چاوپیکەوتن

11:56 - 26/01/2019

ئاڵدار خەلیل: ئەركى پێشمه‌رگه‌ى رۆژ جێبەجێكردنى پلان و فه‌رمانى توركیایە‌

پەیسەر

ئاڵدار خەلیل هاوسەرۆكى پەیوەندیە دەرەكیەكانى تەڤدەم، له‌م دیمانەیەیدا لەگەڵ (پەیسەر پرێس) رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان نه‌خشه‌ى رێگاى چاره‌سه‌ریان بۆدۆخى سوریا پێشكه‌شى سوریا و روسیا كردووه‌، بۆچوونى ئه‌رێنى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر نه‌خشه‌ رێگاكه‌، هاوه‌كات باس له‌وه‌ده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كانى روسیاو ئێران له‌ سوریا تێك چووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ى رۆژ ئاڵدار ره‌خنه‌ له‌و هێزه‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت، ئه‌وان بۆچى ئاماده‌ن فه‌رمانى توركیا جێبه‌جێبكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كورد كارنه‌كه‌ن؟

پەیسەر: بارودۆخى ناوچەكە و رۆژئاوا چۆن دەخوێننەوە دواى بڕیارى دۆناڵد ترەمپ لەبارەى كشانەوەى هێزەكانى ئەمریكا لە رۆژئاواى كوردستاندا؟

ئاڵدار خەلیل: سوورین لەسەر چاودێریكردن و بەرەوپێشبردنى خەباتمان لە پێناو دامەزراندنى سوریایەكى نوێ بە گوێرەى مۆدیلى دیموكراسیانە. گەلەكەمان لەمبارەیەوە مەودایەكى دوورى بڕیووە. كرانەوەى نێودەوڵەتى سنووردار و هاوپەیمانى فەرمى راگەیەندراوى نێوان هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و هێزە سەربازییەكانمان بە سەرۆكایەتى ئەمریكا، ئەنجامى ئەرێنى لێكەوتەوە. لە رێگایەوە كۆمەڵگا بەهەموو پێكهاتەكانیەوە توانى سنوورێك بۆ توندڕەوى داعش دابنێت، كە لە قۆناغەكانى كۆتایى دایە.

بەڵام ئەوەى پەیوەستە بە بڕیارى سەرۆك ترەمپ، بڕیارێكى چاوەڕوانكراو بوو، دەمانزانى رۆژێك لە رۆژان روودەدات. بەڵام ئەوەى دەكرێت وەكو هەڵە لێكیبدەینەوە، ئەو بارودۆخەیە كە بڕیارەكەى تیادا دەركراوە. هێشتا داعش لەگەڵ شانەكانى جوڵەیان ماوە، جگە لە ئەو هزرە توندڕەوییەى كە پێویستى بەشێوازى تایبەتە تا پووچەڵ دەكرێتەوە.
 
بەشێوەیەكى گشتى سەنگێكى گرنگمان لەناوچەكەدا هەیە، ئەو توانایەمان هەیە تا رۆڵى گرنگمان بنوێنین لە قۆناغەكانى داهاتوودا. چەندین لایەن هەیە كە دەخوازێت بڕیارەكەى ترەمپ بقۆزێتەوە كە یەكێك لەو لایەنانە دەوڵەتى توركیایە. بە دڵنیایى گەلەكەمان سوورە لەسەر برەودان بە پڕۆژەى دیموكراسى، بەبێ لەبەرچاوگرتنى بڕیارەكە، بەردەوام چاو بەكارەكانمان دەخشێنینەوە و قۆناغى داهاتوو دەخوێنینەوە، لەسەر ئەم بنەمایە ستراتیژى داهاتوو دادەڕێژین. ئەم رێسایە رێوشوێنێكى تایبەتە، بۆ ئەوەى برەو بە پێشڤەچوون بدەین. لەسەر ئاستى پراكتیكى هیچ گۆڕانكاریەك رووینەداوە، هێشتا سوپاى ئەمریكا لە باكوورى سوریایە و ئەركەكانى جێبەجێ دەكات. 

