04:38 - 20/01/2019
بنەماڵەی رۆچێڵد چۆن دەستیان بەسەر ئابوری جیهاندا گرت؟
" گرنگ نییە کێ لە سەر کورسی پاشایەتی بریتانیا دانیشتووە و ئەو ئیمپراتۆرییە بەڕێوەدەبات کە هەرگیز خۆر تیایدا ئاوا نابێت، کەسێک بازاڕی دراوی بریتانیای کۆنتڕۆڵ کردبێت ئەوا ئیمپراتۆریای بریتانیاشی کۆنتڕۆڵکردووە، ئێستا بازاڕی دراوی بریتانیا بە دەستی من هەڵدەسوڕێت "
ناسان مایەر رۆچێڵد
هەرچەندە ئێستا کەمتر باسیان دەکرێت، بەڵام دەوترێت ئێستاش بەشێکی بەرچاوی بانکە نێودەوڵەتییەکانیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، بە تایبەت ئەوانەی کە دژە جولەکەن زیاتر بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە بنەماڵەی رۆچێڵد تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەبێ دەنگی و بەبێ ئەوەی هاتوهاوار بکەن و لەژێر ناوی جۆراوجۆردا بانکی نێودەوڵەتی و سەندوقی نێودەوڵەتی دراو و چەندین بانک و دامەزراوەی گرنگیان کۆنتڕۆڵ کردووە و لەو ڕێگەیەوە سیاسەتی وڵاتان ئاراستە دەکەن.
ئەم قسانە راست بن یان تەنیا بۆ وروژاندنی هەستی دژە جولەکە بکرێن، هیچ لەو راستییە کەم ناکەنەوە کە بنەماڵەی رۆچێڵد بۆ نزیکەی دوو سەدە ئیمپراتۆری پارەی جیهان بوون، بینجامین دیزرائیلی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ( ١٨٦٨بۆ ١٨٨٠) بنەماڵەی رۆچێڵد بە ئیمپراتۆری بازاڕی دروای نێودەوڵەتی ناودەبات کە لەڕێی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دراوەوە هەموو سەرۆک و پاشاکانی جیهانیان گوێرایەڵی خۆیان کردووە.
سەرهەڵدانی بنەماڵەی رۆچێڵد
بە ڕەچەڵەک بنەماڵەیەکی جولەکەی ئەڵمانین، رۆچێڵد بە واتای قەڵغانی سور دێت، جولەکەیەکی ئەڵمانی لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٦دا ئەم نازناوەی بۆ خۆی دانا کە دوو سەدە دواتر نەوەکانی بەم نازناوەوە دەستیان بەسەر ئابوری جیهاندا گرت، بنەماڵەی رۆچێڵد، بنەماڵەیەکی ئاسایی جولەکە بوون تا ئەو کاتەی مایەر ئامشێل رۆچێلد لە ساڵی ١٧٤٤ لە فرانکفۆرت لەدایکبوو، مایەر توانایەکی سەرسورهێنەری هەبوو لە کاری بانک و بازرگانیدا، لە گەنجێتیدا بووەتە کارمەندی بانکی هانۆڤەر و فێری پیشەی بانکداری بوو، لەو سەردەمەدا لە ئەڵمانیا بازرگانی سەرباز باو بوو، شا ڤیلهێلمی ئەڵمانیا سەربازی بۆ شەڕکردن دەفرۆشت بە وڵاتانی دیکە بە تایبەت بە بریتانیا، مایەر رۆچێڵد لەم بازرگانییەدا خۆی تاقی کردەوە و پارەیەکی زۆری دەستکەوت، دواتر گەڕایەوە بۆ فرانکفۆرت و دەستی کرد بە کاری بانکداری و هاوکات بازرگانی ئاڵتون و شوێنەواری مێژووییشی دەکرد و لەم ڕێگەیەوە تا دەهات دەوڵەمەندتر دەبوو.
مایەر ئامشێل رۆچێڵد پێنج کوڕ و پێنج کچی هەبوو، بۆ پەرەپێدانی بانکەکەی هەر کام لە کوڕەکانی ناردە وڵاتێک بۆ ئەوەی لقی بانکەکەی لەو وڵاتانەدا بکەنەوە، بەمجۆرە بوونە خاوەنی یەکەمین بانکی نێودەوڵەتی، ئامشێل مایەر رۆچێلد لە فرانکفۆرت مایەوە، ناسان مایەر رۆچێڵد چووە بریتانیا، سالۆمۆن مایەر رۆچێڵد چووە ڤییەنا، یاکوب مایەر رۆچێڵد چووە پاریس و کالمان مایەر رۆچێڵدیش چووە ناپۆلی لە ئیتالیا.
