ڕاپۆرتی جیهانی

11:35 - 22/01/2019

حكومه‌تی توركیا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ یاریزانێكی باسكه‌دا هه‌یه‌‌

پەیسەر

داواكارانی گشتی توركیا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یاریزانی به‌ناوبانگی باسكه‌ی توركیا ئه‌نه‌س كانته‌ر ده‌رده‌كات كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ تیمی نیویۆرك نێكسی ئه‌مریكی یاریده‌كات، چونكه‌ به‌ لای حكومه‌تی توركیاوه‌ ئه‌م یاریزانه‌ی  په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ كه‌ كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی 15ی ته‌مموزی ساڵی 2016 ئه‌نجامداوه‌.

ئه‌نه‌س كانته‌ر ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌ و له‌ دایكبووی ساڵی 1992ه‌ له‌ سویسرا كه‌ ئه‌وكاته‌ محه‌مه‌دی باوكی سه‌رقاڵی خوێندن بووه‌ له‌و وڵاته‌. دوای ته‌واوبوونی خوێندنه‌كه‌ی باوكی و به‌ ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌گه‌ڵ باوكیدا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ توركیا. له‌ ئێستا داواكارانی گشتی داوا له‌ پۆلیسی ئه‌نته‌رپوڵ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن.

كانته‌ر باڵای 210 سم سه‌ره‌تای یاریكردنی له‌گه‌ڵ خوێندنگا و زانكۆكانی توركیا ده‌ستپێكردووه‌ و دواتر چووته‌ یانه‌ی فه‌نه‌ر باخچه‌ی توركیا تاوه‌كو ساڵی 2010 له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی چوونه‌ته‌ ئه‌مریكا.
باوكی ئه‌م یاریزانه‌ پێش ئه‌وه‌ی بچنه‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیای ئه‌مریكا له‌ زانكۆی ته‌راكیای توركیا وه‌كو مامۆستا كاریكردووه‌. كانته‌ر وه‌كو یاریزانی خوێندنگاكه‌ی به‌شداری خوله‌كانی باسكه‌ی ده‌كرد و دوای ساڵێك چۆته‌ تیمی نایك هۆپ سامیت به‌ خێرای بووه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ له‌ ڕێزی تیمه‌كه‌یدا.

ساڵی 2011 ده‌چێته‌ یانه‌ی پیشه‌گه‌ری یۆتا جاز و ساڵی 2015 ده‌چێته‌ یانه‌ی ئه‌وكلاهوما سیتی سانده‌ر له‌ هه‌مان كاتیشدا یاریزانی تیمی نیشتمانی توركیا بووه‌. له‌ ساڵی 2015ه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستادا ئه‌ندامی یانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی ئه‌مریكا (ئێن بی ئه‌ی)یه‌.

حاشای لێده‌كه‌ن
خێزانه‌كه‌ی كانته‌ر ساڵی 2016 به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی حاشا له‌ كوڕه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و ڕۆژنامه‌ی (سه‌باحی توركی) كه‌ سه‌ربه‌ سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانه‌ نامه‌یه‌كی باوكی كانته‌ری بڵاوكردۆته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێت" داوای لێبوردن له‌ سه‌رۆك كۆمار و گه‌لی توركیا ده‌كه‌ین، ئێمه‌ حاشا له‌ كوڕه‌كه‌مان ده‌كه‌ین و هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ین." له‌ سزای ئه‌وه‌شدا كانته‌ری یاریزان ده‌ڵێت" ئه‌مرۆ ئه‌وانه‌ی 24 ساڵ خێزانم بوون، له‌ ده‌ستمدان."
پێش ئه‌م ڕووداوانه‌ كانته‌ر سه‌رۆك كۆماری توركیای به‌ "هیلته‌ری سه‌ده‌" ناوبردبوو ئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ خێزانه‌كه‌ی دروست بێت. چونكه‌ دواتر باوكی له‌ زانكۆ ده‌ركرا و ساڵی 2018 ده‌ستگیركراو و ماوه‌ی ده‌ ساڵ زیندانی به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ تیرۆرستێكدا، به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا سه‌باره‌ت به‌ سزای زیندانی باوكی كانته‌ر ده‌ڵێن" محه‌مه‌د په‌یوه‌ندی به‌ 127 ئه‌ندامی گویله‌ن و پارتی یه‌كێتی دیموكراتی كوردستان(په‌یه‌ده‌)ی سوریاوه‌ هه‌بووه‌. له‌رێگه‌ی سیستمی "بای لۆك" په‌یوه‌ندی به‌ 57 ئه‌ندامیانه‌وه‌ كردووه‌. ئه‌و سیستمه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی فه‌تحوڵا گویله‌نه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێنت و له توركیا قه‌ده‌غه‌.

