ڕاپۆرتی جیهانی

11:40 - 21/01/2019

پڵنگه‌كانی تامیل له‌نێوان تیرۆر و ئازادیخوازیدا‌

پەیسەر

ئه‌مجۆرانه‌ جۆره‌ پڵنگێك نین ته‌نیا ئیشوكاریان ڕاو و نێچیرگرتن و سك تێركردن بێت، پڵنگه‌كانی تامیل بزوتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری كه‌مینه‌كانی وڵاتی سریلانكا بوون له‌ پێناو مافی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌یاندا جه‌نگان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵی 1972 كاتێك سیلان ناوه‌كه‌ی خۆی گۆڕی بۆ سریلانكا ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ مافێكی زۆرتر بدات به‌ بوزییه‌كان، چونكه‌ ئاینه‌كه‌یان زۆرینه‌ی خه‌ڵكیان پێكده‌هێنا، ئه‌وه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی كێش و ململانێكانی ناوچه‌ی تامیل بوو.

دامه‌زرێنه‌ری  بزوتنه‌وه‌ی پڵنگه‌كانی تامیل

ڤیلوپیلای پرابهاكاران له‌ ساڵی 1954 له‌ خانه‌واده‌یه‌كی مامناوه‌ندی ناوچه‌ی جافنای باكوری دوورگه‌ له‌ چوار برا ئه‌میان بچووكترین بووه‌، ساڵی 1972 بزوتنه‌وه‌ی پڵینگه‌كانی تامیلی دامه‌زراند، چونكه‌ تامیلیه‌كان 18% وڵاتی سریلانكا پێكده‌هێنن.ئامانج له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌كانی زۆرینه‌ی سه‌نهالی له‌ دژی تامیلیه‌كان. له‌ ساڵی 1976 بزووتنه‌وه‌كه‌ ناوی خۆیان گۆڕی بۆ به‌ره‌ی ئازادیخوازی پڵنگه‌كانی تامیل-ئیلام. ئامانجیان ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی تامیل بوو له‌ باكوری خۆرئاوای دورگه‌كه‌ كه‌ زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی تامیل بوون. له‌ ساڵی 1975 یه‌كه‌مین چالاكی سه‌ربازیان ڕاگه‌یاند كه‌ كوشتنی سه‌رۆكی شاره‌وانی جافنا بوو.كه‌ خودی ڤیلوپیلای پرابهاكاران ئه‌نجامده‌ری كرده‌وه‌ی تیرۆركردنه‌كه‌ بوو.له‌ ساڵی 1983 له‌ بۆسه‌یه‌كدا 13 سه‌ربازی حكومه‌تی سریلانكایان كوشت له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت هه‌ستا به‌ كوشتنی سه‌دان تامیلی به‌وه‌ش ئاگره‌كه‌یان خۆشكرد و پڵنگه‌كانی تامیل ناویان نا"جه‌نگی ئیلامی یه‌كه‌م".

ئاراسته‌ی ئایدۆلۆژی
پڵنگه‌كان هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی چه‌پڕه‌ون كه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ماركسی لینینی. ئه‌وان له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زیاتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سریلانكا تێكهه‌ڵپژان. ئه‌م زنجیره‌ توندوتیژیی به‌رده‌وام بوو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایی هه‌شتاكاندا سوپای هیندستان هێزه‌كانی خۆی به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌ بڵاو كردبووه‌وه‌‌، به‌ڵام كاتێك شه‌ڕه‌كان به‌رده‌وام بوون، ئه‌و هێزانه‌ كشانه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان.
پڵنگه‌كانی تامیل سوپای هیندستانیان به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌كرد كه‌ لایه‌نگری حكومه‌تی سریلانكان چونكه‌ ده‌ترسان له‌ وڵاته‌كه‌یاندا له‌ ویلایه‌تی تامیل نادۆی باشووری هیندستان، ئه‌وانیش داوای مافی خۆیان بكه‌ن. له‌ گه‌وره‌ترین چالاكیه‌كانی پڵنگه‌كانی تامیل ئه‌وه‌ بوو ساڵی 1992له‌ شاری مدارس سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان راجیڤ گاندی تیرۆركرا. و له‌ ساڵی 1993 سه‌رۆكی سریلانكا بریماداسا تیرۆكرا، هه‌شت ساڵ دواتریش واته‌ ساڵی 2001 هێرشیانكرده‌ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی كۆلۆمبۆ.

