ڕاپۆرتی جیهانی

06:08 - 16/01/2019

كێشەی برێكست سیناریۆكانی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا‌

پەیسەر

رێگاكانی ده‌رچوون  لەگێژاوی برێكست لەبەردەم تێریزامای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و ئەوكەسەش كە شوێنەكەی دەگرێتەوە كه‌مبونه‌ته‌وه‌‌، ئەوەش دوای ئەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رێككەوتنەكەی تێریزامای لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا رەتكردەوە، به‌ڵام لەئێستادا ئەو سیناریۆیانە كامانەن كە لەبەردەم سەرۆك وەزیراندان؟
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە پەرلەمانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ، لەدژی رێككەوتنی برێكسێت كه‌ تێریزامای سەرۆك وەزیران لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا پێی گەیشتبوو، له‌ ئێستادا لەبەردەم مای و ئەوكەسەشی كە جێگەی دەگرێتەوە ژمارەیەك رێگای دیاریكراو هەیە، ئه‌ویش لەپێناوی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ بۆ رێكخستنی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا، كە پێنج دەیە پێش ئێستا بەریتانیا بووە ئەندامی.


یەكێتی ئەوروپا هۆشداریدا لەوەی ئەو ئەدەنگدانە بەریتانیا بەرەو نادیاردەبات و مەترسی چوونەدەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا بەبێ رێككەوتن ئاڵۆزدەكات.
لەگەڵ ئەوەی تێریزامای كەمێك پێش دەنگدانی پەرلەمان، وتارێكی پێشكەشی پەرلەمانتاران كرد و رایگەیاند، پێویستە ئەوە جێبەجێ بكرێت كە بەریتانیەكان لە راپرسیەكەی ساڵی 2016دا دەنگیان بۆدا، بەڵام لەئێستادا كە دوومانگ بۆ كاتی دیاریكراوی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا ماوە، ناكۆكی قوڵ هەیە لەسەرئەوەی كە دواتر چ ڕوودەدات.
پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیران كە بڕیاربدات لەسەر دووبارەكردنەوەی دەنگدان یان ئامادەبوون بۆ دوورخستنەوە لەپۆستەكەی یان دواخستنی برێكسێت یانیش برێكسێت بەكردەوە ڕوودەدات، ئەگەر ئەوە ڕوویدا بەچ شێوەیەك و بەچ زیان و دەستكەوتێك دەبێت؟
ئەمانەی خوارەوە ئەو سیناریۆیانەن كە دوای رەتكردنەوەی رێككەوتنەكەی تێریزامای و یەكێتی ئەوروپا دەربارەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتیەكە ده‌بێ رووبده‌ن:
سیناریۆی یەكەم هەڵبژارنی نوێ
دوای رەتكردنەوەی رێكه‌وتنی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ریتان و یه‌كێتی ئه‌وروپا لەلایەن پەرلەمانتارانه‌وه‌، جێرمی كۆربین سەرۆكی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن یاداشتێكی بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەتەكەی تێریزامای پێشكەش كرد، چاودێران پێیان وایە دەستپێشخەریەكەی كۆربین چانسێكی گەورەی بۆ سەركەوتن نیە، چونكە پارتی پارێزگاران ( پارتەكەی تێریزامای) و پارتی پارێزگارانی ئێرلەندای باكور و پارتی یەكێتی دیموكرات كە هاوپەیمانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیان لەحكومەت، حەز ناكەن پارتی كرێكاران جێگەیان بگرێتەوە لەرابەرایەتیكردنی وڵات.بەڵام رۆژنامەی دیلی میل  كە رۆژنامەی پارێزگارانە و لایەنگری چوونەدەرەوەیە، بڵاویكردەوە، چارەنوسی تێریزامای بە یەك دەزووەوە گرێدراوە.


هه‌روه‌ها رۆژنامەنوس ماسیۆ پاریس لەلاپەرەیەكی یەكەمی رۆژنامه‌ی تایمزدا نوسیویەتی، ئێستا كاتی ئەوەیە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن پرۆسەی برێكسێت بگرنە ئەستۆ نوسیویشیەتی، هیچ سەركردایەتیەك نیە نە لەناو دەسەڵات و نە لەناو ئۆپۆزسیۆن كە توانای ئەوەی هەبێت یارمەتیمان بدات بۆ دەرچوون لەو گێژاوە.

سیناریۆی دووەم دووبارەكردنەوەی دەنگدان
سەرۆك وەزیران دەتوانێت داواكاریەك پێشكەش بكات بۆ دووبارەدەنگدانەوە ئەوەش دوای ئەوەی كە یەكێتی ئەوروپا داوای هه‌ندێ سازش زیاتر له‌ به‌ریتانیا، بەڵام ئەمەش دەرفەتێكی كه‌می سەركەوتنی هه‌یه‌.

لای خۆیەوە پیتەرئەڵتمایر وەزیری دارایی ئەڵمانیا رایگەیاند: جارێكی تر ناتواندرێت گفتوگۆی بنچینەیی بكرێتەوە لەسەر ئەو رێككەوتنەی كە یەكێتی ئەوروپا و تێریزامای پێی گەیشتوون. دەشڵێت، بەڵام ئەگەر حكومەتی بەریتانیا پێشنیاری شتێكی نوێ بكات، ئەوە دەبێت لەناو یەكێتی ئەوروپا گفتوگۆی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت چۆن و چ شتێكی په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌.

هەروەها ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا  رایگەیاند، گومانی هەیە كە یەكێتی ئەوروپا دووبارە دەست بەگفتوگۆ بكاتەوە سەبارەت بەو رێككەوتنەی كە یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ تێریزامای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا سەبارەت بەبرێكسێت پێی گەیشتووە، سەرۆكی فەرەنسا داواشی لەسەركردەكانی بەریتانیا كرد خۆیان دەرچەی رزگاربوون لەو كێشەیە بدۆزنەوە، ماكرۆن  هیوای بەختێكی باشیشی بۆخواستن لەوەی بتوانن تا 29ی ئازاری داهاتوو رێگایەك بۆ چوونەدەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا بدۆزنەوە.


سه‌رۆكه‌ گه‌نجه‌كه‌ گوتیشی، لەوانە چاكسازی لە پرسێك یان دوان بكەن، بەڵام پێی وانیە بتوانن لەتەواوی رێككەوتنەكە گۆڕانكاری بكەن، چوونكە ئەوەی لەتوانایاندا هەبووە كردوویانە. 

سیناریۆی سێیەم رەتكردنەوەی برێكست
بەریتانیا دەتوانێت گفتوگۆكانی برێكست لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا رابگرێت، بەڵام ئەمە كارێكی چاوەڕوان كراو نیە، چونكە زۆرینەی ئەو بەریتانیانەی كە بەشداریان كرد لەراپرسی23 حوزەیرانی ساڵی 2016 بۆ چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا دەنگیان بەبەڵێ دا بەجۆرێك 17.4 ملیۆن بەریتانی كە دەكاتە 51.9% بەشداربووان دەنگیان بەڵی دا.

سیناریۆی چوارەم دووبارە دەنگدانەوە بۆ برێكسێت
تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بەیەكێك لەو كەسانە دادەنرێت كە داوای راپرسی دووەم دەكات و له‌و روه‌شه‌وه‌ ئامادەكاری دەكات بۆ بڕیاردان لەسەر چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا، ئەو راپرسیە بۆ چارەسەری ئەو گێژاوەیە كە ئەو وڵاتەی تێكەوتووە، بەڵام تێریزامای رایگەیاند ئەو هەنگاوە ناپاكیە لەگەڵ ئەنجامی راپرسیەكەی ساڵی 2016 و دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵك متمانەیان بە سیاسەت نەمێنێت.
ئەو پرسە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ئاشكرای لەنێوان تێریزامای و تۆنی بلێر بەدوای خۆیدا هێنا، بلێر پشتیوانی مانەوەی وڵاتەكەی لەیەكێتی ئەوروپا دەكات، لەبەرامبەردا تێریزامای،  بلێر بەوە تۆمەتباردەكات كە سوكایەتی بەدەنگی دەنگدان دەكات و هەوڵیش دەدات كابینەی حكومەتەكەی هەڵوەشێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی بلێر چاوی بەبەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا كەوت لە برۆكسل.


