11:11 - 11/06/2022
لە کۆبوونەووی چوارقۆڵی برۆکسێل چی ڕوو دەدا؟
ستۆلتێنبەری چ باجێک دەدا بە ئەردۆغان و بە چ نرخێک ئەندامەتی فینلەند و سوید مسۆگەر دەکا؟
نووسینی: ئەشرەف ئۆکوموس Esref Okumus
داگێنسنیهێتر 2022-06-08
و. لە سویدییەوە؛ سیاوەش گۆدەرزی
مەرجەکانی ئەردۆغان لە سەر هەڵگرتنی ڤیتۆ لە سەر ئەندامەتی سوید و فینلاند بۆ ئەردۆغان گرینگ نین. ئەوەی گرینگە و لە پشتەوەی مەرجەکان خۆی حەشار داوە، گەرەنتی و مانەوەی ئەردۆغانە لە سەر حوکم لە لایەن ناتۆ و ئەمەریکاوە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوە ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو دەنگ بێنێتەوە یان نەهێنێتەوە.
ئەردۆغان هەتا گەرەنتی مانەوەی لە سەر دەسەڵات لە لایەن ئەمەریکا و ناتۆوە وەرنەگرێ هەروا ئەندامەتی فینلاند و سوید لە ناتۆ بە بارتمە دەگرێ.
بە پێی یاسای دەسکاریکراوی تورکیا ئەردۆغان ئەو دەسەڵاتەی هەیە هەڵبژاردن دوا بخا یان ئاکامی هەڵبژاردن بە بیانووی وەمەترسی کەوتنی ئاسایشی نەتەوەیی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەردۆغان هەتا ئێستا لەم دەسەڵاتە ڕەهایەی خۆی کەڵکی وەرگرتووە وەک کاتێک بۆ تێپەڕاندنی یاسایەک زۆرینەی پارلەمانی لەگەڵ نەبووە یان وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانی ستامبوڵدا ڕووی دا. لێرەدایە کە ئەردۆغان کاتێک ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی لە ناوخۆ هەیە تەنیا پێویستی بە گەرەنتی و ئەرێ کردنی ئەمەریکا و ناتۆ لە دەرەوە هەیە.
ئەردۆغان زۆر باش دەزانێ کە سوید قەت ناتوانێ ئەو هاوڵاتییانەی تورکیا تەسلیم بکاتەوە کە مافی پەناخوازیان لە وڵاتی سوید وەرگرتووە. چونکە ئەمە لە دژی یاسای بنەڕەتی سوید و هەرەوها کۆنڤانسیۆنی ئەوروپایە. هەروەها سوید ئەوەش باش دەزانێ کە هەر ئێستا ٣٨هەزار زیندانی سیاسی لە تورکیادا هەن کە بە پێی یاسای دژە تیرۆر زیندانی کراون. لە ڕاستیدا لە بەر ئەوە زیندانی نەکراون کە چییان کردووە بەڵکوو زیندانی کراون لە سەر ئەوە چییان گوتووە یان چیان نووسیووە. ناچو شانێز ئامور Nacho Sánchez Amor نێردەی ئەوروپا لە ڕاپۆرتێکدا نووسیووە “ئەگەر هەموو ئەم کەسانە تیرۆریست بن ئەوە ڕەنگە ئیتر هیچ کەس تیرۆریست نەبێ”. لە بەر ئەوەی دەوڵەتی ئەردۆغان هەموو ئامارەکان بە هەڵە نیشان دەدا، ڕەنگە ئاماری زیندانیانی سیاسی دوو بەرانبەری ئەوەش بن. وەک نموونەی ئاماری فەرمی هەڵاوسانی ئابووری ٧٤٪ لەسەت دیاری کراوە بەڵام ژمارەیەک لە ئابووریزانەکان ڕێژەی هەڵاوسان بۆ هەتا ١٥٠٪ لەسەت بەرزتر دەکەنەوە.
ئەردۆغان باش دەزانێ بەو هەموو تاوانانەی کردوویەتی و بەو هەموو ماڵوێرانی و ژیان شێواندنەی لە دژی ئەو گشتە خەڵکە (لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا) کردوویەتی، هەروا ئاسان ناتوانێ پاشکەشە بکا و دەست لە دەسەڵات بەربدا و بڕوا.