تامیل له‌ ڕێزی گروپه‌ تیرۆرستیه‌كاندا
بزووتنه‌وه‌ی تامیل له‌ لیستی تیرۆری 30 وڵاتی جیهاندابوو، له‌وانه‌ش یه‌كێتی ئه‌وروپا و هیندستان. له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 2001یش ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پڵنگه‌كانی تامیلی خسته‌ ناو لیستی گروپه‌ تیرۆرستیه‌كانی جیهانه‌وه‌. تامیلیه‌كان دان به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانیان بنرێت، به‌هۆی سووربوونیان له‌سه‌ر داواكانیان تاوه‌كو ڕۆژی توانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ نزیكه‌ی 70 هه‌زار كه‌س كوژران. ئه‌وان یه‌كه‌مین كرده‌وه‌ی خۆكوژیان له‌ دژی هێزه‌كان به‌كارده‌هێنا، بۆیه‌ كاتێك باسی خۆته‌قاندنه‌وه‌ و كرده‌وه‌ی خۆكوژی ده‌كرێت ناتوانین باس له‌ تامیله‌كان نه‌كه‌ین. له‌ شوباتی ساڵی 2007 هێزه‌كانی سریلانكا دوو فرۆكه‌ی خۆكوژ تێكبشكێنن كه‌ به‌ره‌و باره‌گای سه‌ره‌كی هێزی ئاسمانی سریلانكا ده‌هاتن.

ئاگر به‌ست
له‌ 22ی شوباتی ساڵی 2002 به‌ ناوبژیوانی وڵاتی نه‌رویژ ئاگر به‌ستیان ڕاگه‌یاند له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سریلانكا به‌ومه‌رجه‌ی چیتر ئه‌وان داوای جیابوونه‌وه‌ نه‌كه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی پڵنگه‌كانی تامیل له‌ ساڵی 2005 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سریلانكا كادریجامار-یان تیرۆركرد، ده‌ستبه‌جێ چه‌ندین وڵاتی خۆرئاوا بوون به‌ ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وه‌ی نابێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا ئاگربه‌ست ڕابگه‌ێنرێت لای خۆشیه‌وه‌ سه‌رۆكی سریلانكا راجاباكاسا ره‌تیكرده‌وه‌ چیتر له‌گه‌ڵ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ڕێكه‌وتننامه‌ و هه‌ماهه‌نگی بكرێت، ده‌ستبه‌جێ گڵۆپی سه‌وزی بۆ سوپای وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵكرد كه‌ جه‌نگی دژی تیرۆر رابگه‌ێنن.
له‌ به‌رواری دووی كانوونی دووه‌می 2008 حكومه‌تی سریلانكا له‌ ئاگربه‌ست پاشگه‌زبووه‌و ده‌ستیكرد به‌ جه‌نگێكی سه‌خت دژ به‌ پڵنگه‌كانی تامیل توانی چه‌ندین ناوچه‌ له‌ ژێر چنگی پڵنگه‌كان ده‌ربهێنێت، گرنگترینیان شاری موللایتوفۆ كه‌ ستراتیژیترین شوێنی بزووتنه‌وه‌كه‌ بوو له‌ باكوری وڵات و له‌ ساڵی 1996ه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو.

ته‌قینه‌وه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌
له‌ 17ی ئۆكتۆبه‌ری 2006 ده‌سه‌ڵاتدارانی سـریلانكا ڕایانگه‌یاندا كه‌    پـڵـنگه‌كانی تامیل‌ ماشـێـنێـكی بارهه‌ڵـگری بۆمبڕێژكراویان كێشـاوه‌ به‌ كاروانێـكی ده‌ریایی سیریلانكا، وه‌ له‌ ئاكامدا 92 كه‌س كوژراون و 150 ی دیكه‌ش بریندار بوون.
ئه‌م هێرشـه‌ خۆكوژییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی باكوری سـیریلانكا له‌ نزیك خاڵـێـكی گواسـتنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ ده‌ریایـی‌یه‌كان ڕوویدا.
ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ ‌ له‌ كاتێـكدا ڕوویداوه‌ كه‌ نێراوی ژاپـۆنی یاسوشی ئاكاشی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌سـتانی سـیریلانكادا كۆبووه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دانانی خشـته‌یه‌ك بۆ وتووێـژه‌كانی ئاشتی نێوان حكومه‌تی سیریلانكی و پـڵـنگه‌كانی تامیل له‌ 28 و 29 ی مانگی تشرینی یەکەم له‌ جنێڤ.
له‌ مانگی ته‌مموزی هه‌مان ساڵدا به‌ سه‌دان كه‌س له‌ هه‌ردوولا كوژراون شه‌ڕی سه‌خت له‌ نێوانیاندا ده‌سـتـیپـێـكرد دوای كۆتایـیـهێنان به‌و ئاگربه‌سته‌ی كه‌ پـێش چوار سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ یارمه‌تی نه‌رویژیـیه‌كان هاتبووه‌ ئاراوه‌.

كوژرانی سه‌ركرده‌كه‌یان
له‌ 18ی ئایاری 2009 حكومه‌تی سریلانكا ڕاگه‌یاند كه‌ سه‌ركرده‌ی پڵنگه‌كانی تامیل ڤیلوپیلای پرابهاكاران له‌ شه‌ڕه‌ سه‌خته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی جه‌نگی تیرۆر هه‌ریه‌ك له‌ ڤیلوپیلای پرابهاكاران و كوڕه‌كه‌ی كوژراون. لای خۆشیانه‌وه‌ كه‌ناڵی فه‌رمی حكومه‌تی سریلانكا وێنه‌ی چارلیز ئه‌نتۆنی كوڕی ڤیلوپیلای پرابهاكاران كه‌ ئه‌گه‌ری جێگرتنه‌وه‌ی باوكی هه‌بووه‌.پیشاندران. هه‌مان ڕۆژ خۆپیشانده‌ران له‌ كۆلۆمبو به‌ردیان ده‌گرته‌ باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا به‌وه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كردن كه‌ ئه‌و شوێنه‌ باڵیۆزخانه‌ نییه‌ به‌ڵكو باره‌گای پڵنگه‌كانی تامیله‌.به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ سه‌رۆكی پڵنگه‌كان له‌ناو ئه‌مبوڵانسێك بووه‌ له‌كاتی هه‌ڵهاتندا كوژراوه‌.لایه‌نگرانی ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ كه‌ پڵنگه‌كه‌ به‌ زیندووی گیراوه‌ و دواتر كوژراوه‌.

ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری چه‌ك ده‌بن
سه‌رۆكی په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی پڵنگه‌كانی تامیل سیلفاراسا باسمانسان دوای كوژرانی سه‌ركرده‌كه‌ی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ گه‌یشتۆته‌ كۆتایی و ئه‌وانه‌ی له‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌مرن به‌هۆی بۆمب و موشه‌ك و نه‌خۆشی، برسێتیه‌وه‌ له‌ناو ده‌چن، ئێمه‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌مان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌كه‌كانمان بێده‌نگ بیكه‌ین.له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و بیانووه‌ له‌ دوژمن ببڕین كه‌ ده‌ڵێن ئه‌وان چه‌ك به‌كارده‌هێنن بۆیه‌ قڕیان ده‌كه‌ین."

ته‌نگژه‌ی كه‌مینه‌كان
گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی ئێستای ئه‌م چه‌رخه‌ی ئێستا له‌و ڕاستیه‌ تێناپه‌ڕێت كه‌ زۆرینه‌ی كێشه‌ سیاسیه‌كان هه‌مووی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی و مه‌زهه‌بی و ئاینیه‌وه‌.ئه‌م گریمانه‌یه‌ ته‌نیا كیشوه‌رێك یان چه‌ند هه‌رێمێك ناگرێته‌وه‌ به‌ڵكو سه‌رجه‌م جیهان پێوه‌ی ده‌ناڵێن.چۆن؟ پاكستان و هیند و فلیپین و تبت، سریلانكا و لوبنان، یان سودان و ڕواندا، مالی و كۆنگۆ و باشووری ئه‌فریكا.بابێنه‌ ئه‌وروپا سه‌یری ئیرله‌ندا و ئیسپانیا و رووسیا و یوگسلاڤیا بكه‌ین. یان كه‌مینه‌ی كورده‌كانی عێراق و سوریا و ئیران و توركیا. سه‌یری دانیشتوانه‌ ماكه‌كه‌ی ئوسترالیا و مه‌كسیك بكه‌ین. كه‌مینه‌ مه‌سیحیه‌كانی میسر و شیعه‌ی وڵاتانی كه‌نداو.ئه‌مانه‌ هه‌موویان یه‌كتر ده‌چه‌وسێننه‌وه‌  و شه‌ریعه‌تیش ده‌ده‌نه‌ كاره‌كانیان.