لای خۆیەوە تۆنی بلێر، تێریزامای سەرۆك وەزیرانی بە نابەرپرسیار دایە قەڵەم، لایەنگرانی راپرسی دووەم پێیان وایە لێدوانەكەی تێریزامای دەری دەخات كە پێویستە ئەو پرسە بەجدی وەربگیردرێت، لای خۆیەوە مارگریت بیكیت ئەندامی پەرلەمان لەسەر پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن ( پارتی كرێكاران پشتیوانی راپرسی دووەم دەكات ) رایگەیاند، راپرسەیەكەی ساڵی داهاتوو  جیاواز دەبێت لەو راپرسیەی لەساڵی 2016 دا ئەنجامدراوە، چونكە ئێستا زانیاری زیاتریان دەربارەی برێكسێت هەیە . 
دەیان ئەندامی پەرلەمان لەتەواوی پارتە سیاسیەكان پشتیوانی راپرسی دووەم دەكەن، چەند راپۆرتێكیش باس لەوە دەكەن كە بەرپرسان لێكۆڵینەوە لەوە دەكەن كە دەتوانن رایگشتی رازی بكەن بۆ ئەنجامدانەوەی راپرسی.


سیناریۆی پێنجەم نمونەی نەرویجی 
بەریتانیا دەتوانێت پشت بەنمونەی نەرویجی ببەستێت بۆ پەیوەندیەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا، واتا تەواوی پابەندیەكانی بەرامبەر یەكێتی ئەوروپا جێبەجێ دەكات و شایستەداراییەكان دەدات و زۆرینەی رێككەوتنەكانی یەكێتیەكەش جێبەجێ دەكات، بەڵام لەناو یەكێـتی ئەوروپادا دەنگ نادات، لەو چوارچێوەیەدا ئەمبەر رود وەزیری پێشووی كاری بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەر پەرلەمانتارانی بەریتانیا رێككەوتنی تێریزامای و یەكێتی ئەوروپا رەتدەكەنەوە، ئەوە دەكرێت پرۆژەیەكی تر ئامادەبكرێت بەناوی نمونەی نەرویج ئەوەش واتای مانەوە لەبازاری هاوبەش و یەكێتی گومرگی ئەوروپا، نەرویج ئەندامی یەكێتی ئەوروپا نیە، بەڵام پەیوەندیەكی بەهێزی بەیەكێتیەكەوە هەیە ئەویش لەرێگەی ئەندامیەتی لەناوچەی ئابوری ئەوروپا.

سیناریۆی شەشەم نەگەیشتنە رێككەوتن
ئەگەر تێریزامای نەگەیشتە رێككەوتنی ناوخۆی دەربارەی چوونەدەرەوە لەیەكێتی ئەوروپا تا 29ی ئازاری داهاتوو، ئەوە واتای وەستانی یاساكانی یەكێتی ئەوروپا لەبەریتانیا لەماوەی شەو و رۆژێكدا دەگەیەنێت، ئەوەش مەترسی ڕوودانی تەنگەژەی لێدەكرێت بۆ ئابوری بەریتانیا و زۆر كەرتی تری ژیان.
لەو چوارچێوەیەدا پیتەرئەلتمایر وەزیری ئابوری ئەڵمانیا هۆشداری دا لە دەرئەنجامەكانی چوونەدەرەوەی نا رێكخراوی بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا، گوتیشی، هەموان لە ئەوروپا زیان مەند دەبن بەتایبەتیش بەریتانیەكان.
ئەو وەزیرە كە ئەندامی پارتی مەسیحی دیموكراتە( پارتەكەی ئەنگێلا مێركڵ )ده‌شڵێ، چوونەدەرەوەی نا رێكخراو كاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی و هەلی كار لەبەریتانیا دەبێت، بەڵام ئەو چوونەدەرەوەیە بەبێ كاریگەری بەسەریەكێتی ئەوروپاشدا تێناپەرێت.