‌ڵام هه‌رزوو به‌هۆی ئێشكچیانی هێزی ده‌ریاوانیی له‌و شه‌وه‌دا ئه‌و پێشنیازه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌.
پاشان سه‌ركان یازجی پێشنیازی ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌ردۆگان كردووه‌، چۆنه‌ بچێته‌ یۆنان‌و ژیانی خۆی بپارێزێ؟ به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان بۆ ئه‌و پێشنیازه‌ بریتیبووه‌ له‌ توڕه‌بوون‌و گوتویه‌تی، ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌ستانبوڵ.

كۆتا بژارده‌ی یازجی بۆ ئه‌ردۆگان بریتی ده‌بێت له‌ پاراستنی ناوبراو له‌ژێر ڕێوشوێنێكی توندا، تا ئه‌و كاته‌ی توانای ده‌رچوونی له‌ هۆتێله‌كه‌ بۆ دروست ده‌بێت.
پاش ئه‌وه‌ش ئه‌ردۆگان توانیویه‌تی هۆتێله‌كه‌ جێبهێڵێت، هه‌ر به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ده‌رچوونی ئه‌ردۆگان له‌و هۆتێله‌كه‌ی سه‌ركان یازجی، سێ كۆپته‌ری سه‌ربازیی توركیا كه‌ له‌ كوده‌تاچیه‌كان پێكهاتبوون، گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و هۆتێله‌ی ئه‌ردۆگانی تیادا مابو‌وه‌، به‌ڵام چانس یاوه‌ریان نه‌بوو بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌یان، ئه‌وانیش له‌بێئومێدیدا ئه‌و ژووره‌ی ئه‌ردۆگانی تیادا بووه‌، به‌فیشه‌ك بێژاویانه‌ته‌وه.‌.

ئه‌ردۆگان پاداشتی سه‌ركان ده‌داته‌وه‌
سه‌ركان یازجی كه‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان له‌نێو دونیای سیاسه‌ت‌و حوكمداریدا نه‌بووه‌، له‌چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا به‌ هه‌واڵێك ڕایگشتی توركیای به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌، ئه‌ویش بڵاوبوونه‌وه‌ی كاندیدبوونی بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا.
وا بڕیاره‌ كۆتا ڕۆژی مانگی ئازاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، سه‌ركانیش كاندیدی ئه‌ردۆگانه‌ بۆ شاره‌وانی مه‌رمه‌ریس.

سه‌ركان له‌باره‌ی كاندیدكردنیه‌وه‌ ده‌ڵێت"هه‌رگیز بیرم له‌ چونه‌ نێو دونیای سیاسه‌ت‌و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت نه‌كردبوو‌ه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌ردۆگانه‌وه‌ ئه‌وه‌م بۆ پێشنیازكرا، ئێمه‌ شه‌وێك پێكه‌وه‌ بووین كه‌ هاوشێوه‌ی فیلمه‌كانی هۆلیوود بوو" كه‌ مه‌به‌ستی یازجی له‌ شه‌وی كوده‌تاكه‌ی توركیایه‌."

ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ پێداگریی ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و لایه‌نگریی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ‌و وڵاته‌كه‌یه‌تی، ده‌شڵێت:"بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری ڕاكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیاران بۆ مه‌رمه‌ریس پلانی گه‌وره‌م هه‌یه‌‌".

"ئه‌وان تانكیان هه‌یه‌، ئێمه‌ش ئیمان‌و به‌رگریی"
سه‌ركان یازجی به‌وردیی باس له‌و چه‌ند كاتژمێره‌ سه‌خته‌ی نێو ژیانی ئه‌ردۆگان ده‌كات كه‌ له‌هۆتێله‌كه‌ی ئه‌ودا به‌سه‌ریبردووه‌، ئه‌و ده‌ڵێ، ئه‌ردۆگان زۆر توڕه‌ دیاربوو له‌سه‌ره‌تاوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن زاواكه‌یه‌وه‌ پێی ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ له ‌ئه‌ستانبوڵ خه‌ڵك بۆ پاڵپشتی له‌و ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان. ئه‌ردۆگان پێكه‌نین بۆ ڕووخساری گه‌ڕایه‌وه‌.

یه‌كێك له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیانه‌ی له‌و شه‌وی كوده‌تاكه‌دا بۆ ئه‌ردۆگان هاتووه‌، باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ كوده‌تاچیه‌كان تانكێكی زۆریان پێیه‌، ئه‌ردۆگانیش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر ئه‌وان تانكیان پێبێ، ئێمه‌ش ئیمان‌و به‌رگریمان پێیه‌" دوای ئه‌وه‌ش ئه‌ردۆگان په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ داده‌خاته‌وه‌‌و ڕووده‌كاته‌ سه‌ركان یازجی ‌و ده‌ڵێ:"تۆ شاهیدی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ مێژووییه‌یت".

پاش ئه‌و گوتانه‌، كاتێك سه‌ركان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژووره‌كه‌ی ئه‌ردۆگان، ته‌ماشاده‌كات سه‌رۆك كۆماری وڵاته‌كه‌ی له‌وێ نه‌ماوه‌، دواتر له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ ده‌یبینێت كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌ستانبوڵ.