ڕاپۆرتی جیهانی

12:24 - 22/09/2023

دوای ٤٣ ساڵ لە جەنگ، ئێران ھەژموونی خۆی لە سەر عێراق زیاد کردووە‌

پەیسەر

راپۆرتی شیكاری:

ئەمڕۆ ھەینی ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ٤٣ ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا تێپەڕدەبێت کە لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ ھەڵگیرسا و لە ھەشتی ئابی ١٩٨٨ کۆتایی ھات.

جەنگەکەی نێوان عێراق و ئێران، بە جەنگێکی خوێناوی و دوور و درێژ ناو دەبرێت، چونکە بۆ ھەشت ساڵ بەردەوامبوو، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی چەکی کیمیاییشی تیایدا بەکاربھێندرێت، بەڵام ھیچ کام لەو دوو وڵاتە بە سەرکەوتووی جەنگەکە لەقەڵەم نەدران، بەڵام دوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق، سەدام حوسێن، ئێران ھەژموونی خۆی بەتەواوی لە عێراقدا سەپاند، بەجۆرێک ھیچ حکوومەتێک لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە عێراق بەبێ خواست و ڕەزامەندی ئێران پێکنەھێنراوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، بەھۆی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، یەک ملیۆن و ٧٠ ھەزار سەرباز کوژراون، ھەروەھا زیانێکی زۆری ئابووریی بەر ھەردوو وڵات کەوت کە بە ٤٠٠ ملیار دۆلار دەخملێندرێت.



ــ ھۆکاری ھەڵگیرسانی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران

بە بۆچوونی شرۆڤەکاران و شارەزایانی بواری سیاسی و سەربازیی، ھەڵگیرسانی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە کە یەکەمیان ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائرە کە لە ساڵی ١٩٧٥دا لە نێوان عێراق و ئێراندا واژوو کرابوو، ھۆکارەکەی دیکەیش ئەوە بووە کە عێراق ترسی ھەبوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەھێزبێت و تەشەنە بکاتە ناو عێراق.

جەنگەکە سەرەتا بە پێکدادانی پچڕپچڕی سەر سنوور دەستی پێ کرد، کاتێک عێراق، ئێرانی بە بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی و ھەوڵدان بۆ کۆشتنی تارق عەزیز وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ڕژێمی پێشووی عێراق تۆمەتبار کرد، جگە لەوەیش لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٨٠دا، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەدام حوسێن ڕێککەوتننامەی جەزائری ساڵی ١٩٧٥ی لەگەڵ ئێران ھەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، ئاوی شەتولعەرەب بەتەواوی بەشێکە لە ئاوە ھەرێمییەکانی عێراق.

ھەروەھا عێراق ترسی ھەبوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەھێزبێت و تەشەنە بکات و لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا کۆنترۆڵی عێراق بکات، بەتایبەتی کە ئێران دروشمی ھەناردەکردنی شۆڕشی بۆ وڵاتانی دەورووبەری بەرزکردبووە لەو کاتەدا ڕەوشی ئێران ئاڵۆزبوو، بۆیە سەدام حوسێن ھەوڵیدا سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و ببێتە ھێزی باڵادەستی کەنداو، لەبەر ئەوە سوپای عێراق ھێرشی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد و بەخێرایی چووە نێو خاکی ئێران، بەڵام دواتر ئێران ڕیزەکانی خۆی ڕێکخستەوە و لە ساڵی ١٩٨٢دا دژەھێرشی دەست پێ کرد، ھێزەکانی سوپای عێراقی لە خاکەکەی وەدەرنا و عێراق کەوتە دۆخی بەرگرییەوە.



ــ جەنگەکە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ناوی لێنرابوو قادسییەی سەدام و لەلایەن ئێرانەوە بە بەرگریی پیرۆز ناودەبرا

جەنگی یەکەمی کەنداو، یان جەنگی نێوان عێراق ئێران کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ناوی لێنرابوو قادسییەی سەدام و لەلایەن ئێرانیش بە بەرگری پیرۆز ناودەبرا لە ٢٢ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ دەست پێ کرد لە ھەشتی ئابی ساڵی ١٩٨٨ کۆتایی ھات.

سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق، سەدام حوسێن کە دەستپێشخەربوو بۆ ھەڵگیرسانی جەنگەکە، جەنگەکەی ناونا قادسیەی سەدام و بیانووی بۆ جەنگەکەیش، بەرگرییکردن بوو لە نیشتمانیی عەرەب، بەرامبەر چاوچنۆکییەکانی ئێران بۆ سەر کەنداوی "عەرەبی"، ئەمەیش وای کرد وڵاتانی عەرەبی لەڕووی ئابووریی و سەربازییەوە پاڵپشتیی لە عێراق بکەن بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت سەرکەوتنی خۆی لە جەنگەکەدا مسۆگەر بکات.

لای خۆیەوە ئێران، جەنگەکەی ناونابوو جەنگی سەپێنراو و بەرگریی پیرۆز لە کاتێکدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا بە جەنگی کەنداو ناسراوبوو.



