ڕاپۆرتی جیهانی

08:54 - 04/06/2023

ئه‌فسه‌رێكی باڵای ئه‌مریكی ترسناكترین نهێنی له‌سه‌ر زیره‌كی ده‌ستكرد ئاشكرا كرد‌

پەیسەر

رۆژ له‌ دوای رۆژ پرسی به‌كارهێنانی زیره‌كی ده‌ستكرد له‌ بواره‌كانی ژیاندا گه‌رمتر ده‌بێت، له‌ هه‌مووی مه‌ترسیدارتر بواری سه‌ربازییه‌ و له‌ ئه‌مریكا ئه‌مه‌ تاقیكراوه‌ته‌وه‌ و هه‌موانی شۆك كردووه‌.

ئەفسەرێکی باڵا لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا به‌ناوی تاكر هاملتۆن له‌ كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی شاهانه‌ بۆ فڕۆكه‌وانی كه‌ له‌ له‌نده‌ن به‌ڕێوه‌چوو، هۆشداریدا لە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە جەنگەکاندا و باسی له‌ تاقیکردنەوەیەک كرد كه‌ هێزی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی زیرەکی دەستکردیان بەکارهێناوە بۆ لێخوڕینی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان.

زیره‌كیه‌ ده‌ستكرده‌كه‌ بەشێوەی سیمیۆلەیشن واتە تەنها لە کۆمپیوتەردا و بەبێ ئەوەی فڕۆکەی راستەقینە بدرێتە دەست زیرەکییە دەستکردەکە تاقیكراوه‌ته‌وه‌و فەرمانێکی جەنگییان بە فڕۆکەکە داوە و ئەویش فڕیوە بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام لە نیوەی رێگە فەرمانێکی تریان داوەتێ و زیرەکییە دەستکردەکەش ئەم گۆڕانکارییەی پێ خۆش نەبووە بۆیە هێرشی کردووەتە سەر بنکەی کۆنتڕۆڵی فڕۆکەکە و کوشتوونی.

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ باڵایه‌ وتویه‌تی لە جاری دووەمدا هێزی ئاسمانی ئەمریکی پڕۆگرامیی زیرەکییە دەستکردەکەیان کردووە بەوەی هەرگیز هێرش نەکاتە سەر ئەو مرۆڤانەی کۆنتڕۆڵی دەکەن و دواتر هەمان کرداریان دووبارە کردووەتەوە، ئەمجارە فڕۆکەکە هێرشی کردووەتە سەر بورجی پەیوەندیی بنکەی کۆنتڕۆڵەکە و بورجەکەی تەقاندووەتەوە.

ئه‌مه‌ تەنها لە ناو کۆمپیوتەردا روویداوە هاوشێوه‌ی یارییەکانی پلەی ستەیشن، بەڵام ئەگەر فڕۆکەیەکی راستەقینە بدرایەتە دەست زیرەکییە دەستکردەکە ئەوا زیانی گیانی بەدواوە دەبوو.

ئه‌مه‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ باسیكردووه‌، ئەوەیه‌ كه‌ له‌ فیلمه‌كاندا هه‌یه‌، کە رۆبۆت هاوشێوه‌ی مرۆڤ بتوانێت بڕیاری سه‌ربه‌خۆ بدات، وه‌كو كوشتنی خه‌ڵك و خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ ڕاستی.

زۆربه‌ی وڵاته‌ زلهێزه‌كانی دونیا هه‌وڵیانداوه‌  زیره‌كی ده‌ستكرد یاخود ئەی ئای، بخه‌نه‌ بواری سه‌ربازییه‌وه و شاره‌زایان پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌سه‌ر داهاتووی جه‌نگه‌كان و مرۆڤایه‌تیشدا ده‌هێنێت.

له‌ ئه‌مریكا له‌ مانگی شوباتی ٢٠١٩ه‌وه‌ دوای بڕیارێكی كۆشكی سپی، پێنتاگۆن ستراتیژی سه‌ربازی سه‌باره‌ت زیره‌كی ده‌ستكرد خستوه‌ته‌‌ڕوو.

زانا ناوداره‌كانی جیهان به‌رده‌وام باسله‌وه‌ده‌كه‌ن زیرەكی دەستكرد دەتوانێت زیان بەتەندروستی ملیۆنان كەس بگەیەنێت‌ و مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی دروستبكات و ده‌ڵێن رەنگە زیرەكی دەستكرد شۆڕشێك دروستبكات، بەڵام پێویستە پەرەپێدانی زیرەكی گشتی دەستكرد رابگیرێت، تاكو ئەوكاتەی رێكدەخرێتەوە.