بۆچی تامیلییه‌كان شكستیان هێنا؟
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی خێرای ئه‌زموونی پڵنگه‌كانی تامیل بكه‌ین زیاتر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بوون به‌ هه‌موو ڕێگاكان بگه‌ن به‌ ئامانجی خۆیان كه‌ ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی تامیلیه‌كانه‌، به‌ڵام له‌ چاوتروكاندێكدا خه‌ونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ناوچوو.
هه‌ندێك جار سروشتی جیوگرافی سریلانكا هانی تامیلیه‌كانی ده‌دا كه‌ داوای جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆی خۆیان بكه‌ن، به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌وان له‌ ناو دارستانه‌كان ده‌ژین به‌مكاره‌ش جه‌نگه‌ڵه‌چڕه‌كان ده‌بووه‌ یارمه‌تیدرێكی باشی ئه‌وان بۆ به‌رگری و ڕاوكردنی سه‌ربازانی دوژمن.بۆیه‌ ئه‌وان له‌ناو چڕی دارستانه‌كانه‌وه‌ پلانیان بۆ دووژمنه‌كانیان داده‌ڕشت كه‌ چۆن گورزی گورچكبڕ بده‌ن له‌ حكومه‌ت، حكومه‌تیش نه‌یده‌توانی به‌ ئاسانی دزه‌ بكاته‌ ناو ئه‌و تۆڕه‌وه‌.به‌ڵام كاتێك ئه‌وان چالاكیه‌كانیان گواسته‌وه‌ ناو شار و شوێنه‌كانیان ئاشكرابوو ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕیبوو پڵنگه‌كانی تامیل ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی سه‌ربه‌خۆی بوون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆچكردووی هیندستان ئه‌ندێرا گاندی پێشتر یه‌كێكبوو له‌وانه‌ی له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ هاوكار و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ داده‌نرێت، هه‌میشه‌ چاوی لێیان بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ربازێكی هیندی كاتێك له‌ وێستگه‌یه‌كی پاس ده‌ستدرێژی سێكسی كرده‌ سه‌ر كچێكی تامیل ئه‌وانیش وه‌كو كاردانه‌وه‌ هه‌ستان به‌ تیرۆكردنی راجێڤ گاندی.به‌وكاره‌ش گه‌وره‌ترین هاوكار و پشتیوانیان له‌ ده‌ستدا. دوای نزیكه‌ی 18 ساڵ سۆنیا گاندی له‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتوو بوو له‌به‌رده‌م هه‌موو میدیاكان گوتی " سه‌ركرده‌ی تامیله‌كان راجیڤی مێردمی كوشت و مناڵه‌كانی هه‌تیوو خستم."

چاره‌نووسی هێزی چه‌كداری كه‌مینه‌كان

هه‌ركاتێك بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری له‌ناو كه‌مینه‌ی وڵاتاندا سه‌ریهه‌ڵدابێت به‌ چاره‌نووسێكی تراژیدی كۆتایی به‌ خه‌باته‌كه‌یان هاتووه‌.ئه‌گه‌ر بێت و سه‌یری سریلانكا بكه‌ین ده‌بینین زۆرینه‌ی سه‌نهالیه‌كان به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی یاخبوونی تامیلیه‌كان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن چونكه‌ ئه‌وان بوونه‌ هۆكاری ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی تامیلی له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ گه‌شه‌ی وڵاته‌كه‌یان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وه‌ستا.ئه‌وه‌ش به‌هۆی جیاوازی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌كاندا.له‌و وڵاته‌دا موسڵمانان و تامیلیه‌كان له‌لایه‌ن سه‌نهالییه‌كانه‌وه‌ ده‌چه‌وسرێنه‌وه‌.
له‌وانه‌یه‌ ڕاستمان گووتبێت كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌مینه‌كان به‌م دوو جۆره‌ ده‌بێت:
یه‌كه‌م: پێدانی ئازادی به‌ شێوه‌ی یه‌كسان به‌سه‌ر هه‌موو هاوڵاتیانی وڵاتدا.
دووه‌م: وڵات پرۆژه‌یه‌ك بونیاتبنێت كه‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی به‌رپرسیارتی هه‌ڵبگرن هه‌موویان پێكه‌وه‌ وه‌كو یه‌ك خێروبێره‌كه‌ی بخۆن.
بۆیه‌ تاوه‌كو مرۆڤ هه‌یه‌ كه‌مینه‌ و زۆرینه‌ و جیاوازی بیروباوه‌ڕ هه‌یه‌، ده‌بێت هه‌میشه‌ بپرسین پێش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كه‌مینه‌ یان زۆرینه‌ بین. مرۆڤین.!