پەیسەر: دواى بڕیارەكەى ترەمپ هەست دەكرێت مەوداى نێوان رووسیا و ئێران بەرفراوانتر دەبێت. ئایا بۆچى ئەم دوو وڵاتە لەیەكتر دووردەكەونەوە؟ 

ئاڵدار خەلیل: ئاساییە ئەگەر بڕیارەكەى ترەمپ كاریگەرى لەسەر چەندین مەسەلە لە سوریا، ناوچەكە و بگرە جیهانیشدا دروست بكات. دەربارەى فراوانبوونى مەوداى نێوان رووسیا و ئێران، دەكرێت بڵێین كە رووسیا دەوڵەتێكە بە دەیان ساڵە لەناو سوریادا پێگەى هەبووە، وەكو لە ئێستادا بەتایبەتى باس دەكرێت هەموو كاتێك باسكراوە كە پێگەى رووسیا لە سوریادا پێگەیەكى رەوایە، ئەم وڵاتە لەسەر داواى رژێمى دیمەشق لە سوریا گیرساوەتەوە.

ئێرانیش هەوڵدەدات سوود لە قەیرانى سوریادا وەربگرێت، ئەویش یان لە رێگاى هەناردەكردنى ململانێكانى لەگەڵ جیهان لەناوخۆى ئێراندا بۆ دەرەوە، یان لە رێگاى قایمكردنى پێگەى خۆى بۆ ئەوەى رۆلێكى هەبێت. رووسیا ناخوازێ پێگەیەكى بەهێزى ئێران لە سوریادا هەبێت، چونكە بە مەترسى دەزانێ بۆ سەر بەرژەوەندیەكانى. بەر لە بڕیارەكەى ترەمپ هەبوونى ئەمریكا جگە لە رۆڵى بۆ بەررەنگاربوونەوەى تیرۆر، وەكو ئاستەنگ لەبەردەم بەرفراوانى ئێران لە قەڵەم دەدرا. بەڵام دواى بڕیارەكە رووسیا لە بەرفراوانبوونى هەژموونى ئێران دەترسێت، ئەمەش پێویستى بە خستنەڕووى ستراتیژى نوێ هەیە لەلایەن رووسیاوە دەربارەى ئەم مەسەلەیە. بەتایبەتى كە هەموو لایەك دەزانن پڕۆژەیەكى ئێرانى لەناوچەكەدا هەیە. لەوانەیە لەیەكتێگەیشتن لە نێوان رووسیا و ئێراندا دەربارەى چەند مەسەلەیەك لە ئارادابێت لەناو سوریادا، بەڵام ئەمەیان سنووردارە.

 بۆیە هەوڵى رووسیا لە ئاستەنگكردنى ئێران لە سوریادا دیارە بۆ ئەوەى دەستپێشخەرى وەرنەگرێت، بەتایبەتى بڕیارەكانى رژێم كە بێگومان بە كاریگەرى رووسیا دراون، لە رێگاى بەڵگەنەمایەكى دزە پێكراو لەلایەن سەرۆكایەتى ئەركانى سوپاى سوریادا، كە گرنگترین ماددەیان رێگاگرتنە لە ملیشیاكانى سەر بە ئێران بۆ ئەوەى ئاڵاى خۆیان بەرز نەكەنەوە لەناو سوریادا، پۆشینى جلى سەربازى سورى، رێگەنەدان بۆ ئەوەى قسە بە فارسى نەكەن. بەروارى ئەم بەڵگەنامەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگى ئەیلولى ساڵى رابردوو، تازە دزەى پێكراوە. 

پەیسەر: زۆربەى چاودێران پێیانوایە بریارى ترەمپ دەربارەى كشانەوە لە رۆژئاواى كوردستاندا پەلەى تێداكراوە. بەڵام بەشێكى كەمیش لە چاودێران پێیانوایە پێشوەخت رێككەوتنێكى رووسى – ئەمریكى هەبووە، تیایدا رووسیا بەڵێنى دەكردنى ئێرانى بە ئەمریكا داوە، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا رۆڵى دەركردنى توركیاى لەناو خاكى سوریادا گرتۆتە ئەستۆ؟ 

ئاڵدار خەلیل: ئێمە ئاگادارى ئەم وردەكاریانە نین، بەو پێیەى لەسەر زەوى هیچ گۆڕانكاریەك لە باكوورى سوریادا رووینەداوە. هێشتا هەڕەشەى توركیا بەردەوامە بەتایبەتى دواى بریارى ترەمپ. لەوانەیە لە هەندێك بواردا لێتێگەیشتن هەبێت، بەڵام ئێمە هیچ ئاماژەیەكى كردەییمان نەبینیووە، چونكە هێشتا توركیا لەسەر خاكى سوریایەوە، هەوڵ دەدات بازنەى هەژموونى بەرفراوانتر بكات و هەڕەشە لەناوچەكەماندا دەكات و دەخوازێ سەقامگیرى تێكبدات. 

