05:07 - 14/03/2023
لوید ئۆستن و کۆتایی سیاسەتی ئۆباما لە ناوچەکە
عهلی حهمه
سیاسەتی “ سەرکردایەتی کردن لە پشتەوە “ بەیەکێک لە سیاسەتە خراپەکانی سەرۆک ئۆباما و دۆناڵد ترامپ دادەنرێت !
باراک ئۆباما ٤٤ چلوچوارەمین سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا وەک یەکەمین سەرۆکی بە رەگەز ئەفریقی و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ دوو خولی لەسەریەک لە نێوان ساڵانی ( ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٧ ) سەرکردایەتی ئیدارەی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکای کرد .
لەسەردەمی ئۆبامادا سیاسەتێکی نەرمتر و تارادەیەک پێچەوانەی سیاسەتی باڵی کۆماریەکان بو، کە زیاتر پەنای بۆ گفتوگۆ و چارەسەری دیپلۆماسیانە لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە لە پرسەکاندا پەیرەو کرد .
ئەم سیاسەتەی سەرۆک ئۆباما کە بە سیاسەتی ( سەرکردایەتی کردن لە پشتەوە ) ناسراوە زیاتر ئامانج و رەهەندی بەرژەوەندی ئابوری لەبەر چاو گرتبوو، کە ناوەڕۆکی ئەم سیاسەتە جەختی لەوە دەکردەوە کە بوار بداتە خودی دەوڵەتەکان لە چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خۆیان و ئەمەریکاش لە پشتیانەوە هاوکارییان بکات بێ ئەوەی هیچ جۆرە دەستێوەردانێک لەکاروباری ناوخۆی ئەو دەوڵەتانە ئەنجام بدات .
ئەم سیاسەتە بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچوی سەربازی و کشانەوەی بەشێکی تری سوپاکەی لە چەندین وڵاتدا وەک (عێراق و ئەفغانستان و سوریا ..کە کەسەردەمی سەرۆک رۆناڵد ترامپ لە ٢٠١٨ بەدواوە دەستی بەجێبە جێکردنی ئەم سیاسەتە کرد ) ، لەبەرامبەردا گرنگی دانی بە دۆخی ئابوری ناخۆی ئەمەریکا و کەمکردنەوەی رێژەی بێ کاری و باشتر کردنی بیمەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوتر دەزانی .
ئەم پلان و ستراتیژە نوێیەی ئۆباما لەوەوە سەرچاوەی گرتبو کە دەبێ کۆتایی بە پەیوەندیە مێژووییەکان بێنێت لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی پەیوەندیە نەوتیەکان ، چونکە لەو سەروبەندەدا ئەمەریکیەکان گەورەی قەبارەی نەوتی خۆیان بۆ دەرکەوتو و نرخی نەوتیش گەیشتە خوار ٣٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک .
جگە لەوەش بۆچونی ئۆباما سەبارەت بە گفتۆگۆ دەربارەی هەوڵەکانی ئێران سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانێوم و دەستێوەردانەکانی روسیا لە جۆرجیاو داگیرکردنی دورگەی قرم لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاو دەستێوەردانی لە سوریا ، و وە زیاد بونی رۆڵ و دەستێوەردانەکانی ئێران لە سوریاو لوبنان و عێراق لەسەر بەرژەوەندی و بەهاکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە و رادەستکردنی جڵەوی کاروبارەکان بەئێرانی و روسەکان لە ناچەکەدا پاشەکشەیەکی خراپ و رۆڵی ئەمەریکای لە پۆلیسی جیهان و شکۆی وەک زلهێزێکی بێ رکابەر ، کردۆتە پڵنگێک لە کاغەز وەک ئەوەی بەشێک لە لێکۆڵەر و ئەندامانی کۆنگریسی ئەمەریکا دەڵێن !
کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی لە رۆژ ئاوای سوریا و عێراق و کشانەوەی کتوپڕی سوپاکەی لە ئەفغانستان بۆشاییەکی گەورەی لە پشتیوانی و پرۆسەی دیموکراسی و پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و جوڵانەوەی نیشتیمانی و رزگاریخوازانەی گەلانی ئەفغانستان و کوردانی رۆژئاوا و بەرەی میللی خەڵکی یەمەن دروست کردو زاڵکردنی جوڵانەوەی عوسیەکانی لایەنگری ئێرانی لەیەمەن و شاڵاوە دڕندانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی رزکارکراوی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لێکەوتوە و شاری عەفرین و بەشێکی زۆری گوندەکانی دەوروبەری داگیرکران ، جگە لە گلەیی و گازندەی زۆر کە روبەروی سیاسەتی ئۆباما و سەرکردایەتی کردن لە پشتەوە لێ کەوتەوە و وەک بێ وەفا لەبەرامبەر دۆخی رۆژئاوا و هێزە هاوپەیمانەکانیان وەسفیان کرد ، وزیری بەرگری ئەمەریکاش “ جەنراڵ جیمس ماتیس “ دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە وەک نارەزایەتیەک لەبەرامبەر بۆچونی تاکرەوانەی ئۆباما و پرس نەکردن و نەگەڕانەوەی بۆ رای وەزارەتی دەرەوە و بەتایبەتیش وەزارەتی بەرگری !