ناسان مایەر رۆچێڵد لە هەموو کوڕەکانی دیکەی ژیرتر بوو، ناسان لە ساڵی ١٨٩٨دا چووە بریتانیا و باوکی نزیکەی ٢٠ هەزار پاوەندی پارە پێدا، لە لەندەن سەرەتا دەستی کرد بە کاری بازرگانی قوماش، دواتر چووە ناو بازاڕی بۆرسەی لەندەنەوە و کاتێکیش پارەیەکی باشی دەستکەوت لقی بانکی رۆچێڵدی لە لەندەن کردەوە.
دەستگرتن بەسەر ئابوری بریتانیا
ژیری ناسان لە کۆکردنەوەی زانیاریدا بوو، بۆ ئەمەش لەلایەکەوە کۆتری بەکاردەهێنا بۆ گواستنەوەی خێرای زانیاری لەگەڵ براکانی لە وڵاتانی دیکە و لەلایەکی دیکەشەوە سیخوڕی پەروەردە کردبوو، سیخوڕەکانی ناسان رۆڵی گەورەیان هەبوو لەوەی کە چۆن ناسان لە ماوەیەکی کورتدا بووە دەوڵەمەندترین پیاوی بریتانیا.
لە ساڵی ١٨٠٦دا بریتانیا و فەڕەنسا گەمارۆی بازرگانیان خستەسەر یەکتر، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاکوب لە پاریس شوێنپێی خۆی لەناو دەسەڵاتدا کردبووەوە و ناسانیش بە هەمان شێوە لە لەندەن دەستڕۆیشتبوو، هەر دوو وڵات لەو دوو برایە خۆش ببوون بۆ بەردەوامبوون لە کاری بازرگانی لەنێوان لەندەن و پاریسدا، ئەمەش دەرفەتێکی گەورەبوو بۆ دەوڵەمەندبوونی زیاتر رۆچێڵدەکان.
لەکاتێکدا دوو دەوڵەتەکە لەشەڕدابوو، لە پاریس یاکوب بە پارە یارمەتی فەڕەنسای دەدا و لە بریتانیاش ناسان یارمەتی سوپای بریتانیای دەدا، ناسان لە ساڵانی ١٨١٣ بۆ ١٨١٥ هەموو خەرجییەکانی جەنگی سوپای بریتانیای دابینکرد، جگە لەوەش بڕی دە ملیۆن پاوەند ( حەوت ملیار پاوەندی ئێستا) ی وەک قەرز دایە هاوپەیمانەکانی بریتانیا.
ساڵی ١٨١٥ جەنگی چارەنووسسازی واتەرلۆ لەنێوان فەرەنسا و بریتانیا ڕوویدا، بۆ ناسان رۆچێڵد ئەوە گرنگ بوو کە بەر لە هەر کەسێکی دیکە هەواڵی سەرکەوتن یان شکستی بریتانیا بزانێت، هەربۆیە سیخوڕەکانی لەنزیکەوە چاودێری بەرەی جەنگیان دەکرد، کە بریتانیا جەنگەکەی بردەوە سیخوڕەکان بەپەلە هەواڵەکەیان گەیاندە ناسان لە لەندەن، بە جۆرێک کە ناسان رۆژێک پێش لە حکومەتی بریتانیا ئاگاداری سەرکەوتنی بریتانیا بوو، ناسان نەچوو زانیارییەکەی بە حکومەت بفرۆشێت یان نەچوو مزگێنی پێ وەربگرێت، بەڵکو چووە بازاڕی لەندەن و دەستیکرد بە فرۆشتنی پشکە حکومییەکانی بانکەکەی و کۆمپانیاکانی بە نرخێکی هەرزان، ئەمەش لەلایەن خەڵکەوە والێکدرایەوە کە بریتانیا شکستی خواردووە، هەربۆیە خەڵک و بازرگانەکانی دیکەش بە پەلە دەستیانکرد بە فرۆشتنی پشکەکانی خۆیان بە نرخێکی کەم، لە کۆتایی رۆژدا پیاوەکانی ناسان لەناو بۆرسەدا بەپێچەوانەوە دەستیانکرد بە کڕینی پشکەکان بە نرخێکی کەم، بەمشێوەیە لە ماوەی رۆژێکدا دەستیانگرت بەسەر بازاڕی بۆرسەی لەندەندا، رۆژی دواتر کە هەواڵی سەرکەوتنی بریتانیا گەیشت ئەمجارەیان نرخی پشکەکان لە بازاڕی بۆرسەی لەندەن بۆ ٢٠ ئەوەندە بەرزبوونەوە، بەمەش ناسان لەماوەی شەوورۆژێکدا سامانەکەی بۆ ٢٠ ئەوەندە زیادی کرد و بووە دەوڵەمەندترین پیاوی بریتانیا و هەموو ئەوروپا.
دوای ئەم رووداوە ناوەندەی سەرەکی چالاکییە ئابوری و بازرگانییەکانی بنەماڵەی رۆچێڵد گوازرایەوە بۆ لەندەن و تا ئێستاش سەنتەرەکەیان لە بریتانیایە، لە ساڵانی دواتر کوڕانی رۆچێڵد لە بریتانیا پلەی لۆردیان پێدرا و بە درێژایی دوو سەدەی رۆڵیان هەبووە لە ئابوری و سیاسەتی بریتانیادا، بۆ دەرکەوتنی گرنگی رۆڵی بنەماڵەی رۆچێڵد لە بریتانیا تەنیا ئەوەندە بەسە کە ئاماژە بەوە بدەین لە ساڵی ١٨٣٥دا ناسان رۆچێڵد بڕی ١٥ ملیۆن پاوەندی قەرز دایە حکومەتی بریتانیا کە ئەو بڕە لەو کاتەدا ڕێژەی لەسەدا ٤٠ داهاتی ساڵانەی بریتانیابوو، حکومەتی بریتانیا لەو ساڵەوە قەرزی ئەو بنەماڵەیە دەداتەوە و ساڵی ٢٠١٥ توانی هەموو قەرزەکانی بداتەوە.
رۆڵی بنەماڵەی رۆچێڵد لە فەڕەنسا
جەنگەکانی ناپلیۆن بوناپارت خێرێکی زۆری بۆ روچیڵدەکان تێدابوو، تەنیا یاکوب مایەر رۆچیلد و ناسان مایەر رۆچیلد بۆیان هەبوو کاری بازرگانی لەنێوان دوو وڵاتی فەڕەنسا و بریتانیادا بکەن، لە دوای شکستی فەڕەنسا، حکومەتی ئەو وڵاتە پێویستییەکی زۆری بە پارە هەبوو، برایانی رۆچیڵد زۆریان هەوڵدا کە حکومەتی فەڕەنسا پارە بە سودێکی زۆر لەوان قەرز بکات، بەڵام فەڕەنسییەکان لەو سەردەمەدا و بە تایبەتیش لە دوای شکستی فەڕەنسا لە جەنگدا بە چاوێکی سوک سەیری رۆچێڵدەکانیان دەکرد بەوپێیەی لە بنەماڵەیەکی رەسەن و خاوەن رابردوو نەبوون، هەربۆیە حکومەتی فەڕەنسا ئامادەنەبوو قەرز لەو بنەماڵەیە بکات.
ساڵی ١٨١٨ بازاڕی بۆرسەی پاریس هاڕەی کرد، فەڕەنسا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەوە، هەموو نەجیب زادە و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی ئەو وڵاتە نیگەرانی چارەنووسی وڵاتەکەیان بوون، لەم نێوانەدا تەنیا یاکوب رۆچێڵد دڵخۆش بوو، چونکە تەنیا ئەو ئەیزانی چی ڕوودەدات، ڕووداوەکەش بەم شێوەیەبوو:
لە مانگی ئۆکتۆبەری ١٨١٨ بنەماڵەی رۆچێڵد بەو پارە زۆر و زەبەلاحەی لەبەردەستیان بوو، لەڕێی سیخوڕەکانیانەوە بڕێکی زۆری پشکەکانی بازاڕی بۆرسەی پاریسیان کڕی، مانگێک دواتر پشکەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم خستەبازاڕەوە، ئەمەش بووە هۆی هاڕەکردنی نرخی پشکەکانی بازاڕی بۆرسەی پاریس، لەو کاتەدا حکومەت و سەرمایەدارەکان تووشی سەرلێشێوان بوون، حکومەت بە ناچاری هانای برد بۆ یاکوب مایەر رۆچێڵد، بەمجۆرە رۆچێڵدەکان توانیان دەست بە ئابوری فەڕەنسادا بگرن.