هەر لە بەر ئەمەشە پەلە دەکا کە حکوومەتەکەی لە پێش یان لە پاش دۆڕانێکی حەتمی لە هەڵبژاردندا لە سەرەڕۆیەوە بەرو تۆتالیتەری تەواو کە باڵی بە سەر هەموو جمگەکانی کۆمەڵگادا گرتبێ، بگۆڕێ. بە پێی ڕاپرسییەکان بە بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوە ئۆپۆزیسیۆن و بەرانبەرەکەی کێیە و چییە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا دەیدۆڕێنێ.
هەر لە بەر ئەمەشە ئەردۆغان گەرەنتی لە ناتۆ دەوێ بۆ هێرش بۆ سەر سوریا و هەروەها سەرکوت و هێرش بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی ناۆخۆیی تورکیا. گەرەنتییەکی لەو شێوەیە تەنیا یەنس ستۆلتێنبەری و جەو بایدن دەتوانن بیدەن. جەو بایدن هەتا ئێستا لە بینینی ئەردۆغان خۆی بواردووە، کەوایە هیوای ئەردۆغان زیاتر لە سەر ستۆلتێنبەرییە.
ئێستا ئەردۆغان هیوای لە سەر کۆبوونەوەی چوار قۆڵی نێوان ناتۆ، تورکیا، فینلاند و سوید هەڵچنیوە کە بە دەستپێشخەری ستۆلتێنبەری بۆ قایلکردنی تورکیا بۆ لابردنی ڤیتۆ پێش لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا، مانگی ژووئەن بەڕێوە دەچێ.
ستۆلتێنبەری بۆ قایلکردنی ئەردۆغان چ جۆر چارەسەرییەکی پێیە و بە چ نرخێک؟
کاتێک هێزەکانی تورکیا بە هەڵکردنی چرای سەوزی ترەمپ کە “من دەکشێمەوەو سوریا هی خۆتە” لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ هێرشیان کردە سەر خۆبەڕێوەبەری کورد لە سوریا، ئەوە هەر هەمان ستۆلتێنبەری بوو کە پشتگیری تەواوی خۆی بۆ داگیرکردنی تورکیا لە سوریا دەربڕی. گۆیا بەو بیانووە کە تورکیا مافی خۆ پاراستن لە بەرانبەر هێرشی تیرۆریستی ترسناکدا بەکار دەبا. درۆیەکی ئاوا گەورە و بێ بنەما ئەویش لە لایەن سەرۆکی ناتۆیەک بەو زەبەلاحییە. ڕاستییەکەی ئەوەیە لە سەت ساڵی ڕابردوودا هەر لە دامەرزاندنی دەوڵەتی نوێی تورکیاوە هەتا ئێستا تاقە فیشەکێک چییە لە لایەن کوردەکانی سورایاوە لەو دیوی سنوورەوە ڕوو بە تورکیا نەتەقێندراوە.
هەتا ئێستا هەرچی هێرشی خوێناوی و ترسناک لە تورکیا ڕووی داوە هەر هەموو لە لایەن داعشەوە بەڕێوە چووە ئەویش لە ژێر پەرەدەو بە ئاگاداری میت و دوایەش لە هەموو ئەو هێرشانەدا خودی کوردەکان بە ئامانج گیراون. لە ڕۆژی ١٠ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥دا خوێناویترین هێرشی تیرۆریستی لە مێژووی تورکیا بەڕێوەچوو. دوو خۆکوژ خۆیان بە کۆبوونەوەیەکی ئاشتیخوازانەی چەند هەزار کەسیدا لە ئانکارا تەقاندەوە. ١٠٠ کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و ٥٠٠ کەسیش بریندار بوون. کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەری هەدەپە و ژمارەیەک سەندیکا ئەنجام درابوو. هەر زوو دەرکەوت کە هەر دوو خۆکوژەکە کەسانێکن کە لە لایەن پۆلیسەوە ناسراون و هەڵسووکەوتیان شەو و ڕۆژ لە ژێر چاوەدێری پۆلیسدا بووە. هەروەها هەر زوو دەرکەوت کە پۆلیس تەواوی کامێراکانی چاوەدێری هاتنە ژوورەوەی ئانکارای ڕاست تەنیا لەو ڕۆژەدا کوژاندبۆوە. هەر بۆیە خۆکوژەکان بە ئاسانی توانیویانە مەودای ٦٠ مایل هەتا نێو کۆبوونەوەکە ببڕن و خۆیان بگەیەننە شوێنی مەبەست بە بێ ئەوەی تاقە جارێکیش لە لایەن پۆلیسەوە کۆنترۆڵ کرابن.
لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا لە لایەن دەزگای چاوەدێری EU INTCEN یەکیەتی ئەوروپا تەنیا سێ ڕۆژ دوای هێرشە تیرۆریستییەکە هاتووە نیشانەکان ئەوە دەسلمێینن کە ئەو هێرشە تیرۆریستییە لە لایەن ئاکپارتی ئەردۆغانەوە ڕێکخراوە.
ئەمە شتێکە کە هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ باش دەزانن بەو حاڵەشەوە یارمەتی تورکیا دەدەن کە درۆیەکی سادە بکەن بە ڕاستییەکی جیهانیی کە گۆیا ئەوان تێگەیشتنیان بۆ تورکیا هەیە کە لە ژێر مەترسی هێرشی تیرۆریستی کوردەکانن لە سەر سنوور.
سەرۆکۆماری فەرنسا ئێمانوێل ماکرۆن لەم نێوەدا تاقانەیە. چەند ڕۆژ دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری کورد لە سوریا ڕایگەیاند ناتۆ هاوپەیمانەتییەکە کە مێشکی مردووە. چۆنە لە نێو ئەم هاوپەیمانەتییەدا ڕێگە بە دووەمین گەورە ئەرتەشی ناتۆ دەدرێ کە هێرش بکاتە سەر هەمان کوردەکان کە لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعشدا ڕۆڵی گەورە و یەکەڵاکەرەوەیان هەبووە؟
بەڵام ناتۆ بە پێچەوانەی ماکرۆن هەموو پشتگیرییەکی هێرشی تورکیا بۆ سەر سوریا کرد و ئەوە ماکرۆن بوو کە بە شێت و مێشکی مردوو ناوی دەرچوو.
ئێستا ئێمە جارێکیتر وەرسووراینەتەوە هەمان خاڵی سیفر. ئەردۆغان ئامادەکاری چوارەمین هێرشی خۆی بۆ سەر کوردەکان دەکا. ئەمە گرینگترین بەڵێنی ئەردۆغانە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا. هاوکات مزگێنی ڕاگەیاندنی سەرکەوتنێکیش لە جێژی ١٠٠ ساڵەی دامەزرانی تورکیادا.
هەتا ئێستا دوای هەر هێرشێک بۆ سەر کوردەکان ئەردۆغان ٨٪ لەسەتی دەنگەکانی لە نێو دەنگدەرانیدا زیادی کردووە. شتێک کە ئیمڕۆ لە هەر ڕۆژێک زیاتر پێویستی پێیەتی بۆ گەڕانەوەی ئەو لێشاوە لە لایەنگرانی کە بە هۆی هەڵاوسانی ئابووری و بێ نرخ بوونی لیرە لێی تەکیونەتەوە.
مەولوود چاوشئوغڵوو ئێستا چەپڵە بۆ ستۆلتێنبەری ليدەدا کە لە سەر قسەی خۆی ڕاوەستاوەو گۆیا تێگەیشتنی بۆ مەرجەکانی تورکیا لە کۆبوونەوەی برۆکسێل هەیە. تورکیا هەر بەوە ڕاناوەستێ کە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، پارتە کوردییەکانی سوریا بخەنە لیستی تیرۆیستییەوە بەڵکوو چاوشئوغڵوو دەیهەوێ لە هێرشی تورکیا بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری کورد لە سوریا وڵاتانی ناتۆ پشتگیری تورکیا بکەن.
تێبینی: سەردێڕەکە هی وەرگێڕە