سعودیەکان لە سیاسەتی ئۆباما و دۆناڵد ترامپ نیگەران بون و پێیان وایە ئەم سیاسەتەی ئۆباما رۆڵی ئێرانی لە ناوچە زیادکردو چەکدارە عوسیە نەیارەکانی سعودیەی لە یەمەندا زاڵ کردو هەرەشەو مەترسیان بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئابوری سعودیە دروست کرد، کەئەوە لەوانەیە شان بەشانی کێشەی پێنەدانی چەکی کاریگەر و بەهێز و تەکنۆلۆژیای سەربازی پێشکەوتو بە وڵاتی سعودیە لەبەر نارازی بونی اسرائیل ، یەکێک بن لەو هۆکارە سەرەکیەکانی کە ساردی خستە نێوان سعودیە و ئەمەریکا و وای لە سعودیەکان کرد کە بیر لە پەیوەندی و ئەڵتەرناتیڤی تر بکەنەوە و دواجار پەیوەندی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و بازرگانی فراوان لەگەڵ وڵاتی چینی رکابەری گەورەی ئەمەریکا ببەستن و تاگەیشتە ئەو ئاستەی کە بە سەرپەرشتی و چاودێری چین سعودیە و ئێران کۆببنەوە و بگەنە چەند رێککەوتن و خاڵێک کە پەیوەندیە دپلۆماسی و نوێنەرایەتیەکانیان بگەڕێنەوە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتودا سەفارەتەکانیان بکەنەوە .
سەرۆک جۆبایدن لە سەردانەکەی دا بۆ وڵاتانی کەنداو لە تەموزی ساڵی ٢٠٢٢ وتی ؛ وڵاتەکەمان دوور ناکەوێتەوە و ناهێڵین بۆ شاییەک دروست ببێ و روسیا و چین و ئێران پڕی بکەنەوە ، بۆیە لە دەنگدانی چەند رۆژی رابردوی کۆنگریسی ئەمەریکا لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا ژمارەی ٣٢١ دەنگ رەتیان کردەوە کە سوپا بکشێتەوە لە بەرامبەر ١٠٣ دەنگی بەڵێ ، رەتکردنەوەی کشانەوە لە سوریا لەلایەن کۆنگریسی ئەمەریکاوە دەستپێکی سیاسەت و ستراتیژێکی نوێی ئیدارەی حکومەتەکەی جۆبایدنە کە پێچەوانەی سیاسەتی ئیدارەی ئۆباماو دۆناڵد ترامپە لە جێهێشتنی ووڵاتان کە پرس و کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و بۆشایی دروست بێت و لە غیابی ئەمەریکا روسیا و ئێران و چین ئەو بۆشییایە پڕبکەنەوە .
سەردانی کتوپڕی “ لوید ئۆستن “ وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ ناوچەکە و بەتایبەتی بۆ عێراق و اسرائیل و ئەردەن و میسر و رۆژئاوا لە ٧ی ئازاری ٢٠٢٣ خۆی لە خۆیدا پەیامێکە کە جەخت لە پەیوەست بونی ئەمەریکا لە بەڵێنەکانی دەکاتەوە و لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و کۆتایی بە سیاسەتی سەرکردایەتی کردن لە پشتەوە دەهێنێت و سورە لەسەر پشتگیری و پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا ، کەئەمە بە گۆڕان و ئاڵوگۆڕێکی دیار و بەرچاو دادەنرێت لە دید و ستراتیژی نوێی ئیدارەی حکومەتەکەی جۆ بایدن سەرەڕای ئەو پشتیوانیە تەشریعیەی کە کۆنگریس بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری مانەوەی سوپای ئەمەریکای لە ناوچەکە کردەوە.
سەقامگیری و ئاسایشی رێرەویە ئاویەکانی کەنداو و وزەی وڵاتانی کەنداو بەشێکە لە جیۆسیاسی ئەمەریکاو هەر هەرەشە و ئاڵۆزیەک لە ناوچەکە وەک هەڕەشە و مەترسیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لێکدراوەتەوە ، بۆیە هەر ئاڵوگۆڕی و گۆڕانێک و بۆ پێشەوە چونێک لە پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان وڵاتانی ناوچەکە پەیوەندی پتەوەی بە ستراتیژی ئەمەریکاوە هەیە و بێ زانیاری و ئاگاداری ئەو ئەستەمە گۆڕان و ئاڵوگۆڕیەکی ریشەیی لەناوچەکەدا دروست ببێ .!