لەکاتە بەداوەوە رۆچێڵدەکان رۆڵی سەرەکیان هەبوو لە پێشخستنی ئابوری و پیشەسازی فەڕەنسا، هێڵی شەمەندەفەڕی فەڕەنسا ئەوان دروستیان کرد، خاوەنی چەندین بانکن، لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت لقی فەڕەنسای بنەماڵەی رۆچێڵد خاوەنی ١٠٠ ملیار یۆرۆن.
جگە لە بریتانیا و فەڕەنسا رۆچێڵدەکان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش بە تایبەت لە نەمسا و ئیتالیا چالاک بوون، هەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە هەوڵیاندا لە ئەمریکاش شوێنپێی خۆیان قایم بکەن و یەکەمین بانکی ئەمریکا ئەوان دروستیانکرد، بەڵام دوای چەند ساڵ کۆنگرێس مۆڵەتی بانکەکەیانی هەڵوەشاندەوە، لە دوای ئەم بڕیارەی کۆنگرێس لە ساڵی ١٨١٥ ناسان رۆچێڵد لەڕێی بریتانیاوە فشاری خستە سەر حکومەتی ئەمریکا.
بۆ ماوەی سەدەیەک هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا لە دژی چالاکییەکانی بنەماڵەی رۆچێڵدبوون، بەڵام لە ساڵی ١٩١٥دا حکومەتی ئەمریکا رێگەیدا لە ئەمریکا وەبەرهێنان بکەن، لەوکاتە بە داوەوە رۆچێڵدەکان لە ئەمریکاش شوێنپێیەکی پتەویان بۆ خۆیان دروستکردووە، بەڵام هەرگیز سەنتەری چالاکییەکانی خۆیان لە بریتانیاوە نەگواستەوە بۆ ئەمریکا.
رۆڵێ رۆچێڵدەکان لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا
ساڵی ١٩١٧ کاتێک ئارتۆر جەیمس بەلفۆر وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە نامەیەکدا بەڵێنیدا دەوڵەتێک بۆ جولەکە دروست بکات، نامەکە کە بە پەیمانی بەلفۆر ناسراوە بۆ لۆرد بنیامین جەیمس رۆچێڵد نووسرابوو.
رۆچێڵدەکان سەبارەت بە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، هەندێکیان لە دژی دروستکردنی دەوڵەتەکە بوون بەڵام زۆرینەیان پشتگیریان لێکرد، بۆ نمونە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لۆرد ڤیکتۆر رۆچێڵد دژی ئەوە بوو بریتانیا تەنانەت مافی پەنابەری بداتە جولەکە رزگاربووەکانی هۆلۆکۆست، بەڵام بە گشتی زۆربەی رۆچێڵدەکان پشتگیری دروستکردنی دەوڵەتیان کردووە، هەرچەندە بە نهێنیش بووبێت.
لە سەردەمی عوسمانییەکاندا بارۆن ئیدمۆند جەیمس رۆچێڵد پارەی ئەبەخشییە ئەو جولەکانەی ئامادەبوون کۆچ بکەن بۆ ئیسرائیل و زەوی بۆ کڕین، هەروەها لە ساڵی ١٩٢٤دا بڕی ١٢٥ هەزار هێکتار زەوی بۆ جولەکەکان کڕی لە ئیسرائیل، لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلیش حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام پشتی بە یارمەتییەکانی ئەو بنەماڵەیە بەستووە.
رۆچێڵدەکان لە چەند دەیەی رابردوودا ناوێکی دیارنەماون، هەندێک کەس پێیانوایە رۆچێڵدەکان خۆیان نایانەوێت لە ناو میدیا و رای گشتیدا ناوێکی دیاربن و زیاتر هەوڵ دەدەن بە ناوی جۆراوجۆرە چالاکی ئابوری بکەن، بەپێی ئەم بۆچوونە رۆچێڵدەکان هێشتا بە هەمان شێوەی رابردوو کاریگەرییان هەیە لەسەر سیاسەتی وڵاتان، بەڵام لە بەرامبەریشدا ئەو بۆچوونە هەیە بەهۆی سەرهەڵدانی سەرمایەداری گەورەتر و کۆمپانیای زەبەلاحتر، ئێستا ئەو بنەماڵەیە هەرچەندە هێشتا بەهێزن بەڵام وەک سەدەی رابردوو رۆڵیان لە ئابوری و سیاسەتدا نەماوە.