پەیسەر: پێش چەند رۆژێك لە راگەیاندن، لێدوانێكى بەڕێزت هەبوو كە دەڵێت:" دەربارەى گفتوگۆ و دانوستاندن، ئاماژەى باشمان لە دیمەشق پێگەیشتووە". ئەم ئاماژانە چین؟

ئاڵدار خەلیل: بێگومان ئێمە هەر لە سەرەتاوە جەختمان لە پڕەنسیپى گفتوگۆ كردووەتەوە، چارەسەرى سەربازیمان بەلاوە ناوە. پێمانوابووە كە چارەسەرى سورى – سورى هەرە باشە. دەخوازین یەكێتى سوریا و یەكێتى كۆمەڵگا رەنگاو رەنگەكەى بپارێزین. بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر جیهانبینى خۆى دەربارەى چارەسەرى سوریا خستۆتەڕوو، هەروەها ئەنجوومەنى سوریاى دیموكراتى بەهەمان شێوە چەندین جار بۆچوونى خۆى خستۆتەڕوو. هەرە دوایى نەخشەى رێگایەك پێشكەش كرا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ دیمەشق، دیسان بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر بۆچوونى خۆى پێشكەش بە رووسەكان كردووە، كە ئەویش نەخشەكەى بە گونجاو لە قەڵەمدا، لەسەر ئەم بنەمایە گوێبیستى لێدوانى ئەرێنى بووین لە سەركردە سورییەكان. تا ئێستا هیچ ئاراستەیەكى كردەیى نەبووە، هیوادارین گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق لە چەند رۆژى داهاتوودا ئەنجامى كردەیى لێبكەوێتەوە. 

پەیسەر: تویتەكەى ترەمپ لە ١٣ ئەم مانگەدا دەربارەى دروستكردنى ناوچەیەكى ئەمنى بە قوڵایى ٢٠ میل، گفتوگۆ و كێشمەكێشێكى بەرفراوانى دروست كرد. هەر لایەنێك دەخوازێت ئەم مەسەلەیە لە پەنجەرى خۆیدا بخوێنێتەوە. پێتانوایە زەمینەى سیاسى و یاسایى بۆ دامەزراندنى ئەم ناوچەیە لە ئارادابێ؟

ئاڵدار خەلیل: هیچ شتێك بەناوى ناوچەى ئارام لە ئاردانیە لەگەڵ هەبوونى توركیا لەناو پڕۆژەى باسكراودا. توركیا ناتوانێ ئاسایش لەناوچەكەدا بەرقەرار بكات، چونكە ئەو بۆخۆى سەرچاوەى ئاڵۆزییە و ئاڵۆزى دروست دەكات. هەروەها هیچ مەترسیەك لە باكوورى سوریادا بوونى نیە بۆ سەر توركیا ، بەڵكو بە پێچەوانەوە. نەمومكینە هەبوونى پڕۆژەیەكى لەم جۆرەدا قەبوڵ بكەین، چونكە ئەو وردەكاریەى قسەى لەبارەوە كراوە، وەكو زەمینەى خۆشكردنە بۆ توركیا لە سوریا و باكوورەكەیدا، هەروەها هەڵگیرساندنى چراى سەوزە بۆ ئەوەى دەخوازێت بیكات، دواى ئەوەى نەیتوانى بە رێگاى دیكەدا بەدەستیان بێنێت. توركیا دەخوازێت لە رێگاى ناوچەى ئارامدا پڕۆژە داگیركاریەكانى جێبەجێ بكات. ئێمە لە دانیشتنمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا رەتكردنەوەى ئەم پڕۆژەیەمان راگەیاندووە، بە مەترسى گەورە لەسەر سەقامگیرى و دواڕۆژى سوریا دەزانین. 

لەو كاتەى پێویستە نیگاكان لەسەر دۆزینەوەى چارەسەرى بێت بۆ قەیرانى سوریا، توركیا دەخوازێت ئەم وڵاتە داگیر بكات. هەروەها پڕۆژەى توركیا تەنیا بۆ رۆژئاوا و باكوورى سوریا نیە، بەڵكو پڕۆژەیەكى گەورەترە، توركیا لە رێگاى ئەم پڕۆژەیە دەخوازێت زۆربەى ناوچەكانى سوریا و بگرە باشوورى كوردستانیش داگیر بكات و میساقى میللى زیندوو بكاتەوە. 