ــ قۆناغەکانی جەنگەکە

شارەزایانی بواری سەربازیی ئاماژە بەوە دەکەن کە جەنگی ھەشت ساڵی نێوان عێراق و ئێران بەسەر چوار قۆناغدا دابەشبووە کە لە قۆناغی یەکەمدا سوپای عێراق لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ ھێرشی بۆسەر ئێران دەست پێ کرد و لە قۆناغی دووەمدا لە ساڵی ١٩٨٢دا، سوپای عێراق بۆ سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و ئێران کشانەوە و لە قۆناغی سێیەمدا، شەڕی تاقەتپڕۆکێن لە نێوان سوپای عێراق و سوپای ئێراندا روویدا، بەڵام لە قۆناغی چوارەمدا، جەنگەکە سەختتر بوو، چونکە لەو قۆناغەکەدا، سوپای ھەردوو وڵات بە ئاراستەکردنی مووشەک دەستیان بە بۆردومانکردنی یەکتر کرد و دواتر نیچمە دوورگەی فاو لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە کۆنترۆڵکرا.

بەڵام لە ١٧ی نیسانی ١٩٨٨ سوپای عێراق دژەھێرشی بۆسەر سوپای ئێران دەست پێ کرد و توانی فاو کۆنترۆڵ بکاتەوە.



ــ زیانە گیانی و ماددییەکانی جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، بەھۆی جەنگەکەوە، یەک میلۆن سەربازی عێراق و ئێران کوژراون، ھەروەھا زیانی زۆری ماددیش بەر ھەردوو وڵات کەوتووە کە بە ٤٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ھەر بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە جەنگەکەدا، ٧٣٠ ھەزار سەربازیی ئێرانی کوژراون و یەک ملیۆن سەربازیی دیکەیش برینداربوون، ئەمە وێڕای ئەوەی ٤٥ ھەزار سەربازیش بە دیل گیرابوون.

ھاوکات لە جەنگەکەدا، ٣٤٠ ھەزار سەربازی عێراق کوژراون، ٧٠٠ ھەزار سەربازی دیکەیش برینداربوون و ٧٠ ھەزار سەربازیش بە دیل گیرابوون.

ھەروەھا بەھۆی جەنگەکەوە ژمارەیەکی زۆر سەربازی دیکە بێسەروشوێنبوون کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، جگە لەوەیش ژمارەیەک زۆر کەسی مەدەنیش بوونە قوربانی.



ـ کۆتایی ھاتنی جەنگەکە و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان عێراق و ئێران

لەگەڵ ئەوەی چەندین جار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای وەستاندنی جەنگەکەی کردبوو، بەڵام جەنگەکە بۆ ماوەی ھەشت ساڵ بەردەوامبوو لە ھەشتی ئابی ساڵی ١٩٨٨ کۆتایی ھات، دواتر بە بڕیاری ژمارە ٥٩٨ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، رابەری پێشووی کۆماری ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی لەژێر گوشاردا ناچار کرا ئاگربەست ڕابگەیەنێت و کۆتاییش بە جەنگەکە بھێنێت کە بە "خواردنەوەی ژەھر" ناوی برد.

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کۆتایی ھاتنی جەنگەکە، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان ھەردوولا دەستی پێ کرد دوایین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان ڕووفاتی سەربازە کوژراوەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا.

ھەر چەندە تا ئێستا عێراق و ئێران ھیچ ئامارێکی فەرمییان لەبارەی ئاڵوگۆڕی سەربازە دیلەکان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام لە ماوەکانی ڕابردوودا، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ڕایگەیاندبوو کە بەسەرپەرشتی کۆمیتەکەیان، ٩٧ ھەزار سەربازی بەدیلگیراو لەنێوان عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕکراون، ھەروەھا تا ئێستا ٥٣ ھەزار سەربازی عێراقی بێ سەروشوێنن، ئەمە وێڕای ئەوەی تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ رووفاتی سەربازی کوژراو لە نێوان عێراق و ئێران ئاڵوگۆکراون.



ــ جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران جگە لە کاولکاریی و ماڵوێرانی ھێچی دیکەی لێ نەکەوتەوە

دوای ھەشت ساڵ لە پێکدادانی بەردەوام، ھێرش و بەرگری، خۆپڕچەککردن و قەرزی دەرەکی و پەنابردنە بەر ھاوکاریی وڵاتان، شەڕی خوێناوی نێوان ھەردوو وڵات بەبێ دیاریکردنی سەرکەوتوو و دۆڕاو کۆتایی ھات، بۆیە جەنگەکە جگە لە کاولکاریی و ماڵوێرانی بۆ ھەردوو وڵات ھێچی دیکەی لێ نەکەوتەوە.

جەنگەکە بۆ ھەشت ساڵ کە بە جەنگێکی خوێناوی و دوور درێژ ناو دەبرێت لە نێوان عێراق و ئێران بەردەوامبوو کە ھیچ کام لەو دوو وڵاتە بە سەرکەوتوو و دۆڕاو لەقەڵەم نەدران، بەڵام دوای ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەدام حوسێن، ئێران ھەژموونی خۆی لەسەر عێراق زیاتر کردووە، بەجۆرێک ھیچ حکوومەتێک لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە عێراق بەبێ خواست و ڕەزامەندی ئێران پێکنەھێنراوە.