ده‌نگی بێتاوانه‌كان
دوای سزادانی باوكی ئه‌نه‌س كانته‌ر، یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كه‌ له‌ كاردانه‌وه‌دا ڤیدیۆیه‌كی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ تویتێكدا ڕاگه‌یاند " به‌رده‌وام ده‌بم له‌ به‌رگریكردن له‌ مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاده‌ربڕێن و دادپه‌روه‌ری و دیموكراتی. سوورم له‌سه‌ر به‌رگریكردن له‌ بیروباوه‌ڕه‌كانم، ئه‌وه‌ی خواستی منه‌ كه‌ ببمه‌ ده‌نگی كه‌سانی بێ تاوان."

هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن
كانته‌ر ده‌ڵێت هێشتا وڵاته‌كه‌ی خۆی خۆشده‌وێت به‌ڵام له‌به‌ر هه‌بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی ناتوانێت گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا بكات. ئه‌و ده‌ڵێت له‌ لایه‌ن هه‌وادار و لایه‌نگرانی ئه‌ردۆگانه‌وه‌ بێ ئه‌ژمار هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنم لێده‌كرێت، ئه‌وانه‌ نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئیمێل و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌ڵكو هه‌فتانه‌ سێ بۆ چوار له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنم لێده‌كه‌ن. سه‌ره‌تا هه‌ڵده‌ستام به‌ وێنه‌گرتنی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ یان به‌ ڤیدیۆكردنیان ئیتر ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڕه‌شه‌كان زۆر بوونه‌وه‌ تاقه‌تم نه‌ما ڤیدیۆیان بگرم و كاتی خۆمی پێوه‌ بكوژم."

پشتگیری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكی مارك رۆبیۆ له‌ 16ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ پێشوازی له‌ كانته‌ر كرد ئه‌و له‌به‌رامبه‌ر مارك رۆبیۆ گوتی" من ئه‌ندامی په‌یوه‌ندی نیشتیمانی یاریزانانی پیشه‌گه‌ری باسكه‌م ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌م هه‌بێت بۆ ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ بێ ده‌نگن."

ساڵی 2017 دادگای توركیا به‌ تۆمه‌تی سوكایه‌تیكردن به‌ ئه‌ردۆگان له‌ ڕێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ ماوه‌ی چوار ساڵ زیندانی به‌ شێوه‌ی ئاماده‌نه‌بوو به‌سه‌ریدا سه‌پاند، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا داوایان له‌ ئه‌مریكا كرد كه‌ ڕاده‌ستی بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زیندانه‌كه‌ی به‌سه‌ر به‌رێت.

له‌ ساڵی 2017 ئه‌وكاته‌ كانته‌ر به‌شداری له‌ سه‌ربازگه‌ی مه‌شق و ڕاهێنانكرد بۆ كارێكی خێرخوازانه‌ی مناڵانه‌ له‌ ئه‌ندۆنیزیا به‌ڵام به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ی پێی ڕاگه‌یاند كه‌ پۆلیسی ئه‌ندۆنیزیا به‌ شوێنیدا ده‌گه‌ڕێن تاوه‌كو ڕاده‌ستی توركیای بكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ كانته‌ر كه‌سێكی مه‌ترسیداره‌. بۆیه‌ ناچاربوو ڕابكات بۆ سه‌نگاپووره‌ و له‌وێشه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ بوخارستی پایته‌ختی ڕۆمانیا.

له‌ لێدوانیكدا بۆ رۆژنامه‌ی واشینگتۆن پۆست كانته‌ر ده‌ڵێت" من به‌ختم هه‌بوو توانیم ڕزگارم بێت له‌وه‌ی نه‌كه‌ومه‌ ده‌ست حكومه‌تی توركیا له‌ كاتێكدا چه‌ندین بازرگان و مامۆستا و به‌رێوبه‌ر ڕووبه‌ڕووی ڕفاندن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ له‌سه‌ر تا سه‌ری دونیا بوونته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان سه‌ركه‌وتووتر بێت."‌