پێویستە كۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ئەو پڕۆژە داگیركاریەى توركیا رەتبكاتەوە. بێگومان بڕیارى ناوچەى ئارام پێویستى بە مۆڵەتى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەیە و توركیا بە تەنیا ناتوانێ ئەم سیناریۆیە جێبەجێ بكات كە قسەى لەبارەیەوە دەكات. 

پەیسەر: چەندین دەزگاى راگەیاندنى توركى و كوردى بەتایبەتى ئەوانەى لە پارتى دیموكراتى كوردستان نزیكن باس لە گەڕانەوەى پێشمەرگەى رۆژ دەكەن، بۆ ئەوەى لەم ناوچە ئارامەى كە توركیا باسى دەكات جێبگرن؟

ئاڵدار خەلیل: تا ئێستا كەس بە فەرمى ئەو مەسەلەیەى لەگەڵ ئێمەدا نەوروژاندووە. لێرەدا دەخوازم ئەمە بخەمەڕوو، ئایا مەترسى قەسەدە (هێزەكانى سوریاى دیموكراتى) لەسەر توركیا چیە؟ بێگومان هیچ مەترسیەك نیە. بەڵام توركیا پێیوایە مەترسى قەسەدە هەیە بەو پێیەى ئەو هێزە دەخوازێت داعش لەناو ببات، كە ئەمەش بۆ توركیا مەترسیە. ئایا فەرماندەكانى پێشمەرگە بیریان لەوە كردۆتەوە كە توركیا چۆن قەبوڵیان دەكات؟ ئەو لایەنانەى كە قسە لەسەر هەبوونى پێشمەرگە لەناوچەى ئارامى توركیا دەكەن دەبێت بزانن كە ئەركى ئەوان بۆ پاراستنى رۆژئاوا نیە، بەڵكو جێبەجێكردنى پلان و فەرمانەكانى توركیایە. ئایا كەس بیر لەوە دەكاتەوە كە بۆچى رێگا بە هێزى كورد دەدەن بۆ ئەوەى ئەركى توركیا جێبەجێ بكات؟ 

ناوچەكەمان رووبەڕوى مەترسى جدى دەبێتەوە، لێرەدا تاقیكردنەوەى گەورە دەست پێدەكات بۆ تەواوى هێزە كوردیە نیشتمان پەروەرەكان، كە دەبێت ئەركى سەرشانى خۆیان جێبەجێ بكەن. هیچ ئاستەنگێك لە ئارادانیە بۆ ئەوەى هەر هێزێكى نیشتمانى ناوچەكەمان بپارێزێت. بۆچى پێشمەرگە رازیە بە فەرمانى توركیا كاربكات و رازى نیە لە ریزەكانى سوپاى نیشتمانى كاربكات، كە هەموو رۆڵەكانى ناوچەكە لەخۆ دەگرێت و شەڕى داعشى كردووە بە هەزاران شەهیدى بەخشیووە. لێرەدا مەبەستم قەسەدەیە. 

پەیسەر: چى لە ئدلب روودەدات؟ بەتایبەتى دواى ئەوەى هەیئەت تەحریر ئەلشام (نوسڕەى پێشوو) گرووپە چەكداریەكانى سەر بە توركیای تێكشكاند. سیناریۆى شاراوە لە ئدلب چیە؟ 

 ئاڵدار خەلیل: لە ئدلب رەوشێكى پڕ ئاڵۆز هەیە بە تایبەتى دواى ئەوەى هەیئەت تەحریر ئەلشام دەستى بەسەر چەند ناوچەیەك داگرت. توركیا لە رێگاى رێككەوتنى لەگەڵ رووسیادا لە سوتشى لە هاوینى رابردوودا ویستى، گەرەنتى رێگاى دەریچەیەك بۆ تیرۆریستەكان بدۆزێتەوە لە ئدلب، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. چونكە رووداو و هاوسەنگیەكانى ناوچەكە ئاستەنگ بوون لەبەردەم هەوڵەكانى توركیادا. بەتایبەتى كە نەیتوانى ناوچەیەك بدۆزێتەوە تا تیرۆریستان لێى بگیرسێنەوە. لە ئێستادا كێشەیەك هەیە، لەوانەیە لە قۆناغى داهاتوودا ئدلب ببێتە گۆڕەپانێكى شەڕ لە نێوان تیرۆریستان لەلایەك و رژێم و رووسیاى لەلایەكى دیكە.